ئیسماعیل حەمەئەمین: هه‌ڤاڵ كوێستانی و ئاوتۆبیۆگرافیایهكی شه‌رمن.
چه‌ند سه‌رنجێكی خێرا له‌مه‌ڕ كتێبی (ئه‌و ڕۆژانه‌ی نیشتیمان هی هه‌مووان بوو)
ئه‌م كتێبه‌ی ئازیزمان (هه‌ڤاڵ كوێستانی) یه‌كێكه له (ئاوتۆبایۆگرافیا) سیاسیه‌كان كه له‌ماوه‌ی سێ ڕۆژدا خوێندمه‌وه، له‌ڕاستیدا پێشتر هه‌ندێك ئه‌كته‌ری سیاسی ستایشیان كردبوو. منیش به‌ئه‌زموونی بچوكی خۆم ئه‌وه‌نده ده‌زانم هه‌ر شتێك كاراكته‌ری نمیچه سیاسی كوردی ستایشی بكات، گرفتێكی تێدایه، چونكه چه‌شه و خوێندنه‌وه‌یان وه‌ك نیمچه سیاسیهتهكهیان وه‌هایه، هه‌ر بۆیه (به‌ئه‌زموونی بچوكی خۆم) لای من سه‌رنجه‌كانیان جێگه‌ی ئاوڕدانه‌وه نه‌ماوه، هه‌ر بۆیه هه‌وڵی ئه‌وه‌م نه‌دا ئه‌م كتێبه به‌ده‌ست بهێنم. به‌ڵام كه برای ئازیزم (ئازاد به‌رزنجی) لهنوسنینێكدا ستایشی ئه‌م كتێبه‌ی كرد، كتێبه‌كه‌م له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌ی دێرین و دۆستی دێرینم كاكه (شه‌هاب كه‌ریم) به‌ده‌ست گه‌یشت و هه‌ر له‌فڕۆكه‌ی نێوان نورنبێرگ و له‌نده‌ندا په‌نجا لاپه‌ڕه‌م لێ خوێنده‌وه. به‌هه‌قه‌ت كتێبێكی ناوازه و شێوازێكی ئه‌ده‌بی جوانه كه مرۆڤ له‌به‌رده‌میدا هه‌ڵوێسته ده‌كات. سه‌ره‌تا ده‌ستخۆشی له هه‌ڤاڵ كوێستانی ده‌كه‌م و ئه‌م سهرنجانهشم هه‌ر ده‌ستخۆشیه، به‌وه‌ی پێویسته هه‌ندێك تیشك بخه‌ینه سه‌ر كتێبه‌كه‌ی و ده‌وڵه‌مه‌ندی بكه‌ین به گفتوگۆ و دیالۆگ، نه‌ك ته‌نها به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕین.
له‌ڕاستیدا ئاوتۆبیۆگرافی به‌هه‌ڵه له‌ناو نێوه‌ندی كوردیدا به (یاده‌وه‌ری یان بیره‌وه‌ری) پێناسه ده‌كرێت، ده‌شێت له‌داهاتوودا ڕێكه‌وین له‌سه‌ر چه‌مكێكی وه‌ها، چونكه (یاده‌وه‌ری و بیره‌وه‌ری) ژانری نوسین نین به‌ڵكو سیفه‌ت و ناولێنانی حاڵه‌تن، به‌هه‌ر حاڵ، من پێم باشه هه‌ر وشه لاتینیه‌كه به‌كاربهێنن كه له‌ئینگلیزیدا ئاوتۆبایۆگرافی Autobiography له‌ئه‌ڵمانیدا ئهوتۆبیۆگرافی die Autobiografie ناوده‌برێ، به‌گشتی وه‌ك ژانرێكی ستاندارد ئاوتۆبایۆگرافی یان ئاوتۆبیۆگرافی له‌سه‌ر زمانی هه‌موو كه‌سێكه له‌جیهاندا.
ده‌شبێت ئه‌وه بڵێم هه‌میشه ئاوتۆبیۆگرافیم پێ باشتر بووه وه‌ك ژانرێك وه‌ك له بیۆگرافی، چونكه له ئاوتۆبیۆگرافیدا ده‌نگی كه‌سه‌كه خۆیه‌تی و به‌زمانی خۆیشی قسان ده‌كات، به‌مه‌رجێك لهبیۆگرافیدا ده‌نگی نوسه‌ری كتێبه‌كه‌یه كه‌زانیاری كۆكردۆته‌وه له‌باره‌ی ژیانی یه‌كێكی تره‌وه. بۆ نمونه قانعی فه‌رد له‌باره‌ی مام جه‌لاله‌وه بیۆگرافی نوسیووه، به‌ڵام مام جه‌لال ئاوتۆبایۆگرافی خۆی تۆماركردووه به‌ده‌نگی خۆی له‌كتێبی دیداری ته‌مه‌ندا. گرنگی ئاوتۆبیۆگرافی بۆ من له‌وه‌دایه، كه ژانرێكی گرنگه و سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگه بۆ ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌مان، كه ڕۆمان و چیرۆكه، هه‌ر بۆیه ئاوتۆبیۆگرافی نه‌ماوه له‌م ساڵانه‌ی دوایدا، ئه‌ندامانی ڕێكخستنه‌كانی پارته سیاسیه‌كان یان پێشمه‌رگه عه‌سكه‌رییه‌كان یان كادرانی ناوشاخ شار بڵاویانكردبێتهوه، من نهمخوێندبێتنهوه. هه‌موویان لای من به‌شێكن له ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌یه‌ك و گرنگی خۆیان هه‌یه.
ئه‌وه‌ی زیاتر لای من سه‌رنجڕاكێشه ئه‌و ڕووداوه بچوكانهن لای پێشمه‌رگه عه‌سكه‌رییه‌كان به‌زمانێكی ساده ده‌یگێڕنه‌وه، به‌ڵام پڕێتی له چیرۆكی گه‌وره‌ی مرۆڤ له‌گه‌ڵ ژیاندا. بۆ نمونه كتێبه‌كه‌ی به‌رێز (ئاوات قاره‌مانی) له‌ژێر ناوی (ڕێگه باریكه‌كان) یاخود بیره‌وه‌ریه‌كانی به‌ڕێز (حه‌مه‌ی حاجی مه‌حمود) كه‌یه‌كێكه لهئاوتۆبیۆگرافیه جوانه‌كان. بیره‌وه‌ریه‌كانی (به‌هادین نوری) كه‌به‌زمانێكی عه‌ره‌بی پاراو و ڕۆماننوسانه نوسیوویه‌تی، به‌ناوی (مژكرات) له‌ساڵی 1995 دا بڵاویكردۆته‌وه، كه یه‌كێكه له كتێبه هه‌ره گرنگ و جوانه‌كان… ئه‌وه‌ی جێگه‌ی داخه زۆر فیلمدروستكهر و ده‌رهێنه‌ر و ئه‌كته‌ری كورد داد و بێ دادیانه له‌مه‌ڕ نه‌بوونی سیناریۆ و ده‌ڵێن گوایه بابه‌تی سیناریۆمان نییه، كه‌چی هه‌ر كتێبه‌كه‌ی (به‌هادین نوری) بابه‌تی چه‌نده‌ها سیناریۆی سه‌ركه‌توو تێدا ده‌بێت، یاخود بیرهوهییهكانی (ئاوات قاره‌مانی) له‌زۆر شوێندا دیمه‌نی وه‌ها وه‌سفده‌كات مرۆڤ له‌شوێنی خۆی سڕ ده‌بێت… به‌گشتی كۆی ئه‌م ئاوتۆبیۆگرافیانه به‌ده‌ر له گرنگیه مێژووییه‌كه‌یان، گرنگیه‌كی گه‌وره‌ی لیتراتیان (وێژه‌ییان) هه‌یه بۆ لیتراتوری كوردی.
له خوێنده‌وه‌ی ئاوتۆبیۆگرافیدا دوو خوێنه‌ر هه‌یه؛ یه‌كێكیان به‌سه‌ر ڕووداوه‌كاندا تێپه‌ڕ ده‌بێت و دووهه‌میان قه‌ڵه‌مێكی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌و دێڕ و په‌ره‌گراف و كه‌وانه له‌كتێبه‌كه دیاریده‌كات. ئێمه له‌خوێنه‌ری دووهه‌مه‌وه ده‌ستپێده‌كه‌ین و ئه‌و شوێنانه دیاریده‌كه‌ین كه هه‌ستده‌كه‌ین هاڕمۆنیه‌تی خۆی له‌ده‌ستداوه، بۆ نمونه له‌كتێبه‌كه‌ی (ئاوات قاره‌مانی ) له‌كاتی باسكردنی شه‌هیدبوونی (شاسوار جه‌لال – ئارام ) هه‌ستده‌كه‌یت باسه‌كه ده‌بێته چیرۆكێكی ته‌مومژاوی و هاڕمۆنیه‌تی خۆی له‌ده‌ستده‌دات. ئا لێره‌دا له‌و چركه‌ساتانه‌ی كه نوسه‌ری ئاوتۆبیۆگرافیهكه نایه‌وێت شتێك بڵێت و بازی به‌سه‌ردا هه‌ڵده‌دات و به‌نیمچه گێڕانه‌وه ده‌یه‌وێت ویژدانی ئاسووده بكات، ئه‌وا ئه‌و چه‌ند په‌ره‌گرافه یان لاپه‌ڕه‌یه له‌گه‌ڵ كۆی كتێبه‌كه‌دا ناهاڕمۆنیهتهكی پێوه دیار ده‌بێت.
به‌داخه‌وه من ئه‌م (نا – هاڕمۆنیهتهم) له‌زۆر شوێنی كتێبه‌كه‌ی هه‌ڤاڵ كوێستانیدا بینی، به‌مانای له‌زۆربه‌ی شوێنی‌دا، كتێبه‌كه له‌ناو په‌خشانه شیعردا ئه‌م نه‌شازه‌ی خۆی داده‌پۆشێت، دیاره ئه‌مه‌شه كه برای ئه‌زیزم (ئازاد به‌رزنجی) پێ جوان بووه. به‌ڵام به‌گشتی ئه‌م په‌خشانه كلاسیكیه سه‌ری له‌ژانری ئه‌م كتێبه تێكداوه، به‌وه‌ی نازانیت له‌كوێدا كتێبێكی په‌خشانه و له‌كوێدا گێڕانه‌وه‌ی ڕاستیه‌كانه، به مانای له‌كوێدا بایۆگرافیسته و له‌كێشدا میدیاكارێكی شاعیره. یاخود له‌كوێدا ده‌یه‌وێت ڕاستیه‌كان بڵێت بۆ مێژوو و له‌كوێشدا به‌مه‌به‌سته‌وه ڕاستیه‌كان به‌شێوازه په‌خشانی (شێوازی حه‌فتاكان) داپۆشێت و بازی به‌سه‌ردا هه‌ڵده‌دات.
پێویسته ئاماژه به‌وه‌ش بكه‌ین، كه شاعیر و هونه‌رمه‌ند بۆئه‌وه ئاوتۆبیۆگرافیا نانوسێت وه‌ك سیاسیه‌ك قسه‌بكات. خۆ ئه‌گه‌ر هاتوو باسی ڕووداوی سیاسیش بكات، ئه‌وا هونه‌رمه‌ند كه باس لهمێژوویهك ده‌كات خۆی تێدا ژیاوه، ئه‌وا وه‌ك سیاسیه‌ك نانوسێت، به‌وه‌ی، ئه‌وه‌ی بیه‌وێت بیڵێت بینوسێت و ئه‌وه‌ی نه‌یه‌وێت دایپۆشێت. وه‌ك چۆن زۆربه‌ی سه‌كرده‌كانی كورد كتێبه‌كانیان جۆرێكه له (نوسینه‌وه‌ی درۆی سیاسی) و ناتوانین له‌زۆر شوێندا وه‌ك كتێبێكی ئاوتۆبایۆگرافی ته‌واو ته‌ماشایان بكه‌ین، جگه له‌وه‌ی كتێبی سیاسین به‌مه‌به‌ستی سیاسی ده‌نوسرێن. سیاسه‌تیش له‌م ڕۆژهه‌ڵات و كۆی دونیایه دیسپۆتهدا جگه له‌په‌تی درۆ نه‌بێت هیچی تر نه‌بووه.
له‌م كتێبه‌ی هه‌ڤاڵ كوێستانیدا هیچ ڕایه‌كی ڕاسته‌وخۆ و ڕوون و ترانسپهرێنت ده‌رباره‌ی كاراكته‌ره‌كان ده‌رنابڕدرێت، له‌زۆر شوێندا وه‌هام هه‌ستده‌كرد قسه‌ی دبلۆماسیهكه كه به بزه‌وه جارجاره ڕایه‌ك به خواری ده‌ڵێت و ناڵێت. ئه‌وه‌ی هه‌یه له‌كتێبه‌كه‌دا ته‌نها لاقرتێیهكی سیاسی و ئه‌ده‌بیه و تێپه‌ڕبوونی خێرا و بروسكهییه. له‌زۆر به‌ش و په‌ره‌گرافی كتێبه‌كه‌دا دیاره كه ئازیزمان هه‌ڤاڵ كوێستانی ( خۆی گرتووه) و هه‌ناسه‌ی خۆی خهفاندووه و چه‌پاندووه، ده‌نا ئه‌وه‌نده‌ی زیاتر پێیه كه‌باسی لێوه كردووه. به‌ڵام هه‌ڤاڵ كوێستانی لێره‌دا (به‌داخه‌وه ) به‌ڕێچكه‌ی سیاسیه ته‌قلیدیه‌كاندا تێده‌په‌ڕێت و سیاسه‌ت ده‌كات، به‌مه‌ش بیر له‌و ژانره ناكه‌ته‌وه كهخهریكێتی، كه‌ئه‌ویش ئاوتۆبایۆگرافیه.
خه‌سڵه‌تی ئه‌م ژانره‌دا له‌وه‌دایه؛ یان نابێت بنوسرێت، یان كه باسی ڕووداوێكت كرد ده‌بێت ئاوه‌ها باسی بكه‌یت كه ده‌یزانیت و له‌گه‌ڵیدا ژیاوویت و بیستووته، نه‌ك ته‌نها به‌ڕسته‌ی كورت و ته‌مومژاوی ته‌نها چمكێكی بڵێیت! ئه‌م شه‌رمنیه وه‌ها ده‌كات كتێبه‌كه هه‌ڵبگه‌ڕێته‌وه بۆ كتێبی سیاسیه‌ك كه‌ته‌نها ئه‌وه‌نده ده‌ڵێت كهبارودۆخهكه پێویستێتی، ئه‌م شه‌رمنیه هه‌موو كه‌س بیكات، ئێمه‌ی نوسه‌ران نابێت ده‌رهه‌ق به‌مێژوو بیكه‌ین.
چه‌ند ڕووداوێك هه‌ن گرنگن و من جه‌خت له‌وه ده‌كه‌مه‌وه كه (هه‌ڤاڵ كوێستانی) وه‌ك نوسه‌رێك و ڕاگه‌یاندكارێك له‌شاخ و نێزیك له‌سه‌ركردایه‌تی و كه‌سه‌كان زانیاری ووردتر ده‌رباره‌یان ده‌زانێت، به‌ڵام وه‌ك عه‌ره‌ب ده‌ڵێت (مرور الكرام) به‌سه‌ریاندا تێپه‌ڕبووه. به‌مانای و شه‌رمنانه ده‌نوسێت، به‌داخه‌وه وه‌ها هه‌ستده‌كه‌م له‌م كتێبه‌دا سیاسه‌ت ده‌كات. دیار ئه‌م ڕایه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای چه‌ند نمونه‌یه‌ك خۆی گیركردووه، كه لێره‌دا ( ته‌نها سێ نمونه) ده‌هێنمه‌وه و دیاره چه‌نده‌ها نمونه‌ی دیكه‌ش هه‌ن، كه ده‌توانم ئاماژه‌ی پێبكه‌م، به‌ڵام ئه‌م نمونانه ئه‌و ڕووداوه ئاشكرایانهن كه كوێستانی نه‌ك ئاشكرا زانراوهكهشی نهنوسیووهتهوه، به‌ڵكو به په‌خشان و چه‌ند دێڕێك زیره‌كانه بازی به‌سه‌ردا داوه و ته‌مومژاوی كردوون.
نمونه‌ی یه‌كه‌م: ڕووداوه ئاشكراكان: ڕۆڵی (نه‌وشیروان موسته‌فا) له كوژرانی (وریای وه‌ستا وه‌هاب) و زۆریتر له‌ڕووداوه‌كانی دیكه‌ی وه‌ك كوشتنی دیله‌كانی حزبی شیوعی له‌شه‌ڕی (پشت ئاشان و قڕناقا) كه‌هه‌ردووكیان له‌كتێبه‌كه‌دا كوێستانی خۆی لێ لاداوه و ته‌نها ڕووداوه‌كه‌ی به‌گشتی وه‌ك ڕاگه‌یاندكارێك باسكردووه…
لكهیسی كوژرانی (وریای وه‌ستا وه‌هاب) ڕووداوێكی ئاشكرایه لای هه‌مووان، به‌ڵام ئاشكرا نییه بۆ نه‌وه‌ی دوای ڕاپه‌ڕین، هه‌ربۆیه نوسه‌ر له‌زۆر شوێندا به‌چه‌ند په‌ره‌گرافێكی په‌خشان ئامێز بازی به‌سه‌ردا هه‌ڵده‌دات. له‌مه‌دا كوێستانی خۆی ده‌پارێزێت له ڕه‌خنه‌گرتن له هه‌ردوو كۆچكردوو (نه‌وشیروان موسته‌فا و مام جه‌لال)…من لێره‌دا له‌سه‌ر چه‌ند ڕووداوێك ده‌وه‌ستم كهپابهستن به‌م ڕووداوه سه‌ره‌كیه‌وه.
ئاشكرایه كه مام جه‌لال له‌كاتی خۆیدا (به‌یاننامه‌یه‌كی ئیدانه)ی بڵاوكرده‌وه، تێدا، ئیدانه‌ی تیرۆری پارتیه كۆنه‌كانی كرد كهلهسلێمانی ئه‌نجامدرابوو. جارێكی‌تر و له‌دوای چه‌نده‌ها ساڵ كه زۆرانبازی مام و نه‌وشیروان موسته‌فا تیژبۆوه، له‌دوا پلینێنومی یه‌كێتیدا، مام جه‌لال هه‌موو ئه‌و كوشتاره شه‌خسیانه‌ی خسته ملی (نه‌وشیروان موسته‌فا) و به (تیرۆر و كاری شه‌خسی توندڕه‌و) لهقهڵمیدان، و دوایش نه‌وشیروانیش وه‌ڵامیدایه‌وه.
به‌ڵام هه‌مووان ده‌زانین ئه‌و (ده‌رزی قومبه‌له) یه كه ده‌رهات له‌وه‌وه نه‌هات كه شۆڕش ڕۆڵه‌كانی خۆی خواردووه وه‌ك فه‌ڕه‌نسیه‌كان ده‌رباره‌ی جهلادییهكانی (ڕۆپسێڕ) ئه‌وه‌یان ده‌گووت، به‌ڵكو له شێوازی كوشتنی (وریای وه‌ستا وه‌هاب) وه ده‌ستیپێكرد، چونكه كوژرانی وریای وه‌ستا وه‌هاب كاره‌ساتێك بوو هه‌موو كۆمه‌ڵه‌ی هه‌ژاند، به‌تایبه‌ت به‌و شێوازه وه‌حشیه‌ی كه كوشتیان، كه له‌گه‌ڵ هیچ دادگا و پڕنسیبێكی یاسایی و شۆڕشگێریدا یهكینهدهگرتهوه.
لێره‌وه كوشتنی (وریای وه‌ستا وه‌هاب) ڕاچڵه‌كینی گه‌وره‌ی له‌كۆی جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی كوردستاندا دروستكرد. شۆكه گه‌وره‌كه له كۆمه‌ڵه‌دا له‌وه‌دا بوو، سزادانی -به‌ناو شۆڕشگێڕی – (وریای وه‌ستا وه‌هاب) ئاسایی نه‌بوو، به‌ڵكو ته‌وری تێدا به‌كارهات و تائێستا ئه‌م ته‌وره وه‌ك خێوێك وه‌هایه دێت و ده‌چێت و سێبه‌ره‌كانی ماوون. ئه‌و پرسیاره‌ی ڕێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌ران، وه‌ك ڕێكخراوێكی ماركسی لینینی له‌خۆیان كرد ئه‌وه‌بوو؛ هێشتا شۆڕش نه‌هاتۆته ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌تی نییه، له‌بن تاشه‌به‌ردی شاخه‌كاندا ڕۆڵه‌كانی خۆی به‌ته‌ور پارچه پارچه ده‌كات، ئه‌ی ده‌بێت كه بێته ده‌سه‌ڵاته‌وه چ دادگایه‌كی دیكه دابنێت؟
ژیانی ( وریای وه‌ستا وه‌هاب) وه‌ك گه‌نجێكی شۆڕشگێڕی سه‌رده‌می خۆی بابه‌تی چه‌نده‌ها ڕۆمان و شانۆگه‌ریی زیندووه، كه گه‌شتی گه‌نجێكه وه‌ها ده‌زانێت ئه‌وانه‌ی به‌فه‌رمانی پارته‌كه‌ی ده‌یانكوژێت كه‌سانی خیانكار و فاشیستن. به‌ڵام له‌دوایدا بۆی ده‌رده‌كه‌وێت هه‌موویان كه‌سی بێ تاوانن و كۆی لیسته‌كه كه فه‌رمانی سه‌رۆكه و دراوته ده‌ستی پاكتاوی كه‌سی و ڕق و كینه‌ی كۆنن به‌ده‌ستی ئه‌و یه‌كلایی ده‌كه‌نه‌وه. چیرۆكی وریای وه‌ستا وه‌هاب، چیرۆكی فریودانی گه‌نجه خهوبینهره شۆڕشگێڕه‌كانه به داپه‌روه‌ری و ئازادی و كردنیانه به كه‌سی پیاوكوژ و دوژمندار، له‌م كه‌یسه‌دا شۆڕش ڕۆڵه‌كانی خۆی فریوده‌دات و دوایش له‌توپه‌تیان ده‌كات. هه‌ر بۆیه ڕووداوه‌كه لای نه‌وه‌ی كوێستانی و نه‌وه‌ی منیش ئاشكرایه و گه‌ر ویژدانمان زیندوو بێت په‌رده‌پۆشی ناوێت. هه‌ر بۆیه گه‌ر باسی ئه‌و ڕووداوه ده‌كه‌ین، یان ده‌بێت ڕاستگۆیانه باسی بكه‌ین، یان هه‌ر نه‌یكه‌ین و بێده‌نگ بین باشتره.
ئازیزمان (هه‌ڤاڵ كوێستانی) خۆی له‌ڕاستی و دروستی (ته‌ور وه‌شاندنه‌كه) ده‌پارێزێت، كه هه‌مووان ده‌زانین (جه‌بار فه‌رمان) بكه‌ری بووه و به فه‌رمانی (نه‌وشیروان موسته‌فا) كردوویه‌تی…ده‌شبێت ڕه‌چاوی ئه‌وه بكه‌ین كه هه‌ڤاڵ كوێستانی له‌ده‌زگایه‌كی وه‌ك ڕاگه‌یاندنی شۆڕشدا بووه، له‌شوێنه دوور و چهپهكهكاندا پێشمه‌رگه نه‌بووه، نێزیك بووه لهسهركرادیهتی و ده‌زگا سه‌ره‌كیه‌كانی، وه‌ك خۆی باسی ده‌كات چه‌ند چادرێكیان له مام جه‌لال و نه‌وشیروان و ده‌زگاكانی دیكه‌وه دوور بووه. ئه‌مه جگه له‌هاتوچۆی به‌رده‌وامی پێشمه‌رگه بۆ سه‌ركردایه‌تی، هه‌موو ئه‌مانه وه‌هایكردووه كهڕووداوێك له‌چه‌ند گۆشه‌نیگایه‌كه‌وه ببینێت و زانیاری له‌مه‌ڕ هه‌بێت. شوێنای ئه‌و له‌ناو جه‌رگه‌ی سه‌ركردایه‌تی و له‌ده‌زگای ڕاگه‌یاندن سه‌رچاوه‌كانی زانیاری بۆ فه‌راهه‌مكردووه، به‌ڵام سه‌یر له‌وه‌دایه دوای تێپه‌ڕبوونی ئه‌م هه‌موو ساڵه له كتێبه‌كه‌یدا بازهه‌ڵدان ده‌بینین و ته‌نها به‌باسكردنی وێنه گشتیه‌كه ویژدانی خۆی ئاسووده ده‌كات.
له‌وه‌ش سه‌یرتر ئه‌وه‌یه، كه قه‌ده‌ر وه‌هایكردووه له كاتی ڕووداوی هاتنی كه‌س و كاری وریای وه‌ستا وه‌هاب بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی لاشه‌كه‌ی، هه‌ڤاڵ كوێستانی له‌ناو ڕووداوه‌كه‌دا ده‌بێت، باههڵوێستهیهك بكه‌ین له‌سه‌ر كتێبه‌كه و كوێستانی ده‌ڵێت:
(( موده‌تێك بهدێهاتهكانی ئه‌و ناوه سووڕاینه‌وه و دوایین شه‌وی مانه‌وه‌مان، گه‌ڕاینه‌وه باره‌گای نه‌وشیروان موسته‌فا كه له قوتابخانه‌ی گوندی (توتمێ)دا بوو. چاوه‌ڕێین نانی به‌یانی بخۆین و بكه‌وینه ڕێ. غهڵبهغهڵبێكی زۆر، حه‌وشه‌ی قوتابخانه پڕده‌كات، پێشمه‌رگه‌یه‌ك دێته به‌رده‌رگا و ده‌ڵێ: ((كاك نه‌وشیروان ئه‌م ژن و پیاوانه ده‌یانه‌وێت تۆ ببینن)) پێڵاوه‌كانی بهسهرپێوهدهكا و، تا لای ژن و پیاوه شینگێڕهكان ڕاناوه‌ستێ. هه‌ر ئه‌وه‌نده پێیان ده‌ڵێ، (( هه‌ر كه‌سێك خیانه‌ت له‌شۆڕش بكا، باوكیشمان بێ، نابێ چاوه‌ڕێی سزای له‌وه كه‌متر بكات)) ل ٣٠٢
وه‌ك له دیمه‌نه‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت تازه سزاكه ئه‌نجامدراوه و ژن و پیاوه‌كان شین و شه‌پۆڕیانه…كوێستانی به‌و پله‌یه له‌ڕووداوه‌كه نێزێك بووه، كه‌چی به‌و شێوازی ته‌مومژییه‌ی ئه‌ده‌بیاتی ڕوانگه‌وه ده‌ڵێت:
(( دیمه‌نه‌كه ده‌متاسێنێ…چه‌ندیش ده‌كه‌م و ده‌پرسم شتێكی وه‌ها حاڵی نابم. ماڵئاوایی ده‌كه‌ین و ملی هه‌مان ڕێگه ده‌بڕین كه ده ڕۆژ له‌وه‌وبه‌ر پێدا هاتبووین. تا نه‌گه‌یشتینه به‌رگه‌ڵو، نه‌مانزانی ئه‌و ژن و پیاوانه‌ی ئه‌و ڕۆژه، كه‌س و كاری (وریای وه‌ستا وه‌هاب) بوون ….ل ٣٠٢))
لێره‌وه كوێستانی دێت زانیارییه گشتیه‌كه ده‌خاته ڕوو كه هه‌موومان ده‌یزانین، به‌ڵام وه‌ك نوسه‌رێك و پێشمه‌رگه‌یه‌ك كه زۆر لهڕووداوهكهوه نێزیك بووه، ده‌بوایه بازی هه‌ڵنه‌دایه به‌سه‌ر ڕووداوه‌كه، به‌مانای ده‌بوایه بچوایه سه‌ر زامه‌كه. من هه‌ستده‌كه‌م كاریگه‌رییه سایكۆژییه قووڵه‌كانی كوژرانی وریا له‌وه‌دا بوو كهزانرا (وریای وه‌ستا وه‌هاب) به (ته‌ور) كوژراوه و پارچه پارچه‌كراوه و لاشه‌كه‌ی فڕێدراوه‌ته كادێنێكهوه. ئه‌مه‌ش هۆكاری گریانی دایك و باوك و كه‌س و كاری وریابوون له‌به‌رده‌م نه‌وشیرواندا. ته‌نانه‌ت قسه به‌ناوبانگه‌كه‌ی باوكی شه‌هید وریا (وه‌ستا وه‌هاب) كه له‌ناو هێزی پێشمه‌رگه و ڕێكخستنه‌كاندا بڵابۆوه، ئه‌وه‌بوو؛ هه‌ر كوشتان، كوشتان، چ نه‌بوایه لاشه‌یه‌كی ته‌واومان بده‌نه‌وه نه‌ك به‌و شێوه‌یه!
دیاره ئه‌مه شتێك نییه من ئێستا كه‌شفی بكه‌م و كه‌س نه‌یزانێت، هه‌موو كه‌سێك له‌و كاته‌دا ئاگاداری هه‌واڵی شۆڕش بوایه ئه‌وه‌ی ده‌زانی، ده‌توانم بڵێم نه‌بوو له‌سلێمانی ئه‌وسا ئاگاداری ئه‌م ڕووداوه نه‌بووبێت. به‌و ده‌لیله‌ی دوای ڕاپه‌ڕین مامۆستا (حه‌مه فه‌ریق حه‌سه‌ن)ی چیرۆكنوس له‌لایه‌ن (جه‌بار فه‌رمان) بانگده‌كرێت و هه‌ڕه‌شه‌ی لێده‌كرێت، چونكه مامۆستا (حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن)ی برای له‌مه‌ڕ ئه‌م (ته‌ور وه‌شاندنه) شیعرێك ده‌نوسێت و بڵاویده‌كاته‌وه. (جه‌بار فه‌رمان) وه‌ها ده‌زانێت ئه‌م شیعره هی مامۆستا حه‌مه‌فه‌ریق حه‌سه‌نه، مامۆستا حه‌مه فه‌ریق لهبیرهوهریهكدا ده‌ڵێت؛ بهجهبار فه‌رمانم گووت؛ ((خه‌ڵك برای لهخاریجهوه سه‌فته دۆلاری بۆ ده‌نێرێت ، منیش كێشه و فه‌رته‌نه….)) به‌مه‌ش مامۆستا حه‌مه‌فه‌ریق خۆی له‌شه‌ڕ و غه‌زه‌بی ژه‌نراڵ جه‌بار فه‌رمان ڕزگار ده‌كات، چونكه چیرۆكی ئه‌و ته‌وره تامردنی بێزاری كردبوو و ئه‌م پارچه شیعره‌ش زیاتر ده‌هری كردبوو.
ئه‌م نمونه‌یه دههێنهمهوه به‌وه‌ی كوشتنی (وریای وه‌ستا وه‌هاب) و (چیرۆكی ته‌وره‌كه) شتێكی شاراوه نییه له‌ناو ئه‌ده‌بیاتی ئێمه‌دا، هه‌ر بۆیه كه ئاوتۆبایۆگرافیمان نوسیه‌وه یان نابێت باسی بكه‌ین، یان كه‌باسمان كرد، نابێت بازههڵدهین به‌سه‌ر هه‌ندێك جومگه‌ی سه‌ره‌كی و كاریگه‌ردا. لێره‌وه شهرمنیهك هه‌یه كهجۆرێكه له‌سیاسه‌تكردن و جۆرێكیشه لهبازههڵدانێكی زیره‌كانه، هه‌موو كه‌س بیكات، نابێت شاعیر و چیرۆكنوس و هونه‌رمه‌ند بیكات.
نمونه‌ی دووهه‌م: پرس و قسه‌كردن له‌سه‌ر كاراكته‌ره‌كان: ئه‌م كاراكته‌رانه؛ مام جه‌لال، نه‌وشیروان موسته‌فا، جه‌بار فه‌رمان، فه‌ریدون عه‌بدولقادر، برایم جه‌لال … و زۆریتر، له‌كتێبه‌كه‌ی هه‌ڤاڵ. ڕۆشنایی خراوه‌ته سه‌ریان . به‌ڵام دیسانه‌وه به‌سه‌ریدا تێده‌په‌ڕێت، و ڕای خۆی ده‌رباره‌یان به‌ڕوونی ناڵێت. به‌مه‌رجێك (هه‌ر وه‌ك نمونه‌یه‌كی به‌رچاو) له‌هه‌ردوو به‌رگی كتێبی (ئه‌زموون و یاد) (مامۆستا پشكۆ ) دا مامۆستا پشكۆ به‌ڕوونی و بێ په‌رده قسه له‌سه‌ر كاراكته‌ره‌كان ده‌كات.
له‌مه‌شدا حه‌زده‌كه‌م نمونه‌یه‌ك بۆ خوێنه‌ر بهێنمه‌وه؛
ڕووداوێك هه‌یه كه‌ته‌نها ئه‌وانه‌ی لهڕێكخستنهكاندا چالاك بوون ده‌یزانن، ڕاسته ته‌فسیری زۆره، به‌ڵام هه‌موویان له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكن كه (نه‌وشیروان موسته‌فا) نامه‌یه‌ك ده‌نێرێت بۆ ڕێكخستنه‌كانی شار، به‌تایبه‌ت بۆ ژنانی ناو ڕێكخستنه‌كان كه ژماره‌یان زۆر كه‌م بووه، له‌نامه‌كه دا نه‌وشیروان داواده‌كات كه ژنان بێن بۆ شاخ، نه‌ك بۆ خه‌باتكردن و چه‌ك هه‌ڵگرتن شانبه‌شانی پیاو و بۆ هاندانی ژنانی كورد بۆ ئه‌وه‌ی كۆت و په‌یوه‌ندییه دواكه‌تووه‌كانی كۆمه‌ڵگه بشكێنن و پێشمه‌رگه‌ی ژنیش به‌رگری له‌خۆی و ئازادی بكات، نه‌خێر، به‌ڵكو بۆ شووكردن به‌و لێپسراوانهی كه‌ته‌مه‌نیان هه‌ڵكشاوه و پێویستیان به‌ژنه!
هه‌ڤاڵ كوێستانی له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: (( كه‌ئه‌و قسانه‌م گوێ لێده‌بێ، باوه‌ڕ به‌و ده‌نگۆیه‌ش دێنم كه له‌یه‌كه‌مین كۆنفراسی كۆمه‌ڵه‌دا درایه پاڵ سه‌ركرده‌یه‌كی كۆمه‌ڵه. ئه‌و سه‌ركرده‌یه نه ده‌نگۆكه‌ی پشتڕاستكرده‌وه، نهنكوڵیشی لێ‌كرد.. ل٢١٧))
له‌مه‌شدا كوێستانی وه‌ك ئه‌وه‌ی میدیاكار بێت، نه‌ك یه‌كێك بایۆگرافی خۆی بنوسێته‌وه، دێت (زانراوێكی گشتیمان) بۆ ده‌كاته (نهزانراوێكی ته‌مومژاوی)…چونكه هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ڕێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌دا كاریانكردووه ده‌زانن ئه‌و سهكردهیه (نه‌وشیروان مه‌سته‌فا) بووه، تانه‌ت كه چه‌ند كادێرێكی كۆمه‌ڵه ده‌چنه بۆ لای بۆ ڕاستی و دروستی ئه‌و نامه‌یه، كه‌بێگومان لێدانه له‌پێگه‌ی ژنان له ڕێكخراوێكی ماركسی لینینی شۆرشگێڕدا، نه‌ك هه‌ر نكوڵی لێ ناكات به‌ڵكو جنێوێكی پیسیش ده‌دات….ئه‌مه له‌ئه‌ده‌بیاتی گوتراو و زانراودا هه‌یه و ته‌نانه‌ت بووه هۆی پشت ساردكردنه‌وه‌ی ژنانێكی زۆر له كاری ڕێكخراوه‌یی و به‌شداریكردنی شۆڕش.
