بەیان ئیبراهیم: لە نێوان ئابوری سەربەخۆ و ئابوری خێڵدا، کوردستان بەرەو کوێ.؟
کاتێک باس لە ئابور سەربەخۆ دەکرێت، دەبێت ئەو بنەمایانە لەبەر چاو بگێرێت کە لە ڕوی زانسیتی ئابوریەوە پێوانە دەکرێت، هەر کات ئەم پیودانگەی ون کرد ئەوا جگە لە دروشمێکی سیاسی و بۆ ئامانجێکی سیاسی هیچی تر ناکات، ئەو کاتانەی کە حکومەتی هەرێم کە لەسەر بنەمای کلتوری خێل دروست بو وە خۆی هیچ بنەمایەکی حکومداری و دەوڵەتداری نەبو، کە کلتوری خێڵ تەواوی بونیادی ئەم بەناو دەوڵەتەی داگیر کردبو، شوێنێک نامێنێتەوە تا باسی ئابوور سەربەخۆی تیا بکەیت، ئەمە لە کاتێکدایە ئابوری سەربەخۆ لە سادەترین مانادا واتای بەرهەمهێنان بە ئاستی پێداویشتیەکانی ناوخۆ و فرەی لە داهاتەکاندا، هەر لە سێکتەری کشت و کاڵ و سامانە سروشتیەکان و گەشت و گوزار و پیشەسازی تا دوایی، کە دەکاتە فرەی لە بەرهەمهێناندا، بە ڕادەیەک ئەگەر یەکێک لەو سێکتەرانە توشی کێشەیەک بو سێکتەرەکانی تر توانای پڕ کردنەوەی ئەو بۆشاییانەی هەیە، ئەوەی حکومەتی هەرێم بەکاری دەهێنا جگە لە دروشمێکی سیاسی بەرەو ڕووی بەغداد هیچی تری نەدەکرد، لە ناوخۆشدا ئەو ئابورییە تەنها خزمەتی چێنێکی تایبەتی دەکرد وەک چینی دیوەخانی خێڵەکان، چونکە ئابووری سەربەخۆ بەستراوە بە سیستەمێکی سیاسی تەندروستەوە، وە دامەزراوەکان لەسەر بونیادێکی دروست بێت ، بەڵام نەک نەتوانراوە ئابووریەکی سەربەخۆمان هەبێت بەڵکو نەتوانراوە سیستەمیکی سیاسی گشتگیری سەربەخۆمان هەبێت، تا بتوانیت ئابووری سەربەخۆ ڕابگەیەنیت.
لە هەرێمی کوردستاندا کە کۆی سێکتەرەکان بەهۆی باڵادەستی حوکمێکی خێڵەکیەوە توشی قەیرانێکی گەورە بوە تا ئەو ئاستەی کۆی پیشەکان تێک چوە، چۆن دەتوانرێت لە ڕێگەی تەنها هەناردەکردنی نەوت و غازەوە سوکانی بۆری با بدەیت بڵێیت ئابووری سەربەخۆ و کۆی سێکتەرەکانی تری ئابووری تەواو توشتی داڕمانێکی قورس بوبێت، ئەمە لە کاتێکدایە نەوت و غاز بەتایبەت غاز کە گرنگیەکی جیهانی گەورەی هەیە ناتوانرێت ببێتە یەکێک لە بنەما گەرنگەکانی ئابووری سەربەخۆ، چونکە غاز و نەوت بەستراوە بە نرخەوە و نرخیش لەسەر خواستی بازار هەڵکشان و داکشانی هەیە ، ئەمە وا دەکات کاتێک حکومەتێکی وەک حکومەتی هەرێم باسی ئابووری سەربەخۆ دەکات جگە لە دروشمێکی سیاسی لە ناو کلتورێکی خێڵەکیدا هیچی تر ناکات.
کاتێک تۆ وەک کیانێکی سیاسی لە ئاست جیهاندا دەوڵەتیکی باوەڕ پێکروات نیە، چۆن دەتوانیت خاوەنی ئابووری سەربەخۆ بیت، کە پێچەوانەکی ڕاست دەرچو لە بری ئابووری سەربەخۆ بوینە ئابووریەکی پاشکۆ و ئەوەی زیاتر سودمەند دەبو کۆمپانیاکانی بازرگانی نەوت (دنۆ و شیڤرۆن و ئێکسۆن مۆبێل ..هتد) و ولاتی تورکیا بو.
کاتێک دەوڵەتی سەربەخۆت نیە کەواتە لە ئاست سیاسەتی نێو دەوڵەتیدا بەستراوی بە گۆڕانی سیاسەتی ناوچەیی و جیهانیەوە ئەمەش لەو گۆرانانەدا ڕو دەدات کە لە ئاست نەخشە و جوگرافیای سیاسیدا ڕو دەدات، ئەوەی ڕونە ئێستا سیاسەتی جیهانی لە ئەجێندایاندا نیە دەسکاری نەخشەی سیاسی عێراق و سوریا بکەن، کەواتە ئەگەر بە هۆی داعشەوە لەرزەیەک لە سیاسەتی جیهانیدا ڕوی دا بێت و توانیبێتت تا ئاستێک نەوت و غاز بفرۆشیت، ئەوا دوای کۆتایی هاتنی ئەو لەرزەیە دەگڕێتەوە سەر دەوڵەتی عێراق، بەداخەوە کە دەبو ئەو پارەیەی کە دەهاتە کوردستان لە سێکتەرەکانی تردا بەکار بهێنرایە تا کۆی سیکتەرەکان چالاک و بەرهەمهێن بونایە کە لە ئێستادا دوای پەککەوتنی سێکتەری نەوت و غاز دەمانتوانی لەسەر سێکتەرەکانی تر خۆمان بگرین و توشی ئەم داڕمانە قورسە نەبوینایە.
ئەوەی هەیە و بانگەشەیان بۆ دەکرد نەک ئابوری سەربەخۆ نیە ، کە بتوانێت ئاسایشی نەتەوەی و نیشتمانی بپارێزێت و تاک پشتی پێ ببەستێت، بەڵکو ئابوریەکە ڕێک پێچەوانەکەی ڕاستە کە خێڵەکیە و لە پێناو خێل و ئاغا و دیوەخانەکاندا بوە و سودمەندی یەکەم سەرانی خێلەکان بوە و زەرەرمەندی سەرەکی ئابوری سەربەخۆ و بونیادی ئەو دەوڵەتە بوە کە دیسانەوە هەر خێڵەکی بوە، بە مانەیەکی تر ئەو ئابوریە سەربەخۆیەی سەرانی حکومەتی هەرێم دەیان وت ڕێک دژی ئەو بونیادە گرنگانە بون کە دەکرا لە پاشەڕۆژدا دوڵەتی لەسەر بونیاد بنرێت، وەک بینیمان لە سایەی ئابووری سەربەخۆ و ڕیفراندۆمێکی دراسە نەکراو چی دۆخێکمان بەرهەم هێنا، کە دوا جار ئەوەی باجی قورسی ئەم هەڵانە دەدات سەرانی ناو خێڵ و دیوەخان نین، بەلکو ئەو خەڵکەیە کە هیچ خێری لەو داهاتە کاتیە وەرنەگرت و وەک ڕەعیەت و کۆیلە حسابمان بۆ دەکرا.