بورهان شێخ ڕەئوف: داعش کۆتایى دێت؟
ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووى هەموو تاقم و گروهە تووندئاژوو تیرۆریستەکان بدەینەوە لە عێراقدا لە دواى ساڵى 2003 و ڕوخانى ڕژێمى عێراق لە لایەن ئەمریکاو هەر لە قاعدەو و نەقشبەندى و دواتر دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام ( داعش ) هەر هەموو ئەمانە لە چەند ناوچەیەکى دیاریکراودا سەریان هەڵداو گەشەیانکرد ئەوانیش ناوچە سوونە نشینەکانى خورئاواى عێراق و موسڵ و تکریت و پشتێنەى بەغداد و بەشێک لە پارێزگاى دیالە بووکە پێیان دەووتن ناوچە گەرمەکان.
بۆ لەو ناوچانەدا سەریان هەڵدا؟
ئەو ناوچانە کە زۆرینەى عەرەبى سوونە بوون لەوەتى دەوڵەتى عێراق دامەزراوە لە سەرەتاى بیستەکانى سەدەى ڕابردووەوە ئەوان فەرمانڕەواى عێراق بوون بەشێکى گرنگ و کاراو بەڵکو بڕبڕەى پشتى ڕژێم و هێزەکانى ئاسایش و گاردى کۆمارى و هێزەتایبەتەکانى تر بوون و ئێستا خۆیان بە پەراوێزخراو دەبینن و خوازیارن سەروەرییەکانى سەدەى ڕابردووى حوکمڕانى یان بە دەست بهێننەوە و لەو پێناوەدا هەموو ڕێگایەک دەگرنەبەر بە تیرۆریشەوە.
ڕاستە ئێستا لە دواى ڕزگارکردنى هەموو شارو شارۆچکەکانى عێراق و شام لە دەستى داعش کە دواترینیان شارى ئەلبوکەمال بوو لە سوریا ئیتر داعش خاک و خەڵکى بە ئاشکرا لە بندەست نەما بیرى نەوت و هەموو سەرچاوە داراییەکانى تر کە داعشیان کردبوو بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین هێزە تیرۆریستیەکانى جیهان کۆتاییان هات و ئیتر داعش وەکو جاران خرانەوە ناو کون و قوژبنە تاریکەکان و دەگەڕێنەوە بۆ کارو کردەوەى نهێنى و ژێر زەمینى و بێگومان داعش هەموو گرووهە توند ئاژووە کانى دى تواناى خۆ گونجان و هەڵکردنیان لە گەڵ ئەو بارودۆخەدا تا ڕادەى زۆر هەیە.
داعش بۆ سەرى هەڵدا؟
ئەگەر وەکو پێشتر ئاماژەم پێدا کە ڕێکخراوى تیرۆریستى ئەلقاعیدە ساڵى 2005 لە ناوچە گەرمەکان سەرى هەڵدا لە ئەکامى بەشدارى نەکردنى پێکهاتەى سوونە لە حوکمڕانى نوێى عێراق ئەویش بە فتواى هەندێک لە مەرجەعە ئاینیەکانى سوونە چەندین گروهو تاقمى چەکدار بەناوى بەرەنگارى داگیرکەر و جیهاد سەریان هەڵدا کە دیارترینیان ئەلقاعیدە بوو، کە بینیمان ئەو کات ئەمریکیەکان لە عێراق بوون هێزەکانى سەحوەیان دامەزراند لە خێڵەکان و پڕچەکیان کردن و کۆنترۆڵى ناوچەکانیان کردەوەو جۆرێک لە ئارامى و سەقامگیریان گێڕایەوە بۆ ئەو ناوچانە بەڵام دواتر بینیمان نورى مالیکى سەرۆک وەزیرانى پێشووى عێراق لە دواى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە 2011 کەوتە وێزەى ئەو خێڵە عەرەبە سوونانە و مووچەى لێبڕین و پەراوێزى خستن ووەڵامى خۆپیشاندان داواکارییەکانە نەدانەوە، لە ئاکامدا ڕێکخراوێکى لە ئەلقاعیدە توند ئاژووتر تاریک پەرستتر و دڕندەترو ڕەقتر سەرى هەڵدا کە ئەویش دەوڵەتى ئیسلامى داعش دابوو.
لە ئێستاشدا کە شەڕى داعش تەواو بووە بە فیزیکى و زیانى نزیکە 500 ملیار دۆلاریان بە عێراق گەیاند و حکومەتى عێراق ئێستا هێزى حەشدى شەعبى دروستکردووە کە باکگراوندێکى ئاینزایى هەیە و بە پەرچەمى مەزهەبییەوە بە ناوچە سوونی نیشینەکانى عێراقدا تەراتێن دەکەن و خۆیان بە براوەى شەڕو سەرکەوتوو دەزانن و پەندیان لە هەموو ئەزموونە تاڵەکانى مێژووى سەد ساڵەى خوێناوى دەوڵەتى عێراق نوێ وەرنەگرتووە.
لە ئاوا بارو دۆخێکدا کە کوردیش بە هۆى ڕیفراندۆمەوە کە هاوبەشێکى گرنگ و کاراى شەڕى تیرۆر و داعش بوو بووە یەکەم قوربانى دواى تەواو بوونى شەڕەکەو بۆ یەکەم جار لە عێراقى نوێ دا خوێنى کۆمەڵێک پێشمەرگە بە دەستى هێزەکانى سوپاى عێراق و حەشدى شەعبى ڕژا و لێکترازانێکى مەترسیدار لە نێوان کوردو شیعەدا ڕوویدا کە پێشتر هاوپەیمان و هاوسەنگەر بوون.
بۆیە هەموو ئاماژەکان پێمان دەڵێن کێشەو ئاریشەکانى عێراق لە دواى داعش کۆتاییان نایەت ئەگەر بە هەمان هزرو کردەوەکانى ئێستاى حکومەتى عێراق هەڵسووکەوت بکرێت و بیر لە چارەسەرى هەموو فاکتەرو هۆکارانە نەکەنەوە کە زەمینەیانساز کرد بۆ سەرهەڵدانى ئەو گروپ و تاقمە تووند ئاژۆو خوێنڕێژانە و هەروها ڕیفۆرمى بنەڕەتى لە حوکمڕانى و دابینکردنى خزمەتگوزاریە سەرەتایى و پێویستەکان کۆمەڵانى خەڵک و دادپەروەرى کۆمەڵایەتى بە گژاچوونەوەى گەندەڵى کە ئێستا عەبادى سەرۆک وەزیرانى عێراق دروشمى ئەوەى بەروز کردۆتەوە دواى جەنگى تیرۆر کە هەنگاوێکى باشەو ئەگەر بە جدى و ڕاستەقینەبێت نەوەکو بۆ بانگەشەى پێشووەختەى هەڵبژاردن.