شێرزاد شێخانی: بۆچی خۆپیشاندانەكان دامركانەوە؟
دوای بیستو شەش ساڵ لەحوكمڕانییەكی فاشیلی گەندەڵ كە ماڵوێرانی بۆ میللەت هێناو، دوای سێ ساڵیش لەنەهامەتی و بێ موچەیی بەحەدی برسیبون، شەقام هاتە لەرزە. زوڵمو ستەمی دەسەڵاتی دیكتاتۆری فاشی كورد، خەڵكی رژاندە سەرشەقامەكان . ئەمجارەیان ئومێدیكی زۆر گەورە بەم جوڵەیە هەبو كە كۆتایی بەو مەینەتیانەی چەندین ساڵەوە بێنێت، ئەم دەسەڵاتە ستەمكارە بروخێنێ، بەڵام سەرباری تووڕەیی لەئەندازە بەدەری میللەت، دەسەڵات نەڕوخاو خەونەكانیش جارێكیتر زیندەبەچاڵكران، میللەت بەبێبەشی مایەوە، دەسەڵاتیش هەناسەیەكی هاتەوەبەرو بەردەوام بو، ئەو قوربانیانەی لەخۆپیشاندانەكانیشدا خوێنی بەناهەقیان رژا، بون بە ژمارەیەك لەشەهیدانی رێگای ئازادی و هیچیتر!.
پرسیارە گەورەكە ئەوەیە: دوای ئەم هەمو زوڵمو ستەمە، دوای ئەم هەمو نەهامەتی وبرسیبونە، بۆچی جوڵەی شەقام سەری نەگرت و خۆپیشاندەنەكان دامركانەوە؟؟. هەڵبەت دەیان هۆكار هەن بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، با بەشێكیان خاڵبەند بكەین:
1- هەرچەندە خۆم هیچكات باوەڕم بە نەزەرییەی موئامەرە نیە، بەڵام بەراشكاویش ئەتوانم بڵێم ، پیلانیك دژی ئەم خۆپیشاندانانە بەڕێوەچو، ناتوانم لایەنێك تۆمەتباركەم بەم پیلانەوە، بەڵام روداوەكان دەریانخست كە دەستێك هەبو لەپشتی خۆپیشاندەرانەوە كاری خۆی ئەكرد، بەدەلیلی ئەو هێرشە ناڕەواییانەی كرانە سەر دامودەزگا حكومیەكان كە هیچ پاساوێكیان بۆ نەبو، چونكە دارو دیوار سەبەبی ئەو نەهامەتیانەی میللەت نەبون، بەڵكو دەسەڵاتێكی ستەمكار نانی خەڵكی بڕی و وەزعی میللەتەكەی گەیاندە ئەم رۆژە رەشەوە. دوای ئەوەش لەهیچ شوێنێكی دونیادا حكومەت بەمكارانەوە ناڕوخێت، بەڵكو دەستی كراوەتر ئەبێ بۆ دەمكوتكردنی خۆپیشاندەرانو شەرعیەتیكێش وەرئەگرێ بۆ دامركاندنی ناڕەزایەتیەكان، سەیری شارەكانی سوریاو یەمەن بكەن چۆن وێرانبون، بەم وێرانیەوەش میللەتەكەیان نەیانتوانی دەسەڵات بروخێنن. لەجیاتی ئەوەی خۆپیشاندەرانی شارەكانی كوردستان پشتێنەیەكی جەماوەری لەدەوری ئەو دامودەزگایانەوە دروست بكەن بۆ ئەوەی كەس دەستیان بۆ نەبات چونكە دواتر هەر بەپارەی میللەتەوە ئەبێ چاكبكرێنەوە، كەچی خۆیان چون سوتاندیان و تاڵانیان كرد.
2- سوتاندنی بارەگای حزبەكانی غەیری دەسەڵات پەیامێكی رۆشن بو بۆ هەمو لایەك كە مەسەلەكە تەنها دەسەڵاتی جوت حیزبی نیە، بەڵكو مەبەست پرۆسەی سیاسی كوردستانە بەگشت لایەنەكانیەوە، ئەمەش مانای دروستكردنی فەوزایەكی گشتگییرە لەهەرێمدا، بەمەش تا ئاستێك رێڕەوی خۆپیشاندانەكانیان گۆڕی و، حیزبەكانی غەیرە دەسەڵاتیشیان ترساند لەهاتنە ناو خۆپیشاندانەكان ورێبەرایەتی كردنی. هیچ پاساوێك نەبو بۆ سوتاندنی بارەگاكانی گۆڕانو كۆمەڵ كە ئەوانیش بەقەدەر میللەتەكەیان موعاناتیان لەگەڵا ئەم دەسەڵاتەدا هەبوە، بەتایبەتیش ئەم حزبانە هەر لەسەرەتاوە خۆیان یەكلاكردەوە كە لەگەڵ خۆپیشاندانو مافی مییلەتەكەیانن.
3- لەراپەڕینەكەی ساڵی 1991دا راستە راپەرینێكی خۆڕسكی جەماوەری بو و لەناو شارەكاندا تووڕەیی خەڵك بەرامبەر رژێمی بەعس تەقیەوە كە هێشتا هێزی پێشمەرگە نەگەیشتبوە ناوچەكانەوە، بەڵام حزبەكانی بەرەی كوردستانی پشتگییری ئەم جوڵانەوەیان كردو رۆژانە لەرادیۆوە پەیامی هێزی پێشمەرگە بە شانەكانی ناوەوە ئەگەیشت و هەماهەنگیەك هەبو لەنێوان جەماوەرو سەركردایەتی شۆڕشدا، بەواتای سەركردایەتی شۆڕش لەشاخەكانەوە رێبەرایەتی جوڵانەوەكەیان ئەكرد، دواتر بەچەند رۆژێك شارەكان ئازادكران، هێزی پێشمەرگە هاتنە ناو شارەكانەوە دەسەڵاتێكی بەدیلیان دروستكردو بۆشایی روینەدا. ئەمجارەیان راپەرینەكە لەسەرەتاوە بێ سەروبەری پێوە دیار بو، سوتاندنی بارەگاكانی هەمو حزبەكانیش رێگای نەدا كەسێك یا حزبێك لەمانە خۆیان بكەنە ساحێبی راپەرینەكەو ببنە رابەری، بۆیە كار كەوتە دەست كەسانێكی نابەرپرس و فەوزایەك لەناو خۆپیشاندەراندا سەریهەڵدا.
4- بەشێك لەو حزبو لایەنانەی دەرەوەی هاوكێشە سیاسەكان، خۆیان وەكو ئەلتەرناتیڤێك بەرامبەر حزبانی دەسەڵات نمایش كرد، هەر زوو سواری شەپۆلەكە بون ویستیان مەرامەكانی خۆیان بەداخوازییە رەواكانی میللەتەكەیانەوە گرێبدەن. بۆ نمونە شاسوار عەبدولواحید هەر زۆر بەپەلە گەڕایەوە كوردستان، ویستی لاسایی ئیمام خومەینی بكات كاتێك بەشێك لەهەوادارانی هێنایە بەردەم فرۆكەخانەی سلیمانی و ویستی خۆی بكاتە رێبەری راپەڕینەكە، ئەمەش لەكاتێكدا بزوتنەوەكەی تەمەنی لەسێ مانگ تێپەر ناكات و هێشتا نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی ببێتە نوێنەری خەڵكی بەشمەینەتی كوردستان. ئەو برادەرە بیری چو كە حیزبی شیوعی لەعیراق و كوردستانیشدا سەرباری ئەوەی تەمەنی گەیشتە هەشتا ساڵیشەوە هێشتا نەیتوانیوە بەبنكەی جەماوەریەكەیەوە بگاتە سەر دوو كورسی وەزارەت لەحكومەتەكانی عیراق و هەرێمدا، تا ئەمڕۆش ئەم حزبە چاوەڕوانی وەرگرتنی دەسەڵاتە، كەچی بزوتنەوەیەكی تەمەن سێ مانگی ئەوەننە بەپەلەیە ئەیەوێ بەسواربونی شەپۆلەكان بێتە سەر تەختی دەسەڵات ؟!.
