شەریف هەژارى: لە هەرێم ئەم دوو هاوکێشە سیاسییە هاتە قۆناغى: جێ بە جێ کردنەوە!
ماوەیەکە باس لە نزیکبونەوەى (گۆڕان و باڵى دکتۆر بەرهەم) دەکرێ، ڕونیشە کە بێ- گومان دەمێکە گۆڕان و کۆمەڵ (عاشق)ى یەکترن!
لە بەرانبەریش دا، پارتیى و باڵى دەسەڵاتدار (باڵى بنەماڵە)ى یەکێتیى زۆر لە یەکتر نزیک بوونەتەوە (لە یەکەم شەوى ڕێکەوتنەکەى گۆڕان و یەکێتیى لە بابەتێکا ئاماژەم بەوەدا هەرگیز باڵى بنەماڵەى ناو یەکێتیى بەرژەوەندییە نەوتیى و ئابورییەکانى لەگەڵ پارتیى دا، ناگۆڕێتەوە بەو ڕێکەوتنەى کە لەگەڵ گۆڕان کردویەتیى، بەو مانایەى یەکێتیى هەمیشە دەیەوێ لە گۆڕان و پەکەکە نزیک بێتەوە و وەک فشارى تەکتیکى دژى پارتیى بەکارى بهێنێت لە پێناو بەرژەوەندى زیاتر دا، ئەگینا هەرگیز یەکێتیى هاوپەیمانێتیى هەمیشەى خۆى لەگەڵ پارتیى لەبەر خاترى گۆڕان یان پەکەکە تێک نادات!).
زەمەن هات و ڕۆشت، گۆڕان چارى نەما، کە هیچى لە ڕێکەوتنەکەى لەگەڵ یەکێتیى دەست نەکەوت، بەتایبەت پاش ئەوەى پارتیى بە گوندەیی سەرۆکى پەرلەمان و وەزیرەکانى گۆڕانى دەرکرد و پەرلەمانى داخست، یەکێتیش لە برى هەڵوێست دەربڕین دژى ئەو کارەى پارتیىو پشتیوانى لە گۆڕان، کەچى نەک بێ دەنگى، بگرە دەرگاى پەرلەمانیشى لەگەڵ پارتیى دیسانەوە کردەوە. ئیتر بە تەواوى گۆڕان بۆیان سەلما، کە ڕێکەوتنیان لەگەڵ یەکێتیى هیچى لێ نایەتە بەرهەم، کە بتوانێ یەکێتیى لە پارتیى جیابکاتەوە!
هەرچەندە پێشتر پارتیەکان لە ڕاگەیاندنەکانەوە دەیانوت: باڵى بنەماڵەى یەکێتیى مانگانە پارە بە گۆڕان دەدات و هەر بەو هۆیەشەوەیە کە کەناڵى (کەى، ئێن،ئێن) بە هەمو جۆرێ خۆى دەپارێزێت لە وتنى بچوکترین کەموکوڕى باڵى بنەماڵەى یەکێتیى.
لە هەمان کاتیش دا، زۆرێک لە پەرلەمانتارانى گۆڕان هەر لە (ئارام شێخ محمدى جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى بەغدا و، سروە عبدالواحید و هوشیار عبداللە) ببوونە شوێنکەوتەى گوتارى (ئاڵا تاڵەبانیى و شوان داودى و گوتارى باڵى بنەماڵەى یەکێتیى) و، هەروەها گۆڕان بچوکترین هەڵوێستى نەتەوەیى (تەنانەت بۆ مێژوو)ش دەرنەبڕى دژى ترسناکترین جۆرى خیانەتى بێ-وێنەى ناو مێژووى کورد کە لە (16-10-2017) دا کەرکوک پێشکەش عەبادى- حەشدى شەعبى کرا، کەچى بۆ یەکەمجار ئەمشەو کە شەوى (27-12-2017) یە، لە هەواڵەکانى کاتژمێر 8 ى کەناڵى (کەى، ئێن، ئێن)ى گۆڕان دا، بە ئاشکرا و ڕاستەوخۆ هەم هێرش کرایە سەر باڵى بنەماڵەى یەکێتیى، کەڕاپۆرتەکەى (کەى، ئێن، ئێن) باسى ئەوەى کرد باڵى دەسەڵاتدارى یەکێتیى لە پشت ئەوەبون کە خۆپیشاندانەکان بەلاڕێ دا ببەن و توندوتیژى تێدا بکەوێتەوە و دواتر پیلانى هێنانى سوپاى عێراقیشیان هەبووە بۆ ناو سلێمانى و، هەم گوتەکانى (شێخ جەعفەر و مەحمود سەنگاوى سەرکردەکانى نزیک لە بەرهەم ساڵح)یان دادەبەزاند، بەتایبەت لەسەر ڕوداوى 16-10-2017 و تەنانەت کەناڵى (کەى، ئێن، ئێن) بۆ یەکەمجار بە (خیانەت) ناوى هێنا!
کاتێک بینەرى ئەم هەواڵەى (کەى، ئێن، ئێن) بووم، وتم: باشە تۆ بڵێى بزوتنەوەى گۆڕان تازە خەبەرى بووبێتەوە لە ڕوداوى (16-10-2017)؟
بێ گومان نەخێر تازە خەبەریان نەبووەتەوە، بەڵام گۆڕان ئەوکات لەبەر خاترى ڕێکەوتنە فشۆڵەکەیان لەگەڵ یەکێتیى چاویان لە ئاست هەمو شتێکى یەکێتیى نوقاندبوو. بەڵام ئێستا لەبەر ئەوەى گۆڕان لە باڵى بەرهەم ساڵح نزیکبونەتەوە و ڕێکەوتنەکەیان لەگەڵ باڵى دەسەڵاتدارى یەکێتیى هەڵپەساردووە، بۆیە ئێستا ئەکەونەوە باسى ئەو ڕوداوانەى کە پێشتر یەکێتیى کردونى، کە ڕونە پێشتر گۆڕان لەبەر (بەرژەوەندى حیزبیان) باسیان نەدەکردو هەمو شتێکیان ئەپۆشى!!
هەرچى هاوبەرەیى (باڵى بەرهەم ساڵح- گۆڕان- کۆمەڵى ئیسلامی)یە، زۆر ئاشکرا بەرگرى لە عەبادى ئەکەن، تەنانەت ئارام شێخ محەمەد بە ئاشکرا لە ڕیکلامى بەرنامەیەکى سبەى شەوى کەناڵى (کەى،ئێن،ئێن) دا دەڵێت: دەبێت حکومەتى هەرێم هەمو خاڵە سنوریەکان و فڕۆکەخانەکان ڕادەستى بەغدا بکات!.
واتە: ئەم (بونەوەرەى گۆڕان) بووەتە محامى جێ بەجێ کردنى دەستورى عێراق لە پێناو بەرژەوەندیەکانى عەرەب، بەڵام هێندە جەسارەتى تێدا نیە کە داواى پراکتیزەکردنى خاڵێکى دەستورى عێراق یان یاسایەک لە پێناو بەرژەوەندەکانى کورد بکات، بۆ نمونە: مادەى سەد و چل، بۆ نمونە: دۆخى جینۆسایدى کورد لە دوزخورماتو و زۆرى تر!
هەروەها ئەم بونەوەرە (ئارام شێخ محمد)، کاتێک دەڵێت: دەبێت حکومەتى هەرێم هەمو خاڵە سنوریەکان و فڕۆکەخانەکان ڕادەستى بەغدا بکات!. بیر لەوە ناکاتەوە کە مێژو سەلماندویتى: (کلکە لەقێ کردن بۆ داگیرکەر، لە عاقیبەت دا کلک بڕینى خۆشى لێ دەکەوێتەوە!). تەنانەت بیریش لەوە ناکاتەوە کە (لە سیاسەت دا سازش سازشى بەدوادادێت)، بەو مانایەى تۆ سبەینێ هەمو خاڵە سنوریەکان و فڕۆکەخانەکان تەسلیمى بەغدا ئەکەیت، ئاخۆ پاش ئەوە بەغدا چ پیلانێکى تر دەچێتە کەڵکەڵەى هەژمونخوازییەکانییەوە.
ئەم بونەوەرە (ئارام شێخ محمد)، بیر لەوە ناکاتەوە کە سەرکردە و کادیر و بریندارەکانى (کوردى باکور و خۆرهەڵات و خۆراوا) لە ڕێى فڕۆکەخانەکانى هەرێمەوە دەچونە ئەوروپا، تۆ کە ئەو فڕۆکەخانانەت تەسلیم بەغدا کرد، ئایا چ زیانێکى تەواو ترسناک بەر جوڵانەوەى نەتەوەیى هەر چوار پارچە و ئاسایشى نەتەوەیى هەرێم و، هەژمونى ستراتیژى هەرێم و جیۆپۆلەتیکى هەرێم دەگەیەنیت!
خۆ هەر (ئارام شێخ محمد، سروە، هوشیار عبداللە، شوان داودى و، ئاڵا تاڵەبانى) بوون دەیان وت: دەبێت بەغدا کەرکوک ببات بەڕێوە بۆ ئەوەى بەغدا موچە بنێرێت، دەى فەرمو نەک هەر کەرکوک، بگرە (خانەقین، دوزى بەردەوام جینۆسایدکراو، وشنگال و مەخمور) درایە دەسەڵاتى داگیرکەرى بەغدا، دەبا ئەم بونەوەرانە مسقاڵە زەڕەیەک مەردێتیى بنوێنن و، دان بە (جاش-کردەوە)کانى خۆیاندا بنێن و ئیدى بەخۆیانا بچنەوە!! بەس کلکە لەقێ کردنى زیاتر!
کەوابو هاوکێشەى یەکەم ئاوهایە: د.بەرهەم+گۆڕان+کۆمەڵ= عەبادى، واتە ئەم بەرەیە لە ئێستادا بەرەى سەر بە (عەبادى)ن.
هاوکێشەى دووەمیش، کە هەردو بنەماڵەى چەپاولکارى دەسەڵاتدارى هەمەکارەى هەرێم (پارتیى-یەکێتیى)ن، ئەمانیش زیاتر و زۆرتر لە (مالیکى) نزیک بوونەتەوە. ئەمانیش ساویلکەتر لە بەرەى یەکەم، وەختە وێناى مالیکى لە (شەیتان)ەوە دەگۆڕنەوە بۆ (فریشتە!). ئەمەش تەنها لە پێناو دوو وتەى مالیکى دێت کە کردبونى لە دیدارى دا بۆ (ڕەنج سەنگاوى: موزیعى بەدیهێنەرى بەرژەوەندیە تاڵانکاریەکانى پارتی) لە کەناڵى ڕوداوى پارتیى دا.
دیارە ئەم بەرەیى دووەمیش لەوە وردنابنەوە، کە: مالیکى لە دەسەڵات دا نیە بۆیە ئەو قسانە دەکات، هەر مالیکى بو داهێنەرى بڕینى موچەى هەرێم بو (کە ڕونە سەدام ئەوەى نەکرد!)، هەر مالیکى بو بۆ یەکەمجار داهێنەرى ناردنى هێز بو بۆ سەر کوردستان لە پاش ڕوخانى سەدام دا!
هەردو بنەماڵەى چەپاولگەرى (پارتیى-یەکێتیى) گوایە بە عەقڵى خۆیان دەیانەوێت (پەراوەى سیاسیى) بکەن و، بەم کارە فشار لەسەر عەبادى دروست بکەن. ئیتر لەوە وردنابنەوە، کە ئەو بڕیارانەى عەبادى ئەیدات، لە کۆبونەوە دەورییەکانى سەرکردە باڵاکانى ئەحزابەکانى شیعە دەدرێت!
هەردو ئاراستەکەش هەم عەبادى و هەم مالیکى، لەلایەن ئێرانى ئەندازیارى سیاسیی شیعەکانەوە ئاڕاستە ئەکرێن و، زۆر بە سانایى ئەم هەمو (بە پلە) سەرکردە دز و نانەتەوەییانەى هەرێمیان کردۆتە دوو بەرە! واتە ئەم دوو بەرەیەى هەرێم، لە یەکترخۆری دا خزمەت بە دوو ئاڕاستەى جیاوازى بەدیهێنەرى بەرژەوەندیەکانى ئێران دەدەن، کەچى هێندە جەسارەتیان تێدا نیە سازش بۆ یەکتر بکەن و، نەبنە نۆکەرى داگیرکەر!
وردبنەوە: دوو بەرەى کورد لە دوو هاوکێشەى جیا دا، لە یەک کات دا، خزمەت بە بەرژەوەندیەکانى ئێران دەکات!
لە کۆتایى دا تەنها ئەم دێڕە دەنوسم: ((تا کورد لە ناو خۆى دا یەکگرتو و یەکڕیز نەبێت، تاهەتایە تراژیدی و داگیرکاریەکانى سەر کوردستان چەند بارە دەبنەوە و، داگیرکەران سەرکردەکانى کورد وەک تەزبیح بادەنەوە!)).