کاوسێن بابەکر: هەردەست نا، فرمێسک و برسێتی و مەرگی خەونی گەنجانیشی لەپشتەوەیە!
کاتێ خەڵکی وەتەنگهاتوو دێتە سەرجادە، دەستەڵات واراهاتووە بەیەک ووشە خۆی لەبەرپرسیارێتی دەربازبکات و یەکسەر بڵێ (دەستیان لەپشتەوەیە!!) لە 2011، دواتر 2015 و ئێستاش دەیبینین، حکومەت و دەستەڵات بێ ئەوەی هیچ خۆماندوو بکەن لەسەر زاری نێچیرڤان بارزانی، لەجیاتی دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەک بۆ ئەو دۆخە پڕ نەهامەتیە، یەکسەر دێن و زۆر چاوقایمانە دەڵێن ئەوانە گێرە شێوێنن و دەستیان لەپشتە؛ داواکردنی مووچە کەمافی ڕەوای فەرمانبەر و پێشمەرگەو کەسو کاری شەهیدو کەمئەندام و خانە نشینانە دەستی بۆچیە؟ داواکردنی شەفافیەت و داهات و خەرجیەکانی ئەم ووڵاتە پێویستی بەچ دەستێکە؟داواکردن بۆ پاکردنەوەی لیستی دەنگدەران و ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کام دەستەی دەوێ؟ بەگژاچوونەوەی گەندەڵی و ڕەوانەکردنی گەندەڵکاران بۆ دادگا قاچ و دەستی دەوێ لەپشتیەوە بێ؟ داواکردن بۆ بە وەفابوون بۆ بەڵێنە زۆرەکانتان پێویستی بەدەستە؟ تاکەی ئەم قەڵاگەندەڵانە دەپارێزن؟ ئێوە لەسەددام و قەزافی و حوسنی موبارەک بەتواناترن؟
بەڵێ ئەم خۆپێشاندانانە زۆر شتیان لەپشتەوەیە؛
*- برسێتیان لەپشتەوەیە کاتێ گەنجێک کاری دەست ناکەوێ و دەبینێ باوکی مووچەکەی پێنادەن و لەولاشەوە دینارێک لەگیرفانیدانییە و بە بۆڵەبۆڵ لەماڵەکەی دیتەدەرو روناکاییەک شک ناباو ناشیەوێ پەنا بۆ دزی و تاوان بەرێ، لە پەناشیەوە کوڕەکانی ئێوە گاڵە بەپارەو سەیارەی دوا مۆدیل دەکەن، ئیدی دێتە سەرجادە!
*- بەڵێ، حکومەتێکی بێ پلان و بێ بەرنامەی پەروەردەیەکی دروستی لەپشتەوەیە، کەکتێبەکانی پڕن لە توندوتیژی کۆمەڵایەتی و ئایینی و خاڵی خاڵین لەوانەی مرۆڤدۆستی.
*- بەڵێ دەزگای حکومەتێکی لەپشتە، کە پۆلیس و هێزە سەربازیەکانی ڕانەهێناوە بەشێوەیەکی مرۆڤدۆستانەو لەچوارچێوەی یاسادا مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتیانی خۆی بکات و بەتووندوتیژی بەگژیان دادەچێتەوە !
*- بەڵێ فرمێسکی دایکی شەهیدو پێشمەرگەی لەپشتەوەیە کە دینارێکی پێ نییە منداڵەکەی پێ ژیرکاتەوە یان کرێ خانوەکەی بدات!
*- بەڵێ مەراق و خەونی بەئاکام نەگەیشتووی ئەوژن و منداڵ و گەنجانەی لەپشتەوەیە کە یان لەدەریای ئیجەدا خنکان یان خۆیان هەڵواسی!
*- بەڵێ ئەو خوێندکارانەی لەپشتەوەیە کە سەرەڕای ئەم هەمووداهاتە، لەجیاتی پارەیان پێ بدەن نەبنە بارگرانی بەسەر خێزانەکانیانەوە لەم قەیرانەدا پارەیان لێ دەستێنن!
*- هەموو میللەتیان لەپشتەوەیە کە بەرمیلێک نەوتیان پێنادەن و هەمووڕۆژان سەدان بەرمیل بەبەرچاویەوە ئاو دیو دەکەن و دەشبیستن لە پارەکەشی بە سەدان ملیاردینارتان لەبانکەکانی دونیادا قایمکردووەو هیج وەلامێکیشتان پی نییە!
*- گرێبەسەتە نەوتیەکان و سەرجەم مامەڵە داراییەکانتان لەتاریکیدا دەکەن و خەڵک ناچاردەبێ گومان لەهەموو کارێک و قسەیەکتان بکات!
*- میدیایەکی لەپشتەوەیە لەحزبەکان زیاتر سیاسەت دەکات و نەتان توانیەوە بەیاسایەکی مەدەنی نیشتمانی ڕێکی بخەن!
*- ئۆپزسیۆنێکی لەپشتەوەیە قاچێکی لەناو حکومەت و وەزیرو گزیرت بۆ داناوەو قاچەکەی تری لەسەر جادەیەو قایمقایمەکەی بەرد دەگرێتە فەرمانگەکەی خۆی!
هەرکەسانی گێرەشێوێن؟ بەڵکو لەوانەیە سیخورو حەڵقە لەگوێی دوژمنانی کوردیش کەچاویان بەم سەربەخۆییە هەڵنایە، خۆیان بخزێننە ناوی! بەڵام ئەگەر ئێوە تۆزێک خۆتان ماندوو کردباو کەمێک لەو دزی و گەندەڵییەی خۆتان و دەست و پێوەندەکانتان گردبایەوە، ئەو خۆپێشاندانانە نەدەگیشتنە ئەو توندوتیژی و سوتاندنە کە لەکۆتاییدا بەزەرەری خۆپێشاندانەکان و کارێکی دواکەوتانەو نانیشتمانانەیەو دەبێ بنبڕ بکرێ. بەڵام ئەگەر هەروا کەمتەرخەم وکەڕەمسۆبن خۆپێشاندانەکان بەرەو ئاقاری خراپتردەڕۆن ولەکۆتاییشدا ئەو دەستکەوتانەی دەیان ڕوباری خوێنی لەپێناودا بەخشراوە دەدرێتە دەم ڕەشەبا! دووریش نییە ئەم دۆخە بیانووبداتەدەست بەغداو بەپشت بەستن بەدەستوور هێزبنێرێتەوە کوردستان وئەو نیوەیەی ماویشە داگیری بکاتەوە.