ئارام قادر: قەڵەمی ئازادیخوازان و چەکی جەللادەکان.
بێگومان بەردەوام قەڵەم و دەسەڵاتی سیاسی ستەمکار و جەللادەکانی ڕوبەڕوی یەکتر دەبنەوە، بەردەوام دوژمنایەتی یەکتر دەکەن، چونکە عەقڵی قەڵەم و عەقڵی چەک ناکۆکن بەیەکتر، هێزێک عەقڵێکی چەکداری هەبێت ڕێزی قەڵەم نازانێت، هێزێک کەللەیەکی ڕەقی هەبێت کوا هێزی نەرم دەناسێت؟ جەللادەکانی ستەمکار لە دوونیا هەمویان ڕقیان لە قەڵەم و ئازادیخوازانە، لەکوێ هەبووە ستەمکار باوەشی بۆ قەڵەمە ئازاو ئازادەکان کردبێتەوە!؟ جگە لە قەڵەمفرۆش و ڕانتخۆرەکان و هاو ئاوازەکانی ستەمکارەکان.
لە کوێ قەڵەمەکان کەوتنە سەما بۆ جەللادەکان لەوێش ئازادی لە گۆڕنراوە، لە کوێش قەڵەمەئازادەکان دژایەتیان کراو لێیاندراو کوژران بزانن هەناسەی قەڵەمە ئازاکان بەردەوامە، چونکە کاری قەڵەمە ئازادەکان ڕەخنە کردنی دەسەڵاتی چەتەگەری و مافیاکڕاتییە، دەسەڵاتە کلیپتۆکراسییەکان بەردەوام قەڵەمەئازادەکانییان بە دووژمنی پلە یەک داناوە، بەردەوام خەریکی شکاندن و بوختانن بۆ قەڵەم بەدەستەکان.
گۆبلز وەزیری پڕوپاگەندەی هیتلەر بەردەوام دەیگوت: سەرۆک هیتلەر هەر کاتێک گوێم لە وشەی ڕۆشنبیر دەبێت دەست بۆ دەمانچەکەم دەبەم، ئاخر ڕۆشنبیر گەر ئازاو ئازاد نەبێت قەڵەمەکەی ئەوە دەبێتە چەکێکی حەساری دەسەڵات، بەردەوام ڕانتخۆرەکان و ڕاگەیاندنکارەکان و نوسەران و ڕۆشنبیران بە نزیک بوونەوەیان لە بەرداخە ئاوەکەی دەسەڵات وەک شەکر دەتوێنەوەو نامێنن، ببینە هێزی ڕاکێشانی نەوت دەزگا ڕاگەیاندنەکانی چەند قەرەباڵخ کردووە، وەک موگناتیس ڕۆشنبیر و نوسەرانیان کێش کردووە تا ئاو بەئاشەکەی ستەمکاردا بکەن، ببینە ئەوانە پارە چەند ناشیرینی کردوون.
ڤیدڵ کاسترۆش بەردەوام لە جیڕەی قەڵەمی نوسەران دەترسا، قەڵەم و دەسەڵات بەریەکتر دەکەون، بۆیە بەزەحمەت نوسەرە ئازادەکان دەتوانن لە وڵاتی خۆیان بژین، ناچارن لە دەرەوە ڕەخنەکانیان ئاڕاستەی کەللەوشکەکەی دەسەڵات بکەن.
دەسەڵاتی جووت حیزبی کوردیش ماوەی بیست و شەش ساڵە نەیتوانیوە سیستەمێکی سیاسی گونجاو دروست بکات، نەیتوانیوە کەرامەتی مرۆڤ بپارێزێت، بەردەوام قەڵەمە ئازادەکانی ترساندوە یان تیرۆرکردووە، سۆرانی مامە حەمە و سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانی نمونەی تیرۆرن بەدەستی دەسەڵاتی جووت حیزب، بەڵام قەڵەمەئازادەکان هەر زیاتر دەبن، ئێستاش لێدان و هەڕەشە لە نوسەران درێژکراوەی سیستەمە ستەمکارەکەیە، کاری ڕۆشنبیران بەرهەم هێنانی مەعریفەیە، کاریان ڕەخنەی ناشیرینیەکانی دەسەڵاتە، نەک گەرمکردنی دیوەخان و پیاداهەڵدانی بەرپرسە تەجمیلکراوەکان، قەڵەمی ئازا نابێتە دەروێشی سیاسیەکان، نابێت بێدەنگبێت چونکە بێدەنگی کاری ڕۆشنبیران و نوسەران نیە وەک ئۆجەلان دەڵێت.
کاوێژکردن کاری قەڵەمە فاشیلەکان و عەقڵ دۆگماو نەوتاوییەکانە، ئەوان دۆڕاون ناتوانن بڵێن و بنوسن بۆ خەڵک، بۆیە چەک دەبێتە ناسنامەیان، ئەمە گاڵتەجاڕی عەقڵی ستەمکارانە، ئەم شەڕەی قەڵەم و چەک بەردەوام دەبێت هەمیشە خەتی ئازادی و خەتی ستەمکاری تۆختر دەکاتەوە، هەمیشە ناشیرینیەکانی دەسەڵاتی تەجمیلکراو لەبەردەم خۆری قەڵەمە ئازادەکان توختر دەبێت، هەمیشە قەڵەم ماسکە ناشیرین و گاڵتەجاڕو خەڵەتێنەرەکان کەشف دەکات، بۆیە هەمیشە ستەمکاران دۆژمنی قەڵەمی ئازاو ئازادن، هەمیشە خەم و کۆژان و کۆشادی خەڵک دەبێتە مەرەکەبی قەڵەمە ئازاو ئازادەکان، هەمیشە چەتەگەری و خیانەت و نەوتخۆری و ستەمکاری و نادیموکراسی بونەتە فیشەکی چەکەکەی دەسەڵاتی ستەمکار، بەڵام تا ستەمکاری هەبێت قەڵەمە ئازادەکان هەر دەبن، ئەم سیاسەتی ترساندن و لێدانی دەنگە ئازادەکان لە ئێستادا پێماندەڵێت جووت حیزب تائێستاش زۆر ستەمکارن، قەڵەم فرۆشەکانی حەساری دەسەڵات ڕۆژێک دێت ئاواببن، چونکە بوونەتە ڕۆبۆتی جەللادەکان.