لوقمان مستەفا: ئەو” یاسا ” یانەی حەشدی شەعبی و حەرەس قەومیان کرد بە کەڵەگا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەرچەندە پێشتر ئەم ووتارەم لە ئاکاونتەکەی خۆم و چەند پەیجێک بڵاوکردبۆوە، بەڵام بە هۆی گرنگی بابەتەکە و هەندێ گۆڕانکاری لە ناوەڕۆکی بابەتەکەد، بە پێویستم زانی دووبارە بڵاوی کەمەوە، لەگەڵ ڕێزم بۆهەموان.
ئەگەرچی یاسا واتایەکی یەکگرتووی جیھانی نییە، بەڵام یەکێک لە واتاکانی یاسا ئەوەیە کە سیستەمێکە لە دەستوور و ڕێساکان کە بە دەستی ڕێکخراوێکی دەوڵەتی بۆ ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی ڕەفتارەکانی ئەندامانی کۆمەڵگا بەکار دەبرێت.
بەڵام، ئەو سەیرو سەمەرەیەی لەدەستورو یاساکانی عێراقدا هەیە دەربارەی بە یاسایی کردنی میلیشیاتی بەربەری و چەتەگەرێتی، کە بەبەرنامەو پیلان بۆ داڕێژراو بەزۆر جێی کراوەتەوەو یاسای تایبەتیان بۆ دەرچواندووە، ڕێک پێچەوانەی دەستورو یاسای ووڵاتانی دیکەی ناوچەکەیە، چونکە بەڕاستی گاڵتەجاڕیەکی تەواوەو لە خزمەتی پێکهاتەیەکی دیاری کراودایە، لەسەردەمە جیاوازەکاندا لەسەر دەستی نەتەوەی سەردەست هەمیشە بۆ خزمەتی خۆیان بەکاریان هێناوە.!
عەرەبە شۆڤێنیەکان بە عەرەبی سوننە و شیعەوە، پێیانوایە دەوڵەت تەنیا بۆ ئەوانە، بۆیە بەلایانەوە ئاساییە، یاساكانی ئەو دەوڵەتە كورد نەپارێزێ، لەپاڵ سوپاکەشیانەوە میلیشیای چەكدارییان دروستكردووە، كە تەنیا عەرەبی لە عێراق پاراستووە، یاسایان بۆ میلیشیا چەكدارییەكان دەركردووە و پشتیوانیی دارایی دەوڵەتیان بۆ فەراهەم كردوون، وەك یاسای (حەرەس قەومی) لە 1963 سەردەمی دەسەڵاتی عەرەبی سوننە و یاسای (حەشدی شەعبی) لە 2016 سەردەمی دەسەڵاتی عەرەبی شیعە، تاوانەكانی حەرەس قەومی لە یادگەی خەڵكی كوردستان ماوە، ئاراستەی كاری حەشدی شەعبیش دیارە.
لەم باسەماندا تیشک دەخەینەسەر دوو یاسا، (یاسای حشدی شەعبی و یاسای حەرەس قەومی) کەچۆن و بۆچ مەرامێک خزاندویانەتە ناودەستورو یاساکانی عێراقەوە.
حەرەس قەومی: ئەم هێزە کەلەدوای کودەتاکەی 8 ی شوباتی ساڵی 1963 کەچۆن میلیشیایەكی سەرەتا بێسەرەو بەرەی پەلامار دەرو شەڕفرۆش بونەو بەچی شێوەک بەربونەتە ناو بەغداو هەرچی نەشیاوە كردویانە، لە پەلاماردانی خەڵك و كوشت و بڕو سوكایەتی بە ئازادی خوازان پێکهاتە جیاجیاکانی عێراق.
حكومەت لە ئاكامی زۆری ستەم و دەستدرێژی ئەوان زیاتر بۆ سەر حیزبی شیوعی و ئۆپۆزسیۆن و خەڵكی مەدەنی لەوکاتەدا، هەر بۆیە ناچاربوون بە یاسایەك رێكیان بخەن و بەرگێکی یاسایی بکەن بە بەریانداو هێرش و پەلامارەکانیان بۆ سەرخەڵکی پاڵپشت بەیاسایەک بێت و لەهەمان کاتیشدا مافەکانیشیان وەک هێزێکی سەربازی پارێزراو بێت و وەک سوپایەکی نیزامی عێراق حیسابیان بۆ بکرێت.
ئەو یاسایە بە یاسای ژمارە 35 ی ساڵی 1963 ناسراوە، یاساكە لە 18 – 5- 1963 دەرچوە و بریتیە لە 14 مادە ، لەو یاسایەدا سنور بۆ كاری حەرەس قەومیەكان دانرا، بەڵام وەك هێزێكی خۆبەخشی نیشتمانی ناسێنرا .
لە مادەی دووی ئەو یاسایەدا هاتوە ” حەرەس قەومی هێزێكی میللی رێكخراوی مەشق پێكراوە لە سەر بەكارهێنانی چەك، گەل خۆی دروستی كردوە تا ژیانێكی سەربەست و ئازادانە بژی، ئەركەكانی:
یەكەم : پاراستنی سەرهەڵدانی عەرەبی لە ئێراق و نەخشەكێشانی رێگای شۆڕشێكی پێشكەوتوخواز .
دوەم : هاوكاری هێزی سەربازی لە كاتی شەڕو پەلاماری دەرەكی
سێیەم : بەشداری لە پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ.
چوارەم : بەشداری لە كردەكانی بنیاتنانەوەو بنیادنانی ئابوری و كۆمەڵایەتی
پێنجەم : هەستان بەو كارانەی بۆی دیاری دەكرێ‌ لە شوێنی دیكەوە یان سەرپشكی دەكەن.
لە مادەی سێیەمدا هەر بە خۆبەخشی ئێراقی ناوەستێ‌ كە لەو هێزە وەردەگیرێن، خاڵی جیم دەڵێ‌ خۆبەخشی وڵاتانی عەرەبیش دەتوانن كاری تیابكەن بە مەرجی رازی بوونی سەرۆكایەتی ئەركانی سوپا . دەقی یاساكە لە بەڵگەنامەكاندا هەیە بە زمانی عەرەبی و كوردی ” بەڵام ئەم حەرەس قەومیانە نەك نەبونە هۆی ئاشتی و ئارامی بگرە هەموو وڵاتیان پڕ كرد لە كێشەو ململانێ‌ و ستەمكاری.
بەهەمان شێوە لەدوای زیاتر لەنیو سەدە بۆ جارێکیتر مێژوی رەشی هەمان بۆچون و عەقڵیەت هێزێکی توندرەوی داپلۆسێنەری وەک حەرەس قەومیان هێنا بەناوێکتر ناویان لێنان (حشدی شەعبی) یاسایەکیان بۆ دارشت بۆ خزمەتی هەمان نەتەوە، هێنایانەوە مەیدان، ئەم جارە نەک تەنها وەک نەتەوەیەکی ڕەگەزپەرست دەرکەوتنەوە بەڵکو بە شێوەی توندڕەوەی شیعە مەزهەبیشی هاتەسەر، بە پشتگیری دەوڵەتێکی هەرێمی و ناوخۆیی، کەشیعەگەرایی تێدا باڵادەستە، پرۆژەیاسای حەشدی شەعبیان هێنایە مەیانەکەو بۆ چەند مەبەستێکی تایبەتی و شەری سونەو کورد بەتایبەتی لە ئایندەدا پێبکەن.

دەقی یاسای حەشدی شەعبی:
مادە-1-
دەزگای حەشدی شەعبی کە پێکهێنرا بەپێی ژمارە (91) لە 24- 2- 2016 پێکهات ( یتمتع بالشخصیە المعنویە) وەدەبێتەبەشێک لەهێزە چەکدارەکانی عێراق، واتە دەبێت بەبشێک لە سوپای عێراق و پەیوەست دەبێت بە سەرۆکی فەرماندەی هێزەچەکدارەکانی عێراقەوە.

