گۆران هەڵەبجەیی: [من موسوڵمانم بەر لەوەی کوردبم] بەدحاڵیبوون لەکن موسەننا ئەمین.
بەر لەوەی هەرچی بم ، من کوردم
[ 12،09 ] بەڕێز موسەننا ئەمین سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی ناساندنی قودس لە لایەن ترەمپەوە وەک پایتەختی ئیسرائیل، ڕواوبۆچوونی خۆی دەربڕی.
ئەز ئەو بەشەی قسەکانی بەڕێز موسەننا کە پەیوەندی بە هەڵوێستی دژ‌و شۆڤێنستی فەلەستینیەکانەوە هەیە دەربارەی کورد ،بەتایبەتیش هەڵویستی حەماس و جیهادی ئیسلامی و لایەنە سیاسی و ئاینیەکان ،هەڵدەگرم بۆ کەسانی دیکە قسەی لەسەر بکەن.
من دەمەوێت تەنها قسە لەسەر ئەو بڕگەیە بکەم کە گووتبووی [بەر لەوەی کوردبم موسوڵمانم]
دیارە بەڕێز مووسەنا ئازادە چۆن بیردەکاتەوە چۆن کار بۆ ئاینەکەی دەکات و چۆن فەزڵی دەدات بەسەر نەتەوەکەیدا ، بەڵام بابزانیت بە ئەنقەست یا لە نەزانیندا بیت بەدحاڵیبوون لەو گوزارشتەیدا هەیە .
دەکرا بیگووتایە ،من ئاینەکەمم لە نەتەوەکەم لا گرنگترە ، بەڵام کە دەڵێت [من بەر لە وەی کورد بم موسوڵمانم]، هەڵە مەزنەکە لێرەدایە.
گەر شارەزایی لە چۆنیەتی پەیدابوونی نەتەوە و جیاوازی لەگەڵ ئایندا هەبووایە ،هەرگیز ئەو قسەیەی نەدەکرد. بەڵام پێدەچێت شارەزایی لە چەمکی نەتەوەدا نیە، بۆیە بە پیوستی دەزانم بڕێک بۆی ڕوونبکەمەوە.
سەرەتا گەرەکمە بە شێوە سادەکەی پێناسەی نەتەوە بکەم.
نەتەوە بڕیتیە لە هاوبەشی کۆمەڵە مرۆڤێک لە چەند خەسڵەتێکدا ،لەوانە زمان ،مێژوو ،کەلتوور ،خاک و دابونەریت و هاوسۆزی و هەندێک خاڵی دیکە .بەڵام مەرج نیە ئەم خاڵانە لە هەموو نەتەوەیەکدا بوونیان هەبێت.
دیارە جۆرەها پێناسە بۆ نەتەوە هەیە ، کە زمان و مێژوو لە هەموویاندا هاوبەش ،لێ من تەنها ئاماژە بەیەک نمونە دەکەم.
جیۆسیبی ماتزینی ئیتالی[1835] لەبارەی نەتەوەە کە کۆنترین پێناسەیە بۆ نەتەوە دەڵیت: [نەتەوە بریتیە لە ئینتمای کۆمەلە مرۆڤێک بۆ یەک نیشتمان، بەمەرجیک زمانی هاوبەش میژووی هاوبەش لە خاکی ئەو نیشتمانەدا کۆیان بکاتەوە .]
گەر کەسێک لە دایک و باوکێکی کورد لەدایک بوو ،ئەوە بێگومان سەربەنەتەوەی کورد دەبێت ،خۆگەر دایک و باوکی عەرەب یا فارس یا تورک یا هەر نەتەوەیەکی دیکە بێت ،ئەوە ئۆتۆماتیکیەن سەربەو نەتەوانە دەبێت .
خۆگەر دایک و باوک هەریەکەیان سەر بە نەتەوەیەکی جیاوازبن ،ئەوە منداڵەکانیان سەربە دوو نەتەوە دەبن و دەشێ منداڵەکان سۆز و خۆشەویستیان بۆ هەردووو نەتەوەکە هەبیت.
