کارا فاتیح: بزووتنەوەی گۆڕان.
گۆڕان كردار نییە، لە دۆخی (كار)دا نییە بۆ دروستكردنی ڕووداو، بەڵكوو دۆخی (چاوگ)ـە. چاوگ چییە؟ چاوگ سروشتێكی وەستاوی هەیە: نووستن، خواردن، گۆڕان، مردن، ڕۆشتن، دانیشتن. لەم دۆخەدا هیچ ڕوو نادات و هەموو شتێك لە جووڵە خراوە، چاوگ ناوێكە لە هەموو ڕێژەكانی تری (كار) دەنرێت، ناكەوێتە ناوكاتەوە، پێوەندیی بە هیچ یەك لە كەسەكانەوە نییە و بە بێ (بكەر) خۆی نماییش دەكات، نماییشێك بەبێ دروستكردنی ڕووداو. دۆخی كردارەكانی (گۆڕان) بریتیین لە: گۆڕیم، گۆڕاوە، دەیگۆڕێت، گۆڕرا و… هتد، واتە گۆڕان ناوێكە بۆ ئەم دۆخانە، بەڵام خۆی وەستاوە و فۆڕمێكی بێ جووڵەی هەیە.
لە ڕێزماندا هاتوە كە هەموو ڕێژەكانی كار لە چاوگەوە دروست دەكرێن، بە یاسای جۆراوجۆر كاری ڕانەبردوو و ڕێژەكانی كاری ڕابردوو لە چاوگەوە دەردەهێنرێن، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع هاوكێشەكە تا ڕادەیەك پێچەوانەیە، ئەوە چاوگی (گۆڕان) نییە ڕێژەكانی كار دروست دەكات، بەڵكوو ڕێژەكانی كار بەرەو ئەوە دەڕۆن ببنەوە چاوگی گۆڕان، یاخود لە ناو چاوگی گۆڕاندا بتوێنەوە و لە دەفری ئەو پێكهاتەیەدا لە جووڵە بخرێن، كارەكان خۆیان هەن و ڕوو دەدەن، بەڵام دەچنەوە سەر سەرچاوەیەكی ساختە و لەوێدا كوێر دەبنەوە.
ئەگەرچی ئەم پێكهاتەیە هەر لە سەرەتاوە ناوی (بزووتنەوە) لە خۆی دەنێت، بەڵام ئەم ناوە ڕێك بەم ئاراستەیەیە و ئەم ئامانجەی (گۆڕان) ئەكتیڤ دەكات، نەوەكوو پرۆسەكە بخاتەوە سەر ڕیتمی خۆی، بزووتنەوە هێزی زیاتر بە گۆڕان دەدات بۆ لە جووڵەخستنی ڕووداوەكانی ناو كۆمەڵگا، بۆیە بێ هۆ نییە هەر دەنگێكی ناڕازی، هەر جووڵەیەكی بەرەنگاری دژ بە دەسەڵاتی ملهوڕی یەكێتی و پارتی، هەر زوو تۆمەتی (گۆڕانبوون)ی دەخرێتە پاڵ و هەر زوو بە ئەنقەست و بەوریایییەوە دەسەڵاتداران مۆری ئەوەی لێ دەدەن كە گۆڕان لە پشت ئەو دەنگ و جووڵانەوانەیە. هەندێ جاریش دەگاتە ئەوەی خێرا بارەگا و نووسینگەكانی ئەو بزوتنەوەیە لە هەندێ شوێن دەپێچرێنەوە یان دەسووتێنرێن و لایەنگرانی بەر شاڵاوی گرتن و تەنانەت ئەشكەنجەیش دەكەون. بەڵام وەك گوتمان دەسەڵاتداران چاك لەم بزووتنەوەیە تێ گەییشتوون، دەزانن هەر دەنگ و وەستانەوەیەكی كۆمەڵگا لە دژیان لە ناو عەقڵی دۆگما و كۆنەپەرستی جفات و خانەی ڕاپەڕاندنی ئەو بزووتنەوەیەدا خێرا خۆی دەمرێت و دەبێتە كەرەستەیەكی باش بۆ گفتوگۆ و ڕێكەوتن و باشیش دەزانن زۆرینەی ئەو دەنگە ناڕازییانە پێوەندییان بە بزووتنەوەی گۆڕانەوە نییە.
سودفەیەكی سەیرە، قەدی چاوگ واتە ئەو بەشە بەهێز و دیارەی وشە، كە بە تەنها دەتوانێت خۆی ڕابگرێت و كار دروست بكات و هەموو بەشەكانی وشە هەڵبگرێت، بۆ چاوگی (گۆڕان) بریتییە لە (گۆڕا)… ئەوانەی لاشەی ئەو بزووتنەوەیەیان هەڵگرت و بوونە سیمای دیاری، هەر ئەوانە بوون كە بە گردەكەوە نووسان و لە ڕاگەیاندنەوە خۆیان بردە پێشەوە و هەڵپەی پۆست و پارە و ناوبانگیان بوو، واتە هەر ئەوانەی ناو (گۆڕان) بوون كە (گۆڕا…ن- قەد+جێناوی بكەر) بەڵام ڕەگی چاوگی گۆڕان، ڕەگ واتە ئەو بەشە بنچینەیییەی كە لە پێكهاتەی هەموو فۆڕمەكانی وشەدا هەیە، بەڵام بە تەنها نابینرێت و سەربەخۆ خۆی دەرناخات، بریتییە لە (گۆڕ)… ڕەگ بەزۆریی چالاكی و هێزی لە دروستكردنی كرداری ڕانەبردوودایە، واتە لە دروستكردنی داهاتوودا ڕۆڵی هەیە، بەڵام ئەم ڕەگەی گۆڕان، كە لە سەر ئەرزی واقیع خەڵك بوو، لە ڕێزماندا (گۆڕ)ـە، جەماوەری گۆڕان ئێستا لە گۆڕدان، یان مردوون و لە گۆڕ نراون.
دەتوانین ئەم لەم هێڵكارییەدا زیاتر ڕوون بكەینەوە:
قەدی گۆڕان = گۆڕا = كۆمەڵێكی پۆسپەرستی لوتبەرزی سەر شاشە و ڕاگەیاندنەكان گۆڕان، كە جگە لە كەللـەیەكی پووت، ڕۆحی فاشستی وای لێ كردن، هەموو مەعریفە و بیركردنەوەیەكی ڕەخنەیی لایان ببێتە جنێو و تەخوین.
ڕەگی گۆڕان= گۆڕ= جەماوەرێكی بێ هیوا، كە خەون و ئومێدی دایە دەست كۆمەڵێكی بازرگان كە ساتوسەودا بە نان و خوێن و ئاییندەیەوە بكات.