مادە-2-
ئەوەی کە هاتوە بە بڕیاری سەرۆکایەتی دیوان ژمارە (91) بەشێک دەبێت لەمانەی خوارەوە:-
یەکەم- دەبێت حەشدی شەعبی پێکهاتەیەکی سەربازی سەربەخۆبێت و هەروەها بەشێکیش بێت لە هێزی سەربازی عێراقی و پەیوەست دەبێت سەرۆکی فەرماندەی هێزەچەکدارەکانی عێراق.
دوەم- ئەو پێکهاتەیە لە سەرکردایەتی، ئەنجومەنی سەرکردایەتی و لیواو هەموبەشەکانی سەربازی دەگرێتەوە.
سێیەم- ئەو کەسانەی کە سەربەم پێکهاتەیەن (حەشدی شەعبی) مل کەچ دەبن بۆ سەرجەم یاساکانی سوپای عێراقی بەسەرجەم لایەنیەکانیەوە، بێجگە لە مەرجی تەمەن.
چوارەم – هەمو ئەو کەسانی کە سەربەم پێکهاتەیەن، سەرجەم ریزبەندی پلەی سەربازیان و موچەو هەموئەرک و مافێکیان وەک سوپای عێراقی وایە.
پێنجەم- ئەو کەسانەی کەسەر بەم پێکهاتەیەن نابێت هیچ کارێکی سیاسی و حیزبی و کۆمەڵایەتی بکەن لە ناو سوپاکەو لەدەرەوەی سوپاکە.
شەشەم- دەبێت ئەم پێکهاتەیە کەلەسەرەوە باسکراوە بە هەمو بەشەکانیەوە لەماوەی سێ مانگدا تەواوبکرێت.
حەوتەم- دەبێت لایەنی پەیوەندیدارجێبەجێی سەرجەم ئەم بڕگەومادانەبکات

مادە-3-
حەشدی شەعبی لەهەموچین و توێژەکانی گەلانی عێراق پێک دێت بەپێی مادە – 9- لەدەستوری عێراقی.

مادە-4-
جوڵەپێکردنی هێزەکان وبڵاوە پێکردنیان ودابەشکردنیان لە پارێزگاکانی عێراق لە ژێرفەرمانی سەرۆکی هێزەچەکدارەکاندایە بە تەنها.
ئەگەر بەراوردێکی هەر دوو هێزە درووستکراوەکە بکەین کە لە ڕووی ستەم و زوڵم و زۆرداری و کوشتن و تاڵان و بڕۆییدا یەک جمکن و لەهەناوی یەک دایکەوە هاتونەتە دەرەوە کە ئەویش( عروبە)یەو بەس، بەڵام بە میتۆدی جودا.
هەروەها ئەگەر بەراوردێکی هەردو یاساکە بکەین ئەوا زۆر بە ڕونی بۆمان دەردەکەوێت: کەهەردو یاساکە هەرچەندە لە دوو مێژوو و زەمەنی جیاوازدا دەرچوەو چۆنە تە بواری جێبەجێکردنەوە، هەروەها برگەو مادەکان لەڕوی شێوەوە جیاوازە، بەڵام لەناوەڕۆکدا یەک واتاو یەک مەبەست دەدات بەدەستەوە، لە بەر ئەوەی کە لە خزمەت یەک نەتەوەدایە و بۆ سەرکوت کردنی نەیارەکانێتی، نەک خزمەتێک بێت بە دانیشتوان و پێکهاتە جیاجیاکانی عێراق.
تێبینی: هەرچەندە پێشتر ئەم ووتارەم لە ئاکاونتەکەی خۆم و چەند پەیجێک بڵاوکردبۆوە، بەڵام بە هۆی گرنگی بابەتەکەو هەندێ گۆڕانکاری لە ناوەڕۆکی بابەتەکە، بەپێویستم زانی دووبارە بڵاوی کەمەوە، لەگەڵ ڕێزدا بۆ هەموان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت