نەبەز گۆران: ناشیرینكردنی دونیای شاشەكان.
حیزبی كوردی شارەزایە لە ناشیرینكردنی شوێنەكان و بكەرەكان، شارەزایە لە بێماناكردنی ماناكان و دونیاكان. مرۆڤ بۆئەوەی نەبێتە بەشێك لەو دونیا ناشیرینەی لەرێگەی كۆمەڵێك نەخوێندەواریی دور لە بەها بەرهەم دێت، پێویستە چوارچێوەیەك بۆ چێژەكانی، بۆ بینینەكانی، بۆ دونیاكەی دەوروبەری خۆی دابنێت.
ئەوەی لەدونیای شاشەكاندا بەتایبەت تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بەرهەم دێت، بەشێكی ئەركی ئەو ئایدۆلۆژیا وێرانكەرەیە مرۆڤ بێبەها دەكات. نمونەی پەیجە بێدایكوباوكەكان باشترین نمونەیە بۆ بینینی ئەو بیمارییەی لە بەشێك لە كارەكتەری كوردی و، لە بەشێك لە دونیای حیزبی كوردیدا هەیە. تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان شوێنێكن مرۆڤ بە بابەتەكاندا، بە سەیركردنی دیواری كەسەكان، یان پەیجەكاندا دەزانێ ئەوەی لەپشتییەوەیەتی چ جۆرە مەخلوقێكە و ئاست و دونیابینی چییە. حیزبی كوردی كاتێك دێتە ناو تۆِرەكۆمەڵایەتییەكانەوە، بۆئەوە نایەت دەسكاری پەروەردە بكات بەرەو باشی، بۆ ئەوە نایەت كلتوور بگۆڕێت و فەرهەنگێكی باڵا بخاتە شوێن فەرهەنگە كۆنەكە، بە پێچەوانەوە دێت لەرێگەی كۆمەڵێك بكەری نەخۆشی ناو كۆمەڵگاوە دەیەوێت هەرسێ پایە بنەرەتییەكە وێرانبكات. ئەو وێرانكردنە بەشێكە لە خەونی حیزبی كوردی.
پەیجە بێدایكوباوكەكان باشترین شوێنن بۆ ناساندنی ئەو نەخۆشییەی لە حیزبەوە دەرژێت بەسەر كۆمەڵگەدا. (هەڵبەتە مەبەست هەموو حیزبەكانە بەبێ جیاوازی، چونكە كۆی حیزبەكان لەرێگەی كەسە بیمارەكانیانەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان خەریكی دروستكردنی دونیایەكن، ئەو دونیایە تەنها مرۆڤی بیمار دەتوانێت تێیدا بژیت.)
بەرهەمی حیزب لەرێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بەرهەمێكی بۆ ناشیرینكردن، بەرهەمێكە بۆ سڕینەوەی ئەویترو بۆ گۆڕینی وێنەی هەموو كەسێك بۆ شێوەی ناشیرین، بۆ خراپكردنی دونیای هەمووكەس و نزمكردنەوەی ئاستی مرۆڤەكان تا ئاستی ئەوانەی لەپشت پەیجەكانەوەن. بەرهەمێكە ئەگەر رێگە بەخۆت بدەیت ببیتە بەشێك لەخوێنەری ئەو بەرهەمە، دوای زەمەنێك دەبیتە بەشێك لە نەخۆشییەكە. هەموو ئەوانەی لەپشت پەیجە بێدایكوباوكەكانی حیزبی كوردییەوەن، پێویستە گومان لە تەندروست بوونیان بكەیت. بەكارەكانیاندا دەزانیت ئەمانە خراپترین بكەرەكانی ناو كۆمەڵگەن، ئەما حیزب پێویستی بەمانەیە، چونكە دەیەوێت لەرێگەی ئەم بیمارانەوە ناشیرینی دابەشبكات، كەسی فەرهەنگی، كەسی ئەهلی كتێب و كلتوور، رێگە بەخۆی نادات ببێتە بازییەكی دەستی حیزب و بەم جۆرە ئاستە نزمە دەست بۆ شتەكان ببات. بێهیچ سڵەمینەوەیەك ئارەستەكەرانی پشت ئەو پەیجە بێدایكوباوكانەی حیزبی كوردی، نەخۆشن. نەخۆشییەكەیان لە ئاستێكدایە پێویستی بە قسەلەسەركردن و چارەسەرە، پێوستی بەوەیە دەست بخەیتە سەر برینەكەیان. پێویستی بەوەیە بە بابەتەكانیاندا بزانین ئەمانە چەند ئاستیان نزمە، چەند بێفەرهەنگن، چەند وێرانن و دەیانەوێت بەم ئاستە نزمەی خۆیانەوە گرێكانی خۆیان چارەبكەن. ترسان لەمانە و برواكردن بە ئاستە نزمەكەیان، ئەو پەری ناهوشیاری و لاوازی تێگەیشتنە.ناسینی خۆیان و ئاستە نزمەكەیان، ئەركی كەسی هوشیارە.
بەرهەمی حیزب لەرێگەی ئەم پەیجانەوە، ئەوپەڕی بێحورمەتییە بە بەها گەورەكان. هەركەسێكیش ببێتە خوێنەریان، بێگومان دەبێت گومان لە بەهاكانی خۆشی بكات. نووسین بەرلەوەی كردەیەكی هوشیارانەیە، كردەیەكی ئامانجدارە لەپێناو دونیایەكی تەندروست. نووسەربوون ئەركە، بەپرسیارییەتییە، خۆشاردنەوە نییە لەپشت ناوی جیاجیاوە. هەرنووسەرێك توانی خۆی لەپشت ناوی جیاجیاوە بشارێتەوە بۆ ئەوەی بێحورمەتی بە بەهاكان و بكەرەكانی تر بكات، نە وەك نووسەر دەبینرێت، نە وەك بكەرێكی تەندروستی ناو كۆمەڵگە. نووسینی بێخاوەن، تەنها لەوانەوە بەرهەم دێت نە ئەركی نووسین دەزانن، نە بەرپرسیارییەتیەكیش لەسەر شانی خۆیان دەبینن. نووسین خەریكی هێندە بێبەها بووە هەموو نەخۆشێك لەپشت پەیجێكی بێدایكوباوكە خۆی لێدەبێتە خاوەن نووسین! (ئەمانە ژنیگە پیس دەكەن.)
ئەم سەرنجە كورتانە لەسەر ئەو دونیا ناشیرینە، هەستكردنە بە بەرپرسیارییەتی بەرامبەر بە وشە و بەرامبەر بە نووسین. ئەشێت خوێنەرێكی تازە بكەوێتە ناو داوی ئەو دونیا ناشیرینەوە و بروا بەو پیسییە بكات حیزب لەرێگەی بكەرە بیمارەكانییەوە بڵاوی دەكاتەوە. بەڵام كێشەیە ئەهلی كتێب و وشەبیت، كێشەیە بروات بە گۆڕینی كلتووربێت، كێشەیە بتەوێت دونیایەكی نوێ بسازێنی و، رێگە بەخۆت بدەیت لەو دونیا ناشیرینەدا خۆت ببینیتەوە!
تێبینی: خوێنەری بەرێز بەشێكی زۆری ئەو كارەكتەرە نەخۆشانەی لەپشت ئەو پەیجە بێدایكوباوكانەوەن، هەرچی بیماری لەخۆیاندا هەیە دەیدەن بەسەر ئەم و ئەودا. بەڵام سەیركردنیان وەك نەخۆشی ناو كۆمەڵگە بێبنەما نییە، بەڵكو ئەو تیۆرییە نوێیانەی قسە لەسەر سایكۆلۆژیای مرۆڤی ناو شاشەكان دەكەن، ئەمەمان پێدەڵێن.