نەبەز گۆران: پارتی و بادانەوە بەرەو مالیكی.
دوای شكستە گەورەكەی (16) ئۆكتۆبەر و، هەڵهاتنی هێزە چەكدارەكانی پارتی و یەكێتیی لەبەردەم سوپای عێراق و میلیشیاكانی (حشد)، چاوەرواندەكرا هەرێمی كوردستان، وەك هەرێم، پێكەوە پرۆژەیەك ئامادە بكەن و لەگەڵ ناوەند بكەونە گفتوگۆوە بۆ چارەسەركردنی كێشە ئابوورییەكان و، چارەسەركردنی ئەو خاڵانەی ناكۆكین لەنێوان هەردوو لادا. بەڵام دیدگای ئایدۆلۆژی حیزبی و ناكۆكی ناو ماڵی حیزبی لە هەرێم، تەواوی هەوڵەكانی گۆڕی و، حوكومەتە پەككەوتەكەی هەرێم، نەك نەیتوانی بەسەر ئەم ناكۆكییە ناوخۆیانەدا سەربكەوێت، بەڵكو خۆی بوو بەبەشێك لە ناكۆكییەكان و، بەهەمان دیدگا كۆنە ئایدۆلۆژییەكەوە كەوتە ناو ململانێكەوە و لایەنگری ئایدۆلۆژی حیزبی پێباشتربوو لە بێلایەنی.
ئێستا دیمەنەكان بەرەو شوێنێكی دیكە دەچن. گەر پێشتر تارماییەكەی ئێران (قاسم سلێمانی) زیاتر لە یەكێتیی نیشتیمانییەوە نزیك بووبێت و، زۆربەی دانیشتنەكانی لەگەڵ ئەو حیزبەدا بووبن، پاش شكستەكە، لە كۆبوونەوەی مەكتەب سیاسیی پارتی، زۆر بەچڕی بۆچوونەكان لەسەر ئەوە كۆكبوون، پێویستە پارتی سەرلەنوێ پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران دەمەزەردبكاتەوە. ئێستا ئێرانییەكان و پارتی بەردەوام لە گفتوگۆدان. ئەم گفتوگۆیانە گەیاندونیەتە خاڵێكی جەوهەری. (بیرمان نەچێت ئەمە واتای ئەوە نییە، ئێرانییەكان دوربن لە یەكێتییەوە) هەرچۆن كاتی خۆی (مالیكی) وەك كارەكتەرێكی ئێرانی و نوێنەری ئەو وڵاتە، دەسەڵاتی باڵای هەبوو لە عێراقدا، هەوڵدەدرێت هەمان سیناریۆ كۆنەكە جارێكی دیكە دووبارە ببێتەوە. سیناریۆكان لە عێراق و هەرێم، زیاتر سیناریۆی ئایدۆلۆژیای حیزبین، نەك تێگەیشتنێكی نوێ بێت بۆ شێوازی پەیوەندی كردنی هەرێم و ناوەند، یان شێوازی نوێ لە حوكمرانی.
پارتی لە ئێستادا جگە لە گفتوگۆكردن لەگەڵ خودی (قاسم سلێمانی) سەرقاڵی گفتوگۆ و رێككەوتنێكە لەگەڵ (مالیكی). ئەم رێككەوتنە نوێیە ئەگەر سەربگرێت، هەردوو لا هەوڵدەدەن لەم هەڵبژاردنانەدا جارێكی دیكە بێنەوە سەر دەسەڵات و هەردوو لا دەسەڵاتەكانی هەرێم و ناوەند بگرنەوە دەست. (مەرج نییە هەوڵەكە ئەنجامی هەبێت.)
ئەمریكایەكان پێیان باشە (عەبادی) جارێكی كە شانسی دووبارە بوونەوەی دەسەڵاتی هەبێت. ئەشێت شەقامی عێراقیش بە دیوێكدا ئەمەی پێباشبێت، بەڵام ناوماڵی شیعەی عێراقی، بەوێنەی ناو ماڵی حیزبە كوردییەكان پەرتەوازەیی پێوە دیارە و، بەروونی بوونەتە دوو بەشەوە. هێشتا روون نییە لە هەڵبژاردنەكاندا ئەنجامەكان چۆندەبن، گەرچی (عەبادی) وەك سەركەوتووێك لەشەڕی دژ بە (دەوڵەتی ئیسلامی_ داعش) و سەركەوتوێك لە گەرانەوەی ناوچە دابڕێنراوەكان دەبینرێت و، پرۆژەی نوێی هەیە بۆ شەڕی _گەندەڵی_پیسخۆری_ بەڵام كێشە سیاسیی و كێشە ئەمنییەكانی حوكومرانییەكەی كەم نین و، لەشكرەكانی بەرامبەری بەهێزن و نادیدەگرتنیان هەڵەیەكی سیاسییە.
كێشە ئەمە نییە لە عێراقی ژێر دەسەڵاتی ئێراندا چی روودەدات، كێشە تێگەیشتنە بچوكە ئایدۆلۆژییەكەی حیزبی كوردییە. حیزبی كوردی بەردەوام كێشەی لەگەڵ فۆرمدا هەیە، كێشەكانیشی زۆر تاكەكەسین، نەك جەوهەری. دەیەوێت بە گۆڕینی فۆرمەكان و كاڵكردنەوەی كێشە تاكەكەسییەكانی لەگەڵ ئەویتردا، خۆی بونیاد بنێتەوە! لەكاتێكدا پێویستبوو دوای شكستەكەی (16) ئۆكتۆبەر، كورد لەبونیادەوە بیركردنەوەی خۆی بگۆڕێت. ئەو شكستانەی هاتنە بەردەم هەرێم، پەیوەندی بەو عەقڵە كۆن و ئایدۆلۆژیاییەوە بوو لە بناغەوە بە هەڵە هەنگاوی نابوو، ئەما لەبری گۆڕینی بونیادی بیركردنەوەی، سەرلەنوێ كورد_مەبەست حیزبی كوردییە_ گەرایەوە سەر عەقڵە كۆنەكە و، لەبری بیركردنەوە لە هەرێم، بیركردنەوە بۆ پاراستنی بنەماڵە و حیزب شوێنی گرتەوە و، بەهەمان كەرەستەی كۆن سەرقاڵی سەلەنوێ پەیوەندی دروستكردنەوەیە لەگەڵ بێگانەكان.
ئەوەی ئەمڕۆ پارتی و یەكێتیی دەیكەن وەك دوو هێزی دەسەڵات بەدەست، بێگومان بەرهەمەكەی لەوە باشتر نابێت پێشوتر بینیمان. بەرهەمی ئەم پەیوەندییە نوێیانە و ئەم هەوڵە ئایدۆلۆژییە نوێیانە، بریتییە لە پاراستنی شوێنێك كە ئەو شوێنە جگە لە دووبارەكردنەوەی هەمان دۆخی وێران، چاوەروان ناكرێت بەرهەمێكی جیاوازتری هەبێت.
چ (مالیكی) چ ( عەبادی) چ (قاسم سلێمانی) چ (ئۆردوغان) بەهەر جۆرێك پەیوەندیان لەگەڵ ببەستی، ناكاتە ئەوەی ئەم كارەكتەرانە بونیادی بیركردنەوەیان دەرهەق بە كورد بگۆڕێت. گۆڕینی هەریەكێك لەم فۆرمانە، بۆ فۆرمی دیكە و كەسی دیكە، چارەسەری كێشە بنەرەتییەكان ناكات. چونكە ئەو سیستەمەی ئەم كارەكتەرانەی بەم عەقڵەوە بەرهەم هێناوە، هەمان سیستەمە جارێكی دیكە كارەكتەری لەم جۆرە لەژێر ناوی دیكە دەهێنێتەوە كایە. وەلێ حیزبی كوردی نایەت كێشە بونیادییەكانی رووبەرووی سیستەمەكە بكاتەوە، چونكە خۆی لە غیابی تێگەیشتنی بونیادیانەدایە، دێت لە یارییەكی روكەشیدا مامەڵە لەگەڵ فۆرمدا دەكات و، پێیوایە پەیوەندییەكانی لەم كارەكتەرەوە بگۆڕێت بۆ ئەو كارەكتەر، ئیدی دەتوانێت سیستەمەكە و عەقڵەكە بگۆڕێت! بێئاگا لەوەی چەند گرێ لەو عەقڵەدا هەیە كە رووبەرووی هەرێمە، هێندەش گرێ لەو عەقڵەدا هەیە بەم جۆرە دونیای سیاسەت دەبینێت و، خودی بیمارییەكە لە هەردوو سیستەمەكەیە كە ئەم عەقڵانە دروستدەكات.( ئەشێت حیزبی كوردی بونیادی بۆ گرنگ نەبێت و، تەنها ئەوەی بۆ گرنگ بێت پەیوەندی دروستبكات بۆ پاراستنی خۆی و مانەوەی خۆی.)
گەڕانەوەی پارتی بۆلای (مالیكی) ناتوانێت ئەو شكستە داپۆشێت رووبەرووی هەرێم بوویەوە بەهۆی هەڵەی سیاسەتی ئەو حیزبە و هاوپەیمانەكانییەوە. بەتەواوەتی روونە هەرێم لە كێشەدایە، خەڵكەكە لەدۆخێكی خراپدایە، تەواوی كۆمەڵگەكە بارگاویكراوە بە ئایدۆلۆژیای حیزبی و، بەم بارگاوی بوونەشەوە بەردەوام حیزبی كوردی سەرقاڵی سەركوتكردن و سزدانی خەڵكە. لەبری ئەوەی هێزە كوردییەكان بەیەك پاكێج سەیری دۆخی هەرێم بكەن، هەریەكە و لەشوێنی خۆیەوە هەوڵی پەیوەندی نوێ دەدات، پەیوەندییەكانیش بۆخاتری خەڵكی هەرێم نییە، بۆ خاتری پاراستنی پیرۆزییە پوچەكانی ئایدۆلۆژیای حیزبییە. ئەوەی ئێستا پارتی و یەكێتیی لە كێبركێدان بۆ نزیكبوونەوە لە ئێران، هەمان ئەو هەوڵەیە لە شەڕەناوخۆییەكاندا دەیاندا و ئەمڕۆ بە مۆدێلێكی جیاوازترەوە دووبارەی دەكەنەوە و، بەرهەمەكەشی جیاواز نابێت لەو بەرهەمەی كۆمەڵگەیەكیان تووشی شكستی ئابووری و سەربازی و روخانی ئیرادە كردەوە.
بێگومان هەتا سیاسەتی كورد لەو دۆخە ئایدۆلۆژییە حیزبییە نەیەتە دەرەوە و، وەك هەرێم سەیری ئەویتری دەرەوەی خۆی نەكات و، مامەڵە لەگەڵ بونیادی كێشەكان نەكات و، لەپێناو هەرێمدا نەك حیزبدا بیرنەكاتەوە، چاورواناكرێت بەرهەمێكی باش بچنرێتەوە.