بەڵام ئاین بریتیە لە پەیوەندیەکی ڕۆحی لە نیوان تاک و خودادا، جا ئەو پەیوەندیەش پیوستی بەخاک و زمان و نیشتمان و کەلتوور نیە ،لەهەر شوێنێکدا بێت [خوای دەکرد لە دارستانەکانی ئەمازۆنیش بیت] ئەو پەیوەندیە درووست دەبیت .یاخود دشێ ئاین پەیوەست بوونی کۆمەڵە کەسێک بێت بە ئاینێکەوە ،ئیدی مەرج نیە ئەو کۆمەڵە کەسە لە سەریەک خاک بژین، و خاوەنی یەک کەلتوورو میژوو دابونەریت بن. ،بۆنمونە موسڵمانێکی کورد‌و پاکستانی وئەندەنووسی و ئەفریقی دەتوانن هەمان ئاین پەێرەو بکەن، کەواتە ئەوەی هاوبەشە لە نیوانیاندا تەنها ئاینە و هیچیتر.
نەتەوە نەگۆڕە و ئاین بگۆڕ
ئەم کەسەی کە لەدایک و باوکێکی کورد هاتوەتە دنیاوە ،تا دەمرێت هەر کوردە ، کەسێکی کورد نا‌توانیت بڵیت من ئیتر لە سبەینێوە کورد نیم و نەتەوەکەی خۆم دەگۆرم. ئەمە هەمان پرەنسیپە بۆ هەموو نەتەوەیەک .
کەواتە ئینتما بۆ نەتەوە نەگۆڕە، کەسەکانی سەر بە هەر نەتەوەیەک دەشێ ناسیۆنالست ،لیبرالیست ، چەپ وکۆمۆنیست ،ئاینی یا ئینسانیانە بیربکەنەوە کە ئەمەش ئاساییە ،بەڵام لە کۆتایدا هەر هەموویان سەربە یەک نەتەوەن.
لێ کەسێکی موسوڵمان یا کریستیان یا سەر بە هەر ئاینێکی دیکە ، با لە دایک و باوکێکی سەربە یەکێک لە ئاینەکانیش لەدایک بووبێت، بەڵام مەرج نیە تا مردن لەسەر ئەو ئاینە بمێنێتەوە ، کەواتە شتێکی [نەگۆڕ نیە] ،دەکرێ کەسێک لە دایک و باوکێکی موسڵمان لەدایک بووبیت ،بەڵام پاش بەینێک واز لە و ئاینە دێنیت و دەچێتە سەر ئاینێکی دیکە یا هیچ ئاینێک پەیڕەو ناکات.کەواتە ئەمە دەیسەلمێنێت قسەکەی بەڕێز مووسەنا ڕاستنیەو پوچەڵی دەکاتەوە ،ئەم حاڵەتە، واتە ئاین گۆڕین یا وازهێنان لە ئاین بوونی هەیەو بەردەوام ڕوودەدەن .کەواتە گەر کەسێک ئاینی خۆی گۆڕی ناکرێ خەسڵەتی ئاینە کۆنەکەی بکەن بە پێناسە بۆی، چونکە ئەوە نیە .
من لێی دەپرسم ئەو وەک کورد لەدایکبووە یا وەک موسوڵمان؟ ئایا وشەگەلێک کە بە منداڵی بۆ یەکەم جار بەرگوێی کەوت [ کۆرپەکەم، ڕۆڵەکەم ،کوڕە ئازیزەکەم ،دیدەکەم ،بنوو ،مەگری،شیرەکەت بخۆ ]بوو یا وشە و تێکستە قورئانیەکان و ناوی ئەسحابەکانی ئیسلام بوو؟
دیسان دەپرسم ،دەتوانیت بڵێی چیتر من کوردنیم و ئینکاری لە ئینتما بۆ نەتەوەکەی خۆت بکەیت؟
یاخود ئایا بۆت هەیە ئاینەکەی خۆت بگۆڕیت یا نا؟من داوات لێناکەم بیگۆڕیت بەڵام ،وەک پرەنسیپ دەکرێ یا نا؟
کەواتە با کاک موسەننا ، باش بزانیت ئەو بەر لەوەی موسوڵمان بێت کوردە ،نەک بە پێچەوانەوە.
هەزارەها کورد هەن دەستبەرداری ئاینەکەیان بوون، ئیدی ئاینێکی دیکەیان هەڵبژاردوە وە یا بروایان بە هیچ ئاینێک نەماوە ،بەڵام وەک نەتەوە هەر کوردن، جا هەڵگری ئایدۆلۆجیایەک بن یا نا.
بەداخەوە کە بەڕێز موسەنا بەو جۆرە هەڵەیە بیر دەکاتەوە ،ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت، هەڵگری ئەو جۆرە بیرکردنەوانە هەردەم ئامادەن خاک و نییشتمان و گەلتوورو نەتەوەی خۆیان بکەن بە قوربانی ئاین و مەزهەبەکەیان،کە ئەمەش زۆر مەترسیدارە.
سەرنج/ ئەوەی خوارەوە قسەکانی بەڕیز موسەننا ئەمینە.
“پێش ئەوەی كورد بم موسڵمانم”
موسه‌نا ئه‌مین لەبارەی بڕیارەكەی ترامپ: عه‌ره‌ب هه‌ڵوێستی له‌سه‌ر كورد هەبێت یا نا ئێمه هەڵوێستمان دەبێت
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتو لەپەرلەمانی عێراق بڕیارەكەی سەرۆكی ئەمریكا بۆ ناساندنی قودس وەك پایتەختی ئیسرائیل بە”هەڵە” ناودەبات. دەشڵێت”من پێش ئه‌وه‌ی كورد بم موسڵمانم… ئێمه وه‌ك كورد ئه‌گه‌رچی عه‌ره‌ب هه‌ڵوێستی له‌سه‌ر مافه‌كانمان نه‌بێت، ئێمە هه‌ڵوێستمان له‌سه‌ر مافی ئه‌وان ده‌بێت”.
ئاوێنە: هەفتەی رابردو سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترامپ قودسی وەك پایتەختی ئیسرائیل ناساند و بڕیاریشدا بە گواستنەوەی باڵوێزخانەی وڵاتەكەی لە تەلئەبیب-ەوە بۆ قودس، ئەوەش كاردانەوەی توندی وڵاتانی موسڵمانی لێكەوتەوە. له‌هه‌رێمی كوردستانیش لایه‌نه ئیسلامیه‌كان له‌ڕێگای به‌یاننامه‌وه هه‌ڵوێستی خۆیان دژ بە بڕیارەكە خسته‌ڕو.
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوی ئیسلامی لەپەرلەمانی عێراق، موسەنا ئەمین بە بەشی كوردی دەنگی ئەمریكای راگەیاندوە كە بڕیارەكەی سەرۆكی ئەمریكا “بڕیارێكی هه‌ڵه‌یه، دژ به‌بنه‌ماكانی مافی مرۆڤه، بڕیارێكه دژ بهفهلهستینیهكان دراوه كه خاكه‌كه‌یان له‌لایه‌ن ئیسڕائیله‌وه داگیركراوه ،بڕیارێكه ته‌نانه‌ت پێچه‌وانه‌ی خودی ئه‌و بانگه‌شانه‌یه كه ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به‌دیموكراسی و مافی مرۆڤ و ئاشتی ده‌یكات، ته‌نانه‌ت پێچه‌وانه‌ی سیاسه‌ته‌كانی هه‌مو سه‌رۆكه‌كانی پێشوی ئه‌مریكایه.”
موسەنا ئەمین وتوشیەتی”ئه‌م بڕیاره ده‌بێته هۆی دروستبونی شه‌ڕ و نائارامی له‌ناوچه‌كه‌دا له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا.”
له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا فه‌له‌ستینیه‌كان هه‌مان پشتیوانی كوردانی عیراقیان هه‌بوه له‌كاتی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم و بانگه‌شه‌ی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ؟ سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتو لە پەرلەمانی عێراق وتویەتی”من پێش ئه‌وه‌ی كورد بم موسڵمانم، بهكوردبونمان لەموسڵمانێتی ناشۆرێینه‌وه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی بابه‌تێكی مرۆڤایه‌تیه و به‌رگری كردنه له‌مافی گه‌لێك كه خاكه‌كه‌ی داگیركراوه، به‌رگری كردنه له‌مافی موسڵمانان و شوێنه پیرۆزه‌كان بۆ ئێمه‌ی موسڵمان هه‌ر نوێژكردنێك له قودس خێری پێنج سه‌د نوێژی هه‌یه.”
جەختیشی كردۆتەوە “با عه‌ره‌ب هه‌ڵوێستی نه‌بێت له‌سه‌ر ئێمه بۆ ئێمه ئه‌مه بابه‌تێكی مرۆڤایه‌تیه، ئه‌و كه‌سه‌ی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتێكی شۆڤێنی بو به شۆڤێنی ئه‌وه خۆی و ئه‌خلاقی دۆڕاندوه، له‌هه‌ر شوێنێك پێشێلكاری دژ به مرۆڤ كرا خاكی داگیر و وێران كرا هه‌مو مرۆڤایه‌تی لێی به‌رپرسه.”