نەوزادى موهەندیس: ساڵى 2017، ساڵى ناسۆر و کارەساتەکان.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
بەداخ و کەسەرێکى گەورەوە کە مێژووى خەباتى کوردایەتیمان و مێژووى نەتەوەکەشمان بەدرێژایى هەزاران ساڵە، هەر بەڕەشى و تاریکى و بێئومێدى ماوەتەوە و گەر بۆ ساتێکى مێژوویى کورتیش بەخت یاوەرمان بوبێت ئەوا تاسەر و بۆ ماوەیەکى درێژ نەبوە، هەربۆیە گەر لاپەڕەکانى مێژوو هەڵبدەینەوە بەشى هەرە زۆرى ناسۆر و کارەسات و شکست و خۆخۆرى و ململانێى ناڕەواى ناوخۆیى لەسەر پۆست و پلە و ئیمتیازات و دەسەڵاتێکى کاتى بوە، نەک لە پێناو نەتەوە و نیشتیماندا بوبێت وەک لاپەڕەیەکى گەش و ڕۆشن.
ڕاستە ئەم مێژووەى کورد سەرتاپاى بەدەست و پلانى کورد خۆى نەخشى نەکێشراوە و بەشى هەرە زۆرى لەلایەن دوژمنان و داگیرکارانى کورد و کوردستانەوە پیلانى ناحەزانەى بۆ داڕێژراوە و کوردستانیان داگیر و دابەشکردوە لەم ناوچە گرنگەى ڕۆژهەڵاتى ناویندا،کە بۆخۆى وەک نەفرەتێکى ئەزەلى گیرۆدەى شەڕ و کوشتار و نائارامى بۆتەوە.
هەڵکەوتە و پێگەى جیۆسیاسى کوردستانیش هۆکاریکى زەقى ئەم نەفرەتى داگیر و دابەشکردنەى کوردستانە و کورد بۆخۆشى پێدەچێت لەئاست لێپرسراوێتى قۆناغەکان و گۆڕانکارى و پێشهاتەکاندا نەبوبێت و نەیتوانیبێت ئیدارەى ململانێ و پەیوەندیە ناوخۆیى و ناوچەیى و جیهانیەکان بکات، جا ئەوەش یان لە نەزانین و بێئاگاییەوە بوە یان دوژمنان کوردیان فریوداوە و خاوەنى بەڵێنى خۆیان نەبونە و کوردیش بۆخۆى نەیزانیوە چۆن دۆست و دوژمنەکانى دیاریبکات و هەڵیانببژێرێت.
کورد لە ئێستادا و لەم ساڵى 2017ى سەدەى بیست و یەکەمەدا مێژوە ڕەش و تاڵەکەى خۆى دووپات دەکاتەوە، ساڵى2017 وەکو هەمووساڵەکانى پێشخۆى ساڵێکى بە جەفاو وشک و بێ خێر و خۆشى بوو، چونکە:
• ساڵى دورینەوەى تەمەن و ژیانى چەندین لە سەرکردە و ڕابەرە کاریزما مەزنەکانى گەلەکەمان بوو.
• ساڵى داگیرکردنەوەى 51%خاکى کوردستان و قەتیسکردنەوەى دەسەڵاتەکانى بوو کە بەخوێن و فرمێسکى هەزاران شەهید و بریندار ڕزگارکرابونەوە لە ساڵى 2014وە.
• ساڵى بەردەوامبوونى قەیرانە دارایى و ئیدارى و سیاسى و ئابورى و ئەمنى و خزمەتگوزاریەکانیشى هاتۆتە سەر و کوردستان لەم بەشەى باشووردا بە ناسۆرترین و جەرگبڕترین چرکە ساتەکانى مێژووى خۆیدا تێپەڕدەکات.
• ساڵێکى پڕ لەکاولکارى و داڕمانى ئاوەدانى و ژێرخانى ئابورى و گەڕانەوەى دۆخى سیاسى بۆ دەیەها ساڵى تر بۆ دواوە بوو.
• ساڵى ڕوودانى کارەساتى سروشتى (بوومەلەرزە) لە کرماشان و سەرپێڵى زەهاو و جوانڕۆ و گەرمیان وهەڵەبجە و دەربەندیخان و سلێمانى و و کەرکوک و …هتد.و زیان گەیاندن بە کوردو کوردستان بوو.
• ساڵى سەرهەڵدانى بێئومێدى و چارەڕەشى لە ئایندە،لەئەنجامى هەڵەى سیاسى و بڕیارى کوشندە و ناڕاستى سەرکردایەتى سیاسى کوردەوە و پەرتکردنى ڕیزەکانى نێوماڵى کورد خۆى وتێکدانى پەیوەندیە ناوخۆیى و ناوچەیى و نێودەوڵەتیەکانەوە بوو.
لەکاتێکدا کە کورد و مەسەلەکەى لەم چەند ساڵەى ڕابووردوودا زۆر گەشەیان کردبوو و گەورەببون و لەهەموو کۆڕو کۆبونەوە نێودەوڵەتیەکاندا بەگەرمى باسیان لێوەدەکرا و بەچاوێکى ڕێزیشەوە تەماشاى خەبات و قوربانیەکانى کوردیان دەکرد، لەڕووى ئیدارە و دەسەڵاتیشەوە مامەڵەى دەوڵەتێکى سەربەخۆمان دەکرد نەک هەرێمێکى بچوکى نێو دەوڵەتێکى فیدڕاڵى ،بەڵام لەلایەک بەهۆى هەڵە خوێندنەوەى هاوکێشە و گۆڕانکاریە سیاسیەکان و لەلایەکى تریشەوە بەهۆى عینادى سیاسیەوە هەموو دەسەڵات و دەسکەوتەکانى 26 ساڵى حوکمڕانیمان لەدەستداو گەڕاینەوە بۆ دەسەڵات و سنورى ساڵى 1991.
بۆیە بەهەق ساڵى 2017 لە مێژووى خەباتى کوردایەتیدا یەکێکە لە ساڵە بەجەفا و کارەساتبار و کاولکاریەکان و هیچ کات ئومێدى پێناخوازین و هەرگیز ناڵێین خۆزگەمان بەساڵى 2017 وخواخواشمانە هەرچى زووتر هەیە ئەم 15 ڕۆژەى کەماوە بەزوویى بەجێمان بهێڵێت و بەرۆکمان بەربدات تاکارەساتى گەورەتر و جەرگبڕترمان بەسەردا نەهێنێت.
بەهیواى ئەوەى ئەم شکست و کارەساتانەمان زۆر درێژە نەکێشێت و ئەم نسکۆیەشمان بگۆڕینەوە بەسەرکەوتن و هەستانەوە لە ئایندەیەکى نزیکدا.
ساڵى دادێ ساڵى 2018 ساڵى ئومێد و گەشانەوە و خۆشگوزەرانى و یەک و یەکگرتوویى نێوماڵى کورد بێت. ساڵى نەمانى قەیران و ترس و بێئومێدى بێت، ساڵى هەستانەوە و خۆنوێکردنەوەى کورد بێت لەو گلانە سیاسى و سەربازى و ئابوریەى کەبەسەر خۆیدا هێناى.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
- بابەتەکانی تری نەوزادی موهەندیس
نەوزادی موھەندیس: سەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق و ھەرێمی کوردستان، لەنێوان ترس و دڵەڕاوکێدا.!
-نەوزادی موھەندیس: پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا لە نێوان ڕاستگۆیی و فێڵ و فریوداندا.
-نەوزادی موھەندیس: سیناریۆکانی بەردەم پێکھێنانی کابینەی دەھەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان چین؟
- All Posts