هۆمه‌ر نۆریاویی: شه‌وی یه‌لدا له‌به‌ر ڕۆشنایی مێژوودا.
توێژینه‌وه،گردکردنه‌وه و ئاماده‌کردن:
په‌یڤی ده‌ستپێک:
به‌شێكی ئه‌م بابه‌ته‌ی ده‌خرێته به‌ردیده‌ی تۆی خوێنه‌ر، بۆ به‌رنامه‌یه‌کی ڕادیۆیی نووسراوه که ساڵانێک پێش ئێستا له شه‌وی یه‌لدادا له ڕادیۆ “سنه”و به‌رنامه‌ی”تریفه”وه پێشکه‌ش به گوێگری کورد زمان کراوه. دیوی ده‌ره‌وه‌ی بابه‌ته‌که پتر له گردکردنه‌وه و ئاماده‌کردنه‌وه نزیکه، به‌ڵام له ڕاستیدا بۆ به‌رهه‌ڤکردن و نووسینه‌وه‌ی، له ده‌رکه‌ی زۆر په‌ڕتووک، ماڵپه‌ڕ و بلاگی کوردیی – فارسیم داوه و به ده‌یان دیوانه شێعری کوردییدا داگه‌ڕاوم و ده‌کرێت بڵێم: ده‌چێته خانه‌ی توێژینه‌وه‌یه‌کی کورت و پوخت له‌سه‌ر یه‌لدا. له‌م ڕێگه‌وه زێتر ویستوومه زانیارییه‌ک به بیسه‌ر و گوێگر و خوێنه‌ری کورد سه‌باره‌ت به مێژووی ئه‌م شه‌وه و یه‌لدا له نێو کورد و وێژه‌ی کوردییدا ببه‌خشم. ده‌قی به‌رنامه‌که به پێداچوونه‌وه‌ی نوێ و قووڵترکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌که، به هه‌مان شێوه‌ی ڕادیۆیی ده‌خه‌مه به‌رچاوی تۆی خوێنه‌ر، هیوامه به‌که‌ڵک و سوودبه‌خش بێت. له به‌شی کۆتایی بابه‌ته‌که‌دا ده‌یان چه‌پکه شێعری کوردیشتان ده‌خرێته به‌رچاو که بۆ ده‌ستخستن و دیتنه‌وه‌ی ئه‌م شێعرانهیش، گه‌لێک خۆم ماندوو کردووه، ئومێده ئه‌م هه‌وڵه، سه‌ره‌تا و ده‌ستپێکێک بێت بۆ دنه‌دانی که‌سانی دی، بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ی وردتر و قووڵتر و هه‌روه‌ها به‌رفره‌وانکردنی گوڵجاڕی شێعری یه‌لدایی.
یه‌لدا ، فه‌لسه‌فه و مێژووه‌که‌ی
“وه‌ك زستان به‌ڕێوه‌یه، ئایا به‌هاریش ده‌گه‌ڕێته‌وه”؟ ئه‌م ڕسته و په‌یڤه، ئه‌م چه‌مک و واتایه‌ی له نێوئاخن و کرۆکدایه هه‌تا ورد ببینه‌وه له مژار و پرسێک که گه‌ره‌کمانه په‌ی به سه‌رچاوه و ناوه‌ڕۆکه‌که‌ی ببه‌ین و بزانین چییه؟ واته شه‌وی یه‌لدا یان شه‌وی چله گه‌وره یاخۆ هه‌مان شه‌و زستان. له‌لایه‌كه‌وه ده‌ستپێک و سه‌ره‌تای زستان و ده‌ركه‌وتنی سه‌رما و سۆڵه و به‌سه‌رچوونی وه‌رزی خه‌زان و وه‌رین و ماته‌می سرووشته، له لایه‌كی دیكه‌وه، چاوه‌ڕێبوون به دیار به‌هاره‌وه، كه ئایا به‌هار و گوڵ و بۆن و به‌رامه‌ی گوڵزار و سه‌ر له نوێ ژیانه‌وه‌ی سرووشت، ده‌گه‌ڕێته‌وه ؟!
له كاتێكدا مرۆڤ به‌ده‌ست تووڕه‌یی و سازی ناساز و میزاجی سرووشته‌وه گیرۆده‌یه و وێڵی دوای قۆناخی گه‌شه‌كردن و دیتنه‌وه و دۆزینه‌وه‌ی نهێنییه‌كانی سرووشته، له‌هه‌مان كاتیش‌دا مرۆ پێوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌م هێزه یاخییه‌دا له ڕێی ملكه‌چبوونه‌وه به‌رده‌وام کردووه.
وشه‌ی یه‌لدا، وشه‌یه‌كی سریانییه كه یه‌كێک له زمانه كۆنه‌كانی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاسته. یه‌لدا، هه‌روه‌ها یه‌كێک له‌و جێژنانه‌یه كه ڕه‌چه‌ڵه‌كی له ئایینی مێهردایه، به چه‌شنێك كه زۆر لێكۆڵه‌ر و ڕۆژهه‌ڵاتناس، به شه‌وی له دایكبوونی “میترا”ی ناو ده‌به‌ن.
شه‌وی یه‌لدا یان شه‌وی چله، درێژترین شه‌وی ساڵ له نیوچه گۆی باكووری زه‌وییه. به هۆی هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافیاییه‌وه، ئه‌مشه‌وه هه‌ر له خۆرئاوابوونی 30ی سه‌رماوه‌زه‌وه تا ده‌گاته هه‌ڵاتنی خۆر له 1ی به‌فرانباردا درێژه‌ی هه‌یه و هاوكاته له‌گه‌ڵ “شۆڕشی زستانه یان گۆڕانی”و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یشه كه ڕۆژ، درێژتر و ته‌مه‌نی شه‌و، كورتتر ده‌بێته‌وه. ئه‌م دیارده سرووشتییه له‌سه‌ر خه‌ڵكانی كه‌ونار و کۆن، كاریگه‌رییه‌كی قووڵی فه‌لسه‌فی داناوه و ئه‌و شه‌وه‌یان به واتای زاڵبوونی ڕووناكی به‌سه‌ر تاریكی‌دا ناودێر كردووه. خه‌ڵک، پیرۆزیی و سه‌ركه‌وتنی خۆر و ڕووناكییان به‌سه‌ر تارمایی شه‌و و تاریكی‌دا جێژن ده‌گرت، هه‌تا سه‌ركه‌وتنی مێهر و تێكشکاندنی ئه‌هریمه‌ن ببینن. ئه‌م جه‌ژنه لای زۆر نه‌ته‌وه‌ی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئاسیای بچووک و ته‌نانه‌ت یۆنان و … به‌ڕێوه ده‌چێت، به‌ڵام هه‌ركام به شێوه‌یه‌كی جیاواز و له ژێر ناوێكی دیكه‌دا.
یه‌لدا و کورد
ئه‌گه‌ر ئاوڕێكی كورت له مێژووی شه‌وی یه‌لدا له نێو کورد و له كورده‌وارییدا بده‌ینه‌وه و چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م جێژنه، ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه بۆ مێژوویه‌کی کۆنتر و دابونه‌ریتی كوردهواری له سه‌رده‌می كه‌وندا. هه‌ر له سه‌ره‌تای په‌یدابوونی مرۆڤی كورد و تێكه‌ڵاوبوون به سرووشت و دیارده‌كانی و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ژیانی مرۆی كورده‌وه له‌م سه‌رزه‌وینه‌دا، ئایینیش وه‌ک سیسته‌مێكی كۆمه‌ڵایه‌تی مانای به ژیانی خه‌ڵكانی ئه‌م ناوچه‌یه به‌خشیوه. ژیان، حه‌قیقه‌تێكه كه به بێ دۆزینه‌وه‌ی، واتا و مانای نییه. مرۆی سه‌رده‌می كۆنیش بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌م حه‌قیقه‌ته هه‌وڵ و ته‌قه‌لای خۆی داوه. هه‌روه‌ها ده‌ركه‌وتووه كه دانیشتووانی ڕه‌سه‌ن و كۆنی ناوچه‌ی زاگرۆس، پێش هاتنی كۆچبه‌ره ئارییه‌كان، هێز و دیارده سرووشتییه‌كانیان به‌لاوه جێی بایه‌خ و گرینگ بووه و “خۆر، ئاو و ئاگر و با”یان لا گه‌لێک بایه‌خدار بووه كه هه‌تا هه‌نووكه‌یش، ئه‌م چوار توخمه لای ئێزدییه‌كان هه‌مان نرخی خۆیان هه‌یه. شه‌وی چله یان یه‌لداش، ئێستا یه‌كێكه له جه‌ژنه گه‌وره‌كانی ئێزدییه‌کان و هه‌موو ساڵێك به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن.
له هه‌زاره‌ی دووهه‌می پێش زایین‌دا، هاتن و نیشته‌جێبوونی هۆزه كۆچه‌ره هیندوئهورووپاییهكان، گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره له ئایین و زمانی دانیشتووانی زاگرۆس پێک ده‌هێنێت. دین، وه‌ک سیسته‌مێكی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌میشه تاقه ڕێگا بووه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ماناكانی ژیان و له په‌نایدا زانست بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌حه‌قیقه‌ت، هه‌وڵی خۆی داوه. بۆیه ده‌توانین بڵێن كه مانای ژیان، له خودی ژیانی مرۆڤ و ده‌وروبه‌ری دایه. مرۆڤ، بوونه‌وه‌رێكی زیندووه و هه‌میشه به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی ماناكانی سرووشته‌وه‌یه. به پێی سه‌رچاوه مێژووییه‌كان له كورده‌وارییدا، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه “شه‌وی یه‌لدا” وه‌ك جێژنێكی ئایینی له سه‌رده‌می كۆندا چاو لێكراوه و میناک نه‌ریتێكی دێرینیش پارێزراوه و تا ئێستایش هه‌ر ماوه‌ته‌وه.به‌ڵام، مێژووی شه‌وی یه‌لدا و ئاهه‌نگی ئه‌مشه‌وه له ئێران‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نزیکه‌ی 1000 ساڵ. له هه‌ر ناوچه و ده‌ڤه‌رێکی ئێران‌دا ئه‌م شه‌وه به‌وپه‌ڕی شکۆوه یاد ده‌کرێته‌وه و تێیدا ئاهه‌نگێکی تایبه‌ت به‌ڕێوه ده‌چێت و له هه‌موو شوێنێکیش هه‌تا ڕاده‌یه‌کی زۆر وه‌ک یه‌که،چونکه سه‌رچاوه یه‌که.
به‌ڵام با بزانین شه‌وی یه‌لدا له كورده‌واریدا چۆن به‌ڕێوه ده‌چێت؟
له‌م شه‌وه‌دا بنه‌ماڵه بۆ كۆكردنه‌وه‌ی خێزانه‌كه‌ی له ده‌وری یه‌كتر و شه‌وچه‌ره‌ی نێو دیوه‌خانیان و به‌سه‌ربردنی چله گه‌وره‌ی ساڵ واته چله‌ی زستان، پێکه‌وه دانیشتوون و تا ده‌مه‌وبه‌یان یه‌كتریان دواندووه و ئه‌و شه‌وه‌یان به گێڕانه‌وه‌ی سه‌ربرده و حه‌كایه‌ت و خوێندنه‌وه‌ی شێعر و حه‌یران، لاوك و هۆره به‌سه‌ر بردووه. حه‌كایه‌تێک كه باس له قاره‌مانه‌تی و له‌خۆبوردوویی یان هه‌ندێكجار دڵشكان و نامورادی و تراژیک ده‌کات كه ئه‌وه‌ش له میتۆلۆژی و ئوستووره‌ناسیی کورددا ده‌توانێت ڕاڤه بكرێت. كه‌سایه‌تی ئه‌و چیرۆک و حه‌كایه‌تانه، كچانی شۆخ و شه‌نگ و كوڕانی جوامێر و مێرخاس و دركاندنی ڕازی ده‌یان چیرۆك و سه‌ربرده و حه‌كایه‌تی ونبووه. خهجو سیامه‌ند، مهمی ئالان، قه‌ڵای دمدم، دوانزه‌سواره‌ی مه‌ریوان، شیرین و فه‌رهاد و ….
خواردنی شێوی زۆربه‌ی ئه‌م جێژنه، یاپراخ و دۆڵمه‌ی گه‌ڵامێو و كه‌له‌م بووه و له پاڵیدا شه‌وچه‌ره‌ی دیوه‌خان، سفره‌یه‌كی ڕه‌نگین به “هه‌نار، سێ‌و، شووتی، پسته و بادام و توو و گوڵه‌به‌ڕۆژه و برێشكه، گه‌نمی بر‌ژاو، مێوژ، هه‌نجیره وشكه … که به گشتیی هه‌ر كام مانایه‌كی تایبه‌تی هه‌یه. بۆ نموونه ده‌توانین بڵێین كه شووتی و هه‌نار به هۆی زۆربوونی ده‌نكه‌كانیانه‌وه نیشانه‌ی به‌ره‌كه‌ت بوونه.
شه‌وی یه‌لدا هاوكاته له‌گه‌ڵ كۆتایی هاتنی وه‌رزی خه‌زان، وه‌رزی ماڵئاوایی دوایین سه‌فه‌ری سرووشت به‌ره‌و هه‌رێمی به‌فر و با و بۆران، سه‌رما و كڕێوه، وه‌شت و زریان و، به‌سته‌ڵه‌ک و سه‌هۆڵبه‌ندان. به هزر و بیری زستانه و پشوودرێژییه‌وه و به وردبوونه‌وه و تێڕامان له‌و وته‌یه‌ی كه به‌هار هه‌ر له ڕێدایه و دێته‌وه!!هیوا به داهاتوو، به‌رده‌وامیی و نه‌دۆڕاندنی ئیراده، ژیاندۆستیی و مرۆڤدۆستی، له تایبه‌تمه‌ندییه به‌رزه‌كانی وه‌رزی زستانن. بۆیه پێویسته به چاوكراوه‌یی و بهرچاوڕوونییهوه له ئاسۆ بڕوانین هه‌تا زانست و ماریفه‌ت بكه‌ینه هه‌گبه‌ی داهاتوومان و ئاگردانی زستانی کورده‌واریی پێ گه‌رم و به‌تین ڕابگرین. وه‌ک پێشتریش ئیشاره‌تی پێدرا، شه‌وی یه‌لدا که ده‌که‌وێته دوا شه‌وی وه‌رزی خه‌زان و سه‌ره‌تای وه‌رزی زستان واته 30ی سه‌رماوه‌ز یان 21/12 ی ساڵ(هه‌ندێک جار ئه‌ملا و لای ده‌بێت)، درێژترین شه‌وی ساڵه که تاریکی ئه‌و شه‌وه له چوارده کاژێر تێپه‌ڕ ده‌بێت. له ئایینی زه‌رده‌شتدا به شه‌وێکی پیرۆز داندراوه؛ پیرۆزیی ئهمشهوهش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و کاتانه‌ی که مرۆڤ هیچ په‌ناگه‌یه‌کی نه‌بووه، ئه‌شکه‌وت و که‌ورگ نه‌بێت و هۆکارێکی خۆ گه‌رمکردنه‌وه‌یشی ده‌بێت تا خۆی له سه‌رما و سۆڵه‌ی زستان بپارێزێت.
جەژنی زایین یان شەوی زایین کە بە یەڵدا(هه‌مان یه‌لدا) ناسراوە، جەژنی لەدایکبوونی “مەهاباد”ی باپیری کوردانە. مەهاباد، یەکەم پەیامهێنەری سەر ڕووی زەمینە و دامەزرێنەری ئایینی میتراییە کە بە مێهر یان ڤارونەش ناسراوە. میترایی (میترایزم)، یەکەم ئایینە کە بە هەزاران ساڵ پێش ئێستا ڕێگای ژیانی مرۆڤایەتی ڕۆشن کردۆتەوە، بەڵگە نوێیه‌کانی پەرستگه‌ی گیرێ ناڤۆکێ (گۆپکلی تەپە) لە ڕۆژهەڵاتی شاری “ڕۆها” کە بە شاری پێغەمبەران ناسراوە ( ئۆرفای ئێستا) لە باکووری کوردستان، له ڕاستیی و نهێنیی سەرەتای سەرهەڵدانی ئایین، نزیکمان ده‌خاتەوە. لە ڕاستیدا ئایینی میترا کە زۆربەی جیهان بە خودی کوردیشه‌وه بە چەوتی، بە ڕۆژپەرستی ناسیویەتی، واتە خودای ئەڤین و پەیمان، خودای ڕۆژ و ڕووناکی و خوای پارێزەری گەردوون و چارەنووس. جەژنی زایین، پیرۆزکردنی درێژبوونەوەی ڕۆژ و ڕووناکییە کە پێغەمبەر،”مەهاباد”ی مەزن بۆ یەکەمجار بۆ مرۆڤایەتی ڕوون کردۆتەوە. لەگەڵ تێپەڕبوونی زه‌مه‌ندا، ئەم بۆنەیە بووە بە جەژنێکی نەریتیی و بەشێکی گرنگی فەرهەنگی کوردی کە بە داگیرساندنی ڕووناکی و ڕازاندنه‌وه‌ی درەختی سنۆبەر و سینیی خواردنی تایبەت، یاد ده‌کرێتەوە. پیاوێکی بە ڕوخسار پیریش بە کڵاوێکی قووچه‌وه و کەوای سووری میترایی و پشتێنێکەوە، تورەیەک بەشانەوە، خواردن کۆ ده‌کاتەوە و پاشان بەسەر هەژاران یان هەموواندا بەشی ده‌کات. کاتێک کە بەدکاران خەریکن ئایینەکە ناشیرین بکەن، زەردەشتی مەزن چاکسازی تێدا ده‌کات و ئایینی مەزدایی، زەردەشتی (مەزدایزم) جێی میترا ده‌گرێتەوە. میترایی و مەزدایی لە ڕێی گریک و ڕۆمەوە بە ڕۆژئاوا و، لە ڕێی هیندستانیشەوە بە ڕۆژهەڵاتی جیهاندا بڵاو ده‌بێتەوە، واتە نەریتی جەژنی زایین بە جیهان ده‌گات. لەگەڵ له دایکبوونی هیندویی و بۆدیی (هیندویزم و بۆدیزم) لە میترایی، ئەم جەژن و یادکردنەوەیە تا ئەمڕۆیش هه‌ر بە گەشەکراوی ده‌مێنێتەوە و پاش لەدایکبوونی عیسای مەزن کە بە پێی بۆچوونی نووسەرانی گریک و جوو بەر ڕۆژانی جەژنی زایین کەوتووە، لە ڕێی ڕۆمەوە کە لە پێشدا میترایی ده‌بن، دوای بوونیان بە کریستیان (مەسیحی)یش، هەموو نەریتەکە بۆ ئەورووپا و پاشانیش زۆربەی جیهان ده‌گوێزنەوە. جێی پرسیاریشە کە بۆچی سێ پیری مۆگان (موغان) کە لە ئینجیل‌دا بە سێ پیاوە زاناکە ناسراون، لە خاکی مادەوە بۆ پێشوازی لەدایکبوونی عیسای مەزن ئامادە ده‌بن.
یەڵدا لە بنەڕەتدا بە کوردی واتە زایین، ئارامییەکان وشەی زایین ده‌گۆڕن بە یەڵدا، یادکردنەوەی ئەم کاتە کە لە 20ی مانگی دوانزەوە دەست پێ ده‌کات و بەپێی ناوچەی جوگرافی تا چەند ڕۆژێکی بەدواوە درێژەی هەیە، بۆیە لە کوردستان و ڕۆژئاواوە تا ڕووسیا و چین، لە ڕۆژهەڵات جەژنی زایین یان لە هەندێک شوێن جەژنی سەری ساڵ بە چەند ڕۆژێک جیاواز یاد ده‌کرێتەوە.
یه‌لدا و ئه‌ده‌بی کوردی
شه‌وی یه‌لدا وه‌ک جێژنه‌كانی دیكه‌ی ئاریی ڕه‌گه‌زه‌کان که کوردیش سه‌رچڵیانه، نه‌ورۆز، چوارشه‌ممه‌سووری و … نه‌ریتێكی كۆنه و له ناو كولتوور و ئه‌ده‌بی كوردییشدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه. بۆ نموونه هه‌میشه شه‌وی یه‌لدا له ئه‌ده‌بی گه‌لانی دراوسێ و ته‌نانه‌ت كوردیش به “زوڵفی یار” شوبهێندراوه و به واتای ئه‌وه‌ی كه زوڵفی یار وه‌ک شه‌وی یه‌لدا، ڕه‌ش و قه‌ترانیی و درێژه.”عه‌بباس حه‌قیقی” له شێعری “ئافه‌تی دین” دا ده‌ڵێت:
چاوت ئه‌ر نێرگسی شه‌هلا نییه، بۆ هێنده خومار
په‌رچه‌مت گه‌ر شه‌وی یه‌لدا نییه، بۆ هێنده ڕه‌شه؟
یه‌لدا،له شێعری کلاسیک و هاوچه‌رخی کوردییدا ئاماده‌بوونێکی تایبه‌تی هه‌یه و هه‌ر هۆزان و شاعیرێک، له گۆشه نیگایه‌که‌وه سه‌یری ده‌کات. که‌م نین ژماری ئه‌و هۆزان و شاعیرانه‌ی یادی یه‌لدایان کردۆته‌وه و ده‌یان چه‌پکه هه‌ڵبه‌ستی یه‌لدایییان به تۆره‌ی کوردی به‌خشیوه. دیاره ڕۆچوونی ورد و قووڵتر به ناخی ئه‌م پرسه‌دا بۆ خۆی ته‌وه‌ری توێژینه‌وه‌یه‌که و ئه‌رک و ماندووبوونی تایبه‌تی ده‌وێت؛ بۆیه پتر له‌سه‌ری ناچم. من لێره‌دا به گوێره‌ی به‌رهه‌م و سه‌رچاوه‌ی وه‌رده‌ست، ژماره‌یه‌ک شێعری یه‌لدایی ده‌خه‌مه به‌ر دیده‌ی خوێنه‌ری کورد و هیواخوازم که‌سانی دی ئه‌م پرسه بکه‌نه مژاری نووسین و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی چڕ و پڕتر له‌م پێوه‌ندییه‌دا.
شه‌وی یه‌لدا
نالی
شه‌وی یه‌لدایه، یا ده‌یجووره ئه‌مشه‌و
که دیده‌م دوور له تۆ،بێ نووره ئه‌مشه‌و؟!
دڵم وه‌ک حاکمی مه‌عزووله،قوربان
خه‌ڵاتی وه‌سڵی تۆی مه‌نزووره، ئه‌مشه‌و
دڵیش مایل به دیده‌ی تۆیه،بۆیه
له من وه‌حشیی و ڕه‌میده و دووره، ئه‌مشه‌و
که تۆی شای که‌چ کولاهی دیده مه‌ستان
چ باکم قه‌یسه‌ر و فه‌غفووره، ئه‌مشه‌و؟!
له خه‌و هه‌ڵساوه،یا ئاڵۆزه چاوت؟
هه‌میشه وایه،یا مه‌خمووره ،ئه‌مشه‌و؟
سرووشکم نه‌قشی چاوی تۆ ده‌کێشێ
جێگه‌م،سه‌ر داره‌که‌ی مه‌نسووره،ئه‌مشه‌و
موسوڵمانان ده‌پرسن حاڵی نالیی
له کونجی بێکه‌سیی مه‌هجووره، ئه‌مشه‌و
***
برا،فکری چرا!کیبریتی فرسه‌ت تا له ده‌ستایه
شه‌وی یه‌لدا له پێشه، ڕۆژی عومرت وه‌خته ئاوابێ
مه‌حوی
***
که ده‌گریم بۆ جه‌مالی تۆ،دیاره ئه‌شک و ئاهی من
له خورشیدی ده‌داتن ده‌م ستاره‌ی شامی یه‌لداکه‌م
وه‌فایی
***
موغی بێ ئاگری شه‌وی یه‌لدام
چاوه‌ڕێی چاره‌نووسی نه‌په‌یدام
هێمن
***
به یادی شه‌معی ڕوخسارێکی،دڵ ئیحیا نه‌که‌م، چبکه‌م؟
به شه‌وقێکی وه‌ها چاری شه‌وی یه‌ڵدا نه‌که‌م،چبکه‌م؟
سه‌ید کامیل ئیمامی(ئاوات)
(شێعری “چبکه‌م؟”)
***
شه‌وی یه‌ڵدا
ڕه‌فیق سابیر
شه‌وی یه‌لدایه،یا ده‌یجووره ئه‌مشه‌و
که دیده‌م دوور له تۆ،بێ نووره ئه‌مشه‌و
نالی
**
شه‌وی یه‌ڵدا ،شه‌وی ئه‌شق و چاوه‌ڕوانی
شه‌وی شیعر
شه‌وی ڕامان
شه‌وی سه‌رداره‌که‌ی ڕۆح و
شه‌وی ده‌رکه‌وتنی جوانی.
ئه‌گه‌ر ئێستا له‌م شه‌وه‌دا
گوڵه‌باخه‌که‌ی شار لێره بووایه
من ده‌بوومه‌وه به منداڵ
شه‌ڕه‌ئاو و چاوشارکێم له‌گه‌ڵ ده‌کرد
ده‌مه‌و ئێواران له پێچی کۆڵاندا
هه‌تا “ئاوی پێم داده‌هات”بۆی ده‌وه‌ستام
به نیازی ئێواره‌باشێک
به هیوای ماچێک ده‌وه‌ستام و ده‌وه‌ستام
به ده‌م ترس و دڵه‌خورپێ و له‌رزینه‌وه
له‌به‌رده‌میدا لاڵ ده‌بووم
ده‌شڵه‌ژام و
بێده‌نگانه داده‌گیرسام.
ئه‌گه‌ر ئێستا
سه‌رداری دڵه شه‌یداکه‌م لێره بووایه
من ئه‌مشه‌و خۆم به میری ئاشقان ده‌زانی
ژیانی خۆم وه‌ک چه‌پکه‌گوڵ
ده‌خسته ناو ده‌سته‌کانی
تا به‌یانی ماچباران و
شیعربارانم ده‌کرد و
سه‌د جار ده‌بووم به قوربانی.
ئه‌گه‌ر ئه‌مشه‌و
چاوجوانی شار لێره بووایه
من زۆربای کوردستانی بووم
ئاشقێکی هه‌میشه‌یی و
ڕێبواری ڕێگای جوانی بووم.
ئه‌گه‌ر ئێستا
شاجوانه‌که‌ی شه‌وی یه‌ڵدا لێره بووایه
من ده‌متوانی به‌رگه بگرم؛
به‌رگه‌ی ته‌نیایی و نامۆبوون
ته‌نانه‌ت به‌رگه‌ی مردنیش بگرم
هه‌تا ماوم
دڵ پڕ هیوا گۆرانی ئاشقانه بچڕم.
من ده‌متوانی له شه‌وێكدا
ژیان، گوڵئاسا بچێنم
بێ باک،بێ خه‌م
دیده پڕ نوور
له تاریکیدا ببینم.
ئه‌گه‌ر ئێستا
له شه‌وی شیعر و ڕامان و جوانیدا
سه‌رداری ڕۆحه ته‌نیاکه‌م لێره بووایه
ترسی شێتبوون
ترسی ونبوون و ئاوابوون
هه‌راسانیان نه‌ده‌کردم؛
ونبوون چییه!
سه‌رداری دڵه شه‌یداکه‌م ونبوون چییه!
من له ناو تۆدا ون ده‌بم
شێتبوون یان ئاوابوون چییه!
من له خۆشیی تۆ شێت ده‌بم
ئاوێته‌ی ئه‌شقی تۆ ده‌بم.
خۆزگه ئێستا
سه‌رداری دڵه شه‌یداکه‌م
سه‌رداری ڕۆحه ته‌نیاکه‌م لێره بووایه
خۆزگه ئێستا لێره بووایه…
***
“پێنج خشته‌کی، ته‌واوی قه‌سیده مه‌زنه‌که‌ی نالی… ته‌نیا گه‌مه‌یه‌که و کردم..ناچێته ناو ئه‌رشیڤه‌وه..ئیشێکی ساته وه‌ختییه و زوو به‌سه‌ر ده‌چێت..”
یه‌ڵدا
قوبادی جه‌لیزاده
که ده‌ستی تۆ به خوێنم سووره ئه‌مشه‌و
که کۆشکی دڵ ته‌واو خاپووره ئه‌مشه‌و
که فرمێسکم خوڕه‌ی “خابووره”ئه‌مشه‌و
“شه‌وی یه‌لدایه یا ده‌یجووره ئه‌مشه‌و
که دیده‌م دوور له تۆ، بێ نووره ئه‌مشه‌و؟!”
له لای خه‌ڵکی هه‌موو مه‌جهووله قوربان
که ڕۆحمی من له ئاگر فووله قوربان
له شێوه‌ی چۆله‌که‌ی مه‌فتووله قوربان
“دڵم وه‌ک حاکمی مه‌عزووله، قوربان
خه‌ڵاتی وه‌سڵی تۆی مه‌نزووره، ئه‌مشه‌و”
وه‌کوو ئه‌یوب ده‌می زامم به‌سۆیه
له سینه‌مدا سه‌دای هاوار و ڕۆیه
هه‌ڵۆی عه‌شقم زه‌لیلی ده‌ستی تۆیه
“دڵیش مایل به دیده‌ی تۆیه،بۆیه
له من وه‌حشیی و ڕه‌میده و دووره ،ئه‌مشه‌و”
فیراقت هاتووه، ڕۆحم بکێشێ
په‌لی گرتووم وه‌کوو شێت ڕامده‌کێشێ
وه‌ره فریادڕه‌سم به،بێره پێشێ
“سرووشکم نه‌قشی چاوی تۆ ده‌کێشێ
جێگه‌م ،سه‌رداره‌که‌ی مه‌نسووره، ئه‌مشه‌و”
له ئاستی ڕووت ده‌وه‌ستم ده‌سته‌وه‌ستان
ده‌وا و ده‌رمانی ده‌رد و زه‌خمی خه‌ستان
وه‌ره با بتخه‌مه سه‌رچاو و ده‌ستان
“که تۆی شای که‌چ کولاهی دیده مه‌ستان
چ باکم قه‌یسه‌ر و فه‌غفووره، ئه‌مشه‌و؟!”
ئه‌سیرم من له تاڵی بسکی خاوت
ده‌نۆشم باده‌یی ژه‌هر و زووخات
له‌سه‌ر زارم ئه‌به‌د گوم نابێ ناوت
“له‌خه‌و هه‌ڵساوه یا ئاڵۆزه، چاوت
هه‌میشه وایه، یا مه‌خمووره، ئه‌مشه‌و”
به‌سه‌ر چوو گشت،هه‌موو عومرم به تاڵی
به ڕاکردن به‌شوێن دوو چاوی کاڵی
له خوێن سوور بوو دڵم وه‌ک لێوی ئاڵی
“موسوڵمانان ده‌پرسن حاڵی نالی
له کونجی بێکه‌سیی مه‌هجووره، ئه‌مشه‌و”
**
خابوور: ڕووباری خابوور
***
شه‌وی یه‌لدا
شه‌یدا
ئه‌مشه‌و شه‌وی یه‌لدایه سه‌با فرسه‌ته، ئه‌مشه‌و
ماڵی دڵه‌که‌م پڕ خه‌م و بێ تاقه‌ته، ئه‌مشه‌و
ئه‌ییامی گوڵ و غونچه ئه‌وا ڕۆیی، به‌سه‌ر چوو
گوڵزاری چه‌مه‌ن پاکی ته‌م و ئافه‌ته، ئه‌مشه‌و
شه‌وقی شه‌می سه‌ر تاقی حه‌ره‌مخانه‌یی یارم
خامۆشه،به بێ جۆشه،ده‌می میحنه‌ته،ئه‌مشه‌و
هه‌ر جۆش و خرۆشێ که له نێو ماڵ و دڵا بوو
مات و کپ و بێده‌نگه،چ پڕ حیره‌ته،ئه‌مشه‌و
قوربانه سه‌با ده‌ستی من و دامه‌نی چاکت
دڵ،مونته‌زیری لوتفی گوڵ و ئولفه‌ته ،ئه‌مشه‌و
زوو هه‌سته ،بڕۆ وه‌ختی سه‌حه‌ر بۆ حه‌ره‌می گوڵ
چون، واده‌یی میهر و که‌ره‌م و غیره‌ته،ئه‌مشه‌و
عه‌رزی که،بڵێ،بولبولی دڵ زار و حه‌زینه
موشتاقی ویساڵی چه‌مه‌ن و شێوه‌ته،ئه‌مشه‌و
هه‌ر بۆیه له دووریی مه‌هی ڕووت،ڕه‌نگی نه‌ماوه
جه‌رگی به سه‌ری تیری موژه‌ت له‌ت له‌ته،ئه‌مشه‌و
په‌ژمورده‌یه حاڵی دڵی وێرانه به ته‌نها
هه‌مڕه‌نگی خه‌یاڵی خه‌فه‌ت و عیبره‌ته،ئه‌مشه‌و
بۆ داخی دڵی ئه‌هلی غه‌م و میحنه‌تی،ساقی
سه‌د داخی گرانم که چ بێ مروه‌ته،ئه‌مشه‌و
دڵخۆشه ڕه‌قیب،چون ئه‌وه بۆ داخی دڵی من
خاوه‌ن عه‌له‌م و شان و شکۆ و شه‌وکه‌ته،ئه‌مشه‌و
هه‌ر عاشقی “شه‌یدا”یه به‌شی گریه و شینه
***
شه‌وی یه‌لدا
جه‌مال شارباژێڕی
شه‌وی یه‌لدایه
هه‌ر خۆم ده‌زانم جێم
له ناخی هه‌ست و دڵدایه
شه‌وی یه‌لدایه
به‌خته‌که‌م، ئه‌مشه‌و
وه‌کوو دوێشه‌و له کل دایه
شه‌وی یه‌لدایه
ته‌نیاییم به خامۆشی له‌گه‌ڵدایه
چی ده‌بوو ئه‌مشه‌و
له‌گه‌ڵ ڕوخساری جوانێکدا
شه‌رابی ئه‌له‌م هه‌ڵدایه
شه‌وی یه‌لدایه
چی ده‌بوو ئێستا
شه‌ق و سیخورمه‌یه‌کم له‌و
خه‌م و ئازاره هه‌ڵدایه.
***
یه‌لدای شاعیر
محهممهدفاتێح محه‌ممه‌دی(ف.نامۆ)
که دێت و ده‌رده‌خا ئه‌و زولف و په‌رچه‌م
شه‌وی یه‌لدا ئه‌دا ئاڵا له دیده‌م
بزه‌ی مزری هه‌ناری لێوی ئاڵی
ئه‌زێته نێو ده‌م و لێوم،ده‌ماده‌م
ده‌کا چاوی گه‌شی هه‌ستێره‌باران
هه‌موو سووچ و که‌لێنی ڕۆحی خه‌سته‌م
ئه‌دا پێی پاڵه‌په‌ستوو،شه‌وق و شادی
به‌جێدێڵێ هه‌رێمی دڵ،کزه‌ی غه‌م
چ خۆشه ئه‌و شه‌وی یه‌لدایه هه‌ر شه‌و
به دیداری ده‌کا بۆ من فه‌راهه‌م
چ ئاتاجم به یه‌لدای ساڵه‌کاتی
که یه‌لدای بسکی ئه‌و،ڕوو کاته هۆده‌م
هه‌ناری لێوی ئاڵ و چاوی مه‌ستی
بگۆڕن دهمبهدهم ،حاڵ و هه‌واکه‌م
بکه‌ن یه‌لدایه‌کی شاهانه به‌رپا
بده‌ن بۆن و به‌رامه‌ی ئه‌و، له ئێخه‌م
له خۆڕایی نییه به‌و یاره “فاتێح”
ئه‌مه‌کدار و وه‌فادارم،هه‌تا هه‌م
***
یه‌لدا
محهممهدفاتێح محه‌ممه‌دی(ف.نامۆ)
شه‌وی یه‌لدا که زولفانت وه‌کوو تاف
به‌سه‌ر شانی سپیتا هاته خوارێ
ئه‌وه‌نده مه‌حوی تۆ بوو،دیده ئه‌نگووت
شه‌وی یه‌لدا له چاوم دا،ده‌بارێ
***
ناسر حیسامی
شه‌وی یه‌لدا،له ماڵی من خزاوه
که تاریکی و هه‌نار و گڕ له ناوه
گڕ و کڵپه‌ی سته‌م به‌ربۆته ماڵم
له‌سه‌ر خاکم هه‌ناری دڵ پژاوه.
***
ببووره
سه‌عدوڵڵا په‌رۆش
ڕوانینێک قووڵتر له ده‌ریا..
خه‌ونێک شینتر له ئاسمان
شیعرێک جوانتر له عیشق؛
دیدارێک پیرۆزتر له نوێژ
بۆ تۆ؛
خه‌مێک قووڵتر له ده‌ریا
خه‌ونێک دوورتر له ئاسمان؛
شیعرێک تاریک‌تر له ده‌یجوور
دابڕانێک درێژتر له شه‌وی یه‌ڵدا
بۆ من؛؛
***
ڕه‌حیم لوقمانی
شه‌وی یه‌ڵدایه، ڕۆژی کورد ده‌بێ چاوانی هه‌ڵبێنێ
ته‌می دێرینی خۆخۆریی،له‌سه‌ر خاکم بتارێنێ
نه‌بینم چاوی ئاسۆمان،نمه‌ی بارانی سوور بگرێ
هه‌تاوی عیشق و ئازادیی،ده‌بێ ئاڵام بڕه‌نگێنێ
***
یه‌ڵدا
محه‌ممه‌د پاکژ
خه‌ڵکی ده‌ڵێن…
شه‌وی یه‌ڵدا زۆر درێژه..
وه‌کوو ته‌مه‌نی ساڵ وایه ،نابڕێته‌وه.
به‌ڵام لای من…
شه‌وی یه‌ڵدا،وه‌کوو ئه‌ستێره‌ی گه‌لاوێژ،
چرای ئه‌فسوونی شه‌وانی بێدارییمه و ..
دڵم پێی گه‌ش ده‌بێته‌وه.
شه‌وی یه‌ڵدا…
چه‌نێ تاریک و نوته‌ک بێ،
ئه‌ستێره‌یه‌ک ڕێبه‌رمانه..
ناومان ناوه چرای ئه‌وین.
بۆیه ئیدی…
من و هه‌ناسه‌که‌ی سینه‌م،
هه‌تا مردن قه‌رزداری..
شه‌وی یه‌ڵدا و چرای ئه‌وین.
***
ده‌ردی ته‌نیایی به شه‌ودا ده‌س له دڵ ناکاته‌وه
که‌ی به‌یانی دێ،دڵم، ده‌ستی له خه‌م بشواته‌وه
شه‌و ئه‌گه‌ر یه‌ڵدا نییه، ئه‌ی بۆچی وا توولانییه؟
تۆ بڵێی که‌نگێ سه‌ما سه‌فحه‌ی ڕه‌شی هه‌ڵداته‌وه؟
ئه‌مین گه‌ردیگلانی
***
شه‌وی یه‌ڵدا
ساڵح بێچار
وتت گیانه:
شه‌وی یه‌ڵدا چه‌ند تاریک بێت،
که‌ی ده‌گاته په‌رچه‌می من؟
وتم ڕاسته؛
شه‌وی یه‌ڵدا چه‌ند درێژ بێت
ناگاته باڵای خه‌می من!
***
یه‌ڵدا
پشکۆ نه‌جمه‌دین
شه‌وی یه‌ڵدایه،
بوو،ده‌بێ.
شه‌و هه‌رچی بێ،
بێ نیگای تۆ،
عیشق نابینا و
نه‌زۆک و
نه تۆ، نه من،
نه هیچ شتێک، له‌دایک ده‌بێ!
***
به‌شێکی شێعری:شه‌وی عیشقه؛ شه‌وی یه‌ڵدا!
ساڵح بێچار
شه‌وی یه‌ڵدا خه‌ڵوه‌تی دڵ له سه‌د جێ مۆم پێ ده‌بێ
له‌و شه‌وگاره‌ی ئه‌ویندا هێلانه‌ی عیشق چێ ده‌بێ!
دڵ هه‌ناره، شه‌وی یه‌ڵدا دڵ پڕ له ده‌نکه مرواریی
وه‌ک ملوانکه بۆ گه‌ردنی ئه‌وینێکی یه‌کجاریی!
***
شه‌وه،چله‌یه و میوانێکی باڵابه‌رز
قژی درێژ،له‌سه‌ر شانی ،هه‌تا عه‌رز
چاوه‌کانی شێعرم،زوڵفی په‌خشانه
ئه‌م کیژۆڵه،یه‌که‌م شه‌وی زستانه
عه‌بدولڕه‌حمان فه‌هیمی(ده‌روێش)
***
یه‌ڵدا
محه‌ممه‌د پاکژ
له‌گه‌ڵ یه‌ڵدا به‌راوردی مه‌که خه‌می من
له‌گه‌ڵ ده‌یجوور به‌راوردی مه‌که به‌ختی من
هه‌تا له‌گه‌ڵ ژیان ڕادێم،ڕاوم ده‌کات مردن
وه‌کوو په‌روانه سووتاوه له ده‌وری شه‌م، دڵی من
له ئه‌ستێره‌ی شه‌وم پرسی که ئه‌و نازداره بۆ چوو؟
وتی، به‌م شه‌وی یه‌ڵدایه له چاوه‌ڕوانی تۆ چوو
له‌گه‌ڵ مانگی خه‌یاڵا چاوی چاوه‌ڕوانیم ڕۆیی
له‌سه‌ر کڵی چاوه‌ڕوانی سووتاوم و دڵ له‌خۆ چوو
وتم،بێ باکه له سووتانم دڵی ئه‌و نازداره ئێستا
وتی،یه‌ڵدایه درێژه شه‌وی سووتانت ئه‌مێستا
له نێوانی دڵی به‌ردی یار و سووتانی من،خۆ
ئه‌وه‌ی گیانی منه،ده‌رچوو له ده‌ستی بیر و هه‌ستا.
***
شه‌وی یه‌ڵدایه هه‌ر من دوور له تۆ مام
له‌گه‌ڵ ئازار،ته‌واو باڵا به باڵام
له‌سه‌ر سینه‌ت هه‌نار و کۆخ و سێون
وه‌ره جێژنه و ببینه لام ئهلف لام!
پشکۆ یاسینی
***
ئه‌مشه‌و له هیچ شه‌وێ ناکا
کازیوه قه‌ت به ڕۆژ ناگا
که‌س میوانی “یه‌لدا”م نییه
هیچ ده‌ستێ له ده‌رکه نادا
سیمین چایچی
(به‌شێک له شێعری “یه‌لدا”)
***
سۆران حوسێنی
یه‌لدا
بۆ سوور و ساتی خۆی
هه‌ناری کرده قوربانی
ئه‌و
به هه‌زار و یه‌ک ده‌نک
شه‌و ده‌خافتێنێ به خۆی و
ڕێ خۆش ئه‌کا بۆ به‌یانی!.
***
یه‌ڵدا
حه‌سه‌ن نازدار
1
شه‌وی کورد
درێژترین یه‌ڵدای
دونیایه…….
که هه‌رگیز خۆری
لێ هه‌ڵنایه.
2
یه‌ڵدا
خه‌می بێ کۆتایی کورده
له‌و ڕۆژه‌وه‌ی که لێره
چادری بێکه‌سی هه‌ڵدا.
3
یه‌ڵدا
چاوه‌ڕوانیی ئه‌نفال و
بێ به‌ختیی کورد و
ته‌نیایی خودایه
که هه‌رگیز کۆتای‌یان نایه.
***
یه‌ڵدا
که‌ریم حیکمه‌تی
له مانگێک ده‌گه‌ڕا ناخم
تریفه‌ی که زه‌وی ته‌ڕ کا و
بژاکێنێ بێ تاقه‌تیم
له ڕووبارێک،
خوڕه‌ی که ته‌نیاییم تووڕ دا و
لیپاولیپی شه‌پۆلم کا
له تۆیه‌ک ده‌گه‌ڕا دڵم،
که هێمی مانگ و ڕووباری و
ده‌سپێکی وه‌رزێکی سپی….
***
یه‌لدا
ئازاد سه‌یید ئیبراهیمی(هۆگر)
چله‌یه و بێژه چلۆن ئه‌و شه‌وه تهی بێ،گوڵه‌که‌م؟
مه‌گه‌ر ئه‌م بێکه‌سییه‌م چاره به مه‌ی بێ،گوڵه‌که‌م
له منا تاری ژیان، تان و ته‌لی تازه چڕا
خه‌فه‌تم چاری به نۆتی گڕی نه‌ی بێ،گوڵه‌که‌م
به هه‌نیی لێو و ده‌مت،شه‌وچه‌ره شیرینه،وه‌لێ
له په‌نا سێ‌و و هه‌ڵووچه و به‌ری به‌ی بێ،گوڵه‌که‌م
نه به‌ره‌و ته‌شقی شه‌وه‌ق من ده‌چم، ئه‌ر بێت ده‌سم
نه‌گرێ پرچی شه‌وت،مه‌یکه به عه‌یبێ ،گوڵه‌که‌م
له شه‌وی بێفه‌ڕی ئه‌م ژینه که یه‌لدایه هه‌موو
سه‌حه‌ری ئه‌و گه‌له چه‌وساوه‌یه که‌ی بێ،گوڵه‌که‌م؟
***
هه‌تاوم گه‌رچی شه‌و ساتی چله و یه‌لدایه، ئه‌مشه‌و
له لێواری دڵم چی بوو سه‌ری هه‌ڵدایه،ئه‌مشه‌و
که دێ با،وه‌رزی پاشایی سه‌هۆڵ و به‌سته‌ڵه‌ک بێ
وه‌کوو نه‌ورۆزه ئاواتم له باخه‌ڵدایه،ئه‌مشه‌و
ئازاد سه‌ید ئیبراهیمی(هۆگر)
***
شه‌وی یه‌ڵدا
ستار ئه‌حمه‌د
به عومری وه‌ک شه‌وی یه‌ڵدا
به تاریکیی قه‌ده‌ر کوێرم
به باده‌ی عه‌ده‌م سه‌رمه‌ستم
دێوانه‌ی لووتکه و هه‌ڵدێرم
چوون ڕزاوم له‌گه‌ڵ شیعرا
شه‌و گیانی خۆم له‌کۆش ده‌نێ
له‌گه‌ڵ چوونی ساتی عه‌شقا
خه‌م، گۆڕم بۆ هه‌ڵده‌که‌نێ
له هۆره‌ی ڕۆژگاری تاڵ و
له به‌دبه‌ختیی عومری ڕه‌هام
ڕۆحم له جه‌سته‌ما ده‌مرێت
کاسه‌ی مه‌رگی شه‌وی یه‌ڵدام
***
خۆرێک له پاڵ شه‌وی یه‌ڵدا
چنوور نامیق
به دیار کوانووی شه‌وی یه‌ڵداوه دانیشتووم
مێژوویه‌ک شه‌وگاری ته‌نیا ئه‌سووتێنم
هه‌ناسه‌ی ئۆغرێکی دوور له ده‌روونما دێت و ده‌چێ
نه‌زه‌ر ناکه‌م و ته‌ماشات ئه‌خۆمه‌وه
وا لێوم شه‌کره خه‌م ئه‌گرێ
ئیره‌یی به نۆته‌کانی خه‌یاڵبوونم
ئه‌وه‌نده‌ی تر نامۆت ئه‌کا…
ئه‌ی ئاده‌م
من کچی خۆرم
وریا به
نه‌با ته‌ماشات له خه‌می چاوما داگیرسێ
ناڵه‌م ئاوه‌دانی قه‌قنه‌س ئه‌سووتێنێ
ئاگه‌دار به په‌نجه‌ت به پرچم گڕ نه‌گرێ
دڵنیا به
به ماچێکی زه‌وتکراوم
خه‌یاڵ نابی
ئیره‌یی به نووری چاوم
بینینت ڕۆشنتر ناکا
ئێستاکه من زۆر ئازادم
وریا به ئاشنای ئازیزم
چرپهکانت وه‌ک نزای مۆمێکی له‌رۆزک
له ناخمدا له بیر نه‌چێ!
ئێستا من دڵم ئازاده
خاڵییه له خه‌ونه‌کانت
وریا به ئاشنای ئازیزم
وڵاتێکم، ئاڵام ناوێ
ئاگردانی یه‌ڵدایه‌کی بێ حیکایه‌تی پیاوانم….
ئێستا، تاراوگه‌م له مه‌نفا
ئێستا،مه‌نفام له تاراوگه
حه‌زه‌ر ناکه‌م و ڕێ ئه‌بڕم
نه‌زه‌ر ناکه‌م و ته‌ماشات ئه‌مخواته‌وه
ئێستا خاڵی‌تر ده‌بێژم
نا،هیچ ئاڵایه‌کم ناوێ
ڕێ ناده‌مه هیچ ئیمپراتۆرێکی تینوو
بۆ ساتێ بمکاته په‌نا!
ئاشنای هه‌ناسه و دیده‌نیم
من ئێستاکه کچی خۆرم
وریا به ،وریا به
په‌نجه‌ت به تاڵه‌کانی پرچمه‌وه دانه‌گیرسێ!!
***
…شه‌وی یه‌ڵدا…
ساڵه‌ح هه‌لاج
ئه‌مشه‌و ئاسمان
تارای سپی داوه به‌سه‌ر بووکی زه‌وی.
بوون پڕ ده‌کات
له شه‌وچه‌ره‌ی هه‌ناره‌کان.
گوێی مه‌ست ده‌کات
له ئاوازی ترپه‌ی باران.
ئه‌مشه‌و یه‌ڵدا
میوانێکی باڵابه‌رزه
بۆی هاڵاوی ئاگردانه و
سۆز و به‌زه‌ی خواوه‌نده.
شه‌ونشینی نوێژی عه‌شقه
له تام و بۆی ڕه‌زازه‌کان…
***
زستان،
ئاخری ڕۆژێک باز ده‌ده‌م به‌سه‌رتدا
یه‌لدای چاوه‌ڕوانی
ماندووم ناکات.
مسته‌فا هوشیار
***
شـــەوی یەڵـــدایـە؛ (لاڤــا)م لا مـەکــه
بۆتان لەتیف ماویلی
ئەم شەو
پاییز دەستی ئەخاتە ناو دەستی زستان
ئەوە یەکەمین شەوی دیدارە وا درێژە !؟..
ئەوە یەکەم پشکوتنی گوڵی زارە وا درێژە!..
ئەوە یەکەم تێکەڵبوونە وا درێژە ؟!..
پاییز:
ئەوە لەدایکبوونی تۆ و مەرگی منە!
ئا لەو شەوە
من چاوی مانگیم لێک ئەنێم!..
ئاسمان به فیستانێکی ڕەش
دڵی بۆ خاک ئەکاتەوه و ڕۆندک ئەڕێژێ!..
ئەم شەو تاریکی لێک دەکشێت
هەموو ڕەنگێک ئەخواتەوه و
شەوی دەیجووری گەردوونە وا درێژە!..
ئەمە شەوی هەڵوەرینی تریفەی چاوی هەیڤیمە!..
ئەمە شەوی زانی تۆیە
ئەمە شەوی دامانی هەموو ڕەنگێکە!..
ئەمە شەوێکی هێدمایی زایەڵەی زار و پەیڤیمە!..
وەرە ئەی گوڵ
به چاوی ئاڵۆز ببینە
ئەڕژێ سۆزم ،ئەڕژێ چێژم!..
ئەمە شەوی ژانی گەردوون
ژانی هاواری وجوودە کە ئەڵێ چرا ئەنێژم!..
زستان:
ئەمە شەوی گریانی تۆ و بزەی منە!..
ئەمە شەوی یەکەمین تەوقەی ژوانە!..
ئەمە شەوی ئامێزی بەیەک سپاردن
ڕەنگی ڕەشی چاوی منە ئەی پاییزێ!..
له دڵی تۆ هەڵی دێنم ئەی گەشکەی پەروانە!..
پاییز:
نابێ یار به بێ تۆ نابێ!..
شەوی یەڵدا بێ چرا بێ!؟..
ئاشقی تۆم خودایە دڵم سارد،نابێ!..
نابێ گوڵ نابێ
به بێ تۆ شەو شکاوی واگاهاتنە
هەر چی دەبێژم دڵم سارد، نابێ!..
شەوی یەڵدایە ئەی یار
وەک نالی دیدەم دوور له تۆ بێ نوورە!..
دڵم مەعزوول، مایل به دیدەی تۆیە
له غوربەتدا تێنی و مەهجوورە!..
نابێ مانگ نابێ
شەو بێزارە لە دەیجووری
شەوی یەڵدایە
نابێ گوڵێ ڕژدی نابێ!..
لە (لاڤا)م لا مەکە
گێنگڵە بەسە گوڵم دڵساردی نابێ!..
خودایە..
شەوە درێژ ڕاکشاوە له بێدەنگی!..
چەمانەوه و کڕنۆش
حاملاندنی گوڵ و دادانەوەی ڕۆشنایی!..
فەرهەنگۆک:
لاڤا: ڕجا
گێنگڵە:هاتوچۆی بێ سوود.
حاملاندن:تەربیەتدان.
دادانەوە: دابارین
***
بۆیه من له شه‌و بێزارم
چونکه تۆم تێدا له ده‌ست دا
جا چی له به‌ختی شوومم که‌م
شه‌وگاره‌کان
درێژن وه‌ک شه‌وی یه‌ڵدا.
هه‌ردی محه‌ممه‌د
***
یه‌لدا
هۆمه‌ر نۆریاویی
ئه‌گه‌ر هاتی “یه‌لدا”وه‌ره
چیرۆکی دڵ درێژ درێژ
ناخیش پڕ پڕی که‌سه‌ره.
ئه‌گه‌ر هاتی ته‌نیا وه‌ره،
ئه‌چینه‌وه سه‌ر گرده‌که‌ی په‌نا ماڵتان
زه‌مه‌ن به دڵ ئه‌سپێرین و
ئه‌چینه‌وه ئه‌و ده‌مانه‌ی
عاله‌م چۆڵ و ئێمه‌ش دوور دوور،
له‌م هه‌موو هات و خه‌به‌ره.
که‌چی له پڕێک
ده‌نگێ دێت و ڕۆشنایی
شه‌ودره‌نگان ئه‌شڵه‌قێنێ:
کچێ له کوێی؟
ده وه‌ره‌وه، شه‌و ڕاشکا،
زوو به زوو ، ده‌ی
وا سه‌حه‌ره.
***
ده‌ره‌نجام:
هه‌ر چۆنێک بێت شه‌وی چله(یه‌ڵدا، یه‌لدا)به درێژایی مێژووی کورد خاوه‌نی سه‌نگ و به‌های خۆ بووه و تا به‌مڕۆ هاتووه به‌ڵام مخابن له‌و هه‌موو تایبه‌تمه‌ندیی و خه‌سڵه‌ته جوانانه‌ی نێو ئه‌م شه‌وه،نها ، ته‌نێ یادکردنه‌وه‌که‌ی به شێوه‌ی چاولێگه‌ری بۆ ئێمه ماوه‌ته‌وه و دابونه‌ریت و ڕۆح و سۆز و خۆشه‌ویستییه‌که‌ی جارانی له‌به‌ر داکه‌ندراوه. ڕه‌نگه لێره و له‌وێ هه‌بێت ده‌ڤه‌رێک، گوندێک یان خێزانێک، هێشتا لێوان‌لێو له‌و پرسه جه‌وهه‌رییانه‌ی نێو شه‌وی چله بێت به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه به‌شی فره‌ی ئه‌وه‌ی ئێستا له تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و… ده‌خرێته به‌ر دیده، زێتر وێنه و دیمه‌نی بێ ڕۆحی ئه‌و شه‌وه‌یه بۆ پڕکردنه‌وه‌ی که‌لێنه ده‌روونییه‌کانی ئینسانی ئه‌م سه‌رده‌مه که ئومێده تا دێت مرۆ فره‌تر ئاوڕ له‌و پرسانه بداته‌وه که گه‌شه و نه‌شه به گیان و ڕۆحی ده‌به‌خشن.
***
سه‌رنجێک: بۆ وتن ده‌شێت به‌شێکی ئه‌م بابه‌ته له ژماره 26ی بڵاڤۆکی “لووتکه”دا که له شاری “سنه”ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌رده‌چێت، چاپ و بڵاو بووه‌ته‌وه.