نەبەز گۆران: خانەی راپەڕاندنی گۆڕان، خانەی متبووەكان.
ئەو نیگەرانییەی لە دەنگدەران و هەڵسوڕاوان و لایەنگران و خەڵكەوە، لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان بەدیدەكرێت، نیگەرانییەكە لە جێگای خۆیدایە. ئەم هێزە چالاكە لە ئێستادا لەناو بازنەیەكدا بەدەوری خۆیدا دەسوڕێتەوە و، لەشوێنێكدایە نەك هەر توانای دەسكاریكردنی وێنە سیاسییەكان نییە، بەڵكو توانای ئەوەی نییە خۆشی بەباشی ببینێت. بازنەی سوڕانەوەكانی هێندە كاتی و بەیاننامەییە لەوێنەی هەواڵێكی میدیایی دەچێت، پاش خوێندنەوەی كاریگەری نەماوە.
بۆئەوەی یارمەتی ئەو خەڵكە نیگەرانە بدەم و، دەست بخەمە سەر بنەوانی كێشەكان، سەرجەم كێشەكانی ئەم بزوتنەوەیە بە دوو خاڵ دەخەمە بەرچاو. یانی دەمەوێت بەروونی بڵێم، جەوهەری كێشەكانی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان ئەم دوو خاڵەیە:
یەكەم: خانەی راپەڕاند
دووهەم: ژورەكان
خانەی راپەڕاندن: نزیك بووەتەوە لە سەد رۆژی تەمەنی. لەم ماوەیەدا هاوكارییەكی زۆركراون، پێشنیازی تەندروستی زۆر خراوەتە بەردەستیان بۆ ئەوەی كەمێك جوڵە بكەن. بەڵام پێدەچێت ئەم خانەیە لە ماهییەتدا وێرانەبێت. چونكە نە دەتوانێت رووبەرەكەی خۆی بناسێت، نە دەشتوانێت لەو بازنەیە بێتە دەرەوە كە خۆی تێخزاندووە. بۆ ئەوەی ئەم خانەیە چالاك بێت، بە پێشنیاز و هاوكاری برادەرانە چالاك نابێت، بە رەخنەگرتن و فشارخستنە سەری جوڵەكانی خۆی دەگۆڕێت. بەپێی جوڵەكانی ئێستایان دەزانی ئەم خانەیە نەك هەرناتوانێت لەدەرەوەی بزوتنەوەكە دەسكاری وێنە سیاسییەكان بكات، لەناوخۆی بزوتنەوەكەش توانای جوڵە پێخستنی ژورەكانی نییە. ( كێشە چارەسەرناكەن، كێشە سڕدەكەن!) جەسارەتی ناوێت بڵێین: توانای ئاڵوگۆڕی نییە، توانای دەسكاریكردنی پەیكەری شوێنەكانی نییە، توانای جێبەجێكردنی ئەركەكانی خۆی نییە. سستییەكەی گەیشتووەتە ئاستێك، كاریگەری بۆسەر بزوتنەوەكە دروستكردوە و نیگەرانی بەدوای خۆیدا هێناوە. (هەڵبەتە تا ئەمڕۆش من وەك هاوڕێی بەشێكی زۆریان، ئەوەی لەتوانای من بووە هاوكاریان بووم، بەڵام لەمڕۆوە ئیدی پێویستە بە رەخنەگرتن هاوكاریان بین.)
ژورەكان: بەشێكی زۆری ئەم ژورانە ئەركی ئێستایان بریتیە لە” چا خواردن، قسەی زۆر و بیركردنەوەی كەم، دیداری تەلەفزیۆنی و وتنی رستەی سواو، خۆ ئامادەكردن بۆ پۆست.” ئەركە راستەقینەكەی ژورەكان بەتەواوەتی ونبووە. هیچ چاودێرێكیش نییە بیانخاتەوە سەر ئەركەكانی خۆیان، بۆیە فەزایەك دروست بووە، لەم فەزایەدا ژورەكان كراون بە پەیژەیەك بۆ گەیشتن بە پۆست. لەكاتێكدا كاتی خۆی (كاك نەوشیروان) ئەم ژورانەی بەپێی زەمینە و ئەرك دروستكرد، هەر ژورەو زەمینە و ئەركی خۆی هەبوو، لەو زەمینەو ئەركەدا دەبایە بەردەوام سەرقاڵی بیركردنەوە و پرۆژە بوایە، ئێستا ئیدی نە زەمینە ماوە، نە ئەركی راستەقینە. زۆربەی ژورەكان دەورێكی نەرێنی دەبینن و پێویستیان بەسەرلەنوێ بونیاد نانەوەیە. سستی ژورەكان دینەمۆیە بۆ سستی خانەی راپەڕاند. كورتبوونەوەی دونیای ژورەكان و ناچالاكبوونییان فەزایەكی دروستكردوە، هەمان فەزا لەناو خانەی ڕاپەراندندا دووبارە دەبێتەوە و هەردوولاش بە بێدەنگی رازین بەو سستبوونە! ( ئەركی بزوتنەوەكەیان كردوە بە ئەركی رۆژنامەوانی، دەوەستن تا رووداو رووبدات، پاشان قسە لەسەر رووداو بكەن، خۆیان توانای دروستكردنی رووداوی سیاسییان نەماوە.)
گەر بزوتنەوەی گۆڕان ئەم دوو ئۆرگانە سەرەكییە،(خانەی راپەڕاند و ژورەكان) زیندو نەكاتەوە و ئەركە راستەقینەكانی خۆیان پێنەداتەوە، نەك هەرناتوانێت ببێتە بەدیلی ئەم دەسەڵاتە پیسخۆرو تێكشكاوە، بەڵكو ناتوانێت لەناو خۆی خۆشیدا نیگەرانییەكانی بڕەوێنێتەوە.
قسەكردن و رەخنەگرتن لەم دوو ئۆرگانە، ئەركێكە بۆ هەموو كەسێك كە بڕاوی بە هێزی زیندوو هەیە. بەبێ دەسكاریكردنی ئەم دوو شوێنە، هیچ لە نیگەرانی و سست بوونەكە ناگۆڕێت. هەڵسوڕاوان و دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان پێویستە دەست بۆ ئەم دوو ئۆرگانە ببەن، هەركاتێك توانیان گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی لەم دوو ئۆرگانە بكەن، دەتوانن بزوتنەوەكە لە دۆخی متبوون بهێنە دەرەوە و بیگەڕێنەوە دۆخەكەی پێشوی.
ئەوە راستە غیابی (كاك نەوشیروان) بۆشاییەكی زۆری بۆ بزوتنەوەكە دروستكردوە، بەڵام ئەم بزوتنەوەیە پاییەی بنەرەتی خۆی هەیە، كە پاییە بنەرەتییەكان ئەركەكەی خۆیان لەبیركرد و خەریكی فەزای دانیشتن و چاخواردنەوە و چاولەرێی پۆست بوون، بێگومان بزوتنەكەكەش دەچێتە دۆخی سستییەوە، ئەما بە پێچەوانەوە پاییە بنەرەتییەكان ئەركە راستەقینەكەی خۆیان جێبەجێكرد، هەرگیز خانەی راپەڕاندن ناتوانێت لەو دۆخی متبوونەدا بژیت. ئەوە نەبوونی ئەركی پاییە بنەرەتییەكانە ئەو خانەیەی لەو دۆخەدا هێشتوەتەوە، گەر پاییە بنەرەتییەكانی بزوتنەوەكە بكەونەوە گەڕ، خانە متبووەكەش یان ناچارە بجوڵێت، یان ناچارە ئاڵوگۆڕ بەسەر خۆیدا بهێنێت.