ئاریتما موحه‌ممه‌دی: پاڵێك به‌ره‌و ئاره‌سته‌ی خۆناسین! به‌شی سێیەم.
واته جیهانی سیاسه‌ت جیهانی پێكهوهههڵنهكردنی ڕه‌نگه‌كان، جیهانێكی ده‌ستكرده و مرۆڤه‌كان ده‌خاته نێو ململانێی سیاسیی و سه‌ربازیی. وه‌ك جیهانی ئاژه‌ڵه دڕنده‌كان كه هێرش ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه ژیانیان به‌رده‌وام بێ. جیهانی سیاسه‌تیش كه جیهانی مرۆڤه ده‌سه‌ڵاتخواز و سه‌رمایه‌خواز و ههلپهرهستهكانه. ئه‌و مرۆڤانه هه‌وڵ ده‌ده‌ن جیهان بۆسه‌ر چه‌مك و لایه‌نی جیاوازدا دابه‌ش بكه‌ن تاكوو به ئاسانیی سهوتووسهودا به كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تییه‌وه بكه‌ن و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان به‌نانه‌وه‌ی كێشه و ئاڵۆزیی له جیهانیدا دابین بكه‌ن.
به‌ڵام جیهانی سرووشت، جیهانی گه‌لانی جیاوازه، جیهانی خوڕه‌ی ئاو و نمه‌ی باران و هاژه‌ی ڕووباره. جیهانی خۆر و ڕووناكیی و شه‌وه‌زه‌نگی پڕئهستێرهیه، جیهانی جوانیی مانگ و تریفه‌ی مانگه‌شه‌وه. جیهانی شنه‌ی شه‌ماڵی هاویین و شه‌ونمی به‌یانیانی كوێستانه. جیهانی سرووشت، جیهانی ئازادیی و سه‌ربه‌ستیی، جیهانی عه‌شق و خۆشه‌ویستییه. جیهانی جوانیی دارستان و بۆنی خۆشی گوڵه‌كانه. جیهانی سرووست، جیهانێكی ڕه‌نگاوڕه‌نگه و مه‌ڵبه‌ندی هه‌موو ڕه‌نگ، زمان، ناسنامه، كولتوور و زینده‌وه‌ره جیاوازه‌كانه، جیهانی خه‌زانی پاییز، شێتی زستان و جوانیی به‌هاره. جیهانی سرووشت، جوانیی بڵێچهی هه‌ور و شریخه‌ی هه‌ورتریشقه. جیهانی سرووشت جیهانی كۆچی باڵنده‌كانه له‌م سووچه‌وه بۆ ئه‌و سووچی جیهان به‌بێ هیچ ڕێگرییه‌ك. به‌ڵێ جیهانی سرووشت، جیهانی هه‌موو گیاندارانه، هیچ گه‌ل و وڵاتێك نابێ خاوه‌ندارێتی بكات، یانخود هه‌وڵی وێرانكردنی بدات.
له‌ولاوه جهیانی سیاسه‌ت، جیهانی هێز و داپڵۆسین، جیهانی شێواندنی ڕه‌نگه‌كان و كوشتنی جوانییه‌كانه. جیهانی ئاژاوه و وه‌شاندنی تۆی ڕق و برینداركردنی نیشتمانه. ئه‌م جیهانه نیشتمانی هه‌موو زینده‌وه‌ره‌كانه، كه‌س مافی ئه‌وه‌ی نییه خۆی به خاوه‌نی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م سرووشته جوانه پێناسه بكات. چونكه جیهانی سیاسه‌ت كه جیهانی خاوه‌ن هێز و ههژموونهكانه، هه‌وڵ ده‌دات به‌شێك له نیشتمان وێران بكات، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌و به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ی نیشتمان كه خۆی تێیدا باڵاده‌سته گه‌ڕی سه‌رمایه تێیدا به‌رده‌وام بێ. واته جیهانی سیاسه‌ت و هێز جیهانی به‌رهه‌مهێنانی چه‌كه بۆ كوشتنی بێ هێز و لاوازه‌كان. جیهانی سیاسه‌ت جیهانی فرۆشتنی گه‌لانی بنده‌سته به گه‌لانی داپڵۆسێنه‌ر، فاشیست و تۆقێنه‌ر. له‌م جیهانه ناشیرینه‌ی سیاسه‌تی هێز، سیاسییه لاواز، ده‌سه‌ڵاتخواز و سهرمایهخوازهكان له‌سه‌ر ئه‌وه كۆك ده‌بن كه ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سته‌وه بگرن و سه‌رمایه‌كانی گه‌لانی به‌شخوار و بنده‌ست له نێوان خۆیاندا دابه‌ش بكه‌ن. ئه‌وه‌ی كه له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست ده‌گووزه‌رێت شه‌ڕی هه‌ژموونه بۆ ده‌ستخستنی نه‌وت. ئایا ده‌كرێ به‌شێك له له‌شی مرۆڤ ناساخ بێ و ئه‌و به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ی له‌ش هه‌ست به خۆشی و له‌شساقی بكات؟ ئایا ده‌كرێ په‌نجه‌یه‌ك بریندار ببێ و ئه‌و په‌نجه‌كه‌ی دیكه هه‌ست به ئازار نه‌كات؟
چۆن ده‌بێ مرۆڤ هێنده بێبه‌زه‌یی بێ و ڕه‌حم به مرۆڤی دیكه نه‌كات! لانیكه‌م ئه‌ویش وه‌ك ئه‌م مافی ژیانی له‌سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌وییه هه‌یه! با نه‌شتوانێ خۆناس بێ و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی درووست لێكباتهوه، به‌ڵام خۆنابێ ئه‌وه ده‌رفه‌ت بێ بۆ سه‌ركووتكردنی. ئه‌م جیهانه جیهانی كێبڕكێیه بۆ ده‌ربازبوون له مردن و درێژه‌دان به‌ژیان، واته مرۆڤ به كوشتن و ماڵوێرانكردن و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ژیانی مرۆڤی دیكه هه‌وڵی زیندووڕاگرتنی خۆی ده‌دات. ژیانی هندێك مرۆڤ بووه‌ته خۆراكی هیندێك مرۆڤ تا به‌ئاسووده‌یی ژیان بكه‌ن. ئه‌مه ڕووی ڕووداوه‌كانی ژیانی به‌شێكی زۆر له مرۆڤه‌كانه، هه‌رچه‌ند ئه‌م ڕوانگه بۆ ژیانكردن پڕه له هه‌ڵه و كاره‌سات.
له مێژوودا ئایینه ئاسمانییه‌كان ڕێگای ژیانێكی ئاسووده‌یان بۆ مرۆڤ ده‌سنیشان كردووه و ڕێگریان له‌وه كردووه مرۆڤ ببێته چهوسێنهرێكی خۆسه‌پێن به‌سه‌ر گه‌ل و هۆزه‌كانی سه‌ر گۆی زه‌وی و ڕێیان له‌وه‌ش گرتووه مرۆڤ یاری به چاره‌نووسی مرۆڤی دیكه‌وه بكات و وه‌ك دیل بۆ حه‌زه‌كانی خۆی مرۆڤی دیكه بكاته كۆیله. فیرعه‌ونه‌كان كاتێ ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته‌وه گرت هێزیان له دژی جووله‌كه‌كان به‌كار هێنا و جووله‌كه‌كانیان سه‌ركووت ده‌كرد و كوڕه‌كانیان ده‌كوشتن و ژن و كچه‌كانیان ده‌كردنه كه‌نیز و به‌رده.
دوای ئه‌وه‌ش كاتێ كه ئایینی مه‌سیحیی دابه‌زیی ڕۆمه‌كان له دژی ڕاوه‌ستان، چۆنكه بنه‌مای ده‌سه‌ڵاتخوازی و سهرمایهخوازیی ئه‌وان كه له‌سه‌ر هێز و خوێن و گیانی خه‌ڵكی هه‌ژار دامه‌زرابوو پێچه‌وانه‌ی ئایینی مه‌سیحیی بوو. پاش ئه‌وه‌ش ئایینی پیرۆزی ئسیلام دابه‌زیی، ئه‌ویش به هه‌مان چه‌شن سه‌رمایه‌دار و ده‌سه‌ڵاتخوازه‌كانی مه‌كه دژی ڕاوه‌ستان، چونكه ئایینه‌كه پێداگریی له‌سه‌ر تاك خوادیی ده‌كرده‌وه و ئه‌مه‌ش دژی فره خواكانی ئه‌وان بوو كه له‌نێو مه‌كه‌دا دایان‌نابوو و ده‌بوو خه‌ڵك زێڕیان پێ ببه‌خشێت و پاره و خواردنیان بۆ كۆبكاته‌وه.
هه‌روه‌ها ئایینی ئیسلام دژی سیسته‌می كۆنی كهنیزیی و بهردهداریی بوو، ئه‌م سیسته‌مه‌ش به ڕێگایه‌كی ئاسان بۆ كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رمایه‌ی زیاتر بۆ سه‌رمایه‌داره‌كانی مه‌كه هه‌ژمار ده‌كرا. واته سه‌رجه‌می ئایینه ئاسمانییه‌كان هه‌وڵیان بۆ ئه‌وه داوه كه چه‌وساندنه‌وه‌ی خه‌ڵكی هه‌ژار بنبڕبكرێت و مرۆڤه‌كان سه‌ربه‌ست بن. له مێژوودا له زۆر ناوچه‌ی جیهاندا كچ و كوڕه‌كانیان بۆ خوا به‌ردینه‌كان ده‌كردنه قوربانی. به‌ڵام كاتێ ئایینه ئاسمانییه‌كان دابه‌زین ئه‌و كولتوورهیان بنبڕكرد.
هه‌روه‌ها چه‌مكی سه‌رمایه‌داریش ئامانجی كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رمایه بووه و ئاسانترین ڕێگه‌ش له‌پێناو ئه‌و مه‌به‌سته چهوساندهی خه‌ڵكی هه‌ژار و بێ دسه‌ڵات بووه. بێگومان هه‌میشه ده‌سه‌ڵاتخواز و سهرمایهخوازهكان به‌دوای ئه‌وه‌دا بوونه كه چۆن خه‌ڵك بگه‌وجێنن و بیانكه‌نه كۆیله له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی سیاسیی، ئابووریی و كۆمه‌ڵایه‌تیی خۆیان.