کاوسێن بابەکر: زۆر بەپەلە… حکومەتی فریاکەوتن!
ئەم حکومەتە بەچەندین ئاماژە لەکارکوتووەو نەک هەر شکستی هێناوە، بەڵکو بەتەواوی هەرەسی هێناوەو تەنها چرکە ژمێری دەکات. خۆی بە سەر سینگێک دابدات یان بەتەلانێکدا خۆی هەڵدێرێت جا ئەو سنگ و تەلانە بەزەلیلی گەڕانەوە بێ بۆ بەردەم بەغدا یان فرۆشتنی ئەوەی ماوە لە نەوت و ئاوو خاک و مرۆڤ بێ.
ئەوەتا گەیشتۆتە ئەو ڕادەیەی کە موچەو بژێوی پێشمەرگە ببڕێت! کە تاقە هێزی پارێزەری ووڵاتە و لەناخۆشترین ژیاندا شەونخونی لەسەنگەرەکانی پێێشەوە دەکات، بودجەکەی بۆ نزیکەی نیوە کەم دەکاتەوە! حکومەت لەوە دەرچووە دامەزراوەیەک بێ بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی هاووڵاتیان و دابینکردنی خۆشگوزەرانی و ڕاییکردنی کاروباری هاولاتیان، بەڵکو بووە بەبار بەسەر خەڵکەوەو زیاتر لە 10 ملیار دۆلاری کۆمپانیاکانی لەبانکەکاندا بردوەو زیاتر لە 6 مووچەی فەرمانبەران و 16 موچەی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی دەستبەسەرداگرتووە! حکومەتێک هاواربکات؛
*- مووچەمان پێنادرێت
*- بەغدا گوێمان لێ ناگرێ و ئامادە نیە دان و سانمان لەگەڵبکات
*- پەرلەمانی هەڵپەساردووەو ئامادەنییە گوێی لی بگرێ
*- ئۆپزسیۆن بەدوژمنی خۆی دەزانێ ئامادەنییە گوێی لێ بگرێ
*- ئیدارەی پێشمەرگەی پێنادرێ و خەریکە مووچەکانیان دەبڕێ!
*- خوێندکاران خۆیان دەبێ پارەبدەن بۆ ناوخۆییەکانیان
*- پارەی کۆمپانیاکان ناگەڕێنێتەوە
*- گەندەڵی بۆ چارەسەر ناکرێ
*- ئامادەنییە دەست بۆ هیچ چاکسازیەک بەرێ
*- بەم حاڵانەشەوە گرێبەست و کارە ناشەفافیەکانی ئاشکراناکات
*- کاری ئاوەدانکردنەوەو نۆژەنکردنەوەی سەرجەم سێکتەرەکانی ڕاگرتووە
*- کارەبای بۆ 4 -6 کاتژمێر لە 24 کاتژمێردا دابەزاندوە
*- بێکاری بۆ سەروی 13% بەرزکردۆتەوە و بازاری کەسادکردوە
*- تاوان زیادیکردووەو ژمارەی خۆکوشتن لەزیادبووندایە لەنەداریان!
*- فرۆکەخانەکان لەکارکەوتوون
*- ناوچەجێناکۆکەکانی لەدەستداوەو حەشدی شەعبی بەردەوامە لە کاری ئیستفزازی و شەڕفرۆشتن!
سەرەرای هەموو ئەوانەش هێشتا وەک نەبایان دیبێ و نەباران، هیچ گۆڕانکاریەک لەخۆیان و لەعەقلو ئاوەزیاندا بەدی ناکرێ نەبەخۆیاندا دەچنەوە و نە ژمارەی سەفەرو دەرماڵەی نوسینگەکانیان و ژمارەی وەزیرو گزیرو وەزارەتەکانیان کەمکردۆتەوە، و هەر سورن لەسەر شکەست و دۆڕانەکانیان، بۆیە کاری زۆر بەپەلە ئەوەیە، شەرم بیانگرێ و خۆیان دەتهەڵگرن و حکومەتێکی فریاکەوتن بەبێ بەشداری ئەم دەم وچاوانە پێکبهێنرێ، بێنویەکیان دۆزیوەتەوە گوایە کات لەبەردەست نییە، بەیەک ڕۆژ دەتوانن دەست لەکار بکێشنەوەو ڕۆژی دووەم کۆبوونەوەی پارتەسیاسیەکان بکرێ و کەسێکی دەستپاک و شارەزا راسپێری بۆ پێکهێنانی حکومەت لەکەمتر لەهەفتەیەکدا، 5-6 وەزیری زەرووربەسە! و زۆر بەپەلە بکەوێتە خۆ بۆ:
*- دروستکردنی حکومەتێکی بچوک بۆ فریاکەوتنی ووڵاتەکە، کەکاری سەرەکی بریتی بێ لە؛
1- دۆزینەوەی بواری گفتوگۆیەکی هاوسەنگانە لەگەڵ بەغدا بەچاودێری هاپەیمانان کە کێشەکانی پێشمەرگەو بودجەو سنورو ناوچە جێناکۆکەکان تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان بن لەچوارچێوەی دەستوردا
2- دابینکردنی مـووچەی فەرمانبەران و گێڕانەوەی مووچە خوراوەکانیان بەپێی جەدوەلێکی زەمەنی
3- گێڕانەوەی پارەی براوی کۆمپانیاکان کەبوژانەوەی بازاڕیشی بەدوادادیت
4- ڕێکخستنەوەو پوختەکردنەوەی پێشمەرگە لەسەر بنچینەی وەلای نیشتمانی دوور لەحزب
5- ڕێکخستنەوەی دام ودەزگاکان و بەسیستەمکردنیان
6- ئامادەباشی بۆ هەڵبژاردنێکی پاک و خاوێن کە ئەم خاڵەیان بەرای من لەهەمووان گرنگترە و دەبێ ئەرکی سەرەکی ئەم حکومەتەبی