عەبدولڕەحمان عەلی: بەم زوانەکەی عەبادی بۆ مووچە، لە لادانە کاتیەکەی خۆمان نەچێت.
خەڵکی هەرێمی کوردستان هێندە کۆڵەواربوون بەدەست قەیرانە زۆرو زەوەندەکانی دەسەڵاتی کوردی هەر لە قەیرانی سیاسی، یاسایی، سەربازی، کۆمەڵایەتی و لەسەرو هەموشیانەوە قەیرانی دارایی و پێنەدانی موچە بەفەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کەجگە لەلێکەوتە خراپەکانی هاوڵاتیان و فەرمانبەرانی ئێجگار کۆڵەوارکردوەو بە تەواوی بڕسکی لێ بڕیوون .
هاوڵاتیان بەگشتی و فەرمانبەران بەتایبەتی لەلایەن ئەم حکومەت و دەسەڵاتەوە هێندە ستەم و زوڵمیان لێکراوەو هێندە یاری بەهەست و سۆزیانکراوە خەریکە ئەو پەیوەندییە زۆر کەم و لاوازەی، کە هێندەی تاڵە مویەکی ماوە لە نێوانیاندا ئەویش بەپساوی لە پچڕانی تەواوی نزیکدەبێتەوە.
حکومەتێک نەتوانێت لەبەرامبەر ئەو هەموو ئەرکە زۆرو زەوەندەی کە کارمەندەکانی پێشکەشی دەکەن چارەکە مافێکیان بداتێ لەکاتی خۆیدا ئیتر دەبێت چ ڕایەڵەیەک مابێت بۆ پێکەوەبەستنیان.
باشە حکومەت و بەرپرساکانی دەبێت چ هەستێکیان هەبێت کە فەرمانبەرەکانی خۆی بەهەواڵێکی بەمزوانەی ناردنی موچە لەلایەن حکومەتەکەی عەبادییەوە شاگەشکەدەبن و دەبێتە هەواڵی نێو هەموو کۆڕوکوبونەوە فەرمی و نافەرمیەکان لەفەرمانگەو ماڵ وتەنانەت کوچەو کۆڵان و گازینۆکانیش.
خەڵکی کوردسنان لەدوای بڕیاردانی سەربەخۆیی ئابوری لەلایەن حکومەتی هەرێمی کودسنانەوە لەچاوەڕوانی ژیانێکی گەلێک ئاسودەو خۆشگوزەران بوون، چونکە بەرپرسانی ئەم هەرێمە هێندە داتاو ژمارەی زل و قەبەیان ڕۆژانە ڕیزدەکردو دەیاندا بەگوێی خەڵکیدا هەموان لەمێشک و زیهنی خۆیاندا نەخشەو پلانیان بۆ چەندین پڕۆژەی هەمەچەشن داڕشتبوو، بەڵام سەربەخۆیی ئابوری نەک خەڵکی خۆشبەخت و دڵشاد نەکرد بەڵکو بەپێچەوانەوە جگە لە سەرگەردانکردنی هاوڵاتیان و موچەخۆان، هەرێم و خەڵکەکەیان خستە ژێر قەزێکی قەبەو درێژ خایەن و وێرانکردنی سەرخان و ێرخانی ئەم مەملەکەتە بەتەواوەتی.
فەرمانبەران هیچ ئومێدو هیوایەکیان لەسەر ئەم حکومەتەی ئێستا هەڵنەچنیوەو ئەوەشی پێی دەوترێت متمانە پێیان نەماوە، چونکە حکومەتێک لەکاتی فرۆشتنی (600) هەزاربەرمیل نەوتی ڕۆژانەکەبە وتەی خۆیان گەر بەرمیلێکی بە 40 دۆلاریش فرۆشرابێت ئەوا مانگانە دەکاتە ( 720) ملیۆن دۆلارو سەدان و هەزاران تانکەرسوتەمەنی وداهاتی ناوخۆو زیادکردنی باج و ڕسومات و تەعریفەی گومرگی بۆ چەندین هێندە لەنرخی پێشوتری، نەیدەتوانی چارەک و نیوە موچە لەکاتی خۆیدا بداتە فەرمانبەرو موچەخۆرەکانی خۆی، دەبێت لەدوای ڕوداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر چ چاوەڕوانیەکیان لەم حکومەت و دەسەڵاتە هەبێت کە لەمانگی تشرینی دووەمدا ببێت و هێشتا چارەکە موچەی مانگی ئابی وەرنەگرتبێت.
حکومەتی هەرێم خۆی باش دەناسێت کەچەندە موفلیس و بێ پلان و پڕۆژەیە هەربۆیەو لەو ڕوانگەشەوە بە زوویی پێشوازی لەلێدوانەکەی عەبادیکرد بۆ ناردنی موچەی فەرمانبەران. ئەوەی پێویستە و لای فەرمانبەرو موچەخۆرانی کوردستان گرنگ و جێی بایەخە دابینکردنی موچەو بەرکەوتەکانیەتی ئیتر کێ دابینیدەکات و چۆن دەنێردرێت لای ئەو مەقسەد نیە.
بۆیە دەبێت دان بەو ڕاستیەدا بنرێت کە چەند شەرم و شورەییە سەر زەوی و ژێر زەوی مەملەکەتەکەی خۆت پڕ پڕی بێت لەسامانی کانزایی و سروشتی، بەڵام هاوڵاتیەکانی ناوی بێ نان و ئاو بن.
خوازیاریشم کە بەم نزیکانەکەی ناردنی موچەکەی عەبادیش وەک لادانە کاتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەبێت کاتێک کە شەقامێکیان قیر یان نۆژەن دەکردەوەو لەتەنیشت شەقامەکەو لەسەر تابلۆیەک دەنوسرا ئاگادار بە لادانی کاتی هەیە، کەچی گەر ساڵ زیاتری پێنەچوایە ئەوا لانی کەم چوار بۆ شەش مانگی پێدەچوو.