فەوزی ڕەمزی: بە بۆنەی ساڵیادی بونیادنانی شارێکی خۆڕاگر.
وەڵامێك بۆ کەسانێکی دەم پڕهەڵات و بەدگۆ دەربارەی شارەکەم ” سلێمانی ”.
” بەڵێ، یەزدانێک هەیە کە ئەو شارەی پێدەڵێن سلێمانی، دەپارێزێت ”
تۆ بڵێت… سیمورگی گەردوون جارێکی دیکە کڕکەوێت و هەلبهێنی شارێکی وەك تۆ، ئەی سلێمانی.
سا تووبی خوا پێم بێژن، ئەمە سلێمانی چێتی/یە یاخود مێژووی شار ناسینێکە!!
له پێناو فراوانکردنی قه‌ڵه‌مڕه‌وی حوکمداری کوردانه‌ی خۆییدا، میری به‌به ( بابان ) پێدەشت و ناوچه‌ی “مه‌ڵکه‌ندی ” ی هەڵبژارد تا بیکاته بنکه‌ی قەڵەمڕەو و فه‌رمانڕه‌واییان و دوایی ئه‌و شاره ساوایه ناونرا “سلێمانی”، بەڵێ سلێمانی و سلێمانی.
هه‌ر له‌یه‌که‌م وه‌شاندن و پێداکێشانی پاچه نووك تیژ و پیکه پۆڵاینییه‌کانی ئه‌و وه‌ستا باشییە ناودار و دەستڕەنگینانەی که میری به‌به فه‌رمانی پێکردبوون تا بناغه‌ی شارێك داڕێژێت.
ئه‌و بروسکه و شریخە و چه‌خماخه و بوومەلەزەیەی که لە ئەنجامی پێکدادان و به‌رکه‌وتنی پیکە پۆڵایین و پته‌وەکانەوە، بە تاشەبه‌رده سه‌وزباو و شینباو و تۆکمه و سه‌خت و توندوتۆڵه گرده‌کانی شێرگوژ و کانیبه‌ردینه و مه‌ڵکه‌ندی/دا هاته ئارا، نەك هه‌ر ئه‌و پێده‌شته، بگره ناوچه‌که و ئه‌وجا دەوروبەر و جیهانی/یشی ڕۆشن کرده‌وه و هێنایە لەرزە.
موژده و مزگێنی له دایکبوونی ساوایه‌کی دا، به‌ڵام چ ساوایه‌ك؟
ساوایەك، هەر لە سەرەتای بونیادەوە ، هەڵگری ناو و شۆرەت، بڵند و خاوەن پایە.
هەژێنەر و خوڵقێنەری دەیان و دەیان و سەدان کەڵە شاعیر و نووسەر و دانا.
سەدان و سەدان جۆمەرد و گیانفیدا وجەنگاوەر .
سەدان و سەدان هونەرمەند و ڕۆشنبیر و نووسەر.
بە ناوی ” سلێمانی ” شاری هەڵمەت و قوربانی.
هه‌ر له سه‌ره‌تاوه مزگەوتەکان بوونە جێگەی ئیرشاد و خزمەتکردن، بوونە مه‌ڵبه‌ندێکی رۆشنگه‌ری و لانکه‌ی چه‌ندین و چه‌ندین شاعیر و مه‌لا و زانای هه‌ڵکه‌وتوو، بوونە مەنزڵگە ڕێبازی دوو تەریقەتی هەرە بەنێونێوبانگ کە هەر یەکەیان بوونە سەرمەشق و هەزاران هەزار پیروموریدی بە توانا‌و هەڵکەوتوو، نەك هەر لە سلێمانی بگرە لە گشت لایەکی دونیا.
ئامێزی بۆ چەندین وەستای کارامە و شارەزا و دەست ڕەنگین و لێهاتوو گرتەوە.
شارێکی نوێ و نوێبەخش، داهێنەر و سەرکەش شۆڕشگێڕ و خۆڕاگر و سەربەرز و به‌رخۆده‌ر.
دوژمن تۆقێن و خاوەن هەڵوێست و مێژوو دروستکه‌ر.
به‌و ته‌مه‌نه کۆرته‌ی، توانیی مێژوویه‌کی پرشنگدار و پڕ شانازی بۆ خۆی بێنێته ئاراوه که ده‌توانم بڵێم که‌م وێنه‌یه له چاو شارانی دیکەدا.
دوژمنان چاویان پێی هه‌ڵنه‌ده‌هات و به‌رده‌وام کۆسپ و گرفتیان ده‌هێنایه به‌رده‌م.
هێرشی به‌رده‌وامیان بۆ تێکدان و له‌ناوبردن و سه‌رکوتکردنی ڕۆڵه‌کانی ده‌دا.
سلێمانی شارێکی زیندوو به‌هه‌موو مانایه‌ك ، بەو ته‌مه‌نە که‌مه‌وه، لیپاو لیپه له‌ڕووداو.
باشترین گەواه، گردی سەیوانەکەیەتی، گردێك کە هەر لەسەرتای ناونانییەوە ، ئامێزی بۆ کەڵەمێر و جەنگاوەران کردەوە…
ئاواتی خەڵکی و وەسییتیان ئەوەبوو بهێنرێنەوە بۆ سلێمانی و لە گردی سەیوان لە تەك قارەمان و شکۆمەنداندا بنێژرێن و بچنە ئامێزی سەیوانەوە و دارئەرخەوانەکان سێبەری سەریان بن.
هه‌موو کوچه‌و کۆڵانێکی، چیرۆك گەلێکی بەرخۆدان و فرە داستانێکی پڕ لە ئازایەتیمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه . ڕووداوه‌کان هێنده سه‌رنجڕاکێشن، نه‌وه پەی نه‌وه به‌ئامانه‌ته‌وه ده‌یگێڕنه‌وه .
سلێمانی ئه‌و شاره‌یه، که ڕژێمه یه‌ك له‌دوای یه‌که‌کانی ئێراق و داگیرکه‌رانی ئیگلیز، سلێمانیان به‌گرفت و سەرسەخت زانیوه.
بۆیه هه‌میشه له‌هه‌وڵی سه‌رکوتکردنی ڕۆڵەکانی ئەم شارە نەسرەوته‌دابوون.
بەڵێ، شــــــــــــــاره‌كـــــــه‌م ســــلێمــــــانــی.
ئاخۆ بڵێیت به درێژایی ئه‌و ته‌مه‌نه کورته‌ی که تا ئێستا به‌ڕێتکردوه.
ئاخۆ بڵێیت ئه‌و هه‌موو پیرانی ته‌ریقه‌ت و پیاوچاکان و که‌ڵه‌مێران و هه‌ڵکه‌وتووان و سێکوچکه‌ی شاعیران و گیانفیداکارانی زاده‌ی خاکه پیرۆزه‌که‌ت ببنه فریادڕه‌س بۆت؟؟
ئاخۆ بڵێیت کفنی سووری ئه‌و هه‌موو شه‌هیدانه‌ی گردی سه‌یوانه‌که‌ت، کە ناوازه‌یه و له هیچ شوێنێکی دونیادا نییه که ئاوا گردێك به ته‌واوی ڕۆڵه شه‌هید و گیانفیداکاره‌کانی بێت و له پێناو مافی گه‌له‌که‌یاندا گیانیان به‌خت کردبێت کە گوڵەئەرخەوانەکانی سەر مەزاریان شەرمەزارە لە خۆنواندن و پەخشکردنی خۆێیدا بەرامبەریان، به هاناته‌وه بێن؟؟
ئاخۆ بڵێیت لاپه‌ڕه زێڕینه‌کانی مێژووه پاك و بێگه‌رده‌که‌ت که هه‌ر له پێناو کوردستانێکی یه‌کگرتوو، ئازاد و سەربەخۆ، ببنه فه‌ریاده‌ڕه‌سێك بۆت؟؟
ئاخۆ تۆ بڵێیت خۆڕاگرێت و خوێنی به‌ناحه‌ق ڕژاوی پیر و لاوانت له‌به‌رده‌م باره‌گای یه‌زدانی مه‌زن و میهرباندا گەواهیت بۆ بدەن و بێن بە فریاته‌وە؟؟
ئاخۆ تۆ بڵێیت ئه‌و هه‌موو هه‌ڵوێسته جوامێر و که‌ڵه‌مێرانه‌ت له پێناو ئه‌وه‌ی که پڕ دەم له‌تەك مەهاباد و ئامەد و کووبانی و لەباتی هه‌مووان به ده‌نگێکی زوڵال ده‌تچریکان به‌ڕووی گشت دوژمنان‌دا ” به‌ڵی ئێمه کوردین و په‌رۆشی سه‌ربه‌ستین و مافی خۆمانه که ئازاد و سەربەخۆبین، بەڵێ ئێمه هه‌ین و هەین”.فریاتکه‌ون و له‌مه‌دوا مێژووی خۆت و نه‌ته‌وه‌که‌ت به دەست و پەنجە و پێنووسی دلێرانت بنووسرێته‌وه !!
به‌ڵێ.. له‌م ته‌مه‌نه کورته‌ی خۆتدا به‌سه‌رهاتی دڵتەزێن و خوێناویت هێند زۆرن که دوژمنانی سه‌رسام و ڕق ئه‌ستوور کردوه به‌رامبه‌رت.
چه‌ندین ساڵوه‌خت و ڕۆژگار هات و شه‌وگار ڕۆیی، تا سەدان تاوان بەرامبەرت ئه‌نجامدرا له‌به‌ر چاوی نووقاو و گوێی که‌ڕی مرؤڤدۆستاندا.
شه‌وه‌ساتێك نه‌بوو چاو و دڵی ڕۆڵه‌کانت بێ خه‌م بێت و شێره‌دایکان به‌رده‌وام شه‌ویان ڕۆژده‌کرده‌وه و چاوه‌ڕێی نه‌هامه‌تییه‌کی سه‌ختتر بوون بۆ ڕۆڵه گیان لەسەردەستەکانیان.
چه‌ندین که‌ڵه‌مێر و جەنگاوەری به‌جه‌رگت ته‌نیا بۆ شه‌وی حو‌جله‌ش نه‌یان ده‌توانی هاوسه‌ره‌کانیان به‌سه‌رکه‌نه‌وه. ناوی کورپەی تازە لەدایکبووی دوای چەندین هەفتە یا مانگ پێدەگەیشت و وەڵامی بۆیان ئەوەبوو، ” بەناوی هاوڕێی شەهیدییەوە، یا ئەو چیایەی داستانێکی تێدا تۆمارکردوە…
با مەلا بانگ بە گوێیدا بدات “.
گرتنەئامێز و پێدانی شیری حه‌ڵاڵی دایکانە و لایلایه‌ی به‌ر بێشکانیان، تەنیا بۆ ئه‌و به‌چکه‌شێرانه ئه‌وه‌بوو کە به ئەمەك بن بۆ ڕێبازەکەی باوانیان و خوێنی بەناحەق ڕژاویان وننەکەن و ئامەدەی ڕۆژی سه‌ربه‌خۆیی و تۆڵەی دەکردن.
هه‌زاران ڕه‌حمه‌ت له تۆ ” گۆران ” شاعیرە بە وەفاکەی شارەکەم که فه‌رمووته :ـ
ئەگەر خوای گەورە، بەخشی پێت ھەتیوێ پێی بڵێ رۆڵە
لەمن فرمێسکی ویست باوکت، لەتۆش داوا ئەکا تۆڵە
ئاوا په‌روه‌رده‌یه‌ك ده‌بووه گڕوتینێك، بۆیه هه‌ر که فامیان ده‌کرده‌وه ڕێباز و ئاڵاهه‌ڵگری باوانیان ده‌بوون و نیشتمانپه‌روه‌ری و وڵاتپارێزیان ده‌کرده ئامانج و هیوا.
هەر لە سەرودەمانی میری بەبەوە، دایکان پڕ بەزار “شیری بەری مەمکه‌کانمان حەڵال کەن
هه‌زاران باره‌که‌ڵڵا و ئافه‌رین، به‌رخی نێر بۆ سه‌ربڕینە، ده‌ك دایکان ڕۆڕۆتان بۆ نه‌کات
ئه‌ی نه‌وه‌ی دوژمن شکێن و ڕۆڵه‌ی بە جەرگ و سەنگەرشەکەنی میری بابان و شێری بە هەڵمەتی کوردان، باش ئەوە بزانن، به‌رگریتان له حه‌یا حورمه‌تی شار دژ به عارەب و ڕۆم و عه‌جه‌م، و جاشی خۆفڕۆس و کلکی ئەموئەو، ئه‌رکی دین و دونیاتانه “.
ئه‌م هاوار و نه‌عره‌ته و قریشکانانه بوو، باره‌گای دوژمنانی ده‌ئه‌هێنایه له‌رزه.
چەندینی وەك میمکه گوڵیزار و خاتو سه‌مه‌ن پورە فات و عایشەگوڵ و دادە خاور و….و…
ده‌ك ڕۆحم به قوربانتان بێت، ده‌ی به قوربانی ده‌ست و بازووی دوژمن قڕکه‌رتان بم،
بڕوانن ،بڕوانن ، بڕوانن …
وا مامه یاره تۆپی دابه‌ستوه و ئاماده‌کاره بۆ به‌رگری له شه‌ره‌فی ئێمه و شاره‌که‌تان،
وا ئه‌حمه‌د به‌گیش پێشه‌نگه و سۆپاسالارتانه….
ڕۆڵه‌کانمان گیانیان له‌سه‌ر ده‌ستیانه، شه‌ره‌فمان وا له ئه‌ستۆیانه…
بەڵێ دوژمنانی شارەکەم چاویان پێت هەڵنایە، هاکا له ده‌وروبه‌ری شار ته‌قه گه‌رم بوو…
وا دوژمنەکانت، بەڵێ وا ئەوانەی چاویان پێت هەڵنایە ، به‌ره‌و شار مل ده‌نێن…
ئێزدی پیرەمەگروون/ی دەروێشی مێرخاس ، ڕۆحی شێخ حەسەنی گڵەزەردە/ی فەلەکناس،
پیرمه‌سوور و شێخ جافر و شه‌خسه‌فه‌قیره و خالیدی موجەدیدی کوردی و شێخ مارف و کاکە ئەحمەد وکێ و کێ لە ئەسحابان و پیاوچاکان ، له مه‌زاری پیرۆزیانه‌وه به ویرد و سه‌ڵه‌واتیان ڕوو له دەرباری ئێزدانی مەزن دەکەن و دەپاڕێنەوە که پارێزه‌ری سه‌ری ڕۆڵه‌کانیان بێت و به هانایانه‌وه بێت و ئەم بە دڵ ئیماندار و نیشتمانپەروەرانە له‌ده‌ستی خۆفڕۆش و زاڵمان و دڵ پڕ لە قین و بوغز بیانپارێزێت….
کە بۆخۆت لە کتێبە پیرۆزەکانتا پلەی شەهادەتیان پێ دەبەخشیت.
به‌ڵێ خوێنی به‌ناحه‌ق ڕژاوی ڕۆڵه‌کانی شارەکەم ” سلێمانی ” به ده‌ستی داگیرکه‌ران و خۆفڕۆشان و جاش و کاسەلێس و پارەپەرستان و …..، گه‌ڕه‌که‌کانی مه‌ڵکه‌نی و پیرمه‌سوور و گۆیژە و کانی ئاسکان و بەرخانەقا، خەبات و ئازادی و توی مەلیك، چوارباخ و جوولەکان و گاوران و….و….. خه‌ڵتانی خوێن ده‌کرد، که‌چی دایکان به‌سه‌ری ڕووت و پێی په‌تی و سینه‌کوتان…..
ڕۆڵه‌کانیان هانده‌دا بۆ زیاتر به‌رگری و به‌ره‌و پێش چوون و شه‌ره‌فی نیشتمان و شار پاراستن……….
ئاخر تووبی خوا‌و ئێوە پێم بێژن لە چ شارێکدا، شەوانە دەرگای ماڵان دانەخرابێت.
بەڵێ ئەو شارە، شاری ” سلێمانی ” یە، هەموو باش لە یادمانە، شەو دەرگا دانەدەخرا نەوەك پێشمەرگەیەك بریندار یا دابڕابێت لە یاوەرانی و بواری گەیشتنی پێیان نەبووبێت و خۆێ پێدا بکات….. یا دایکان لە دەمی منداڵانی گرتبێتەوە و بیکاتە ناوساجی و کولێرەبەڕۆن و کولێرە ساوەر و ….و…. و شەوانە لە بەردەم دەرگادا، بیدا بەو دلێرانە تا لە ڕێگەی گەڕاندنەوەیاندا نۆشی کەن.
یا دایکان بەو پەڕی لە خۆبوردەییەوە کۆمەك بۆ پێشمەرگەی دڵێر ماڵ بە ماڵ خڕکەنەوە و پێیان بدەن. بەڵێ ئەوە ئەو شارەیە کە پێی دەڵێن ” سلێمانی “.
بەڵێ ئەوە ئەو شارەیە، شاری خەبات و تێکۆشان، شاری ڕەنگین بە خوێن و ڕاپەڕین.
بەڵێ ئەوە ئەو شارەیە کە هەرگیز فێری ئەستۆکەچی و بەزین و دابەزین نەکراوە.
هەرگیز چاوی قارەمانەکانی لەپای سێدارەی شەرف بە فرمێسکەوە نەبینراوە.
توخوا با ئەوە پێتان بێژم، ئاوا پاداشی دەدەنەوە!!
بۆیه ده‌ڵێم مه‌گه‌ر هه‌ر قه‌ڵه‌مه زێڕینه حه‌قگۆپەرستەکانت بتوانن مێژووه‌که‌ت بنووسنه‌وه، نه‌ك خۆفرۆش و هەر جارە جاشی ئەم یا ئەو و نمه‌ك به‌حه‌رام و پارەپەرسته‌کان.
کین لە دڵان و تاریکبیران و سپڵە و پێنەزان….که چاویان به تۆ هه‌ڵنایه‌ت و هەڵنایەت.
بەڵێ ، وه‌ك سه‌ری ئه‌ژدیهایەکی دووژمن تۆقێن سەیرت دەکەن.
بڕوا ناکەم ئەوەی لەسەر شارەکەم نووسیومە قەترەبە دەریایەکە و چیم نووسیوە جارێ.
دە یاڕەبی، ئەوەی لە سلێمانی پەنای درابێت و نمەکی ئەم شارەی کردبێت و لێی هەڵگەڕابێتەوە، وەك مارەکەی شێخ هۆمەر، ڕیسوای مێژووی کەیت.
زۆر لە زاڵمان و دەسڕۆیشتوان و خاوەن پلەوپایە و لەشکر و سوپا ، بە داخی تۆوە ” سلێمانی ” سەریان نایە وە و نە بایان ما نە تۆز و تەنیا لاپەڕە ڕەشەکانی مێژوو نەبێت.
یا ڕەبی، ئەوەی لە سلێمانی کوردایەتی فێربووبێت و بیکات بە مننەت بە سەریەوە، تێشووەکەی لێوەرگریتەوە و بیچەقێنیت بە سینگی‌دا و پیرەباڵی بسووتێنیت، ئەوەی بە لچی خوار ناوی تۆ دەبات، سووك و تڕۆی بکەیت و بیکەیتە قاتری خاشاك هەڵگری زەمانە و بەر ڕەشەباکەی شاری خەیت.
دە بڵێن ئااااااااااااامین.
ئاخۆ تۆ بڵێیت، چه‌رخی چه‌پگه‌رد و ڕۆژگار چ چاره‌نووسێکی بۆ شاره‌که‌م دیاری کردبێت؟؟
بێگومان…. بەوپەڕی هیواوە هەموو کوردان دەیڵێن و دەیڵێنەوە ….
هەر خۆر و ڕۆژی ڕووناك…. چونکە هەر خۆری ڕۆشن و ڕووناك سەرئەکەوێ نەك تاریکایی.