شێرزاد شێخانی: روادو ” چۆن باسی لەهۆشدارییە توندەكەی عەبادی كرد سەبارەت بە سەركوتكردنی خۆپیشاندەران.
وەكو عادەتی خۆی لەچەواشەكاری و ونكردنی راستیەكان، كەناڵی پرۆفیشنالی ” روداو” ی ئەندازیارە فاشیلەكەی ئاوەدانی نێچیرەڤان بارزانی، ئەمانەت و پرۆوفیشنالی ئەوەندەشیان تێدانەبوە لێدوانەكانی سەرۆك وەزیرانی عیراق حەیدەر عەبادی وەكو خۆی بڵاو بكەنەوە، تەنانەت دەستكاریشیان كرد، بەڵام بەداخەوە دەستكاریەكەشیان زۆر ناپرۆفیشناڵانە بو.
ئەمە دەقی وەرگێڕانەكەی كەناڵی روداوە بۆ قسەكانی عەبادی كە لەكۆنگرە رۆژنامەوانیەكەی رۆژ سێشەمەی ئەم هەفتەیە كردی:
ئەرکی هێزە ئەمنییەکانە خۆپیشاندەران بپارێزن، رێگری بکەن لە دەستدرێژکردنە سەر موڵکی گشتی و تایبەتی. نابێت بەشێوەیەکی هەڕەمەکی تەقە بکرێت لە هەر شێوەیەکی خۆپێشانداندا، پاراستنی خۆپیشاندەران لەسەر هێزە ئەمنییەکان لە هەرێمدا پێویستە و داوادەکەم و رێنماییمان داوە، کە پاراستنی هاووڵاتییان هەر ناوچەیەکی عێراق بەرپرسیارێتی هێزە ئەمنییەکانە و پێویستە رێز لەوە بگیرێت، بەتایبەتی ئەوانەی بەشێوەیەکی ئاشتییانە گوزارشت لە بۆچوونەکانیان دەکەن، هەر سیاسەتێکی داپڵۆساندنی هاووڵاتییان رەتدەکەینەوە، هەروەها دەستدرێژکردنە سەر موڵکی گشتی و تایبەتی رەتدەکرێتەوە و پێویستە بوەستێنرێت.
بەو عەرەبیەی من لێی تێدەگەم ئەمە دەقی وەرگێڕدراوی وتەكانی عەبادییە كە خۆم گوێم لێیبو”. ” خۆپیشاندەران ئازادن لەدەربڕینی رای خۆیان، ئێمە وەك تەماشەكەر ناوەستین لەئاست هەر داپلۆسینێك بەرامبەر خۆپیشاندانەكان، دوبارەی ئەكەمەوە وەك تەماشاكەر ناوەستین. هاوڵاتی عیراقی، هاوڵاتیە لەهەر ناوچەیەكی عیراقدا بێت، هەر پێشیلكارییەك یا دەستدرێژ یەك بكرێتە سەر هەر هاوڵاتیەك بەدەر لە یاساو دەستور، سزای ئەو كەسانە دەدەین كە ئەمكارە ئەكەن، ئێمە لەچواچیوەی مەنزومەیەكی ئەمنی گشتگییردا كار دەكەین، بۆیە ئەركی حكومەتی ئیتحیادیە هاوڵاتیان بپارێزێ لەهەر شوێنێكی عیراقدا بن وپارێزگاری لەمافی هاوڵاتیان وئازادی رادەربڕینیان بكات”.
روداوە نەوتاوییەكەی نێچیرەڤان بارزانی ترسی ئەوەیان لێنیشتوە لەهەولێریشدا خەڵكی برژێنە سەرشەقام، بەتایبەتیش كە حەیدەر عەبادی خۆی كردە پارێزەری خۆپیشاندەران و بەڵێنی پاراستنی پێدان و، هەڕەشەی سزای توندیشی لەو كەسانەكرد كە دەست بۆ هاوڵاتیانی خۆپیشاندەر دەبەن، بۆیە باسی هەڕەشەكەیان نەكرد، لەبری ئەو مانشیتەكەیان گەورەتر كرد كە گوایە” عەبادی دەستدرێژی كردنە سەر موڵكی گشتی وتایبەتی رەت دەكاتەوەو دەبێ بوەستێنرێت”؟!.
ئەمە خیتابی پرۆفیشناڵەی ئەو حزبو دەسەڵاتەی پارتییە كە ئەیەوێ بەم چەواشەكارییانەوە خۆی لەم شۆڕشە مەزنەی خەڵكی كوردستان دەرباز بكات، نازانن كاتێك شۆڕش سەركەوتنی بەدەستهێنا، ئەوسا هیچ پێویستیەكی بەسزاكانی عەبادی نابێت بەڵكو گەل لەدادگای خۆیدا ئەم دەسەڵاتە ستەمەكارە بەسزای خۆیانیان ئەگەیەنێ.
- بابەتەکانی تری شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts