کاوسێن بابەکر: ئەمریکا فەشەلی هێناوە یان ئێران دانەخۆرەکراوە؟
لەدوای ڕیکەوتنی ئەتۆمی لەنێوان ئێران و ئەمریکا، ئێران دەستی کراوەتر بووە و ناردنەدەرەوەی شۆڕش کەیەکێکە لەپرەنسیپە دیارەکانی دەوڵەتی شیعەی ئێران بەرینترو هەراوتر بووەو جەنگی لەچەندین شوێن فراوان کردووە، پشتگیری حوسیەکانی یەمەنی گەیاندۆتە ئەو رادەیەی کە سعودیە موشەک باران دەکات! لەلوبنان سەرۆکی حکومەت سەعد حەریری لەترسی تیرۆری ئێران و حزب و ڵاکەی لەلوبنان دەست لەکاردەکێشێتەوەو، لەسوریا بەشار ئەسەد لەلێواری مەرگ دەگێڕێتەوەو ئێستا هەڕەشە لەئۆپزسیۆن و ئیدارەی کوردی دەکات و خەریکە لەخەمی داعش دەڕەخسێ! لەعێراق دەوڵەت و حکومەت و سەرجەم پارتە دەستەڵاتدارەکانی لولداوەو خستونیە ژێر ڕکێفی خۆیەوەو قسەی ئەو قسەی یەکەم و کۆتاییە لەکێشەکانی عێراقدا! ئەوەتا هێرشی پاسدار حەشدەکان مەترسی لەسەر حکومەتی خۆجێیی کوردستان دروستکردووەو خەریکن بەتەواوی هەڵی بوەشێننەوەو ئەوەش لەڕێگای هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەستورەی بەتەوافوقی هەموولایەنەکان نوسرایەوەو دەنگی لەسەردرابەمەش دوابزمار لەتابووتی پێکەوە ژیان ودەوڵەتی فیدڕاڵی عێراق بدەن و حوکمی شیعەی ئێران لەعێڕاقیش بەتەواوی کۆپی بکەن!
لەلایەکی تریشەوە خەریکە هەڕەشەکانی دۆناڵدرەمپ بکاتە بیانوو بۆ پەرەپێدانی دووبارە بە پرۆسەی ئەتۆمی، ئەگەر لەبنەڕەتڕا باوەربکەین کە وەستاندوویەتی!
هەموو ئەمانە بەبەرچاوی ئەمریکاو ووڵاتانی جیهان ڕوودەدەن و بەکردەوە هیچ بەرەنگاریەکی جدی نابینین ئەگەر ئەم دەست ئاوەڵاکردنەی ئێران دانەخۆرە کردن نەبێ و مەبەستیان کەوتنی نەبێ بەسەر تەڵەکانیندا!
دەست لەکارکێشانەوەی سعد حەریری کەدۆخی لوبنان ئاڵۆزتردەکات و نزیکبوونەوەی زیاتری ئەمریکا لەسعودیە، کە هەڕەشەکانی سعودیە بۆ ئێران زیاتر بوون و ئینقلابی شا سەلمان و کوڕەکەی بەگرتن و ڕاوەدونانی شازادەکانی سعودیە لەژێر پەردەی بەگژاچوونەوەی گەندەڵیدا، بۆ یەکدەست بوونی وەلی عەهد و زیاتر پڕچەک کردنی سعودیە بەگرێبەستی 100 ملیۆنی ئامادەکاری دەکرێ بۆئەگەرەکانی شەڕ لەگەڵ ئێران! لەعێراقیشدا ئەمریکا داوای لەعەبادی کردووە حەشدی شەعبی هەڵبوەشێنێتەوەو هەوڵیش لەئارادایە کۆنگرێس بیانخاتە لیستی تیرۆرەوە!
بەرانبەر بەکوردیش ئەمریکا بەردەوامە لەسەر هاوکاریەکانی بۆ خۆرئاوای کوردستان و دوێنێ 120 بارهەڵگری پر لەچەک و تەقەمەنی لەڕێگای سیمیلکاوە ڕادەستی هەسەدەکرد. بۆ باشوری کوردستانیش نەرمی زیاتری پێوەدیارەو پشتیوانیشی بۆ حکومەتی نێچیربارزانی و قوباد تاڵەبانی بەناوهێنان، تا هەڵبژاردنی داهاتوو دووپات کردەوە.
ئەمریکا گرێی دەست دەخاتە ددان؛
سیاسەتی ئەمریکا ئەوەی لەبەرچاوی ئێمەیە، ڕەنگە جیابێ لەوەی لەژێر پەردەو لەڕارەوەتاریکەکانی سیاسەت و سیخوڕیدا ڕودەدا، هەرچۆنێک بێ، ئەوەی ئێمەڕەخنەی لێدەگرین، خەمساردیەتی بەرانبەر زۆر کێشە کەدەکرێ ئاسانتر چارەسەر بکرێ و ئەو چارەسەرەش ببێتە یارمەتیدەر بۆ بەرنامەستراتیژیەکانی، بۆنمونە مەسەلەی کوردی باشور، پشتگیری عەبادی گوایە بۆدوور خستنەوەی لەئێران جگە لەگەمژەیی و کات بەفیڕۆدان هیچی تر نییە! چونکە شیعە هەر مەزهەب نییە بەڵکو سیاسەت و حزبیشە پاشان ئەگەر تاکێکی وەک عەبادیش بیەوێ خۆی بگونجێنێ لەگەڵ سیاسەتاکانی ئەمریکا ئەوا لەکۆتاییدا ئەو جگە لە بورغویەک لەماشێنی شیعەی وابەستە بەئێران شتیکی ترنییەو ئەگەر لەبازنەکەش دەرچێ وەک شوانەکە خۆی و گۆچانەکەی دەمێننەوەو لەهەموو دەستەڵاتیکی دادەماڵن! هەموومان بینیمان کاتێ تیلەرسن داوای هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی کرد چ وەڵامێکی توندی وەرگرتەوە لەعەبادی و سەرانی تری شیعە!
ئەو خۆشخەیاڵیەی ئەمریکا وایکرد چرای سەوز بۆ هاتنەوەی سوپاوحەشد بۆ کوردستان پێبکاو ئەو کارەساتە بەسەرکورددابێ لەکوشتن و ئاوارەکردنی سەدان هەزار و سوتاندنی ماڵ و دوکان، لە کەرکوک و دووزوو ناوچەکانی تردا بەدەست حەشدەوە، کەدەکرا ڕێی لێبگرێ و هەردووکلا ناچاربکا بەگفتو گۆ کێشەکان چارەسەر بکەن. ئێستا دەستەڵاتی ئێران لەناوچەکە باڵادەستی بێ ڕکابەرەو بەرنامەی دواتریش بۆ عێراق بەکوردستانیشەوە هەر ئەودایدەڕێژێ!
ڕاستکردنەوەی هەموو ئەمانەش لەئێستادا ئەگەر پەلەی تێدا نەکرێ بەڕێگریکردن لەهەڵگیرسانی شەرو ناچارکردنی بەغدا بەگفتوگۆیەکی عادلانە و لەچوارچێوەی دەستورداوە، کە خۆشیان ئیدعادەکەن، ئەوا کێشەکان گەورەتر و چارەسەریشیان بەزەحمەتر دەبێ، هەر بەم ڕێگایەش شانبەشانی ڕۆژئاوای کوردستان ئیدارەی کوردی دەمێنێتەوەو دەشبێتە تاقە دۆست و پاڵپشت بۆ بەرنامەکانی ئەمریکا لەناوچەکەدا.