هه‌ڤاڵ كوێستانی خۆی باسی ئه‌م دیارده‌یه ده‌كات، به‌ڵام دیسانه‌وه بهشهرمنیهوه بازی به‌سه‌ردا هه‌ڵه‌ده‌دات، به‌مه‌رجێك هه‌ڤاڵ كوێستانی یه‌كه‌مین كه‌سه له كۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌راندا دۆسیه‌ی به‌شداریكردنی ژنانی باسكردووه و نامیلكه‌یه‌كی به‌ناوبانگی له‌سه‌ر ده‌ركرد ، به‌جۆرێك ناوی هه‌ڤاڵ كوێستانی به‌ناوی ئه‌و نامیلهكهیهوه چۆته مێژوویه‌كی جوانه‌وه نامیلكه‌كه‌ی به‌ناوی (ئافره‌ت و ژانی له‌دایكبوونێكی نوێ) یه. سه‌یر نییه دوای ئه‌م هه‌موو ساڵه جورئهتهكهی یه‌كه‌می سارد ده‌بێته‌وه و له‌ڕووداوێكی به‌سه‌رچوودا نه‌ناو دێنێت و نه‌هیچ و ئه‌ده‌بیانه به‌سه‌ریدا بازده‌دات…لێره‌دا دووباره و سێ باره‌ی ده‌كه‌مه‌وه، گه‌ر ده‌زانیت ڕووداوه‌كه گرنگی نییه باسی مه‌كه، گه‌ر باست كرد، به‌شه‌فافی باسی بكه، چونكه لێره‌دا ئێمه له‌گه‌ڵ ژانری ئاوتۆبایۆگرافیایهكدا په‌نجه نهرمدهكهین كه نوسه‌رێكی گرنگی ناوشۆڕش ده‌ینوسێته‌وه.
نمونه‌ی سێهه‌م؛ هه‌ندێك نامه و قسه‌ی مێژوویی؛ با لێره‌دا یه‌كسه‌ر به‌مه سه‌ر نمونه‌یه‌ك؛ كاتێك هه‌وڵی كوشتنی (فوئادی مه‌جید میسری) سه‌رناگرێت، یه‌كێك به كوێستانی ده‌ڵێت؛
(( یه‌كێك هاوڕێ نووسه‌ره‌كانمان گوتوویوتی (( با نه‌كوژرێ، من پێشنیار ده‌كه‌م له‌بری كوشتن، جامێك تێزابی به‌ده‌م و چا‌وا بكرێ، بۆئه‌وه‌ی تا ئه‌مرێ، نه‌توانێ له ئاوێنه‌شدا ته‌ماشای خۆی كا… ل ٢٠٣)
كێیه ئه‌م نوسه‌ره، كه كوێستانی ده‌یاناسێت ناوی ناڵێیت؟! گه‌ر وایگوتووه بۆچی نه‌یزانین، ئه‌ی كه‌واته بۆ باسی ده‌كه‌یت؟ ده‌كرێت چ نه‌بێت ته‌نها پیتی یه‌كه‌م و دووهه‌م بۆ ئێمه به‌جێبهێڵیت،. بۆچی؟ چونكه لێره‌دا هه‌موو نوسه‌رانی شاخ گومانی ئه‌م (تێزاب بهدهموچاوكردنهیان ) ده‌چێته پاڵ، لێره‌دا خۆپارێزی ده‌بێته جۆرێك له گشتاندنی تۆمه‌ت به‌سه‌ر ئه‌وانیتردا!
له‌مه‌ش خراپتر، خۆ ئه‌گه‌ر خوێنه‌رێكی جیدی ڕووداوی یه‌كه‌م له‌گه‌ڵ ڕووداوێكی دیكه‌ی كتێبه‌كه پێكه‌وه گرێبدات، ئه‌وا ته‌واو وه‌ها مه‌زنده ده‌كرێت كه (بیرۆكه‌ی تێزاب پێداكردن به‌ده‌موچاودا ) قسه‌ی (شێركۆ بێكه‌س) بوو بێت.
بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌و گومانه خراپه، سه‌ره‌تا با هه‌ڵوێسته‌یه‌ك بكه‌ین له به‌رامبه‌ر ڕووداوێك؛
هه‌ڤاڵ كوێستانی داوا له‌چاپخانه‌ی شۆڕش ده‌كات كه‌ناوی له‌سه‌ر دیدارێك لابه‌ن بیكه‌ن و بیكه‌ن به‌ناوێكی ڕه‌مزی به‌ناوی (بێستون)…ئه‌م دیداره كه هه‌ڤاڵ كوێستانی كه له‌گه‌ڵ (شێركۆ بێكه‌س) دا ئه‌نجامی دابوو، بڕیار بووه چاپ بكرێت و لهچاپخانهدا بووه و نامیلكه‌كه به‌ناوی (ڕووبه‌ڕوو له‌سێبه‌ری چیا) دا ئاماده‌بووه بۆ چاپ. دیاره هۆكاری توڕه‌یی هه‌ڤاڵ كوێستانی ئه‌وه‌یه؛ كه له‌كاتی گرتنی به‌ڕێزان مامۆستا پشكۆ و به‌ڕێز شێخ عه‌لی و به‌ڕێز مه‌لا به‌ختیار و ئه‌ندامانی ئاڵای شۆڕش، شێركۆ بێكه‌س ڕای وه‌هابووه ئه‌وانه پێویسته بكوژرێن!
كوێستانی ده‌ڵێت: (( ئێواره‌یه‌كیان كاوه‌ی برای دلێری سه‌ید مه‌جید هاته لام…به‌ر له‌هاتنی، وه‌ك خۆی ده‌یووت، سه‌ردانی كاك شیركۆی كردبوو..كه ڕای كاك شیركۆی له‌سه‌ر بابه‌تی گیرانی مه‌لا به‌ختیار و هاوڕێكانی پێ ووتم، تووشی شۆك بووم. به‌بیرما نه‌ده‌هات كاك شێركۆ ئاوا ڕای توندبێت…به‌ڕای ئه‌و، ئه‌مانه خیانه‌تیان كردووه و كۆمه‌ڵه‌ش هه‌رچیه‌كیان لێ بكات هه‌قیه‌تی… ل 373))
كوێستانی دوایی باسی ئه‌وه ده‌كات كه شێركۆ بێكه‌س پێش سه‌فه‌ری بۆ ئه‌وروپا له‌نامه‌یه‌كدا نكوڵی له‌وه‌ده‌كات، كه ئه‌وه قسه‌ی ئه‌و بێت !
