عەبدولڕەحمان عەلی: پێنج هەنگاو بۆ چارەسەری دۆخی دارایی و ئابوری.
لەئێستاداو بەتایبەت دوای کاردانەوەکانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەلایەن حکومەتی ناوەند و ڕوداوەکانی( 16)ی ئۆکتۆبەری ( 2017 )کەبوە هۆکاری لەدەستدانی زیاتر لەنیوەی خاک و خەڵکی کوردستان و ئاوارەبونی هەزاران هاوڵاتی ناوچە دابڕێنراوەکان و ماڵوێرانیەکی زۆر بەسەریاندا، هەرێمی کوردستان پێشتر خۆی چەندە گیرۆدەی قەیران ببوو هێندەی تر ڕووبەڕووی قەیران و تەنگەژەی زیاتربوەوە، کەلەئاستیدا دۆشداماوەو توانای دۆزینەوەی هیچ ڕێگەچارەیەکی نەماوە لەسەرجەم بوارەکاندا بەگشتی و بواری دارایی وئابوری بەتایبەتی.
گەر دەسەڵاتدارانی هەرێم دەیانەوێت ڕێگاچارەیەکی خێرا بۆ ئەم دۆخە بدۆزنەوە تاکو چیتر بەرەو ئاقارێکی خراپتر نەڕوات ئەوا پێویستە بەزوویی ئەم چەند هەنگاوە بهاوێت:
1- بەزوویی وبێ سڵەمینەوە، بێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی کەسی و حیزبی هەرچی موچەخۆری بندیوار، وەهمی ، نایاسایی و ئەوانەی بەپلەی باڵاونایاسایی خانەنشینکراون بێ ئەوەی ڕۆژێک ئەو پۆستەیان بینیبێت، و بونەتە بارێکی قورس بەسەر بودجەی ئەم هەرێمەوە، بکرێنە قوربانی و بەزوویی لەلیستی موچەدا تاڵکێش بکرێن کەکارێکی هێندە قورس نیە گەر ئیرادە هەبێت، ئەویش لەپێناو دابینکردن و پێدانی موچەبە فەرمانبەرو موچەخۆرانی سەردیوارو ڕاستەقینە لانی کەم لەکات وساتی خۆیدا.
2- یەکێتی و پارتی کە چارەکە سەدەیەکە حکومڕانیان بەدەستەو لەسایەیشیەوە چەندین کۆمپانیای زەبەلاحی هەمەچەشننیان بنیادناوە و بەهۆیەوە بونەتە خاوەنی داهات و پارەیەکی بێ شومار، دەکرێت لەم دۆخەدا چەند چەردەیەک پارە بدەنەوە بەحکومەت تاکو لەم ئیفلاسیە ڕزگاری بکەن.
3- دەوترێت لەهەرێمدا دەیان ملیاردێرو هەزاران ملیۆنێری دۆلاری تێدا دروستبوە، کە بەدڵنییاییەوە زۆرینەیان گەر کەسانی باڵای حیزبەکان بەتایبەت یەکێتی و پارتی نەبن ئەوا یان دۆستیانن یان لە هەردوو حیزب نزیک یان شەریکن، ئایا ئەم لەشکرە ملیاردێرو ملیۆنێرە چیانکردوە لەم هەرێمەدا و ئەو هەموو سەرمایەیان لەئێستادا لەکوێ حەشارداوە.
بۆیە دەکرێت لەمکاتەدا بڕێکی باش لەو پارەیەی کەلەلایەن ئەو سەرمایەدارە دەستکردانەوە کۆکراونەتەوە لەدەرەوە بێت یان ناوەوەی هەرێم بیگەڕێننەوە بۆ چارەسەریی دۆخەکەو خزمەتی هاوڵاتیان کە قوربانیدەری یەکەم و کۆتایی هەرئەوانن.
4- دەبێت لەمساتەوە حکومەت بەجدیەتێکی زۆر و پلانێکی هەمەلایەنەوە بڕیاری چاکسازی ڕاستەقینەبدات لەسەرجەم سێکتەرەکان، و لەداهات وخەرجیشدا زۆر ڕوون و شەفاف بێت و هیچ گومانێک بۆ کەس نەهێڵێتەوە لەو ڕوەوە، دەزگاو دامەزراوەکانیش ڕابسپێردرێت بۆ بەدواداچون و لێکۆڵینەوە، و دەسەڵاتی تەواویشیان پێ بدرێت. چونکە هۆکارێکی سەرەکی قوڵبونەوەی قەیرانەکان سیخناخبونی دامەزراوەکانی هەرێم بوو بەگەندەڵی جۆراوجۆر.
5- دەکرێت سەرکردایەتی سیاسی کورد بیر لەدروستکردنی فشارێکی بەهێزبکاتەوە لەبەرامبەر حکومەتی ناوەند تاکو وڵاتانی زلهێزو یونامی و… هتد، بێنە سەرهێڵ و ببنە ناوبژیوان، ئەویش هەڕەشەی کشانەوەیە لەپڕۆسەی سیاسی لەعێراقدا لەسەرۆک کۆمارەوە تا دواپۆست لە حکومەتی ناوەند کەئەوەش دەنگدانەوەیەکی گەورە دروستدەکات لەئاستی وڵاتانی دنیادا کە کورد وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی لەنێو پڕۆسەی سیاسیدا بڕیاری کشانەوە دەدات، گەرنا عێراق بەو ئاسانیە نایەتە پێشەوە بۆدانوستان لەگەڵ هەرێم، لەم نێوەندەشدا خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان باجی هەڵەی سیاسیەکانی هەرێم دەدەن نەک سیاسیە کورتبینەکانی هەرێم خۆیان بیدەن، وەناکرێت حکومەتی ناوەندیش لەپێناوو لەبەرامبەر تۆڵەکردنەوە لەچەند حیزبێک و بەرپرسەکانیان سزایەکی گەورەو ناڕەوای کۆی خەڵکی کوردستان بدەن و ئەوان ببنە خۆراکی ململانێکانیان .