Sulaymani

عه‌تا قه‌ره‌داخی: پاش 233 ساڵ: سلێمانی له‌ نێوان په‌سه‌ندكردن و ره‌تكردنه‌وه‌دا!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئایا سلێمانی شاره‌؟ ئایا خاسێته‌كانی شارى هه‌یه‌؟ ئایا سلێمانی وه‌كو شار درووستبووه‌ یان درووستكراوه‌؟ ئایا له‌ رووى په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ سرووشتی درووستبوون و پێكهاته‌ى ناو شار هه‌ر له‌و كاته‌وه‌ى درووستبووه‌و بگره‌ تاكو ئێستاش خاسێتی شارى هه‌یه‌ یان نا؟ سه‌باره‌ت به‌م پرسیارانه‌ى سه‌ره‌وه‌ زیاتر باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ سلێمانی له‌ بنه‌ڕه‌تدا وه‌كو شار درووستكراوه‌و سه‌رباری ئه‌وه‌ى كه‌ شارێكی بچووك بووه‌ له‌ نێو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی خێڵایه‌تی دوواكه‌وتوودا، به‌ڵام هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ هه‌ندێ له‌ خاسێته‌كانی شاری هه‌ڵگرتووه‌. كه‌لتووری شار له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و كه‌لتووره‌یه‌ كه‌ بارگاویی كراوه‌ به‌ ململانێی جۆراوجۆرو فره‌ ئاراسته‌. سلێمانی سه‌رباری ئه‌وه‌ى هه‌مێشه‌ له‌ رووی ده‌ره‌وه‌دا وه‌كو یه‌كه‌یه‌كی یه‌كگرتوو ده‌ركه‌وتووه‌ به‌ جۆرێك كه‌ هه‌ست نه‌كرێت له‌ ناوه‌وه‌ى ئه‌و شاره‌ هیچ كێشه‌و ململانێیه‌ك هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ راستیدا هه‌ر له‌سه‌رتای درووستبوونیه‌وه‌ جێگای ململانێی ئاشكرا بووه‌. به‌پێی په‌ره‌سه‌ندنی ماتریالیزمانه‌ى مێژوو، له‌ شاردا چینی بۆرژوای پیشه‌سازی یان چینی ناوه‌ند درووست ده‌بێت كه‌ ئه‌م چینه‌ خاوه‌نی هۆیه‌كانی به‌رهه‌مهێنان ده‌بێت‌و به‌وپێیه‌ش سه‌رمایه‌ی وڵات له‌ ده‌ستی ئه‌ودا ده‌بێت‌و هه‌رئه‌ویش ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌بردنی به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌بێت ئه‌مه‌ چ له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵگه‌ى شار به‌ گشتی، یان شار به‌ تایبه‌تی شتێكی ئاشكرایه‌، به‌ڵام به‌ گوێره‌ى سلێمانی كه‌ وه‌كو شارێكی سرووشتی درووست نه‌بووه‌ قسه‌كردن به‌و ئاراسته‌یه‌، خۆلادانه‌ له‌ واقیعی راسته‌قینه‌ى سلێمانی.
ره‌نگه‌ پرسیاری سه‌ره‌كی سه‌باره‌ت به‌ سلێمانی ئه‌وه‌ بێت ئایا سلێمانی له‌ رووی درووستبوونه‌وه‌ وه‌كو شارێكی سرووشتی و له‌ ئه‌نجامی په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و درووستبوونی چینی ناوه‌نددا درووستبووه‌ یان شارێكه‌ له‌ جۆری ئه‌و شارانه‌ى له‌ كۆمه‌ڵگه‌ فیودیالیه‌كاندا درووست بوون؟ یان شارێكه‌ له‌ شێوازێكی ترداو سیاسه‌ت یان ململانێی ناوچه‌یی‌و نێو ده‌وڵه‌تی درووستی كردووه‌؟ ئایا سرووشتی درووستبوونی ئه‌م شاره‌ چ رۆڵێكی هه‌بووه‌ له‌سه‌ر سرووشتی به‌رهه‌مهێنانی كه‌لتووری شار؟ ئایا سرووشتی ململانێ ناوخۆییه‌كانی سلێمانی ده‌رهاوێشته‌ى چۆنێتی پێكهاتنی شاره‌كه‌یه‌؟ یان ئاسایی ئه‌و ململانێیانه‌یه‌ كه‌ ده‌شێ له‌هه‌ر شارێكی تری جیهاندا هه‌بن؟
وه‌كو ئاشكرایه‌و جاری تریش گوتوومانه‌ سلێمانی شارێكه‌ به‌ سرووشتی درووستنه‌بووه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ى كه‌ چۆن شار له‌ كۆمه‌ڵگه‌ ئاساییه‌كاندا درووستبووه‌. به‌ڵكو تایبه‌تمه‌ندی خۆیی هه‌یه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دواكه‌وتووى نیمچه‌ كۆچه‌ری ئابووری فیودیالیی لاوازی به‌ سیستێم نه‌بوودا، له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتێكی بنه‌ماڵه‌یی ناوچه‌ییه‌وه‌ درووستكراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بیكه‌ن به‌ پایته‌ختی خۆبه‌ڕێوبردنێتیه‌كه‌یان. به‌ڵام سرووشتی پێكهاته‌ى شاره‌كه‌و درووستبوونی جۆرێك له‌ تێكه‌ڵبوونی كه‌سان‌و بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌ خێڵ عه‌شیره‌ته‌ جیاوازه‌كانی كوردستان له‌م شاره‌دا یه‌كێك بووه‌ له‌ هۆكاره‌كانی سه‌رهه‌ڵدان‌و ده‌ركه‌وتنی جۆره‌ كه‌لتوورێك له‌م شاره‌دا كه‌ له‌ كه‌لتووری هیچ كام له‌ خێڵ‌و عه‌شیره‌ته‌كانی كورد نه‌چێت به‌ ته‌واوه‌تی‌و به‌ خاسێت‌و سیماى زۆریشیان بارگاوی كراوبێت كه‌ ئه‌و تێكه‌ڵاوییه‌ سه‌رئه‌نجام شێوازه‌ كه‌لتوورێكی لێدرووستبووه‌ كه‌ پێی ده‌وترێت كه‌لتووری سلێمانی‌و ئه‌ویش تایبه‌تمه‌ندی خۆیی هه‌یه‌. كه‌ یه‌كێك له‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌رده‌وام جۆرێك له‌ سه‌ركه‌شی‌و شكۆمه‌ندی به‌خۆی بڕیووه‌و ته‌نانه‌ت له‌ خراپترین باریشیدا یان له‌و كاتانه‌شی كه‌ له‌و په‌ڕی لاوازیدا بووبێت هێشتا بێباكانه‌ خۆی نمایش كردووه‌و وه‌ها خۆی نیشانداوه‌ كه‌ له‌ ناوه‌وه‌ڕا به‌هێزو پته‌وه‌و هیچ هێزو كه‌لتوورێك ناتوانێت خۆی بۆ ئاستی ئه‌و هه‌ڵبدات‌و له‌گه‌ڵیدا بكه‌وێـته‌ ململانێوه‌. ته‌نانه‌ت نه‌یاره‌كانیشی له‌و كاتانه‌شیدا كه‌ له‌وپه‌ڕی هێزدا بووبن هه‌ر به‌ ترس‌و گومانه‌وه‌ سه‌یری كه‌لتوورو، ئاماده‌بوون‌و بوون‌و شووناس‌و هێزی له‌ بن نه‌هاتووی ئه‌م شاره‌یان كردووه‌.
بێگومان سه‌رباری په‌ره‌سه‌ندنی زیاترو گه‌شه‌كردنی ئاشكرا له‌ بنیادی پێكهاته‌ى ئه‌م شاره‌و گه‌شه‌كردنی زیاتر تیایدا له‌ هه‌موو ئاسته‌كانداو ته‌نانه‌ت پێكهاتنی زیاتری خاسێته‌ جۆراوجۆره‌كانی شار له‌م زه‌مینه‌یه‌دا، هێشتا ره‌نگه‌ به‌شێكی ئاشكرا له‌م ململانێ و ناكۆكیانه‌ی تێدا مابێته‌وه‌ كه‌ ناكۆكی‌و ململانێی زه‌مینه‌ى شار نین، به‌ڵام له‌پاڵ ئه‌وه‌دا سیمایه‌كی ئاشكرای ململانێكانی نێو سلێمانی هه‌ر له‌سه‌ره‌تای درووستبوونیه‌وه‌ ئه‌و ناكۆكی‌و ململانێیانه‌ بووه‌ كه‌ له‌شاردا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن‌و ده‌رده‌كه‌ون. ئێمه‌ باسی ململانێی نێوان خودی میرانی بنه‌ماڵه‌ى بابان ناكه‌ین له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات چونكه‌ ئه‌وه‌ ئاشكراو دیاره‌و هه‌روه‌ك ئه‌و ململانێیه‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتیش یه‌كێك بووه‌ له‌ هۆیه‌كانی رووخاندنی ده‌سه‌ڵاتی میرنشین، كه‌ ره‌نگه‌ ئه‌و ململانێیه‌ى كه‌ ئێستا له‌ سلێمانیدا هه‌ن هاوشێ,ه‌ى ململانێی نێو بنه‌ماڵه‌ى میرى بابان بێت و ئه‌گه‌ر به‌ لۆجیكی عه‌قڵ بیری لێنه‌كرێته‌وه‌و چاره‌سه‌ر نه‌كرێت‌و به‌و عه‌قڵه‌ هه‌رزه‌كاریی‌و پاوانخوازی‌و پاره‌و سامانخوازییه‌ى ئێستاوه‌ به‌رده‌وام بێت ئه‌وا ده‌شێ مه‌ترسی گه‌وره‌ى بۆسه‌ر جه‌مسه‌ره‌كانی ململانێكان هه‌بێت و ته‌نانه‌ت له‌ ناویان ببات و ره‌نگه‌ كاریگه‌رى نه‌رێنیشی بۆ سه‌ر ئاینده‌ی شاره‌كه‌ هه‌بێت به‌ تایبه‌تی به‌شێك له‌ كێشه‌كانی ناو سلێمانی ئێستا په‌یوه‌سته‌ به‌ دوو جه‌مسه‌ره‌وه‌ كه‌ هێزی سه‌ره‌كی جه‌مسه‌رێكیان هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به‌شاره‌كه‌و به‌ كه‌لتوورو عه‌قڵی شاره‌كه‌وه‌ نییه‌و ناشتوانن له‌وه‌ تێبگه‌ن كه‌ كه‌لتووری سلێمانی باش بێت یان خراپ ئه‌و كه‌لتووره‌یه‌ كه‌ ئه‌وانی ده‌ره‌وه‌ى زێدی خۆی قبوڵناكات.
به‌هه‌رحاڵ سلێمانی له‌ درووستبوونیه‌وه‌، جێگای ململانێ رۆشنبیری‌و فیكرییه‌كان بووه‌. ده‌ركه‌وتنی نالی‌و هاوڕێكانی‌و كوده‌تاكردنیان به‌سه‌ر شێوازی گۆرانی له‌ نووسینی شیعری كوردیدا كه‌ به‌ كێشی ره‌سه‌نی كوردی بوو واته‌ كێشی په‌نجه‌ كه‌ ئه‌ویش هه‌مان كیشی گاتاكانی ئایینی زه‌رده‌شتییه‌. سه‌ره‌تای ئه‌و ململانێیه‌بووه‌. ده‌ركه‌وتنی دوو پایه‌ى باڵای دوو رێبازه‌ گه‌وره‌كه‌ی ته‌سه‌وف له‌ سلێمانیدا تاكو ئێستاش پرسیارێكی وه‌ڵامنه‌دراوه‌یه‌ كه‌ بۆ ده‌بێت له‌و رووبه‌ره‌ فراوانه‌ى جیهانی ئیسلامیدا له‌ شارێكی تازه‌ درووستبووی وه‌كو سلێمانی و له‌كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دواكه‌وتووی وه‌كو كۆمه‌ڵگه‌ى كوردیدا ئه‌و دوو رێبازه‌ به‌و شێوه‌یه‌ په‌ره‌بسه‌نن‌و پاشانیش بكه‌ونه‌ سه‌ختترین ململانێووه‌و ململانێكه‌ش به‌ زیانی سلێمانی به‌ تایبه‌تی‌و كورد به‌گشتی بشكێته‌وه‌ له‌ كاتی خۆیداو، ته‌نانه‌ت تاكو ئێستاش ئاسه‌واری ئه‌و ململانێیه‌ یه‌كێك بێت له‌ هۆكاره‌كانی دابه‌شبوون له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى كوردیدا، له‌بری ئه‌وه‌ى خودی رێبازه‌كان‌و پرینسیپه‌كانیان ببوونایه‌ته‌ بنه‌مایه‌ك بۆ یه‌كگرتن‌و یه‌كبوون له‌م شاره‌و له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا.
له‌ قۆناغی دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌و درووستبوونی ده‌وڵه‌تی نوێی عێراق‌و لكاندنی باشووری كوردستان به‌و ده‌وڵه‌ته‌وه‌، دیسان سلێمانی جێگای ململانێ‌و ناكۆكی بووه‌، به‌ تایبه‌تی له‌ قۆناغی درووستبوونی حیزبه‌وه‌ له‌ سه‌ره‌تای چله‌كان به‌ دواوه‌ تاكو ئێستا هه‌میشه‌ سلێمانی زه‌مینه‌ى ناكۆكی‌و ململانێی سه‌ختی نێوان بیرو ئایدیۆلۆجیا جیاوازه‌كان بووه‌و له‌ بری درووستبوونی عه‌قڵ‌و كه‌لتووری یه‌كتر قبوڵكردن، هه‌ریه‌كه‌ هه‌وڵیداوه‌ ئه‌وی تر بسڕێته‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش هۆكاری سه‌ختترین‌و ناشارستانیترین ناكۆكی‌و ململانێ بووه‌ كه‌ ئاسه‌واری ئه‌مه‌یان تاكو ئێستاش به‌ ئاشكرا دیاره‌. به‌شێكی ئاشكرای ململانێی سه‌ره‌تاكانی نێوان سه‌ركردایه‌تی بارزانی‌و مه‌كته‌بی سیاسی له‌ شه‌سته‌كاندا وه‌كو ململانێ‌و ناكۆكی نێوان سه‌ركردایه‌تی بارزانی‌و نوخبه‌ى رۆشنبیری سیاسی ئه‌و قۆناغه‌ سه‌یر ده‌كرێت كه‌ برایم ئه‌حمه‌د رابه‌رایه‌تی ئه‌و نوخبه‌ رۆشنبیره‌ سیاسیه‌ى كردووه‌ كه‌ پێگه‌ى سه‌ره‌كی ئه‌و نوخبه‌یه‌ سلێمانی بووه‌.
ئێستا سلێمانی زه‌مینه‌ى ململانێی سه‌خته‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ى ململانێكان یه‌كلایی ده‌كاته‌وه‌ هه‌ر خودی سلێمانی خۆیه‌تی كه‌ پێموایه‌ ئه‌وه‌ى جارێك له‌ ململانێكانی ئه‌م شاره‌دا به‌زی یان تێكشكا هه‌ڵسانه‌وه‌و سه‌ركه‌وتنی دواتری ئه‌سته‌مه‌. بۆچوونه‌كانی مه‌ولانا خالید له‌به‌رده‌می شێخ مارف و میرانی باباندا به‌ جۆرێك شكستی خوارد، تاكو ئێستاش جارێكی تر باڵاده‌ستی رێبازی نه‌قشبه‌ندی له‌ سلێمانیدا نه‌بینراوه‌. له‌ په‌نجاو شه‌سته‌كاندا كه‌لتووری حیزبی شیوعی لێره‌ له‌به‌رده‌می كه‌لتووری پارتیدا پاشه‌كشه‌ى كرد، جارێكی تر حیزبی شیوعی‌و كه‌لتووره‌كه‌ى له‌م شاره‌دا ئه‌وه‌نده‌ زیندوو نه‌بووه‌وه‌ كه‌ بوونی خۆی بسه‌لمێنێته‌وه‌. كه‌لتووری پارتی‌و ئاماده‌بوونی له‌ درزبردنی شه‌ست‌وچواره‌وه‌ له‌م شاره‌دا پاشه‌كشه‌ى كردووه‌و تاكو ئێستاش هه‌ر له‌ ئاستی پاشه‌كشه‌دایه‌و، سه‌رباری ئه‌وه‌ى پارتی له‌ كوردستان وه‌كو هێزی یه‌كه‌می لێهاتووه‌ به‌ڵام له‌ سلێمانیدا ئاماده‌نەبوون‌و مانه‌وه‌ى له‌ شێوه‌ى میراتدا لای رێژه‌یه‌كی سنووردار له‌ خه‌ڵك ماوه‌. یه‌كێتی كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارو باڵاده‌ست بوو له‌ سلێمانیدا له‌به‌رامبه‌ر بزووتنه‌وه‌ى گۆڕاندا پاشه‌كشه‌ى كرد هه‌رچه‌نده‌ گۆڕانیش هه‌ڵگرى هه‌مان كه‌لتوورى عه‌قڵی و سیاسی و ئه‌خلاقی یه‌كێتیه‌. له‌ ساڵی 2009 وه‌ تا ده‌وروبه‌رى كۆتایی 2013 قۆناغی هه‌ڵچوونی گۆڕان بوو، واته‌ تا ئه‌و كاته‌ى چووه‌ ده‌سه‌ڵاتـه‌وه‌، به‌ڵام له‌و كاته‌وه‌ ئه‌ویش له‌ پاشه‌كشه‌دایه‌. ده‌شێ سیمایه‌كی دیارى ئه‌م شاره‌ بۆ پشتگیرى كردنی هه‌ر تێڕوانین و بۆچوون و هێزێك په‌یوه‌ندى به‌ ئۆپۆزسیۆنبوونی ئه‌و هێزو لایه‌نه‌وه‌ هه‌بێت. واته‌ واپێده‌چێت كه‌لتوورى سلێمانی له‌ گه‌وهه‌رى خۆیدا كه‌لتوورێكی هه‌میشه‌ ئۆپۆزسیۆنی بێت، بۆیه‌ له‌لایه‌ك له‌گه‌ڵ دیدو بۆچوون و تێڕونین و ته‌نانه‌ت حیزب و لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدا به‌رده‌وام كۆك بووه‌و له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتیش به‌ ئاشكرا یان به‌ هێمنی ناكۆك بووه‌. واته‌ لێره‌وه‌ ئاشكرا ده‌بێت كه‌ پێناچێت كه‌س نه‌مربێت له‌م شاره‌داو كه‌س بتوانێت بۆ ماوه‌ى درێژخایه‌ن بمێنێته‌وه‌، مه‌گه‌ر تاكه‌ ده‌گمه‌نه‌كان كه‌ بوون و ئاماده‌بوونیان چووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ى سنوورو ده‌سه‌ڵات و هه‌ژموونی كه‌لتوورى ئه‌م شاره‌و شووناسێكی گه‌وره‌ترو مه‌ودا فراوانتریان به‌ده‌ستهێناوه‌. ئه‌وه‌ى تاكو ئێستا له‌م شاره‌دا به‌ زیندوویی ماونه‌ته‌وه‌ مه‌ولانا خالیدو شێخ مارفی نۆدێ‌و كاك ئه‌حمه‌دی شێخ‌و شێخ مه‌حمودی حه‌فیدو نالی‌و مه‌حوی‌و گۆران دیاره‌كانیانن، كه‌ هیچ كامێكیان به‌ده‌ربڕینی سلێمانیانه‌ كوڕى ئه‌سڵی شاره‌كه‌ نین.. كه‌واته‌ سلێمانی ئه‌و شاره‌یه‌ كه‌ زوو پشتگیری ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ وه‌كو نوێ ده‌رده‌كه‌وێت، زوویش پشت له‌ هه‌ر هێزو گروپ‌و ئاراسته‌یه‌كیش َده‌كات ئه‌گه‌ر نه‌یتوانی نوێنه‌رایه‌تی راسته‌قینه‌ی كه‌لتووری ئه‌م شاره‌ بكات. پێموایه‌ كۆی ئاڵۆزی و ته‌نانه‌ت پێكدادانی ناوبه‌ناو له‌م شاره‌دا ده‌رئه‌نجامی ئه‌و ململانێ به‌رده‌وامه‌یه‌ كه‌ ده‌سته‌وگروپ‌و لایه‌نه‌كان له‌ نێو خۆیاندا ده‌یكه‌ن و سه‌رئه‌نجامیش سه‌ركه‌وتن بۆ ئه‌وه‌یانه‌ كه‌ نوێنه‌رایه‌تی كه‌لتووری شار ده‌كات، به‌ڵام تاكو ئێستا هیچ ده‌سته‌و گروپێك نه‌یتوانیووه‌ بۆ ماوه‌ی درێژخایه‌ن بمێنێته‌وه‌و لایه‌ن یان ده‌سته‌و گروپی دڵگیرى هه‌تاهه‌تایی سلێمانی بێت. بێگومان زیندوویی سلێمانیش له‌وه‌دا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت كه‌ ناتوانێت به‌رده‌وام به‌رامبه‌ر جوڵه‌ى ناجۆر له‌گه‌ڵ رۆحی ئه‌ودا بێ ده‌نگ بێت، له‌ هه‌ركه‌س و ده‌سته‌و لایه‌ن و هه‌تا ده‌نگێكیش، فڕێی ده‌داته‌ ده‌ره‌وه‌ى خۆى و ده‌یخاته‌ په‌راوێزه‌وه‌. بۆیه‌ سلێمانی شارى كه‌س نیه‌ به‌ڵكو ته‌نیا شارى رۆحی زیندووى كوردو كوردایه‌تیه‌، شارى هه‌موو ئه‌وانه‌یه‌ له‌ رۆحی زیندووى ئه‌م شاره‌ تێ ده‌گه‌ن و له‌گه‌ڵ گۆرانی نه‌به‌زینی ئه‌ودا به‌ره‌و ئاینده‌ له‌سه‌ر په‌یمانی عیشق و خۆشه‌ویستی شارو نیشتیمان به‌ره‌و داهاتووى گه‌ش هه‌نگاو ده‌نێن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت