تیشکۆ زەند: کورد لە بەردەم هاژەیی دەریادا. بەشی سێیەم.
کورد لە کوێی پلانە نوێ یەکەدایە؟
کوردستان بۆ یەکەم جار دووای شەڕی چاڵدێران لە 1514 دا دابەش بوو لە نێوان سەفەویەکان و عوسمانیەکاندا، ئەم باسەی من مەبەستمە دووای دابەشبوونە گەورەکەیە لە دووای جەنگی جیهانی یەکەمەوە، ئێستا کوردستان وا خەریکە نزیک دەبێتەوە لە یادی سەد ساڵەی دابەشبوونیدا، بێگومان ئەم سەد ساڵەی هێندە بە ئاسانی بەڕێ نەکرد، چەندین شۆڕش و مل ملانی نەگریس و نسکۆی بە بەردا بڕا، گەلێ قوربانی بێشوماری بۆ شۆڕشەکانی کردە دیاری و بوونە دەست کەوت بۆ هەندێک مفتە خۆر و لە ڕاستیدا هیچ بەرهەمێکی بە پێزی نەبوو بۆ کورد بێجگە لە ماڵ وێرانی، ئاوارەبوون و سوتماک کردنی کوردستان.
کورد وەک نەتەوە لە باکور، ڕۆژهەڵات، باشور و ڕۆژئاڤا، چەندین شۆڕشی نەپساوی بە دووای یەکدا هێنا لە هەر پارچەیەکیدا و سەدەها داستانی نەبەردی و کەمەر شکێنی دا بە ڕووی دووژمن و دۆستەکانماندا، بێگوومان سەرکەوتنیش بێ قوربانی نابێت و بە هەزاران شەهید، ئەنفال، ڕەو، پرۆسەی پاکتاو سازی و ئەسنەستی بەسەردا هات، بێگوومان بۆ ئەم باسە دەبێت چەندین پەڕتوک و توێژینەوەی لەسەر باسبکرێت و بە تەواوەتیش پەنجە بخرێتە سەر هەموو ئازارەکان، بۆ ئەم باسە نابێت خاتر و خۆتری ئەرێنی و نەرێنی ڕەچاوبکرێت، دەبێت ڕاستیەکان بهێنرێنە بەر باس بە چاک و خراپ، بە هەموو کەم کوڕی یەکەوە لە بێژنگ بدرێت، چوونکە باشتر بۆ دۆزەکە شیکردنەوە و هەڵسەنگاندی بۆ دەکەین کە بتوانین چاکتر خۆمان ڕێکبخەینەوە.
بە هۆی ناڕێکی و ناتەبایی هەموو لایەنەکان، نێو ماڵی کوردی هەموو بەشەکانیان بە ڕێڕەوێکی نەرێنیدا برد کە برینەکانی هێندە گەورەن باس نەکردنیان زیاتر سوود بە دۆزی کورد دەگەیەنێت چوونکە بیرەوەری و یادی ئەو ڕۆژە ناخۆشانە ئازارەکان زیاتر بە سوێ دەکات، ئەگەر بەرژەوەندی تاکە کەسی و خۆ خۆری ئەم لایەن و ئەو لایەن نەبوایە یان کوردایەتی لەسەر حسابی پارچەیەکی تری کوردستان نەبوایە ئەم چلە خانێ یەو زوڕنا ژەنانە لە هەڵکشاندا نەدەبوون و ڕەنگبێت دۆزەکە پازەتیڤ تر بوایە، ئیمڕۆ بە هۆی دەمارگیری و تاک ڕەویەوە کوردایەتی لە هزری حزب بوندا پاوەند خوازکردووە و بووە بەبەشێک لە کولتوری سستەمی نیپۆتیزم و بیرۆکەی بەشێک لە بێزنسی مۆدێرن کە زۆربەی سەرکردەی ئەو حیزبانە تەنها ئەو کارە بە باشی لێ دەزانن، ئیتر چی دەگوزەرێت، بابێ و باران بێت بۆ ئەو گرنگ نیە چوونکە لە بەفر کەم دەبێتەوە و ئەو باو بۆرانەش چڵێک لە درەختی ماڵی ئەوی تیادا ناشکێت.
بۆیە بۆ ئەم کاتە ناسکە ئەرکێکی نیشتمانیە کە پەنجەی تۆمەت بۆ کەس ڕانەکێشرێت و ئەم شەڕە پەڕۆیەش کۆتایی پێ بهێنرێت (بە تایبەت شۆسیال میداکان، وەک فەیس بووک کە ووتەی نادروست و پەنجەی تۆمەت دەگرنە یەک، پێویستە ڕەخنەی تەندوست پێش کەش بەیەک بکەن بۆ چاکسازی).
ئێستا کەم تا زۆر لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا شۆڕشی چەکداری هەیە، بەد بەختیەکەی لەوەدایە کەسیان نامەی ئەویتر ناخوێنێتەوە و خۆیی و بیرو باوەڕە ژەنگاویەکەی لە پێشتر و بە باشتر لەو پێناسە دەکات، ئاخر چۆلەکە خۆت چی و گۆشتاوت چی، هەموو شۆڕشی پارچە بەشکراوەکانی کوردستان هەر هەموویان کەم تا زۆر دوور نەبوون لە بوخز و قین و تۆڵە سەندنەوە، گەیشتۆتە ئەوەی بە یەکدا ڕشاونەتەوە و چەنگی دەرونی و برا کوژیان بەرامبەر یەک ڕاگەیاندوە.
ئێستا کێشەکان کەم تا زۆر گۆڕدراون بەو هیوایەی وانەیەکی دسپلین و ئینتمای ووڵاتپارێزی بگرێتە خۆ کە کاسەی ئاشتەوای شادی بۆ هەموو ماڵەکان بگەڕێنێتەوە، چوونکە پرۆسەی دروستکردنی پلانی گۆڕانکاریەکان وا دەخوازێت و نەیار و دووژمنەکانی کورد ئەو ڕاستیە لە سەرانی کورد باشتر دەزانن، بۆیە بۆ ئەمە پێویستی بە یەک ڕیزی و تەبای نێو ماڵێ خۆمان هەیە و کورد نابێت لە پرۆسەی بڕیاردانی پلانە نوێیەکەدا هەر گوێگر یان ئامرازبێت، دەبێت بەشداربوویەکی چالاک بێت، بزانێت یاریەکان بە چ ڕێ ڕەوێکدا گوزەر دەکەن، کورد ئیتر نابێت نانی خۆی لە سەر سفرەی هاوسێ و نەیارەکانی بخوات، چوونکە دووای دەبیتە پۆڕی خواو و کەسیش حسابی تورێکی قوڕاویت بۆ ناکات، ئەگەر سەرانی کورد خوێندنەوەی تەواویان هەبێت بۆ هەر پێشهاتە و گۆڕانکاریەک دەبێت باش بزانن، کە کوردستان سەد ساڵە دابەش بووە بۆ مەرامی پلانی ڕۆژ ئاوایەکان و بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانیان، هەر کاتێک ئێران، تورکیا، ئێراق و سوریا گوێ ڕایەڵی فەرمانەکانی ئەوان نەبوون بە چاو سوورکردنەوەیەک کەی وویستیان کوردیان لێ هاندەدەن، ئێستا کاتی ئەوە هاتوە کە پرۆسەی پلانەکە پێچەوانە دەبێتەوە بۆ سەد ساڵی تر، بۆیە ئێمە دەبێت بەرژەوەندیە باڵاکان پێش بەرژەوەندی کاسایەتی ڕەچاو بکەین و ستراجیەتی ژینگە و مۆنۆپۆڵی ژێرخانی ئابووری خۆمان و ناوچەکە بپارێزین، بۆیە دەبێت ئەم پرسیارانە لە خۆمان بکەین،
تکایە برای کوردم ئێستا تۆ لە کوێی ئەم پلانە نوێ یەدایت؟