Ashti-Hawrami

دلێرحسێن پیرۆمەری: باچیتر زوڵم لەئاشتی هەورامی نەکەین.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سیاسەتی ئابووری سەربەخۆیی و فرۆشتنی نەوت، ئەجێنداو كرداری ئاشتی هەورامی نەبووە، هەورامی تەنھا مقاشێكەو ژمارەكانی حاسێبەی بارزانی دەخوێنێتەوە. قوربانی دەستی بارزانیشە.
دەکرێ ڕەخنەی ئەوەمان لەهەورامی هەبێت، كەچۆن قبووڵی بووە وا بەئاسانی بەکار بهێندرێ و وێنا و ناوی ئاوا ناشیرین بکرێ.؟ هۆکار چییە؟
– ئاشتی هەورامی (شارەزاو مھندسی نەوت) دەستە مۆکرا؟
– ئایا هەورامی یەکەم و دواین قوربانیە ؟
خستنەڕووی کارەکتەریی سەرەکیی نەهەمەتیەکانی کوردستان، کەخودی بارزانی برازایەو لەجیاتی ئاوەدانی باشترە پێی بگوترێت: ئەندازیاری کاولکاری و نەهامەتیەکانی ووڵات. بەدەلیلی ئەوەی بارزانی برازا 19 ساڵە سەرۆکی حكومەتەو هەرچی گرێبەستی ئابووری هەیە بەواژووی ئەو بووە.
نێچیر بارزانی هەوڵی داوە بە تێوەگڵاندنی زۆرترین کەسایەتی کە لەکاتی خۆی بەدیدی سەرکردایەتی کورد ئەوانە فریادڕەس و دەڵەوتمەدارن، دەتوانن حوکمڕانیەکی باش بکەن، لەهەندەران بەتەکلیف و خاترخاترێنە هێنراونەتەوە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لەسەر دەستی چەند کەسایەتیەکی نێو یەکێتی، لەپێناو باشکردنی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان و بەتەكنۆكڕاتكردنی ئیدارە، بەڵام هەزوو تۆڕە سیحراویەکەی نێچیربارزانی پەل و باڵیان قفل دەدات و هەمان خەسڵەت و سیفاتی خۆیان دەخزێننە زھن و جەستەی فریادڕەس و پڕۆفیشناڵە هێندراوەکان، دەیان هێنە سەرهەمان عەقڵەیەتی خۆیان کە داشۆراون لە مرۆڤایەتی و تەژی كراون لەگەندەڵی.
نمونەی ئەمەشیان زۆرە، کەلەکابینەکانی ڕابردوو گەلێک جوامێر بەسیفەتی وەزیر هاتونەتە نێو حکومەت، ڕەنگە بەبەرنامە و پلانی تۆکمەو ئەجێندای مۆدێرن و عەقڵێكی حەكیمەوە ھاتبن، بەڵام دواجار بەگەندەڵ و ناشیرنترین دەموچاو دەرکەوتوون. بێ ئەوەی دیراسەی وردی بابەتەکە بکرێت سەرکۆنە دەکرێن.
سەرکۆنە کردنیان وەک مرۆڤی موڕاڵ كاڵ بەرامبەر پارە و ئافرەت ئاساییە، بەڵام بۆ چارەسەر پێویست بوو ئەلتەرناتیڤی ڕیشەیی بدۆزرێتەوەو لەقۆناغی سەرزەنیشت و گازاندەی ڕووشەرمنی دەربچن، تاچیتر وڵات نەکرێتە قوربانی نیازو نیەت و بێزەوەریە گڵاوەکانی نێچیرڤان بارزانی، پێویست بوو لەنزیكترین دەمدا بارزانی برازا لەئیدارە دوور بخرێتەوەو لەبەردەم دادگا بخرێتە سەرقاچ. بۆئەوەی ئیدارەی ھەرێمی خوێن تێزاو نەگەیشتبا بەم دۆخە پڕ لەدەردەسەریە.

نێچیرڤان بارزانی و دەست گرتن بەحوکمڕانیەوە
ئەوەی لەنزیکەوە کاریی لەگەڵ نێچیردا کردبێ چاک لەو ڕاستیە تێ دەگات، كەچۆن هەوڵیداوە زۆرترین کەس هاوشێوەی خۆی لەگەندەڵیدا بگەوزێنێ. لەوانە:
1- سەرەتای دەست بەکاربوونی هەر کابینەیەک بەناوی پێدانی هەیبەت و شکۆ بە وزیر و گزیر و مدیرەكان هەوڵیداوە پارەی باشترین ناو ماڵ و جوانترین سەیارەیان بۆ دابین بکات.
2- هەمیشە دەستی واڵکرددوون بۆماددە، بەبیانووی جوانڕایی کردنی ئیش و کارەکان تادەکەوتنە ناو داوەکەی ئەزبەنی برازا.
3- بەموجامەلەو قسەی خۆش خۆی وانیشانداوە كەئەو جیاوازە لە کەسانی ناو حیزبەکەی، تەنانەت خۆی بەجیاواز لەناو خودی بنەماڵەکەشی دەرخستووە، گوایا بەمۆدێرنانە بیردەکاتەوە، بەڵام لەئەسڵدا ھەمان دیدو ھەمان بیرکردنەوەی مام و پسمامەكانی ھەیە.
4- کڕینی ئەندامە كارپێ سپێردراوەكانی نێو حزبەكانیتر، بۆ ئەوەی لەکاتی پێویست هەڵوێستیان پێوەربگرێت و وەک کارتێک بەرامبەر ڕەئی نێو حیزبەكەی بەکاریان بێنێت، بەنمونە: حەملان و ھیوا.
5- دروستکردنی زۆرترین پشتیوانی گەندەڵی بۆ خۆیی و بێ ئەرزشکردنی حکومەت و حوكمداری تا خەڵكی كوردستان ئومێدیان بەئەوانیتریش نەبێت، كە داوای چاكخوازی دادگەریی دەكەن.
6- ناشیرکردنی زۆرترین دەموچاو، تا واوێنا بکات كە هەرکەسێ بێت گەندەڵە و گەندەڵی ڕۆچۆتە ناخی هەموو تاکێکی کورد، بۆئەوەی ڕووی دزێوی خۆی پێ جوان بكات، تاكو خەڵكی شوكر بەحوكمی ئێستای ئەوبن.
7- تا بەتاکی کورد بڵێت حیزبەکان هەمووی وەک یەک گەندەڵن و هەر ئێمه نین، بەڵكو ئێمە باشترینین لەنێو گەندەڵكاران.
8- لەپاڵ ئەو سیاسەتە، زۆرترین فۆکەسی ڕای گشتی خستۆتە سەر وەزیرەکان و چاوەكانی لەسەر خۆی دوور خستۆتەوە.
ئەمانەش مانای ئەوە نین كەڕۆڵ و کاسەیەتی لایەنەکانی تر پەپولە ئاسا لێ دەرچن، بەڵكو ڕۆڵی مامی بچوک و ئەوانی پێش خۆی هیچی کەمتر نین لەڕۆڵی ئەندازیاری بیابانكردەو كاولكاری و گەندەخۆری دەرحەق بەكوردستان، تەنانەت ڕۆڵی ھەورامیش خراپە، خۆ دەیتوانی مەلەفی نەوت كەشف بكات و ڕای جەماوەرو مەدەنی و میدیاكارەكان ئاگاداری مەرامی نێچیر بكات.
لەژێر ڕۆشنایی ئەم خاڵانەی سەرەوە داوا دەكەین، چیتر شەڕ بەهەورامی نەفرۆشن، بەڵكو وەرن باشەڕی ئەوانی تر بکەین كە لەپشت ڕووخساری ھەورامیەكانەوە چەپەڵترین و چەوتترین واژۆ دەنوسن.
شەڕێك بكەین كە بۆئەبەد دەستی گەندەڵ و بیری چەوت و كرداری بێزەوەر لەئیدارەی ئەم ھەرێمە نەفی بكەین، چونكە بەھەبوونی تارمایی و تەنانەت سێبەریشیان گەل ناحەسێتەوەو ئێمەش ناگەین بەخواستی دادپەروەری و دیموكراسی و یاسا سەروەری. تا ئەوانە لەحوكم دوور نەخرێنەوە دادگایەك بونیادنانرێت كە ھەموان; بەسەرۆك و وەزیرو گزیرو حزب و خێڵ و خانەوادەو ماڵبات و بنەماڵە لەبەردەمیدا یەكسان بن. وە تا ئەوان ھەبن هەزران هەورامی تری سێبەر دروست دەکرێن و گەلیش ھەر لەبێدادیدا دەناڵێنێ

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت