شێرزاد شێخانی: با ژنەكانمان بڕژێنە سەر شەقام.
بەهۆی خراپی سیستەمی سیاسی لەكوردستان و بێدەنگی بەشێكی زۆری حزبە سیاسەكان لەئاست هەوڵەكانی پارتی بۆ بەدیكتاتۆر كردنی دەسەڵات، هەرێمەكەمان بەرەو هەڵدێر هەنگاو ئەنێ. گومان لەوەدانیە هەر وڵاتێك سیستەمەكەی بەرەو دیكتاتۆریەت بەرێت، ئاكامەكەی داڕوخان و وێرانبونە. وڵاتێكی وەكو عیراق یەكێكە لەدەوڵەمەندترین وڵاتانی ناوچەكە، بەهۆی دیكتاتۆریەتی سەدام چارەنوسەكەی دیاربو بەچی كۆتایی هات، وڵات وێران بو، میللەت كەوتە برسیەتی، دوای 14 ساڵیش لەنەمانی دیكتاتۆر هیشتا نەهاتۆتە سەر خۆی.
وەزعی میللەتی ئێمە رۆژ بەرۆژ خراپتر ئەبێ، هیچ ئاسۆیەكیش نابینرێ بۆ چاكبونوەی ئەم وەزعی برسیەتی و نەهامەتی و تێكچونی باری سیاسی هەرێم، لەگەڵ توندبونی سزاكانی بەغداش هەرێم لەلێواری روخانێكی حەتمیدایە، حكومەتی هەرێم بەئاشكرا هاوار ئەكات كە ناتوانێ لەوە زیاتر موچەو نانی خەڵك دابین بكات، بەڵام لەبەر ئەوەی حزبەكان عەشقی كورسین دەستبەداری دەسەڵات نابن، لێرەدا چەندین رێگا هەیە بۆ دەربازبون لەم وەزعە قەیراناوییەو روخاندنی ئەو دەسەڵاتە.
روبەروبونەوەی دەسەڵات بەچەندین رێگاو شێوازەوە دێتە ئەنجام.. شۆڕشی چەكداری، راپەڕینی جەماوەری، مانگرتنی گشتی، خۆپیشاندانی سەرتاسەری. هەڵبەت شۆڕشی چەكداری و راپەرێنی جەماوەریش كارێكی ئاسان نیە لەم هەلومەرجەدا، مانگرتنی گشتیش سودێكی ئەوتۆی نابێت، چونكە دەسەڵات گوێی پێنادات، ئەمێنێتەوە بژاردەی خۆپیشاندانی جەماوەری كە باشترین بژاردەی ئەم سەردەمەیە.
زۆرجار گوێبیستی ئەوەش ئەبین كە هەندێ كەس ئەڵێن خۆپیشاندانی جەماوەری پێویستی بەڕێبەرایەتی حزبێكە، ئەمەش بەهانەیەكی بێ مانایە، چونكە كاتێك میللەت لەهەمو شارەكانی كوردستاندا لەراپەرینی بەهاری 1991دا رژانە سەر شەقام و دامودەزگاكانی بەعسیان بە چەقۆو خاكەناز تەفروتونا كرد، هێشتا هێزی پێشمەرگە نەگەیشتبوە ناو شارەكانەوە، كەواتە خۆپیشاندان بەبێ رابەڕیش ئەتوانێ سەركەوتن بەدی بێنێ.
هەندێجاریش ئەبیستین كەوا خەڵكی لەترسی گوللەی دەسەڵات ئەترسن بێنە سەر شەقام، پێیان وایە هێزەكانی دەسەڵات هیچكات سڵناكەنەوە لەدەستوەشاندن بەگولـلەوە. ئەمەش ئەگەر بۆ خۆپیشاندانێكی سەد كەسی راست بێت و دەسەڵات بتوانێ دەمكوتیان بكات، بەڵام كە بون بە سەد هەزار هیچ هێزیك لە دونیا ناتوانێ سەركوتیان بكات، ئەمەو جگە لەوەش ئێستا دونیا گۆڕاوەو هەواڵی بەیەكدادانی دو ئۆتۆمبێل بەماوەی چەند چركەیەك ئەگاتە سەرتاسەری دونیاوە، دەسەڵاتەكەی ئێستای هەرێمیش ئەوەندە رێزدارو خۆشەویست نیە چ لەسەر ئاستی دونیاو، چ لەسەر ئاستی ناوخۆدا تا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگی بكات لەسەركوتكارییەكان و كوشتنی خۆپیشاندەران.
كەواتە ئێستا پێویستیمان بەوەیە خەڵكی بڕژێنە سەرشەقامەكان، پێموایە ئەگەر ئێمە بتوانین ژنەكانمان بنێرینە سەر شەقام بەتایبەتیش لەهەولێری پایتەختدا، ئەوسا دەسەڵاتی دیكتاتۆر جورئەتی ئەوە ناكات تەقەیان لێبكات، چونكە خۆپیشاندانی ژنان شێوازێكی خەباتی مەدەنی بێ چەكەو دەسەڵات ناوێرێ بەبەرچاوی دونیاوە سەركوتیان بكات.
شۆڕشی فەرەنسا كە گۆڕانكاریەكی گەورەی لەمێژوودا هێنایە كایەوەو بو بەسیمبولی هەمو شۆڕشەكانی دونیا، ژنانی فەرەنسا دەستپێشخەری بون، كاتێك هەزارانیان رویان لەباستیل كردو شۆڕشیان راگەیاند، دواتر پیاوانیش هاتنە مەیدانەكەوە.. پێشتریش هەر ژاندارك بو رێبەرایەتی شۆڕشێكی تری فەرەنسی كرد دژ بە داگییركەرانی وڵاتەكەی.
ژنان بەشێكی گەورەو كاریگەری میللەتن، خۆشیان وەك هەمو چیینوتوێژێكی تری ئەم كۆمەڵگایە لەمافەكانیان بێبەشن، بۆیە پێویستە ئەمجارە موبادەرەكە ئەوان بەدەستەوەی بگرن و برژێنە سەرشەقام وەكو هەمو ژنانی ئازادیخواز سەروەرییەك بۆ خۆیان و میللەتەكەیان تۆمار بكەن و كۆتایی بەم دیكتاتۆرییەتو برسیەتی و نەهامەتییە بێنن كە بەرۆكی هەمو خەڵكی كوردستانی گرتۆتەوە.
- بابەتەکانی تری شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts