دکتۆر سالار باسیره: کورد له باشور له سایه‌ی حیزب و ده‌سه‌ڵاتی ته‌قلیدیه‌وه.
حیزبه بنه‌ماڵه‌یی و ته‌قلیدیه‌کانی ده‌سه‌ڵات له هه‌رێمی کوردستان و هاوشێوه‌کانی که حیزبی دیکتاتۆرین ئیتر هه‌ر نێوێکی به‌خۆیه‌وه نابێت، په‌ڕله‌مان و حکومه‌ت تێیدا بێکاریگهرهو له‌لایه‌ن حیزبه‌وه فه‌رمانڕه‌وایی ده‌کرێت و حیزبیش له‌م سیستمه‌دا حیزبی قائیده‌و حیزبی قائیدیش وه‌ک یه‌کێتی و پارتی هه‌میشه به ئاڕاسته‌ی تاک حیزبی‌دا ڕۆیشتون. سه‌رۆکی ئه‌م حیزبه بنه‌ماڵه‌یی و خێزانیانه ده‌یانه‌وێ ڕۆڵی کاریزما ببینن و به‌رگی حیزب و سیاسه‌تیش بکرێنه به‌ری ئه‌مان. له‌م سیستمه‌دا داروده‌سته کاره‌کان ده‌به‌ن بهرێگاوهو سیستمه‌که سیستمیکی موئه‌سه‌ساتی نیه‌و له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌قڵ و مه‌نتق دانه‌مه‌زراوه‌و بڕوای به سیستمی لامه‌رکه‌زی نیه‌و هه‌ربۆیه له‌گه‌ڵ بنه‌ما دیموکراسیه‌کان یه‌کتر ناگرێته‌وه. کۆمه‌ڵگه له سایه‌ی ئه‌م شێوازی ده‌سه‌ڵات و سیستمه حیزبیه‌دا گه‌شه ناکات و ئابورییش تێیدا گێر ده‌بێت و ئابوری خزمایه‌تی تێدا په‌یره‌و ده‌کرێت، هه‌ربۆیه گرنگه له ڕوانگه‌ی زانستی سیاسیه‌وه بۆ شیکردنه‌وه‌ی رۆڵی حیزب و ئه‌و به‌ناو سیستمه سیاسیه‌ی هه‌رێم بڕوانین.
کۆمه‌ڵگه‌ی دواکه‌وتوو دیکتاتۆر به‌رهه‌م دێنێت
کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی هێشتا کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی تاڕاده‌یه‌کی زۆر دواکه‌وتوه‌و ته‌قلیدیه. خه‌سڵه‌تی کۆمه‌ڵگه‌ی تهقلیدییش بریتیه له‌کرده‌وه ته‌قلیدیه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان. واتا ئه‌و کرده‌وانه‌ی که له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌قڵ و مه‌نتق دانه‌مه‌زراوه، به‌ڵکو له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و کرده‌وانه‌ی که سه‌رده‌مانێک کاری پێکراوه‌و جێگیربوه‌و به میرات ماوه‌ته‌وه وه‌ک شتێکی ته‌قلیدی. یه‌کێک له خه‌سڵه‌ته‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی ته‌قلیدی بریتیه له پێکهاته‌یه‌کی داخراوی کۆمه‌ڵایه‌تی که به‌زه‌حمه‌ت خۆی ده‌داته ده‌ست گۆڕانکاری به‌تایبه‌ت به‌مۆدێرن کردنی هه‌ره‌می سه‌ره‌وه‌ی. ده‌سه‌ڵاتی سیاسیش خه‌سڵه‌تێکی حوکمی فه‌ردیه تێیدا. ئه‌ندامانی ئه‌م کۆمه‌ڵگه‌یه سه‌ربه‌خۆییان نیه‌و به‌ستراونه‌ته‌وه به‌نه‌ریتی گشتی کۆمه‌ڵگه‌که. کۆمه‌ڵگه‌ی دواکه‌وتووش به‌پێی ئه‌زمونه مێژوییه‌کان دیکتاتۆر به‌رهه‌م دێنێت. لێره‌دا هوشیاری ئاینیی زاله به‌سه‌ر بواره‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵگه‌دا.
ئه‌م جۆره کۆمه‌ڵگه‌یه زیاتر له شوێنی خۆی چه‌قیوه‌و گۆڕانیشی کاتێکی دورودرێژی ده‌وێ که ئه‌میش به‌نده به‌کۆمه‌ڵێک فاکته‌ره‌وه. له‌م سیستمه ته‌قلیدیه‌دا وه‌ک ئه‌وه‌ی له باشوری کوردستانیش به‌دی ده‌کرێت ئابوری خزمایه‌تی و بارودۆخی پابه‌ندبوون و په‌یوه‌ندی شه‌خسیی دروست بووه‌و ڕۆل ده‌بینێت. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی هه‌رێم ده‌سه‌ڵاتێکی خێزانی و خێله‌کی و کلاسیکیهو هوشیاری کۆمه‌ڵگه‌ش وه‌ک پێویست له ئارادا نیه‌و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته تهقلیدیهش سوود له‌م دیارده‌یه وه‌رده‌گرێ و ده‌شیه‌وێ که‌ش و هه‌واو پێکهاته کۆمه‌ڵایه‌تیه دواکه‌وتوه‌که هه‌ر به‌م شێوه کۆنه بمێنێته‌وه له شێوه‌ی داب و نه‌ریته ته‌قلیدیه‌کان. هه‌موو ئاڕاسته‌یه‌کی مۆدێرنیزم و پێشکه‌وتن و هوشیاری کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بێته لاوازکردن و گۆرینی ئه‌و نه‌ریته ته‌قلیدیه‌ی که‌دواتر ده‌بێته رێگر له به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتی ده‌سه‌ڵاتداره ته‌قلیدی و خێلهکیهکه. هه‌ربۆیه به‌گشت شێوه‌یه‌ک ئه‌م لایه‌نه هه‌وڵی له‌ناوچونی پێشکه‌وتن ئه‌دات و ده‌یه‌وێ کۆمه‌ڵگه کۆنه‌که کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی داخراو بێت و به‌هۆی ناهوشیاری کۆمه‌ڵه‌وه بۆی بچێته سه‌رو ده‌سه‌ڵاتدار جێگای یاساش بگرێته‌وه‌و ده‌یه‌وێ له‌م زیاتر کۆمه‌ڵ هیچیتر نه‌بینێت.
له‌و کۆمه‌ڵگه‌یانه‌ی که هوشیاری سیاسی لای هاولاتیان کز‌و لاوازه‌و هه‌روه‌ها ڕه‌وشی ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی تیایاندا لاوازه، ئه‌وا سیستمی سیاسی په‌یڕه‌وکراو له‌ده‌وله‌تدا سیستمێک ده‌بێت که له‌سه‌ر زه‌بروزه‌نگ و خۆسه‌پاندن بنیاد ده‌نرێت. لێره‌دا پێشێلکردنی مافی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ و سه‌ربه‌ستیه‌کانیان و بوارنه‌دان به‌گروپی سیاسی جۆراوجۆر له‌ده‌وله‌تدا شتێکی ئاسایی ده‌بێت و گه‌ل بێ ئیراده‌ی سیاسی کراوه. واتا سیستمی دیکتاتۆری له‌ده‌وله‌تدا په‌یڕه‌و ده‌کرێت ، ئیتر ئه‌و سیستمه دیکتاتۆریه سیستمی دیکتاتۆری تاکه که‌سی بێت ، یان رێچکه‌یی بێت. حیزبه‌کانی ئه‌م شێوه ده‌سه‌ڵاته ناکرێ حیزبی ته‌قلیدی و شمولی نه‌بن له بیرکردنه‌وه‌و له کرداردا: ئه‌وه‌ی له باشور (هه‌رێمی) کوردستاندا به‌دی ده‌کرێت نمونه‌یه‌کی حاشا هه‌ڵنه‌گره.
حیزبی سیاسی ده‌بێت ده‌زگایه‌کی ژیانی ده‌ستوری بێت
حیزبی سیاسی ده‌بێت ده‌زگایه‌کی ژیانی ده‌ستوری بێت. حیزب له‌ژیانی دیموکراسیدا هه‌لبژاردن رێک ده‌خات و به‌شداری تێدا ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگ بهێنێت. حیزب له‌کاتێکدا هه‌ولی به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگ و ده‌سه‌ڵات ئه‌دات، هه‌ر بۆیه گرنگیشه که بیروڕای سیاسی گه‌لیش بخوێنێته‌وه‌و هه‌روه‌ها بوار‌و بنه‌ماکانی ژیانی سیاسی ڕوون بکرێنه‌وه‌و هه‌لوێست ده‌رباره‌یان وه‌ربگیرێن به‌شێوه‌یه‌ک که له‌کاتی هه‌لبژاردنی گشتیدا توانای بریاری سیاسی ڕوون و ته‌واو بۆ گه‌ل بخولقێندرێت.
ده‌ستور په‌یمانێکی کۆمه‌ڵایه‌تیه له‌نێوان ده‌سه‌ڵات و کۆمه‌ڵدا، هه‌ربۆیه ده‌سه‌ڵات ناکرێ ده‌سه‌ڵاتێکی ده‌ستوری و شه‌رعی بێت ئه‌گه‌ر ڕاپرسی گه‌لی له‌سه‌ر نه‌بێت. ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به ده‌ستوری هه‌رێمی کوردستان هه‌یه سه‌باره‌ت به حیزبی سیاسی له مادده‌ی هه‌ژده فه‌قه‌ره‌ی 5دا هاتوه ، یه‌کێک له‌و بڕگانه :
“حیزب ده‌بێت داهات و سه‌رچاوه‌که‌ی و چۆنیه‌تی به‌کارهێنانی بۆ ده‌سه‌ڵاتی یاسا ئاشکرا بکات” . به‌لام ده‌ستور و یاسا کاتێک گرنگی خۆی ده‌بێت ئه‌گه‌ر حکومه‌ت به کردار کاری پێ‌بکات و په‌ڕله‌مان لێپرسینه‌وه بکات به‌رامبه‌ریان.
حیزب له هه‌رێمی کوردستان
سێ شێوه له سیستمی حیزبایه‌تی هه‌یه که بریتین له تاک، سیستمی دوو حیزبی (وه‌ک ئه‌وه‌ی له به‌ریتانیاو ویلایه‌ته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا هه‌یه)، هه‌روه‌ها سیستمی فره حیزبی؟ ئایا کام له‌م سیستمه حیزبیانه له هه‌رێمی کوردستان پیاده ده‌کرێ؟ ئه‌و به‌ناو سیستمی حیزبایه‌تیه له هه‌رێمی کوردستان به ڕوکه‌ش بریتی نیه له سیستمی تاک حیزب به‌لام سیستمی دوو حیزبیش نیه، جه‌وهه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی “سیستمی حیزبایه‌تی” له هه‌رێمی کوردستان بریتیه له حیزبی قائید. بۆنمونه حیزبه‌کانی وه‌ک یه‌کێتی و پارتی حیزبی قائیدن، به‌لام حیزبی قائیدی کاریزما که ئیراده‌ی سیاسی به‌نده به که‌سی قائیده‌وه. ده‌کرێ بۆ قۆناغیک له قۆناغه‌کان رێگا بدات به دروستبونی حیزبی تر به‌لام خۆی ده‌بێت برا گه‌وره بێت و ده‌سه‌ڵاتدار بێت. ئه‌م شێوازی حیزبایه‌تیه چه‌ندین حیزبی سێبه‌ر دروستده‌کات بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی و سه‌رلێتێکدانی ڕای گشتی به‌وه‌ی که گوایه سیستمی فره حیزبی پیاده ده‌کرێ. حیزبی قائید هه‌میشه به ئاڕاسته‌ی تاک حیزبی‌دا ده‌ڕوات و هه‌ربۆیه ناکرێ خه‌سڵه‌تی دیموکراسی پێوه دیاربێت. حیزبی سێبه‌ریش له ڕووی زانستی سیاسیشه‌وه بۆی بڕوانین کاریگه‌ریی خراپی هه‌یه له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی دیموکراسی.
ئه‌م میتۆده له‌لایه‌ن سه‌رجه‌م حیزبه دیکتاتۆره‌کانه‌وه کاری پێکراوه. بودجه‌ی ده‌وله‌تیان پێئه‌درێ له‌گه‌ل کورسیه‌کی په‌رله‌مان ، یان پۆستێکی حکومی به‌لام بێکاریگه‌ر هه‌روه‌ک ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له هه‌رێم پیاده‌ی کردوه. لێره‌دا حیزبه پچووکه بهشدارپێکراوهکان یان دروستکراوه‌کان وه‌ک ئامرازی پرۆپاگه‌نده به‌کارده‌هێنرێن بۆ سه‌قامگیریی سیاسی ده‌سه‌ڵات. هه‌روه‌ک ئه‌حزابی سێبه‌ر میدیای سێبه‌ریش هه‌یه.
له هه‌رێمی کوردستان هاوپه‌یمانیه‌کی ته‌نیا ( تا ئه‌م ساته وه‌خته) هه‌ره‌می سه‌ره‌وه‌ی دوو حیزبی قائید له‌ژێر دوو ئیداره‌ی جیاوازی حیزبی‌دا ده‌سه‌ڵات پیاده ده‌کات و حیزب له غیابی ده‌ستوردا سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵات پیاده ده‌کات هه‌ربۆیه شتێکی گرانه لێره‌دا باس له شه‌رعی بوونی ئه‌حزاب بکرێت و کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیشیان دابه‌ش کردوه.
بێ ئیراده کردنی سیاسی کۆمه‌ڵگه
ئه‌م جیهازی ده‌سه‌ڵاته به شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی له که‌سانی پابه‌ندو داروده‌سته به وهلاو وه‌فا بۆ حیزب و سه‌رۆک دروستبووه. لێره‌دا بایه‌خ به دروستکردنی کاریزما ئه‌درێت که بریتیه له سه‌رۆکی خێزان و خێل و بنه‌ماڵه خۆی. سیاسه‌تێک که نیشانه‌ی سروشتی سیستمێکی ته‌قلیدیه. سێ ده‌سه‌ڵاته‌که (دادوه‌ری، حکومه‌ت، په‌رله‌مان) و مافه سیاسیه‌کانی تر له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتداره‌وه وه‌ک شتێکی، مولکێکی شه‌خسیی مامه‌له‌ی له‌گه‌لدا ده‌کرێ و توانای به‌سه‌ر ئامرازه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدا هه‌یه هه‌روه‌ک به‌سه‌ر شمه‌کێکی خۆیدا هه‌بێت. به‌م شێوه‌یه ده‌کرێ بکڕدرێ و موزایه‌ده‌ی پێوه بکرێ ، له وه‌ره‌سه‌دا به‌ش بکرێ. له‌م بارودۆخه‌دا ئیراده‌ی سیاسی له کۆمه‌ڵگه سه‌ندراوه‌ته‌وه‌و دوور خراوه‌ته‌وه له هوشیاری سیاسی. گه‌ل بێ مافی سیاسیه‌و وه‌ک خزمه‌تکار، وه‌ک ئۆبجه‌کتی ڕوتاندنه‌وه سه‌یر ده‌کرێ نه‌ک وه‌ک هاولاتی له تێڕوانینی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیه‌وه. جوداکردنه‌وه له نێوان شته شه‌خسیه‌کان و گشتیه‌کان نیه. سه‌رجه‌م په‌یوه‌ندیه‌کانی ده‌سه‌ڵات په‌یوه‌ندی که‌سییه نه‌ک موئه‌سه‌ساتی. جوداکردنه‌وه‌ی ده‌زگاکان به ڕوکه‌ش ددان پێدا نراوه ، هه‌ربۆیه ده‌کرێ له ڕای گشتیدا ئاماژه‌ی پێبدرێ ، به‌لام له پراکتیکدا بواره شه‌خسیه‌کان و گشتیه‌کان له‌یه‌کتر جودا ناکرێنه‌وه. داگیرکردنی موڵکی گشتی به ڕێگای ده‌سه‌ڵاتداری که‌سه‌وه ڕه‌فتاری پێوه ده‌کرێ هه‌روه‌ک ئه‌م ولاته هه‌میشه موڵکی خێزان و بنه‌ماڵه (بنه‌ماڵه‌کان) بوبێت. بارودۆخێک خوڵقێندراوه که ته‌نیا به ڕێگای وهلاو وه‌فا بۆ سه‌رۆک و به ڕێگای حیزبه‌وه ده‌گه‌یت به به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆت و حیزبیش له‌م هاوکێشه‌یه‌دا بۆته ئامانج نه‌ک ئامراز. دیارده‌یه‌ک که ده‌بێته هۆی سه‌قه‌ت کردنی کۆمه‌ڵگه. هه‌ربۆیه ئه‌م سیستمه سیاسیه خێزانی و بنه‌ماڵه‌ییانه له هاوکێشه‌ی کۆتایدا به‌هۆی بلۆک کردنی خۆیه‌وه رێگریش ده‌بێت له گه‌شه‌کردن به ئاڕاسته‌ی هه‌رێمێکی ، ده‌وله‌تێکی مۆدێرن. پشت ده‌به‌ستێت به داروده‌سته‌کانی، بهئیدارهکانی سه‌ر به که‌سی ده‌سه‌ڵات و به هێزی چه‌کداری میلیشیاو ئاسایش و ده‌زگا ههوالگریهکانى … ئه‌م شێوه سیستمه ته‌واو نوقمی جۆرێک له گه‌نده‌ڵی ده‌بێت که له کۆتایدا سه‌ری سیستم و ده‌سه‌ڵاته‌که خۆی ده‌خوات.
( سه‌رۆک بایه‌خ به باش گوزه‌رانی داروده‌سته‌که‌ی ده‌دات )
ئه‌م شێوازی ده‌سه‌ڵاته کار بۆ بهکاریزمابوون ده‌کات که به‌رێگای سه‌رۆکی بنه‌ماله‌وه پراکتیزه ده‌کرێ به‌لام به‌ر له هه‌موو شتێک پێویسته بایه‌خ به باش گوزه‌رانی داروده‌سته‌که‌ی بدات. به‌رێوه‌به‌رانی ئیداری به‌ته‌نیا له‌لایه‌ن سه‌رۆکه‌وه هه‌لده‌بژێردرێن. هه‌روه‌ها سه‌رجه‌م نمونه ته‌قلیدیه‌کان له‌راستیدا به‌و شێوه‌یه چاره ده‌کرێن که‌ده‌لێت: “هه‌رچه‌نده نوسراوه، به‌لام من پێتان ده‌لیم..”. ئه‌م شێوازی کاریزمایه ڕه‌وتێکی نائه‌قڵانیه. به‌بۆچوونی من کاریزمایه‌کی نه‌گه‌تیڤ که ده‌یه‌وێ به‌رگی حیزب و فکری سیاسیش گه‌ر بوونی هه‌بێت بکرێته به‌ری ئه‌م و کۆمه‌ڵ ته‌نیا ئه‌م ببینێت. هه‌ر فه‌رمانێک له‌لایه‌ن ئه‌و سه‌رۆکه‌وه ده‌ربچێ به یاسایه‌ک داده‌نێ و ده‌بێت کۆمه‌ڵ جێبه‌جێی بکات و له‌و فه‌رمان و یاسایانه لانه‌ده‌ن. خالی جه‌وهه‌ریی له‌م به‌رپرسیارێتیه ئه‌وه‌یه که هه‌ر به‌رپرسێک نه‌ک هه‌ر له‌لایه‌ن سه‌رۆکه‌وه ده‌ستنیشان ده‌کرێ به‌ڵکو ئه‌وه‌نده‌ش له پۆسته‌که‌یدا بێت ده‌بێت له به‌رگی سه‌رۆکدا ڕۆل و کاریگه‌ریی و چالاکی ببینێت. ده‌سه‌ڵات خواستی له بوونی پلورالیزمی سیاسی نیه. ئه‌حزابی زۆری ده‌ستکردو، هه‌ندێکی تری به‌شدارپێکراو یان به‌شدار بوو له ده‌سه‌ڵاتدا به‌لام بێکاریگه‌ر ، میدیای زۆری سێبه‌ر و… تاد. هیچی گوزارشت له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی سیاسی پلورالیستی ناکات.
حیزب به‌رهه‌می فیکری مۆدێرنهیهو خێلیش به‌رهه‌می پێش مۆدێرنه‌یه
حیزب وه‌ک خۆی به‌رهه‌می فیکری مۆدێرنهیهو خێلیش به‌رهه‌می پێش مۆدێرنه‌یه که‌چی حیزبی کوردی له باشور سه‌ره‌ڕای بوونی هه‌موو ئامرازه‌کان نه‌یتوانیوه قۆناغی ئه‌قڵی خێلایه‌تی له دونیای په‌یوه‌ندیه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان تێبپه‌رێنن و سیستمه سیاسیه‌که له لایه‌ن خێلی سیاسیه‌وه به‌رێوه ده‌برێت و ده‌بێت سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی خێل ملکه‌چی بریاره‌کانی بن و له دونیای حیزبی کوردیش‌دا له هه‌رێم و باشوری کوردستان ده‌یانه‌وێ سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگه له چه‌مانه‌وه‌ی به‌رده‌وامدا بن له‌به‌رده‌م ده‌رگای سه‌رۆک و حیزب‌دا. ته‌نیا له سایه‌ی حیزب‌دا ده‌بیته خاوه‌ن پله‌و پایه‌و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانت ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت. لێره‌دا ئه‌و حیزبانه ده‌یانه‌وێ له جیهانێکی گۆڕاوی سیاسی و مێژویی و ئابوری‌دا به ئه‌قڵیه‌تێکی نه‌گۆڕو به‌سه‌رچوو پیاده‌ی سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵات بکه‌ن و درێژه به سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بدات.