بورهان شێخ ڕەئوف: یەکڕیزى نیشتمانى ڕاستەقینە.
ئێستا لە دواى 16 توکتۆبەرى 2017 بارودۆخێک هاتووەتە ئاراوە لە هەرێمى کوردستان ئیرەیى پێنابرێت، ئێستا خەونەکەى ڕۆژنامە نووسى کەناڵى جەزیرەى قەتەرى (فەیسەڵ ئەلقاسم ) بەدى هات کەوتى تاکەى مانگى هەنگوینى کوردو ئەمریکا بەردەوام دەبێت لەبەرنامە ئاڕاستەى پێچەوانەى( الاتجاە المعاکس ) بە ناوبانگى کەناڵى ناوبراو.
یەکڕیزى نیشتمانى لە هەرێمى کوردستان چۆن لە ڕابردوو پێویست بوو تاوەکو دەستوورى عێراق نووسراو و هەرێمى کوردستان لە دیفاکتۆەوە بۆ قەوارەیەکى فەرمى لە دەستوورى عێراقدا چەسپا بە هەموو کەموو کورتى و گلەیى و گازندەو گەندەڵى و پێشێلکارییە دیارەکان لە هەموو جوومگەکاندا لە ئێستاشدا لە دواى شکست ونسکۆى گەورەى دواى ڕیفراندۆم لە 16 ئوکتۆبەرلە جاران پێویسترو هۆکارى ژیان و مان ونەمانى هەرێمە.
ئەگەر لە ڕابردوودا لە بەغدا یەکدەنگ و یەکدەست بووکورد بەڵام لە کوردستان بە پێچەوانەوە لە هەولێرو پارێزگانى تر زۆرینەو خۆ سەپاندن و تەنانەت لە ئەنجوومەنى پارێزگاکان بەتەنها و لە گەڵ کۆتاکان حکومەتى خۆجێیەتى پێکدەهێنراو ئەوانى تر نەدەخوێنرانەوە سەرەڕاى قورسایى و پێگەى لایەنەکانى تر.
ئەو یەکدەنگیە زۆر دەستکەوتى نایابیان تۆمارکرد بۆ کورد هەر لە مادەى 140 وڕێژەى 17% بوودجەى عێراق بۆ هەرێمى کوردستان زۆر شتى تریش.
بەڵام دواتر دواى ئەو ناهەوسەنگى و نەخوێندنەوەى ئەوانى تر و دروستبوونى درزو کەلێن و کارنەکردن بە لۆجیک و عەقڵ و پەنابردن بۆ خۆسەپاندن و قۆرخکردنى هەموو جومگە گرنگەکانى هەرێم لەلایەن لایەکەوە ئەو سۆزو پەرۆشیە نەما بۆ یەکڕیزى کارى هاوبەش دواتر کارگەیشتە داخستنى پەرلەمان و پەکخستنى حکومەت و نەمانى هیچ دەزگایەکى چاودێرى و لێپرسینەوە و ڕۆیشتن بەڕیفراندۆم سەرەڕاى نەبوونى کۆدەنگى پێویست و هاوارو تکاو خواستى زۆربەى زۆرى وڵاتان.
بەهەرحاڵ ئەوە بووە مێژوو هەمووى بوونە دۆکۆمینت لە بەردەستدان و لە بیرو هۆشى هەمووماندا تاماوەیەکى درێژى تر دەمێننەوە و گرنگ ئەوەیە پەندو عیبرەتیان لێوەربگرین بۆ کارى داهاتوومان.
ئێستا کە ئیتر هەموو باس لە خولێکى ترى دان و سان دەکەن لە نێوان هەرێم و حکومەتى ناوەند و بە تایبەتى وڵاتانى زلهێزى وەکو ئەمریکاو بەریتانیاو فەرەنساو نەتەوەیەکگرتووەکان و خودى حەیدەر عەبادى سەرەکوەزیرانى عێراق و ئەنجوومەنى نوێنەران و هەموو لایەنەکانى ترى عێراق بە سوونەو شیعەوە سەرەڕاى پاشگەزبوونەوەى زۆریان لە دەستوورو گۆڕینى ناوى هەرێمى کوردستان بۆ شمالى عێراق لە ڕاگەیاندنەکانیاندا بەڵام تاکە بنەمایەک و کارتێک کە کورد بە دەستیەوەمابێت دەستوورى عێراقە کە پێویستە و دەکرێت کورد دەستى پێوەبگرێت.
شکستى 16 ئوکتۆبەر هەر شکستێکى سەربازى نەبوو شکستى ئەوستاڤە بوو کە ئیدارەى پەیوەندییەکانى هەرێم و ناوەندیان کرد کە لێرەدا لەوەیە بوارى ئەوە نەبێت بڕگە بە بڕگەى باس بکەم بەڵام بۆ لەمەودوا بۆ قۆناغى تازەى دواى ڕیفراندۆم دەخوزاێت چى بکەین؟
هەر لە ئێستاوە شاندێکى نیشتمانى پێکهاتوو لە هەموو لایەن و پێکهاتەکان گرنگە پێکبهێنرێت بە بەرنامەو ئەجنداى ڕوون و یاسایى و دەستوورى کە ڕاوێژکارو شارەزاو پسپۆڕى هەموو بوارەکانى تێدابێت کە هەموو بەندەکانى دەستوور شیتاڵ بکەنەوەو هەموو خواستەکان بخرێنە ڕوو و مسۆگەرى پابەندبوون پێیەوە.
پێویستە لە مەودوا کورد مادام چارەنووسى بەسترایەوە بە عێراقەوە هەموو قورسایى خۆى بخاتە بەغداد لە هەموو جومگە و دامەزراوەکانى فیدراڵى عێراق پشکى خۆى دیارى بکات و بە لێهاتوو ترین و پاکترین کادرەکانى کورد لە دەرەوەى حزبەکانیش بێت پڕیان بکاتەوە و ببێتە پاسەوانى دەستوورو جێبەجێ کردنى یاساکانى.
بڕیارە لە مانگى ئایارى ساڵى داهاتوودا هەڵبژاردنى گشتى لە عێراقدا بکرێت زۆر گرنگە لیستى بە هێزو پڕتوانا بۆ ئەو هەڵبژاردنە سازو ئامادە بکرێت لە ئاست ئەو پێداویستیانەى قۆناغى تازەدابن.
ئیتر وادیارە مەترسیەکان زۆرجدین کاتى ململانێ ى ناڕەواو نەخوێندنەوەى یەکترنەماوە کاتى پشک پشکێنەو پۆست وپارە و ئیمتیازات گوزەشت کاتى کارو لە خۆبردوویى و دیموکراسى دادپەروەرى لە بەرچاو گرتنى بەرژەوەندى باڵاى گەل و خوێنى شەهیدانو قوربانیەکانە.
ئێستا کاتى بە گژاچوونەوەى گەندەڵى و مەحسووبیەت و مەنسووبیەت و ئیئتلافى دزو بەرژەوندیخوازەکانە کاتى جیاکردنەوەى بازرگانى و سیاسەتە کاتى ئەوەیە کۆتایى بە ئەو مۆدێلە کۆن و شکست خواردووە بهێنن کە ئەم شکستانە ئاکام و بەرهەمى کردەوەکانى ئەوانە چ لە حزب و چ لە حکومەتدا.