5- زەنگی مەترسییە گەورەكەش كە بوە هۆی دامركاندنەوەی راپەڕینی سەرجەم ناوچەكانی كوردستان، لەو كاتەدا لێدرا، كە لەهەندی شوێندا خۆپیشاندەران كەوتنە خۆ چەكدار كردن و كۆكردنەوەی تەقەمەنی بۆ روبەروبونەوەی هێزە ئەمنیەكان وپێشمەرگە، ئەمەش واتای سەرهەڵدانی شەڕێكی ترسناكی ناوخۆ بو .. ئەگەر خێرا كۆنتڕۆڵی وەزعەكە نەكرایە ، كار لەكار ئەترازاو روبەروبونەوەی خوێناوی لەزۆنی سەوزدا رووی ئەدا، بەمەش هەم دەسەڵاتی پارتی وەكو تەماشاكار سەیری شەڕەكەی ئەكرد ، هەم رێڕەوی خۆپیشاندانەكانیش ئەگۆڕا، ئەوسا پارتی لەهاوكێشەكە بەبێ هیچ زیانێك دەربازی ئەبو كە خۆی سەبەبكاری هەمو مەینەتیەكانە، دوور نەبو هێزەكانی خۆیشی بناردایە بۆ رزگاركردنی یەكێتی ، بەمەش زیاتر یەكێتی ئەخستە ژێر ركێفی خۆیەوە و ئەیكردە پاشكۆی بەمەش ئەبو بەحاكمی موتڵەقی هەمو هەرێم، چونكە پارتی هیچكات سڵ لەوە ناكاتەوە بەزەبری هێز سەیتەرە بكاتە سەر میللەتەكەی ، باشترین نمونەش شاری هەولێری بندەستی پارتییە كە بەهێزی ئەمنی و پاراستنو زێرەفانییەوە تەنراوە.
لەبەر ئەم هۆكارانەوە هەم لایەنەكانی دەسەڵات، هەم هێزەكانی تریش گەیشتنە ئەو قەناعەتەوە كەوا راپەرینەكە دامركێننەوە بەر لەوەی تەڕو وشك بەیەكەوە بسوتێنی، ئەوە بو هەمو هێزەكان هاتنە سەرشەقام راپەڕینەكەیان دامركاندەوە.
پێویستە لەوەی رویدا میللەتەكەمان پەندو عیبرەت وەربگرێ، بەوەی كەوا توندوتیژی و سوتاندن و تاڵانی و تێكدان هیچ ئامانجێك ناپێكێ، باشترین بژاردە بۆ كۆتاییهێنان بەم زڵمو ستەمكاریەی دەسەڵاتی هەرێم تەنها خەباتی راستەقینەی مەدەنیانەیە، ئەویش :
1- مانگرتنی سەرتاسەری لەسەرجەم دامودەزگاكانی حكومەت كە زیان بەهیچ كەسێك ناگەیەنێ تەنها خودی دەسەڵات خۆی، ئەم بژاردەیە كاریگەرییەكی زۆری ئەبێ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا.. هەڵبەت مەبەستم مانگرتنی دوكانداران نیە وەك ئەوەی لەم رۆژانەدا لەكەلار رویدا، چونكە بەمە خەڵكی كاسبكار زەرەرمەند ئەبن كە ئەوانیش بەشێكن لەقوربانیانی ئەم وەزعە قەیراناوییە.
2- ئەنجامدانی هەڵمەتێكی ئیمزا كۆكردنەوەی ملیۆنی لەنێو جەماوەردا بۆ گەیاندنی دەنگی ناڕەزایەتیان بە نێوەندەكانی جیهان، بۆ ئەوەی فشار بخەنە سەر دەسەڵات بۆ دەستلەكار كێشانەوەی ئەم حكومەتە و دامەزراندنی حكومەتێكی باشتر.
3- بەلای منەوە باشترین بژاردە بۆ گۆڕینی سەرجەمی سیستەمی سیاسی كوردستان و دەرباز بون لەم نەهامەتیەی چەندین ساڵەی هەرێم، دەنگی هاوڵاتیانە لەهەڵبژاردنەكانی داهاتودا، هەڵبژاردن باشترین دەرفەتە بۆ هەڵڕشتنی رقی جەماوەر لەبەرامبەر ئەم دەسەڵاتە ستەمكارە، ئەمەشیان نە پێویستی بە توندوتیژی وقوربانیدانە، نە كەسیش ئەتوانی رێگە لەئیرادەی میللەت بگرێت لە بڕیاردان لەهەڵبژارنەكاندا. میللەتێك بتوانێ بیستو شەش ساڵ نەهامەتی وماڵوێرانی تەحەمول بكا، ئەتوانێ دوو سێ مانگیش بوەستێت تا بڕیارە گەورەكەی خۆی ئەدات.
- بابەتەکانی تری شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts