کارا فاتیح: بارەگا… بارێ گا.
بارەگا, بوون بە بار بە سەر كۆمەڵگاوە
بارەگا لە خەیاڵدانی سیاسی و كۆمەڵایەتیدا شوێنە، شوێنی ئەندامەكانی پارت، ڕێكخراو، كۆمەڵە و سەندیكای جۆراوجۆرە… شوێنی كاری میر، پاشا، سەرۆك، بەرپرس و… هتد، ـەكانە، ڕاستییەكی حاشاهەڵنەگر هەیە، لە كوردستان پارت، ڕێكخراو، كۆمەڵە و سەندیكاكان ئاوێنەی خەڵك و ئەو توێژانەی خەڵك نیین كە بە زۆر خۆیان كردوون بە نوێنەریان، سەرۆك و بەرپرس و لێپرسراوی یەكەم و دوەم و سێیەم و… هتد،ـ ی شار و شارۆچكەكان، هێندە دوورن لە ژیانی ئاساییی خەڵكەوە، كە قسە دەكەن، وەك لە هەسارەی جووداوە هاتبن بەو شێوەیە دەدوێن، لەم ڕاستییە سادەیەوە بارەگاكان دەبن بە دومەڵی دڵی شار و شارۆچكەكان، دەبنە سیخوڕخانە و گەندەڵخانە و تەمەڵخانە و شوێنی ئینسانی زیادە و بێكەڵك، شوێنی ئەو كەسانەی جگە لە بوون بە عەبد و دۆزینەوەی ڕێچكەی دزێو بۆ پارە و دەسەڵات و مفتەخۆری و چڵێسی، هیچ سەنعەتێك، بەهرەیەك، خولیا و بیركردنەوەیەكی تریان نییە، لێرەوە لە خەیاڵدانی خەڵكدا بارەگا چیتر شوێنێكی ئاسایی نییە.
بارەگا ئێستا لە خواست و ئارەزووی خەڵكدا بە تایبەت خەڵكانی خۆپیشاندەر، وەك بینا پێویستە دابخرێت، بسووتێنرێت، چۆڵ بكرێت، ئاڵا و تابلۆكەی بخرێتە ژێر پێوە، لە بیركردنەوەی خەڵكدا وەك وشەیەكی پتەو كە مانای خۆی بدا نەماوە، خۆبەخۆ بە بێ ئەوەی بە ئەنقەست بێت، وشەكە هەڵدەوەشێت: بار+ە+گا… [بار] لە زمانی كوردیدا مانای زۆرە و دەیشچێتە پێكهاتەی زۆر وشەی ترەوە، بەڵام ئەوەی لێرەدا خەیاڵ بۆی دەڕوا دوو مانایە: 1-بارستایی، قورسیایی، ئەندازەیەك لە شتێك (كەلوپەل و خۆراك) وەك: بارەترێ، بارەدار. 2-مزاحم، بارستێكی ناقۆڵا كە ڕێ لە ڕیتمی ئاساییی شتەكان و ئیشوكار دەگرێت، وەك: ئەو كەلوپەلانەم لێ بوون بە بار نازانم چییان لێ بكەم. دوو مانای [گا]یش زەق دەكەینەوە: 1-نێرەی ڕەشەوڵاخ. 2-وەك پاشگری ئەو ناوانەی كە دەبنە ناوی شوێن [اسمی مەكان] وەك: یاریگا، خەڵوەتگا…. ئێستا لەم مانایانەوە، بارەگا دەبێتە بارێك لە گا. بار وەك گوتمان بڕ یان ئەندازەیەكە لە شتێك، [گا]یش ئەگەر چی ناوی ئاژەڵێكە، بەڵام بە هۆی سروشتی ئەم ئاژەڵەوە لە بەر دیدی كورددا، جووڵەی خاو، قەڵەوی، دەنگی ناساز، پیسوپۆخڵی، ئەگەر چی مرۆڤدۆستی و ئاژەڵدۆستیی مرۆڤی كورد دەخەنە ژێر پرسیارەوە، بەڵام وەك جنێو بە كەسانی تەمەڵ و گێل و پیسخۆر و چەنەباز و دەنگ ناساز بە كاردێت، كەواتە ئێستا بارەگا شوێنی كەسانی تەمەڵ و گێل و پیسخۆر و چەنەباز و دەنگ ناساز و هەموو سیفەتێكی نزیك لەم بابەتانەیە. لە مانای دوەمیشیدا بارەگا، شوێنی ئەو كەسانەیە كە بارن بە سەر كۆمەڵگاوە، كۆسپن لە بەردەم ژیانێكی باش، ڕێگە لە پێشكەوتنی وڵات دەگرن، لەمپەرن لە سەر ڕێی داهێنان و خۆشگوزەرانی و دۆخی شاییستە بە مرۆڤ.
دەمێنێتەوە سەر ئەوەی كامە بارەگا ئەو مانایانەی بە سەردا دەچەسپێت، ڕەنگە لە خەیاڵی زۆربەماندا كە ئەم ڕۆژانە بارەگاكانی حزب كەوتنە بەر پەلاماری خۆپیشاندەران و هەندێكیان سووتێنران، وا بزانین ئەوە تەنها ئەو بارەگایانە وان، بەڵام ئەگەر وردتر بڕوانین، دەبینین ئەوەی بارە بە سەر كۆمەڵگا و ئەوەی شوێنی خەڵكانی بێ كار و پرۆژەیە و بوەتە شوێنی كۆیلە و پارەپەرست و چڵیس و پیسخۆر و لە سیخوڕخانە و گەندەڵخانە و تەمەڵخانەیەك زیاتر نیین تەنها بارەگاكانی حیزب نیین، بەڵكو بارەگاگانی: دوكتۆران، یاساناسان، تەلەبە، مامۆستایان، هونەرمەندان، نووسەران، ئەندازیاران، ژنان، لاوان، كرێكاران، كەمئەندامان و هەموو ئەوانی تر بێ جیاوازی هەمان سیمایان لە كۆمەڵگای كوردیدا هەیە.