نەبەز گۆران: دوای چوار ساڵ ئارامی.
ڕەنگە ئێستا پێویست بێت هەندێك رووداو بگێڕینەوە، كە پەیوەندیان بە گوتاری (چوار ساڵ ئارامی) یەوە هەیە. ئەوكاتەی (كاك نەوشیروان) وتی: (بەرەو دەسەڵات و، بەرەو چوار ساڵی ئارامی) لە دانیشتنە تایبەتییەكاندا زۆر بەوردی روونی دەكردەوە، ئەم گوتارەی بانگەشەی بۆ دەكات ئیش لەسەر چی دەكات. ئەوكات بروای وابوو: ” لەم قۆناغەدا بزوتنەوەی گۆڕان دەچێتە ناو سیستەمەكەوە و، هەوڵی چڕی خۆیدەدات بۆ چارەسەركردنی ئەو برینە گەورانەی لەناو سیستەمەكەدان. تەنانەت هەوڵیش دەدات لە چەند وێستگەیەك لە وێستگەكاندا، لەپێناو ئامانجە گەورەكان بۆ دروستكردنی سیستەمێكی تەندروست لەخۆی ببورێت”.
هەرئەو كاتەی دەستیكرد بە هاتووچۆكردن بۆ لای یەكێتیی نیشتیمانی و پارتی دیموكرات، بەتایبەت (بارزانی) ئێمە كۆمەڵێك بووین لەو گەنجانەی لەم هاتووچۆكردنە نیگەرانبووین. بەڵام ئەو نیگەرانییەكانی ئێمەی پێ ئاسایی بوو، تەنانەت جارێكیان لە دانیشتنێكدا بە (من و عەبدوڵای مەلانوری) وت: ” ئێوە رقتان لەمانەیە و بەرقەوە سیاسەت دەكەن، من نامەوێت وەك ئێوە بیربكەمەوە، گەر بشزانم دەتوانم شتێك بكەم بۆ خەڵك، ئامادەم بەپێی خۆم بچم بۆلای دوژمنەكانیشم. ئامانجی سیاسەت دروستكردنی سیستەمێكە، هەموو هاوڵاتییەك هەست بكات ئەو سیستەمە هی خۆیەتی. بۆم گرنگ نییە چیم پێدەڵێن، ئەوەی بۆم گرنگە بتوانم سیستەمەكە بگۆڕم، چونكە ئەم سیستەمە بەكەڵكی ئەم سەردەمە نایەت.”
ئەو ئاوا بیریدەكردەوە. پرۆژەی هەبوو بۆ گۆڕانكاریی بنەرەتی لەتەواوی سێكتەرەكانی سیستەمەكە. (هەموو پرۆژەكانیش ماون). پرۆژەی هەبوو سیستەمەكە بگۆڕێت بۆ سیستەمێكی پەرلەمانی، پرۆژەی هەبوو ئەم لەشكرە حیزبی و ئایدۆلۆژی و بەرگریكارە لە سیستەمە پیسخۆرەكە، بكرێتە لەشكرێكی نیشتیمانی و بەرگریكار لە ماف و داخوازی خەڵك و نیشتیمان. پرۆژەی هەبوو سیستەمی بانكی شوێنی دەزگا حیزبییەكان بگرێتەوە و، فەرمانبەر ناچار نەكرێت لە پێناو موچەكەی ئایدۆلۆژیای حیزبی هەڵبژێرێت. پرۆژەی هەبوو داهاتی نەوت و ناوخۆ تێواربكرێت و، بخرێتە بەردەم خەڵك. پرۆژەی هەبوو حوكومەت لە حوكومەتی تاقمێك و دەستەیەكەوە ببێـتە حوكومەتی خەڵك. پرۆژەی هەبوو پەیوەندییەكانی دەرەوە لە پەیوەندی بنەماڵە و خێزانەوە بگۆڕێت بۆ پەیوەندی هەرێم و وڵاتانی دەرەوەو… هتد. هەموو ئەم پرۆژانەی لەگەڵ یەكێتیی نیشتیمانی و خودی (بارزانی) خستبووە بەرباس و تەنانەت هەردوولا رازیبووبوون دەست بكەن بەم كارانە. هاتووچۆكانی ئەو لەگەڵ ئەو دوو لایەنە لەسەر بنەمای ئەم پرۆژانەبوو.
زۆری نەبرد دوای چەند مانگ وردە وردە نائومێد بوو. نائومێد بوو لەوەی ئەم دوو هێزە نایانەوێت هیچ شتێك بكەن بۆ خەڵك باشبێت، تەنانەت دەیانەوێت هێزەكانی دیكەش بكەنە شەریكە بەشی خۆیان لە داهاتی ئەو نیشتیمانەی لای ئەوان بووە بەكێكێك. هەر ئەو كەسەی بەڵێنی دابوو ئەم كارانە بكات و پشتگیری پرۆژەكانی كردبوو، یەكەم كاردانەوەی بەرامبەر چاككردنی سیستەمەكە ئەوەبوو پەرلەمان پەكبخات لەپێناو كورسییەكەی خۆی. ئامادە نەبوو بۆ میلەتەكەی كورسییەكەی جێبهێڵێت، كەچی بەیەك تەلەفۆنی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە كورسییەكەی دورخرایەوە!
ئەو عەقڵەی حوكمرانی ئەم هەرێمە دەكات، پێویستی بەم جۆرە سیستەمەیە. پێناچێت دوای شكستە گەورەكەیان لە (16_ئۆكتۆبەر) هیچ لەم عەقڵەكە گۆڕابێت. لەبری پێداچوونەوە بە هەڵەكانیاندا و لەبری ددانان بە شكستەكەیاندا كە بەشێكی زۆری خاكی هەرێمیان تەسلیم بە عێراقكرد و هێزەكانیان هەڵهاتن، دووبارە دەیانەوێت سیستەمە _ پیسخۆر_ ەكە، تەمەن درێژبكەنەوە و هێزەكانی دیكەش یارمەتیانبدەن بۆ درێژەدان بەم سیستەمە.
ئێستا كە بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی لەم حوكومەتە پەككەوتەیە كشاونەتەوە،(چاوەرواندەكرێت هێزی دیكەش بێتە پاڵیان) پێویستە ببێتە نامەیەكی ئاگاداركردنەوە، كە ئەو عەقڵەی بەرگری لەو سیستەمە دەكات، چیرۆكەكەی بەخراپی دەستپێكردوە و بەرلەوەی كۆتایی بە چیرۆكەكە بێت دەبێت بیرێك بكاتەوە. هێنانی هێزە هەڵهاتووەكەی بەردەم سوپای عێراق بۆ شارەكان، ناكاتە ئەوەی كە ئەم سیستەمە بتوانێت خۆی چاكبكات و، ناشتوانێك بەم لەشكركێشییە نان بۆ خەڵك پەیدابكات. ئەمە دووبارەكردنەوەی هەمان عەقڵیەتە كە هەرێمی خستە بەردەم شكستە گەورەكان، بەرگریكردنیش لەم سیستەمە، دژبوونە لە ویست و داخوازی خەڵك. ئەو هێزە هەڵهاتووانە باشترە ببدرێن ئەو خاكە ئازاد بكەنەوە تەسلیمانكرد، نەك بهێنرێن بۆ سەركوتكردنی خەڵك.
چوار ساڵی ئارامی كۆتایی هات، كۆتایی هاتنی چوار ساڵی ئارامی، یانی كۆتایهاتنی ئەو هەوڵەی كە ویستی حوكومەت چاك بكات و، ماف و داخوازی بۆ خەڵك بگەڕێتەوە. كە ئەو هێزانەی ویستیان ئەم كردەیە ئەنجام بدەن و نائومێد بوون لە ئەنجامدانی مافی خۆیانە لەو حوكومەتە پەككەوتووە بكشێنەوە. پاشان لەدۆخی لەم جۆرەدا دەبێت چاوەروانی رۆژگارێك و دونیابینییەكی نوێ بین، ئیدی ئەو رۆژگار و دونیابینیە نوێیە بەرەو هەر ئاراستەیەك بروات پەیوەندی بەو عەقڵیەتەوە هەیە كە نایەوێت هیچ شتێكی گرنگ و باش بۆ خەڵك بكات و، دەیەوێت درێژە بەم سیستەمە بدات، كە ئەركی بووەتە ئازاردانی خەڵك و كوشتنی گەنجان و مافخواردن و، لەوەڕاندنی چەند دەستەو تاقمێك لەسەر سامانی نیشتیمان.