دوکتۆر حوسێن موحه‌ممه‌د عه‌زیز: کێشه‌ی نه‌وت و به‌رژه‌وه‌ندیی گڵاوی زلهێزه‌کان!
گومانی تیدا نییه، سامانی ژێر زه‌ویی و سه‌ر زه‌وی، به تایبه‌تی نه‌وت و گازی سرووشتیی، بۆ نه‌ته‌وه ده‌سه‌ڵاتدار و خاوه‌ن ده‌وڵه‌ته‌کان، بۆ داگیرکه‌ران و ده‌وڵه‌ته زلهێزه‌کانی جیهان، بایه‌خێکی زۆر گه‌وره‌ی هه‌یه و له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه، وڵاته‌کانیانی پێ پێشده‌خه‌ن و ده‌یگه‌شێننه‌وه.
به‌ڵام بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌کی خاک داگیرکراو و دابه‌شکراوی وه‌ک کورد، که به هه‌موو شێوه‌یه ده‌چه‌وسێنرێته‌وه و خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی ناسیۆنالی خۆی نییه، هه‌میشه مایه‌ی ماڵوێرانیی و چه‌وساندنه‌وه بووه، ته‌مه‌نی داگیرکردنی (کوردستان) و ژێرده‌سی نه‌ته‌وه‌ی کوردی درێژترکردووهتهوه. چونکه داگیرکه‌رانی نیشتمانه‌که‌مان، هه‌میشه هه‌وڵیانداوه، سه‌رچاوه سرووشتییه‌کانی سه‌رزه‌ویی و ژێرزه‌وی تاڵانکهن، به تایبه‌تی بیره نه‌وته‌کانی وڵاته‌که‌مان چۆڕبڕکهن، نه‌با ڕۆژێ بێ، کورد ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆی دامه‌زرێنێ، له ئه‌و ده‌وڵه‌تانه جیابێته‌وه و نه‌وته‌که‌یان لهکیسچێ!
بۆیه ئه‌و سه‌رچاوانه به گشتیی و نه‌وت به تایبه‌تی، هه‌میشه مایه‌ی چه‌وساندنه‌وه و نه‌هامه‌تی نه‌ته‌وه‌ی کورد بوون، داگیرکه‌رانیش به هه‌موو توانایانه‌وه ویستوویانه، نه‌ته‌وه‌ی کورد له بۆته‌ی نه‌ته‌وه‌کانی (توورک، عه‌ره‌ب و فارس)دا بتوێننه‌وه!
له‌به‌رئه‌وه شتێکی زۆر سه‌یر نییه، هه‌ر کاتێ ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری (عێراق)، تووشی گرفتی کێشه‌ی کورد بووبێ، یا بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی، له گۆڕه‌پانی نێوده‌وڵه‌تیدا، دۆستی په‌یداکردبێ، پێوه‌ندییه نه‌ته‌وه‌یی، ڕامیاریی و دیپلۆماسییه‌کانی، له‌گه‌ڵ دۆسته‌کانیدا باشتربووبێ و داکۆکی‌یان له کورد کردبێ، ئه‌وا سه‌رانی داگیرکه‌ر، هه‌ر زوو هه‌وڵیانداوه، هه‌موو ئه‌و په‌نجه‌ره‌ی هیوایانه، به ڕووی بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تیدا داخه‌ن، هه‌موو ده‌وڵه‌ته خاوه‌ن پێوه‌ندیداره‌کانیان، به به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌وت دهمکوتکردووه، ئه‌وانیش پشتیان له کورد کردووه و به گوورگانخوادوویان داوه!
که‌واته ڕووداوه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی، ڕۆژی (16. 10. 2017)ی باشووری (کوردستان)، پێوه‌ندییه‌کی توندوتۆلی، به به‌رژوه‌ندیی نه‌وت و ده‌مکوتکردنی زلهیزه‌کانه‌وه هه‌یه، له ئه‌م بۆچوونانه‌ش به‌ده‌ر نییه، هیوا و خه‌ونه‌کانی ڕۆڵه‌کانی گه‌ل و هه‌رێمی باشووری (کوردستان)یش، بوو به قوربانی به‌رژه‌وه‌ندیی گڵاوی زلهێزه‌کان و به‌رنامه‌ی هه‌ڵه‌ی سه‌رکردایه‌تی پارته‌کان، چونکه هه‌رچی ناکۆکییه‌ک، له نیوان داگیرکه‌رانی (کوردستان) و زلهێزه‌کانی نێوده‌وڵه‌تیدا هه‌یه، به قوربانی به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌ته‌کانی خۆیانی ده‌که‌ن، به پێوه‌ندیی ئابووریی و بازرگانیی کۆتاییپێدێ!