مه‌به‌ستی من لێره‌دایه ئه‌وه‌یه؛ گه‌ر قسه‌كه‌ی شێركۆ بێكه‌س لای كوێستانی جێگه‌ی بڕوا نه‌بووایه، ئه‌وا كوێستانی به‌و په‌ڕی بڕواوه ناوی خۆی له‌سه‌ر كتێبه‌كه لانه‌ده‌برد. ئه‌مه یه‌ك. دووهه‌م؛ ئه‌گه‌ر ( هه‌ڵه تێگه‌یشتنه) ئه‌وا مرۆڤ پێویست ناكات (هه‌ڵه تێگه‌یشتن) و ڕووداوێك كهڕاستیهكهی ڕوون نییه له ئاوتۆبایۆگرافیدا بڵاوبكاته‌وه، چونكه نابێت خوێنه‌ر بۆ گومانكردن له ئه‌ویتر به‌جێبهێڵیت، به‌مه‌ش ده‌رگایه‌كی پڕ گومان له‌سه‌ر مامۆستا شێركۆ به‌جێده‌هێڵێت.
بێگومان به‌م ده‌رگای گومان و دردۆنگیه، خوێنه‌ری ووردبین ڕووداوی یه‌كه‌م كه تێزاب به دهموچاكردنه له‌زیهنی خۆیدا ده‌به‌ستێته‌وه به ڕووداوی جه‌ختكردن له‌سه‌ر كوشتنی سه‌كرده‌كانی ئاڵای شۆڕش… ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ تێزابدا بێت، حه‌تمه‌ن هه‌ر هه‌مان كه‌سه كهئهدیبه و له‌گه‌ڵ كوشتندایه!
به‌دیوێكی تردا ئه‌وه‌ی كه تووشی شۆكی كردم له‌م خوێندنه‌وه‌یه‌مدا، ئه‌وه‌بوو؛ ئه‌وانه‌ی كه‌خۆیان به هاوڕێی مامۆستا شێركۆ ده‌ناسێنن، ئه‌م خاڵه به‌هیچ كلۆجێك سه‌رنجی ڕانهكێشاون، و ئه‌وانیش بازیان به‌سه‌ردا هه‌ڵداوه، به‌مه‌رجێك هه‌موویان ژیانیان له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه‌كان و كردنه‌وه‌ی كۆدی ده‌قه قورسه‌كان به‌سه‌ربردووه.
له‌مه‌شدا ده‌چینه سه‌ر خاڵی سێهه‌م؛ به‌ڕێزم گه‌ر هه‌ر بڕیاڕتدا هه‌ڵه تێگه‌یشتن بڵاوبكه‌یته‌وه له‌مه‌ڕ مامۆستا (شێركۆ بێكه‌س) خۆ ده‌كرا دوا دێڕ بیگووتایه؛ هه‌رچه‌نده شێركۆ وه‌ها ده‌ڵێت، به‌ڵام من بڕوام به‌و پۆزشه نه‌بوو. یاخود بینوسیایه به‌ڵێ له‌مه‌دا من هه‌ڵه بووم، هه‌ر وه‌ك چۆن ده‌رباره‌ی قسه‌یه‌كی نه‌وشیروان موسته‌فا كه‌پێی گوتووه تۆ خه‌ریكی ئه‌ده‌ب باشتره له‌سیاسه‌ت، كوێستانی ده‌ڵێت؛ سه‌ره‌تا ڕایه‌كی ئه‌وم به‌هه‌ڵه زانی، به‌ڵام ئێستا ده‌ڵێم ئه‌و ڕاستده‌كات…نازانم بۆ بۆ شاعیره‌كه بۆشاییه‌كی پڕ گومان ده‌هێڵیته‌وه و ڕا ده‌رنابڕیت بۆ سیاسیه‌كه دانپێدانان به‌هه‌ڵه خۆی ده‌بێته فه‌زیله‌ت!
له‌ڕوویه‌كی دیكه‌وه، ئه‌مجۆره تێپه‌ڕبوونه شه‌رمنانه غه‌دری له خۆیشی كردووه با لێره‌دا دیسانه‌وه هه‌ڵوێسته‌یه‌كی تر بكه‌ین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی چۆن كوێستانی غه‌دری له‌خۆی كردووه:
بهسیفهتێك له له‌كۆتایی ١٩٨٢ وه‌ك گه‌نجێك له‌ڕیزه‌كانی ڕێكخستنی كۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌ران ده‌ست به‌كاربووم، سه‌ره‌تا له ئه‌ڵقه‌ی ڕۆشنبیری كۆمه‌ڵه‌ی رهنجدارانی كوردستاندا، نازدارترین كتێبم له‌ئه‌ده‌بیاتی كۆمه‌ڵه‌دا ده‌ستكه‌وت ئه‌ویش كتێبی (ئافره‌ت و ژانی له‌دایكبوونێكی نوێ) ی (هه‌ڤاڵ كوێستانی ) بوو. ئه‌م كتێبه سه‌ره‌ڕای ناوه‌ڕۆكه پێشكهوتووخوازیهكهی، كهدهگمهن بوو له‌و كاته‌دا، ئاوڕدانه‌وه‌یه‌كی گرنگ بوو له‌و كه‌لێنه گه‌وره‌یه‌ی كه ونبوونی ژنانه له به‌شداریكردن له‌خه‌باتی سیاسی و فیكری له‌دژی فاشیزمی داگیركاردا. كتێبه‌كه بۆ هه‌رزه‌كارێكی خهوبینهری ماركسی لینینی وه‌ك من و زۆربه‌مان له‌و ته‌مه‌نه‌دا گرنگ بوو. جگه‌له‌وه‌ی خاوه‌نی زمانێكی زۆر به‌هێز و ڕیزبهندكردنێكی ڕوونی بیروڕاكان بوو. كه‌سێتی و ناوبانگی كوێستانی له‌ناو كۆمه‌ڵه‌شدا بۆ ئێمه‌ی گه‌نج جێگه‌ی سه‌رنج و خۆشه‌ویستی بوو، بێگومان به‌ئێستاشه‌وه.
لێره‌وه ده‌چمه سه‌ر كتێبی دووهه‌م، كه ئه‌و زه‌مه‌نه پێش كۆنفراسی دووهه‌می كۆمه‌ڵه (گه‌ر ڕاست بم له‌م به‌رواره‌دا) بڵاوبۆوه و جێگه‌ی مشتومڕی ئه‌ڵقه ڕۆشنبیرییه‌كانی ناو كۆمه‌ڵه بوو. پێشتر له‌ڕیزه‌كانی كۆمه‌ڵه‌دا ئه‌ده‌بیاتی (ئاڵای شۆڕش) له‌ناو ڕێكخستنه‌كاندا لێره‌و له‌وێ به‌رده‌ستمان كه‌وتبوو و بووه جێگه‌ی گفتوگۆیه‌ك كه كاریگه‌ری هه‌بوو بۆ سه‌ر ڕیزه‌كانی ڕێكخستنه نهێنیه‌كان، به‌جۆرێك هه‌ڕه‌شه‌ی بهریهكههڵوهشاندنهوهی ڕێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ده‌كرد. له‌وكاته هه‌ستیاره‌دا نامیلكه‌یه‌ك بڵاوكرایه‌وه گه‌ر یاده‌وه‌ریم خیانه‌تم لێ نه‌كات به‌ناوی (پارتی پێشڕه‌وه‌ی چینی كرێكار له‌كوردستاندا ) ده‌رچوو. له‌م نامیلكه‌یه‌دا (فه‌ریدون عه‌بدولقادر) وه‌ك (ماركسی لینینیهك) وه‌ڵامی نامیلكه‌كه‌ی (سالار عه‌زیز) ی دابۆوه، كهوابزانم كاك (سالار عه‌زیز ) به‌عه‌ره‌بی نوسیبووی. كتێبه‌كه‌ی (فه‌ریدون عه‌بدولقادر) له‌ڕووی ناوه‌ڕۆكی فیكرییه‌وه به‌هێز بوو، به‌تایبه‌ت پێشنیاركردنی پارتی پێشڕه‌وی چینی كرێكاری كوردستان بوو، به‌مانای خه‌باتكردن بوو بۆ ئه‌وه‌ی هێزێكی چه‌پی كوردی سه‌رانسه‌ری پێكبهێنین كه ڕابهڕایتی خه‌باتی ڕزگاریخوازی نیشتمانی بكات، بۆئه‌وه‌ی ئه‌م پرسه نه‌ته‌وه‌ییه و خه‌ونی كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ نه‌كه‌وێته ده‌ستی فیودالی كوردی و بۆرژوازی لۆكالیهوه.
لێره‌دا هه‌ڤاڵ كوێستانی له‌م ئاوتۆ بیۆگرافیهیدا به‌م شه‌رمنیه غه‌در له‌خۆیشی ده‌كات، چونكه باس له‌وه ده‌كات كه له‌گه‌رمه‌ی ئه‌و مشتومڕه‌ی نێوان ئێراقیبوون و كوردستانیبوونی كۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی كوردستاندا، كوێستانی پێش ئه‌م نامیلكه‌یه‌ی (فه‌ریدون عه‌بدولقادر) به چه‌ند نوسخه‌یه‌كی دیاریكراو، نامیلكه‌یه‌كی نوسیووه و بڵاویكردۆته‌وه، وه‌ك خۆی له‌لاپه‌ڕه ١٩٤ دا ده‌ڵێت: (( نامیلكه‌یه‌كی چل لاپه‌ڕه‌ییم سه‌باره‌ت به پێویستی بوونی پارتێكی چه‌پی كوردستانی نووسی … ل ١٩٤))
به‌ڵام له‌دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی نامیلكه‌كه (فه‌ریدون عه‌بدولقادر) داوا لهكادێرانی هه‌رێمه‌كه ده‌كات كه‌ئه‌و نامیلكانه بگه‌ڕێنه‌وه بۆلای خۆی، به‌كورتی كۆیانده‌كاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگر بێت له بڵاوكردنه‌وه‌ی. چونكه هه‌ڤاڵ كوێستانی ناتوانێت بڕوا به‌و قسه‌یه‌ی فه‌ریدون عه‌بدولقادر بكات كه گوایه:
(( له‌ڕێكخستنه‌كانی ناوشارهكانهوه، داوای هه‌ندێك نوسخه‌یان لێكردووین… ل ١٩٥)…دوایی كوێستانی ده‌ڵێت (( ئه‌و وایووت، به‌ڵام من قه‌ناعه‌تم بهوهڵامهكه نه‌هات… ل١٩٥) بۆچی؟ چونكه؛ (( خودی فه‌ریدون عه‌بدولقادر، نامیلكهكهیهكی به هه‌مان نه‌فه‌سی نامیلكه‌كه‌ی من بڵاوكرده‌وه …ل ١٩٥)
لێره‌دا كوێستانی به‌ڕوونی ده‌یه‌وێت بڵێت ؛ فه‌ریدون عه‌بدولقادر ناوهڕۆك و ئایدیای كتێبه‌كه‌ی منی دزیووه كه له‌دونیادا به (پلاجیاریزم – Plagiarism) له‌دونیادا ناوده‌برێت، كه‌ئه‌ویش دزینی بیرۆكه و ناوهڕۆك و شێواز و گرێچنی كتێب و ده‌قه‌كانه و دووباره نوسینهوهیهتی به‌شێوازێكی دیكه. كوێستانی ئازیز ئه‌مه ناڵێت، ته‌نانه‌ت نایه‌ت به‌چه‌ند په‌ره‌گرافێك خاڵه لێكچووه‌كانی لهنامیلكهكهی فه‌ریدون عه‌بدولقادر و خۆیدا ڕوونبكاتهوه، گه‌ر ئه‌وه‌ی بكردایه هه‌م غه‌در له‌خۆی ناكات و هه‌م غه‌در لهبهرامبهركهی ناكات.
ده‌شبێت له‌كۆتایدا ئاماژه به‌وه‌بكه‌م، كه هه‌ڤاڵ كوێستانی ئه‌م بازههڵدانه شه‌رمنانه‌ی له‌وه‌وه نه‌هاتووه شاره‌زای هونه‌ری ئاوتۆبیۆگرافی نه‌بێت و توانای به‌سه‌ردا نه‌شكێت، له‌زۆر شوێندا كه‌خۆی مه‌به‌ستی بووبێت كوێستانی ڕوون و ئاوتۆبایۆگرافستانه ده‌دوێت. بۆ نمونه؛ ده‌رباره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی نه‌وشیروان و خۆسه‌پاندنی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵه‌دا و بوون به‌سكرتێری ڕێكخراوێكی ماركسی – لینینی كه ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه ده‌كات كه نه‌وشیروان خۆی بڕوای به ماركسیه‌ت نه‌بووه! هه‌روه‌ها جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه كه؛ نه‌وشیروان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك دامه‌زرێنه‌ری كۆمه‌ڵه نه‌بووه و دوای حه‌وت ساڵ دوای دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه دێته‌وه بۆ كوردستان…لێره‌دا چونكه كوێستانی مه‌به‌ستێتی، ته‌واو شه‌فافه، ته‌واو ئاوتۆبیۆگرافیسته، خۆزگه كۆی كتێبه‌كه وه‌ها ده‌بوو، به‌مانای ئاوتۆبایۆگرافیهكی ته‌واو ده‌بوو.
مه‌به‌ستم له‌كۆی ئه‌م نوسینه ئه‌وه‌یه، كهژانری ئاوتۆبیۆگرافی لای من وه‌ك ڕۆمان وه‌هان، به‌ڵام به‌شێوازێكی دیكه نوسراون، هه‌ر بۆیه چێژی ڕۆمان ده‌به‌خشن به‌خوێنه‌ر. هه‌ر بۆیه بهختهوهردهبم كه ئاوتۆبیۆگرافیهك ده‌بینیم به‌بێ ڕتوش خاوه‌نه‌كه‌ی بڕیاریداوه بینوسێت و بڵاویبكاته‌وه. ئه‌ركی ئاوتۆبایۆگرافیست به‌پله‌ی یه‌كه‌م ئه‌ركێكی ئه‌خلاقیه، به‌وه‌ی پابه‌نده به‌ڕاستگۆیی له‌گه‌ڵ خۆیدا وه‌ك خۆی چۆن ده‌یبنێت و ده‌یبیستێت، به‌مه‌ش ئه‌ڵقه‌یه‌كی ونبوو له‌زنجیره‌ی مێژووییه‌ك پێكدێنێت كه كۆی دیمه‌نه‌كه ته‌واو ده‌كات.
ته‌واو
سه‌رچاوه؛ هه‌ڤاڵ كوێستانی؛ ئه‌و ڕۆژانه‌ی نیشتمان هی هه‌مووان بوو، چابخانه‌ی كارۆ – سلێمانی 2017