شێرزاد شێخانی: ریفراندۆمی دووەم بۆ جیابونەوەی هەرێمی سلێمانی.
هەڵەیەكی زۆر گەورەیە ئەگەر وا زەن بكەین بەناردنی تەنها نامەیەكی بۆ پەرلەمانی كوردستان، مەسعود بارزانی لەكایەی سیاسیدا دوور ئەكەوێتەوەو جارێكیتر نایەتەوە سەر دەسەڵاتی بریاردان لەهەرێمی كوردستاندا. چونكە هەم نامەكەی دەستلەكاركێشانەوە نەبو، هەم دابەشكردنی دەسەڵاتەكانیشی مانای گۆڕانكاری ناگەیەنێ، چونكە ئەوەی كراوە تەنها گواستنەوەی دەسەڵاتی مامە بۆ برازاكەی و هیچیتر. ئەمە جگە لەوەی لەدوا وتاریشیدا جۆرێك لەهەڕەشەو تەخوینكردنی بە یەكێتی بەدی ئەكرا، سەرباری ئەو هەمو هاوهەڵوێستی و هاوئاوازی بەشێك لەسەركردەكانی بۆ ریفراندۆمەكەی بارزانی.
سەرانی بنەماڵە بارزانی دەمێكە وتویانە: ئەگەر شۆڕشمان پێنەكرێ، ئەتوانین تێكیبدەین” ئەم وتەیە ئێستا بەوازحی لەهەندێ هەڵوێست و كاردانەوەكانیاندا هەستی پێدەكرێ، گومانم لەوەدانیە ئە گەر سەرانی ئەم بنەماڵەیە بزانن دەسەڵاتیان لەدەست ئەچێ، هیچ مانیعیان نیە پەنا بۆ شەڕی براكوژیش ببەن و ئاگر لەم هەرێمە بەردەن! چونكە ئەسڵەن خیانەتی 31 ئاب شەڕی پارتی بو بۆ دەسەڵات نەوەك تەنها بۆ داهاتەكانی ئیبراهیم خەلیل، چونكە ئەوان دەروازەكەیان بەدەستەوە بو، مانەوەی هەولێر لەژێر دەستی یەكێتی هیچ هەڕەشەیەك نەبو بۆ سەر ئەم دەروازەیە، بەڵام بۆ زیادكردنی دەسەڵاتەكەیان سوپای سەدامیان هێنایە سەر هەولێر و داگییریان كرد.
تەنانەت ئەم كارەساتەی ریفراندۆمەش كە بەسەر میلەتەكەماندا هاتوە، ئەویش تەماعی پارتی بوە بۆ گەورەكردنی دەسەڵاتە دیكتاتۆرییەكەی بارزانی و بە ویراسەكردنی بۆ كوڕو كوڕەزاكانی، بەڵام خوای كورد بو وایكرد بكەوێتە ئەو هەڵەوەو باجێكی قوڕسیش بدات. بۆیە نە لەباربردنی خەونە نەزۆكەكەی بارزانی و، نە فشارەكانی سەریشی بۆ دوور كەوتنەوە لەدەسەلات مانای كۆتایهاتنی حوكمی ئەم بنەماڵەیە نیە، چونكە ئەو بنەماڵەیە لەسەرەتاكانی سەدەی رابردوەوە خاوەن دەسەڵاتن، ئاوا بەئاسانی دەستبەرداری دەسەڵاتەكانیان نابن، بەهەمان مەنتیقی سەدامی دیكتاتۆر كە وتی: لەدوای خۆم وڵاتێكی بێ گەلتان بۆ بەجێ ئەهێڵم”، ئەم وتەیە رێك هاوتای هەڕشەكەی سەرانی بنەماڵەیە كە وتیان ئەتوانین شۆڕش تێكبدەین.
ئەو روداوەی چەند رۆژی پێشتر بە هەڵكوتانە سەر پەرلەمان هەقیقەتێكمان بۆ دوپات ئەكاتەوە كە ئەم حیزبە بەمەنتیقی هێز ئەیەوێ دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێ.. گوێنەدان بە قودسیەتی پەرلەمان و دوجار ئەتك كردنی، جارێكیان بەدەبابەكانی بەعس و، جاریكیتریش بە هێرشی بەڵتەچییەكانی، ئەوەمان بۆ دەرئەخات كە بنەماڵەی بارزانی ئیعتراف بەهیچ قودسیەتێك و یاسایەك ناكەن غەیری قودسیەتی سەرۆكی عەشرەت و یاسای عەشیرەت نەبێ، بۆیە مەحاڵە هێزە سیاسیەكانیتری كوردستان بتوانن لەو كەشو هەوای دیكتاتۆریەتی پارتی و بنەماڵەدا بژین و بەرنامە سیاسیەكانی خۆیان جێبەجێ بكەن لەپێناو خزمەتی هاوڵاتیاندا.
بۆیە باشترین بژاردە لەبەردەم هێزە سیاسیەكان بەتایبەتیش لەناوچەی سەوزو نیلیدا جیاكردنەوەی سلێمانی و راگەیاندنی هەرێمی سلێمانیە لەبەر ئەم هۆكارانەی خوارەوە:
1- بنەماڵەی بارزانی بەدرێژایی بیست ساڵی رابردو حاكمی موتڵەقی هەولێر بونەو حوكمێكی دیكتاتۆریانەیان بەسەردا سەپاندوە، سەرباری سەرۆكایەتی هەرێمو سەرۆكایەتی حكومەت و ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم، تاكە دەزگایەك كە بەشەرعی و بەدەنگی میللەت كەوتە دەستی ئەوانیتر پەرلەمان بو، بینیمان چۆن پەكیانخست و سەرۆكەكەشیان دەركردو سەرۆكایەتی ئەو پەرلەمانەشیان دایە دەست ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیەكەیانەوە. كەواتە هەمو دەسەڵاتە تەشریعی و تەنفیزی و ئەمنیەكان هەر لەبەردەستی خۆیاندا هێشتەوە.
2- سەرۆكایەتی حكومەت بەدەست پارتیەوەیە، ئێستاو دوای هەڵوەشاندنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم، حكومەت باڵاترین دەسەڵاتە، تەنانەت دەسەڵاتی ئەوەشی دراوەتێ كەوا پەرلەمانیش هەڵوەشێنێتەوە، كێ تەسەوری ئەوە ئەكات بەیانی لەهەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرددا ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان یان یەكێتی یا هەر حزبێكیتر زۆرینەی بەدەستهێنا ئەو سەرۆكایەتی حكومەتەی بەم هەمو دەسەڵاتەوە رادەستی بكەن؟.
3- حكومەتی داهات و ئەگەر لەپارتی نەبو، چۆن ئەتوانێ لەم كەشوهەوایەدا كارەكانی بەڕێوە ببات لەپایتەختێكی ژێر دەستی پارتی و پاراستندا؟ كێ زەمانەتی ئەوە ئەكات سەرۆكەكەی نەخرێتە پشت سەیتەرەی دێگەڵەوە، یاخود بەڵتەچییەكانی پاراستن هێرشی نەكەنە سەر؟.
4- ئەمڕۆ هەمو دونیا دژی پارتی و بنەماڵەی بارزانییە، وڵاتانی ئیقلیمیش دژیانن، میللەتیش بەعام بێزار بونە لەو سەركێشیانەی بنەماڵەو سەرۆكە دیكتاتۆرەكەیان، ئەمەش دور نیە كاریكەری هەبێت بەسەر هەڵبژاردنەكانی داهاتوەوە، كەواتە ئەگەر هەر حزبێك هەڵبژاردنی داهاتوی بردەوە، زەمانەت چییە كە پارتی گەڕێكیتری شەڕی براكوژی دەستپێنەكاتەوە؟.
5- تا هەولێر پایتەختی هەرێمی كوردستان بێت و لەژێردەستی پارتیدا بمێنێتەوە هیچ زەمانەتێك نیە حزبەكانیتر بتوانن لەو پایتەختەدا حوكمڕانی هەرێم بكەن ئەگەر لەهەڵبژاردنیشدا زۆرینە بەدەستبهێنن. یان ئەوەتا پایتەختی هەرێم بگوازرێتەوە بۆ سلێمانی، یان ئەوەتا ئەبێ بەدوای بەدیلێكی تردا بگەڕێین.
لەم وەزعە نالەبارەشدا پێموایە باشترین بەدیل جیاكردنەوەی سلێمانیو هەڵەبجەو دامەزراندنی هەرێمی سلێمانیە، لەجیاتی ئەوەی شەڕێكیتری ماڵوێرانی براكوژی توشی میللەتەكەمان بكەین، با وەكو خۆیان وتەنی ببینە ” دو دراوسێی باش”ی یەكتری.
بۆ ئەوەی بەیانیش نەوترێ دامەزراندنی ئەم هەرێمە خیانەت و لەتكردنی هەرێمی كوردستانەو، گوناهەكەشی بخرێتە ئەستۆی حزبەكانەوە، باشترین رێگا ئەوەیە ریفراندۆمێك رێكبخرێ لەناوچەكانی سلێمانی و هەڵەبجە با میللەت خۆی بریاری خۆی بدات و چارەنوسی دیاریبكات، ئەوسا ئەم مەسئولیەتەش لەسەر شانی حیزب و لایەنەكان لا ئەچێ، میللەتیبش بە ئازادی رای خۆی دەرئەبڕێ كەسیش گلەیی نامێنێ كاتیك میللەت خۆی بریار لەسەر چارەنوسی خۆی ئەدات.
- Latest Posts by شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts