دکتۆر کەمال میراودەلی: گاتاکان، سروودە پیرۆزەکانی زەردەشت. بەشی یەکەم.
دەق و گۆڕینی وشەیی و بە شیعر و لێکدانەوەی
[1]
بە سەدان تەرجەمەو لێکۆڵینەوە بە زمانە جیاوازەکانی دنیا لە سەر زەردەشت، فەلسەفەی زەردەشتیی، ئاوێستا و بە تایبەتی گاتاکان هەیە و هەموو ساڵێش دەیان بەرهەمی تری دێتە سەر، بەڵام کوردی خاوەنی ئەم میراتە نەتەوەییە پیرۆز و دەوڵەمەندە و لە نرخنەهاتووە، تا ڕادەیەک لێی بێ ئاگایە، بە هی خۆی نازانێ و تەنانەت. زۆربەشی لە نەزانییەوە، یان خیانەتەوە، دژی دەوەستێ. کورد خۆی ىێ خاوەنە جا چ جا میراتەکەی، لە کەولی خۆی هەڵگەراوەتەوە و گەڕ بووە، رۆحی خۆی فرۆشتووە و کوێر و کەڕ بووە.
[2]
بیری گاتاکان:
گاتاکان کۆنترین، جوانترین، پیرۆزترین، پاکترین، عەقلانییترین، ئەخلاقییترین، گەردوونیترین ی تێکستی پارێزراوی مرۆڤایەتییە کە هەمیشە تازەیە و گەنجینەیەکی بیری بەرزی مرۆڤایەتی یە. هیچ لەو [ترین] انە زێدەرۆییان تێدا نییە. کەس نییە بە بێلایەنی و پاکدڵی تێیان گەیشتبێت و لێیان وردبووبێتەوە، شایەتی ئەمە نەدات. دەتوانم دەیان شایەتنامەی باسکارانی بیانیی بێنمەوە. بەڵام تاقە بەڵگەیەکی بەس بۆ سەلماندنی ئەمە دەقی گاتاکان خۆیەتی.
گاتاکان دامەزرێنەی هەموو بیرە ئەبستراکتەکانی فەلسەفەیە: راستی دامەزراندنی بیرە بە بیر. داهێنانی بیری ئاهورا / خۆدایە وەک عەقل و حیکمەێکی گەردوونیی کە مرۆڤ خۆی بەدوایدا دەگەرێ و پێویستییەکی ئەخلاقیی و بوونیاریی/ وجودیی پێی هەیە. ئاهورا عەقل و حیکمەتە، ئاشا و ئاسا و ڕاستیی گەردوونییە. بیری چاکە. هێزی جوانیی و خۆشەویستییە. وەڵامدەرەوەی هاواری ویژدان و دادی مرۆڤایەتیی و زینەوەرایەتیی یە.
لە یەکەم های هاواری گاتاوە [یاسنا 29/1] ئەو راستییە هاوار دەکات، خودا کە نەشبێت مرۆڤ ناچارە دروستی بکات وەک بەرزترین هیزی باڵا، وەک بیرێکی باڵای گەردوونیی مەزن کە لە سەرووی ژیانە کورت و پڕ کێشەو ئازارەکانی خۆی بوەەستێت، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێ هەر دەبێ خودای چاکە بێت، خودای خۆشەویستیی، خودای میهرەبانی و بەزەیی، خودای داد و دادپەورەیی و خودای مافدەری یەکسانی بەختەوەری مرۆڤ و زیندە هاوژینەکانی.
کەسێتییەکانی گاتاکان ئەبستراکتن بەڵام میتافیزیکی و ئاسمانیی و خەیاڵی نین. لە ناوجەرگەی راستییەکانی ژیانی مرۆڤ و مرۆڤایەتی و کۆمەڵگای گەردوونیی/ سروشتی هاوبەش مرۆڤ و زیندەوەرە زەمیننشینەکان، سەریان هەڵداوە.
بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکە کلیک بەکەرە سەر گاتاکان- بەشی یەکەم