عوسمان عومەر: دار بەڕوو شجرة السندیان یا بلوط.
خاكى كوردان يا كوردستان پڕیەتى لەگژو گیا و دارى بەسود بۆ زۆر مەبەستى چارەسەرى نەخۆشى دەرمانسازىی چ لە بوارى پیشەسازى دارو تەختەو دارتاشى دا دەتوانرێ بەکار بهێنرێ هیچى کەمتر نییە لەو دارو گژوگیایانەى چ لە وولاتانى دراوسێ چ لە ووڵاتە ئەوروپیەکان دا هەیە جگە لەبوارى سەوزایی و دارستانەکان و پارێزگارى لە ژینگە, یەکێک لەو دارانە داری بەڕووە.
دارى بەڕوو
بەڕوو بەزمانى شیرینى خۆمان و بەزمانى عەرەبى بلوط یا سندیان یاقرقس ناوە زانستیەکەى Quercus و بە ئینگلیزى Oak یەکێکە لەو دارانەى لەزۆرناوچەى شاخاوى و لاپالەکان دا بەسروشتى ڕواوە بەردەوامیش سەوزە بەپێى زانیاریەکان تەمەنى دەگاتە 200 تا 400 و هەندێکى تر دەلێن 500 تا 2000 ساڵ دەژى، بۆیە بەدارە تەمەن درێژەکان دەژمێردرێ و سروشت بەخشیویەتى بۆ ڕازاندنەوەى دیمەنى کوردستان .. تا ئیستا چ لەلایەن ئەندازیارانى کشتوکالى و چ وەزارەتى کشتوکال هیچ لیکۆلینەوەیەک سەبارەت بەو دارە ئەنجام نەدراوە و بەلایدا نەچوون. بەڕوو ئەم جۆرە ماددانەى وەک کاربۆهیدرات, ڤیتامینات, پڕۆتینات, کانزاکان و چەوریەکان تێدایە.
دارى بەڕوو بەگشتى هەندێکیان بەرزییان دەگاتە نزیکەى 30 مەتر و هەندێکیان کەمتر لەوە بەپێى ووڵات و ناوچە جوگرافیەکان دەگۆردرێ لە بەهاران دا گولێکى سەوزى زەردباو دەگرێ دواتر بەهۆى هەلالەوە دارە نێرەکان لەگەڵ مێیەکان دەپیتێنرێ و گولەکان دەبن بەبەرەکەى کە بەرووە و هەربەپێى زانیاریەکان 600 جۆر دارى بەڕوو لەجیهان دا بوونى هەیە. دار بەڕوو زۆر لەسەرەخۆ گەشە دەکات و بەرناگرێ تا تەمەنى نەگاتە 20 ساڵ, بەروو بەگشتى درێژیەکەى لە 13 ملم کەمترە یا زیاترە و هەیانە شیرینە و هەیانە تاڵە و هەیانە هەردوو تامەکەى تێدایە، بەلام بەگشتى جۆرە تفتیەیەکى هەست پێدەکرێ . وولاتى بنچینەیی بەڕوو باشورى خۆرهەلاتى ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکایە و لەسەدەى نۆزدەهەم بازرگانیەکى باشى پێوە دەکرا و ئەودار بەڕوانە لە وولاتە یەکگرتوەکانە دەبڕدرا و ڕەوانە بازارەکانى ئەوروپا دەکرا بەزۆرى، بۆ دروستکردنى هەندێ شوێنى کەشتی. یەکێک لە سیفەتەکانى داربەڕوو ئەوەیە بەرەنگارى هەمووجۆرە کەش و هەوایەک دەگرێ و، یەکێکى تر لە سیفەتەکانى ئەو دارە جوانە خۆى خۆى نوێ دەکاتەوە بێ ئەوەى مرۆڤ بەلاى دا بچێ وەک دارەکانى تر بیبڕێ بۆ ئەوەى گەشە بکات خۆى گەشە دەکات. بەهۆى ئەوەى دارى بەڕوو پتەوو بەهێزە بۆ کەرستە، لەکۆن دا پێش دۆزینەوەى پۆڵا یا ماددەکانى تر بەکارهێنراوە جگە لەوەی بۆ نێوانى هێلە شەمەندەفەرەکان و هەروەها بۆ ئامێرى کێڵانى زەوى و هاوجارو گەلێک شتى دیکە وەک لە پێشەوە ئاماژەم پێداوە بۆ هەندێ شوێنى کەشتى دا. لە داربەڕوودا ماددەى تانین هەیە کە بۆ خۆشکردنى پێستە بەکار هێنراوە, هەروەها دروستکردنى مەرکەبى شین کە بەلاى رەشى دا دەروانى بەکار هێنراوە.
جۆرەکانى بەڕوو زۆرن لەوانە:
• بەڕووى سپى
• بەڕووى سوور
• بەڕووى ئینگلیزى
• بەرووى پاشایی
• بەڕووى کەستەنائی
• بەڕووى لوبنانى
سودەکانى بەڕوو بە شێوەیەکى گشتى:
• وەک ماددەیەکى ووزەبەخش بۆ تەمەندارەکان و منداڵان دەتوانرێ بەکار بهێنرێ .
• یاریدەدەرێکە بۆ رزگار بوون لە نەخۆشیەکانى دەزگاى هەرس وەک ترشەلۆکى گەدە (واتە دڵە کزێ)و هەوکردنى گەدەو وقۆلون و هەوکردنى قورگ .
• زۆر بەسودە بۆ بەهێزکردنى مێشک و رزگارکردنى لەبێ توانایی .
• زۆر بەسودە بۆ چارەسەرى هەوکردنى ناودەم وهەوکردنى پووک .
• هۆکارێکە بۆ کەمکردنەوەى دانئێشە ئەویش بەکوڵاندنى توێکڵى بەڕوو وغەرغەرە پێکردنى .
• هۆکارێکە بۆرزگار بوون لەمێزکردنى بێ کۆنترۆڵ(لاارادى) بەئینگلیزى پێى دەوترێ Urinary incontinence لاى پیاوە تەمەندارەکان .
• هۆکارێکە بۆ رزگار بون لەوانەى شەوانە کەبەتەمەن گەورەن و میز بەخۆیاندا دەکەن .
• بەکاردەهێنرێ بۆ کەمکردنەوەى هەوکردنى چاو وپیڵۆکان .
• بەکاردەهێنرێ وەک چارەسەرێک بۆ دەردراوى زێ وکەمکردنەوەى ئازارى سوڕى مانگانە .
• یاریدەرێکە بۆ چارەسەرى ئەگزیما کە زۆرجار توشى دەستەکان دەبێ .
• مرۆڤ دەپارێزى لەهەندێ جۆرى شیرپەنجە وەک گەدەو رەحم.
• هۆکارێکە بۆپاککردنەوەى لەش لەپاشماوەو ژەهرەکان و وەک پاککرەوەیەکى گەدە لەهەموو جۆرە ماددەیەکى ژەهراوی.
گرنگى بەڕوو بۆ نەخۆشی شەکرە
• بەڕووى تاڵ چەند مادەیەکى دژە ئۆکسانی وەک کیرۆسینى تێدایە.
• چەند ماددەیەکى دەولەمەندى چەوریە بەسودەکانە کەبۆ تەندروستى دڵ و لەش ئەویش چەورى ناتێرى گیایی (نباتى) تێدایە.
• بەڕوو چەند ڤیتامینێکى بەسودى تێدایە لەوانە ڤیتامین B کە گرنگە بۆ لەشى مرۆڤ.
• بەڕوو ڕێژەیەکى بەرزى ترشەلۆکى فولێکى تێدایە.
• چەند کانزایەکى بەسودى تێدایە و تەنها سۆدیۆم نەبێ کە دەبێتە هۆى بەرزى فشارى خوێن.
• هۆکارێکە بۆ زیادکردنى رێژەى ئەو ئۆکسجینەى بۆ دڵ دەچێ و دەبێتە هۆى بەهێزى ماسولکەى دڵ و هۆکارێکیشە بۆ هێورکردنەوەى مێشک.
سودەکانى بەڕوو بۆ ژنان
تەسککردنەوەى زێ(مهبل) یەکێکە لەو کارانەى ژنان زۆر هەوڵى بۆ دەدەن بەهەموو رێگاو شێوازێک، چونکە فراوان بونى دواى مناڵ بوون و کەوتنە تەمەن و بڕانى سوڕى مانگانە و قەڵەوى زیاد لەپێویست دەبنە هۆى شل بونەوەى ماسولکەکانى حەوز و فروان بونى زێ یەکێک لە بەناوبانگترین رێگاى سروشتى پشت بە بەڕوو دەبەستێ لە وولاتانى ئەوروپا زۆر گرنگى پێ دەدرێ لاى خۆشمان دەتوانرێ سودى لێ وەربگیرێ :
• یاریدەدەرە بۆ تەسککردنەوەى زێ و رزگار بوون لەخزینى رەحم بەشێوەیەکى بەرز چونکە ماددەى توندکەرەوەى تێدایە. هۆیەکە بۆرزگار بوون لە مێزکردنى بێ کۆنترۆڵ(لاارادى) بەئینگلیزى پێى دەوترێ Urinary incontinence لاى ژنان کە بەهۆى زۆر مناڵ بونەوە توشیان دەبێ بەسودە بۆ بۆڕى رەحم.
• چارەسەرێکە بۆ هەوکردنی زێ و میزەرۆیەکان و دەبێتە هۆى لەناو بردنى پاڵاوتەوو میکرۆب بەشێوەیەکى زۆر باش.
• بەڕوو جۆرە چەوریەک و هەندێ ماددەى هێورکەرەوەى تیدایە دەبێتە هۆى بەهێزکردنى دیوارى زێ و تەسککردنەوەى زۆر کاریگەرى هەیەو تواناى سێکسى باشتر دەکات.
• دەتوانرێ سوود لەتوێکڵى بەڕوو و رەگەکەى وەربگیرێ بە کولاندنى و ئەو ئاوەى تێیدا کوڵاوە لەشى تێدا نوقم بکرێ ئەم کارە چەندجارێک دووبارە بکرێتەوە بۆ چەند ڕۆژێک.
• دەتوانرێ بەرووەکە بێ توێکڵ بهاردرێ و کوڵاندنى و وەک هەنگاوى پێشوو لەشى تێدا نوقم بکرێ و بۆ سودى زیاتر دەتوانرێ چاى بەڕوو یا قاوەى بەڕوو بخورێتەوە بۆ دەستکەوتنى ئەنجامى باشتر.
• لە بۆدرەى بەڕوو دەتوانرێ دەرزى بۆ زێ و کۆم بەکار بهێنرێ یا بە خوساندنى بۆدرەکە و دانیشت لە ناوى دا.
لەکوتایی ئەم بابەتە هیوادارم تیشکێکم خستبێتە سەر ئەو دارە بەسودەى کەلاى خۆمان زۆر گرنگى پێ نادرێ و زۆرجاریش دەبڕدرێتەوە و بۆ سوتاندن بەکاردەهێنرێ. دارى بەڕوو لە ئەوروپا زۆر بەربڵاوە لەهەندێ لە دارستانەکانى باکورى ئەفریقیاش, دارى بەروو پەیوەست بووە بەزۆر لەشارستانیە کۆنەکان و بەتایبەت لاى رۆمانەکان و یونانیەکان پیرۆز بووە بەپێى زانیاریەکان لە ئیستادا بۆ لیکۆلینەوە لەشارستانیەتە لەناوچوەکان سود لە داربەڕوەکان وەردەگیرێ چونکە وەک دەلێن تەمەنى بە هەزاران ساڵ دەخەملێنرێ. لەگەل ئەو هەموو سودە زۆرەى زیانیشى هەیە بۆیە پیش بەکارهێنانى بەڕێنمایی پزیشک بەکاربهێنرێ بەتایبەت ئەوانەى نەخۆشى گورجیلەو نەخۆشى دڵیان هەیە وزۆر خواردنى زیان بە گورجیلەو ریخۆلەکان و جگەر دەگەیەنێ وەک هەموو خۆراکێک کە زیاد لە پێویست بەکار هێنرا.