بەهمەن تاهیر: پڕۆسەی بەپارتیبونی یەکێتی سووڕی خۆی تەواو دەکات.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
31ی ئاب یەکێتیی لە لوتکەی بوغرابونییەوە؛ هێنایەخوار، هێنانەخوارێک کە پارتی جێی گرتەوە، لە پێش 31ی ئاب، یەکێتییەکان بە پارتیان دەوت (مەگەر بە دوربین سەیری هەولێر بکەن!)، پارتی لەو پەڕزی لاوازیدا دەبینرا، بەڵام 31ئاب هەموشتێکی گۆڕی، خۆشمان بینیمان.
پێش شازدەی ئۆکتۆبەر پارتی لە لوتکەی بوغراییدا بوو، بەڕادەیەک کۆنترۆڵی بڕیارەکانی ناو یەکێتی لە بەرژەوەندیی خۆی یەکاڵاکردبویەوە، شەقام بە نیوەی یەکێتیشیان دەوت پارتییەکانی ناو یەکێتی، پارتی نەوتی ژێر دەسەڵاتی یەکێتیشی وردەوردە قۆرخدەکرد، کەرکوکی زۆنی کەسک؛ خەریکبوو بەتەواوی لەدەست یەکێتی دەردەچو، بوغراییەکە گەشتە ئاستێ سەرۆکی پارتی، کاتێ ئەمریکا پێی دەوت ڕاپرسی مەکە، پیچەکیش حسابی بۆ ئەمریکا نەدەکرد، ئیتر بوغاریی لەمە زیاتر دەبێت!
وەک ئەوەی 31ی ئاب پارتی, یەکێتی لە عەرزدا،، لە 16 ئۆکتۆبەریش، یەکێتی هاڕەی بەپارتی کرد.
بەهەڵتۆقینەکەی 16 ئۆکتۆبەر، مشتکۆڵەیەکی ئێجگار توندیان لە پارتی دا، بە وەشاندنی ئەو مشتەکۆڵەیە، ئێستا پارتی هیچی لە کەرکوکدا نەماوە. وەک چۆن بە 31 ی ئاب؛ یەکێتی لە هەولێر پایەماڵکرا، ئەمیش ئێستا لە کەرکوک بەو دەردەچوە. پارتی لە پێش ئەم مشتەکۆڵەیە حسابی بۆ کەس نەدەکرد، ئێستا خۆی کەمترین حسابی بۆ دەکرێت!!
لاهوری شێخ جەنگی پێی وابوو یەکێتی تەسلیم بە پارتی کراوەو یەکێتییەکان لەڕێبازی مامی گەورە دەرچون، شازدەی ئۆکتۆبەر هێنانەدەرەوی یەکێتییە لە چنگی پارتی، گەڕانەوەیە بۆ ڕێبازەکەی مام!! ئایا وایە؟
لەشەوی 16 ئۆکتۆبەرەوە تا ئێستا، بڕیارە گەورەکان لەناو یەکێتیدا باڵی (بنەماڵەی مامجەلال) یەکلایان کردۆتەوەو هەر دامودەزگایەکی تری یەکێتی (ئەگەر هەیان بێت!) ئیفلیجە، بڕیارەکانی دەرەوەی بنەماڵەی تاڵەبانی، لەناو یەکێتیدا بستێک بڕناکەن، جارجار نوزەیەک هەیە (وەک کۆبونەوەکەی مەکتەب سیاسی)، نوزەش هەر قسەیە، بنەماڵەی مامجەلال قسەدەکەن و بەکرداریش جێبەجێی دەکەن.
یەکێتی هەمیشە ڕەخنەی ئەوەی لە پارتی دەگرت کە پارتی حزبێکی بنەماڵەییە و ئەقڵی خێڵ ئەم حزبە بەڕێوەدەبات، شۆڕشی نوێ شۆڕشێکی مۆدێرنە و پارتیی تێپەڕاندوە، بەڕێز هێرۆخان مۆدێرنانە دەردەکەوێت، کێ ژنی کاک مەسعودی بینیوە و دەبینێت؟ ئەوەتا لەناو پارتیدا باوک سەرۆکی هەرێمە، کوڕ ئاژانسی هەوڵگریی لەبەردەستدایە، برازا سەرۆکی حکومەتە. گوایە تا مامجەلال لەژیاندا خۆی چالاکبوو، لەناو یەکێتیدا ئەو ڕێی بەمە نەداوە.
پرسیارێک دەیکەم ئەمەیە، ئایا شەوی 16ئۆکتۆبەر یەکێتی لە پارتی دورکەوتەوە (وەک لاهور تاڵەبانی وتی یەکێتیان لە هەژمونی پارتی ڕزگارکرد؟)، یاخود پڕۆسەی بەپارتیبونی یەکێتی گەیشتە ئەوپەڕی؟
ئێستا لەناو یەکێتیدا ئەو ناوانەی دەستڕۆشتون، ئەمانەن: (بافڵ تاڵەبانی، ئاڵا تاڵەبانی، لاهور تاڵەبانی، ئاراس تاڵەبانی، … تا دەگاتە پەڕلەمان دەبێت بە بێگەرد تاڵەبانی)، ئێستاو پێشتریش لەناو پارتیدا ئەم ناوانە سەر بون و ئەوانی تر قاچ و دەست: (مەسعود بارزانی، نێچیر بارزانی، مەسرور بارزانی، سیروان بارزانی، مەنسور بارزانی… تا دەگاتە سلێمانی دەبێت بە ئەدهەم بارزانی).
یەکێتی ئێستا تاڵەبانییەکان بەڕێوەی دەبەن، وەک چۆن لە ڕابردو و ئێستادا بارزانییەکان پارتیان بەڕێوەبردوە، یەکێتی ئێستا لەبەبنەماڵەکردن بۆتەوە، وەک چۆن پارتی هەر بنەماڵە سەر بوە، یەکێتی لە ئێستادا لە پڕۆسەی بەپارتیبوندا گەشتۆتە ئەوپەڕی و هەر هێندەی درێژیی تەزبێیەکی ماوە پڕۆسەکە تەواوبێت، واتە لە پارتی نزیکتر بۆتەوە تا دەگات بە ئاستی تەماهیی. ئەم پڕۆسەیە لە شازدەی ئۆکتۆبەرەوە زۆر بەخێرایی پەلدەهاوێت بۆ ناو کۆی ئۆرگانەکانی یەکێتی، ڕەنگە لەو کۆنگرەی کە بریارە بەم نزیکانە ببەسترێت، یەکێتی لە پڕۆسەی بەپارتیبون (بەبنەماڵەبون)دا بگاتە دوندی خۆی و سووڕەکە تەواوبکات.
هەرێمی کوردستان لەبەردەم مەترسیی هەردو بنەماڵەکەدایە، دو بنەماڵەکە دەیانەوێت هەریەکەیان قەڵەمڕەویی خۆی سنوربکێشێت و بە ئامرازی مۆدێرن (حزب) جێهەژمون یان تەراتۆری بنەماڵەکەیان تەلبەندبکەن.
ئەم دو بنەماڵەیە لەئێستادا کە دەیانەوێت پشتی یەک بدەن لە ئەرز، ئەمە پڕۆسەیەکی ڕووکەشە، هیچیان بەتەواوی پشتی ئەوی تریانی بۆ نادرێت لە زەوی، ڕەنگە لە دورمەودادا بەزیان بەسەریدا بشکێتەوە. بۆ خۆشیان خراپە یەکیان ئەوەی تریان خاپوربکات. بەڵکو مانەوەی یەکیان ژیان دەدات بەوەی تریان، هەر وەک چۆن جەنگی مەزەبی، و نەتەویی، ژیاندەدات بە مەزهەبباز و نەتەوە بازە دژەکان، بەهەمان شێوە مانەوەی بنەماڵەی بارزانی لەسەر دەسەڵات؛ وزە دەدات بە مانەوەی بنەماڵەی تاڵەبانی لەسەر دەسەڵات و بەپێچەوانەشەوە. ئەوەتا ئێستا لە پەڕلەمانی کوردستان خەریکی ئەوەن پێکەوە کات بدەن بەیەک و سنوری نێوانیان دابڕێژنەوە.
دووکەرتبونی هەرێم بۆ زۆنی (تاڵەبانی×بارزانی)، بەسودی درێژبونەوەی تەمەنی دەسەڵاتی ئەم دو بنەماڵەیە تەواودەبێت. دوکەرتبونی هەرێم، ڕێیەکە بۆ کوشتنی خەونی ڕیفۆرم، دەرچەیەکە بۆ ڕزگاربونی دەسەڵاتی ئەم دوبنەماڵەیە لەم قەیرانەی ئێستا تێی کەوتون، دەروازەیەکە بۆ کوشتنی خەونی دەوڵەتی هاونیشتمانی و دامەزراوەی ڕاستەقینە.
من بم لەجێی عەبادی، هەرێمی کوردستان بەسەر ئەم دوو بنەماڵەیەدا بەشدەکەمەوە (گوێی عەبادی کەڕبێت)، بۆ ئەوەی هەرگیز دامەزراوەی مۆدێرن، دەسەڵاتی مۆدێرن دروستنەبێت، کەی ویستم لایەکیان لاوازدەکەم و لاکەی تریان قەڵەو، دوبەرەکی لەنێوانیان ئاسان دروستدەکەم، کامیانم ویست دەمی چەوردەکەم، ئیتر گەندەڵی و بێسەریوبەری دەبێتیە بەشیان و بەرانبەر بەغداد هەر بەلاوازیی دەمێننەوە.
ئەم دو بنەماڵەیە، دوژمنی یەکترن، بەڵام بکوژی یەکتر نین، دوژمنەکان لەقووڵاییاندا مێنتاڵێتییان یەکە، جیاوازیی تەنها ڕووکەشە، هەردوکیان خزمەت بە مێنتاڵێتی بەردەوامیی ئەقڵی بەنەماڵەیی دەکەن، کاتێک هێزی ڕەقی ئەم دوبنەماڵەیە دەی دەن بەیەکدا، ئەوە لێکچونەکانیانە دەیدەن بەیەکدا، نەک جیاوازییەکانیان، هەمان مێنتاڵێتی ئامادەیە، نەک دوو بیرکردنەوەی جیاواز.
ئەگەر دەسەڵاتی هەردوو بنەماڵەکە بەردەوام بن، ئەوان دەبنە دوو تات، گەلیش لە نێوان هەردوو تاتەکەدا دەبێت بەردەوام بڵێتەوە: (ئەم لام تات ئەو لام تات؛ ئای بابە جیقم دەرهات!!).
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە