شێرزاد شێخانی: نێچیرڤان بارزانی وپەندەكەی هەولێریان.
لەدوایین لێدوانی حەفتانەی ئەندازیاری كاولكاری كاكە نێچیرڤان بارزانی، بۆ خۆڵكردنە چاوی خەڵكەوە فەرمویەتی” هەڵبژاردنەكانی داهاتو باشترین چارەسەرە بۆ كێشەكانی كوردستان” . ئەمەش لەكاتێكدایە كەوا كێشەو قەیرانەكانی كوردستان كێشەی ئابوری و نەبونی و برسیەتییە، نەوەك كێشەی سیاسی لەهەرێمێكدا كە پارتەكەی كاكە نێچیر باڵادەستە تیایدا و هەمو جومگەكانی دەسەڵات بەدەست ئەو حزبەیە و، حزبەكانی تریش هەندێكیان پاشكۆو، هەندێكیان كۆیلەو، بەشەكەی تریشیان چڵكاوخۆری حزبەكەی ئەون. بەواتایەیەكی روونتر حزبەكەی جەنابیان حاكمی موتڵەقی كوردستانن و هەر ئەوان خاوەن بریاری سیاسی و ئابورین، هیچ حزبێك قسەی لەبەرامبەر ئەواندا نیەو، چۆن كێشەكان هەمویان زادەی سیاسەت و بەڕێوەبەری دەسەڵاتەكەی ئەم حزبەیە، ئاواش چارەسەرییەكان هەمویان بەدەست خۆیانەوەیە.
ئەم وتەیەی كاكە نێچیر عەرەب پێی ئەڵێن: تسویق الازمات ” واتە لێخورینی كێشەو قەیرانەكان بە ئاراستەیەكی ترەوە، بەمەش لەلایەك لەمەسئولیەتی چارەسەری كێشەكان را ئەكەن، لەلایەكی تریشەوە خۆیان بێبەری ئەكەن لە بەرپرسیارێتی ئەو كێشانەی كە خۆیان خوڵقاندویانە، ئەگینا هەڵبژاردن چارەسەری چی لەم وڵاتە ئەكات لەكاتێكدا میللەت هیچ بەدیلێكی نیە بەرامبەر ئەم دەسەڵاتە ستەمكارەی پارتییەوە.
گریمان هەڵبژاردن كراو یەكێك لەحزبەكانی غەیرە پارتی بردیەوە، ئایا پارتی ئامادەیە دەسەڵاتی رادەست بكاتەوەو ببێتە ئۆپۆسزیۆن ؟. ئەمە خەونێكە تا ئەم حزبە مابێت نایەتە دی، چونكە پارتی بەبێ دەسەڵات و پارە بۆ یەك ساتیش ناتوانێ بژی ، خۆ ئەسڵەن سەرجەم كێشەكانی ئەم هەرێمە خێر لەخۆ نەدیوەی ئێمە سەبەبەكەی دەستبەسەراگرتنی پارتییە بەسەر دەسەڵاتەكەی، قەیرانە سیاسیەكە كاتێك سەری هەڵدا كە مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەم حزبە دەستبەرداری پۆستە ناشەرعییەكەی هەرێم نەبو، قەیرانەكەش زۆر قوڵتر بو كاتێك خودی كاك نێچیرڤانیش ئامادە نەبو دەستبەرداری حكومەتە شكستخواردەوەكەی خۆی بێت و، رێگا بدات حكومەتێكی كاتی دابمەزرێ بۆ چارەسەری قەیرانەكان، ئیدی چۆن ئەوانە دەستبەرداری دەسەڵاتەكەیان ئەبن ئەگەر لەهەڵبژاردنەكانی داهاتوشدا حزبێك 90 كورسی پەرلەمانیش بەدەست بێنێ.
پارتی لەم پەلەكردنەی هەڵبژاردنەكانی داهاتودا هەوڵ ئەدات سود لەو فرسەتە كەمە وەربگرێ كەلەبەردەمی ماوە بۆ ئەوەی جارێكیتر شەرعییەت بداتە دەسەڵاتە دیكتاتۆرییەكەی. ئەویش وەكو ئەزانین، ئێستا بەهۆی قوڵبونەوەی قەیرانە داراییەكەو فشارە زۆرەكانی حەیدەر عەبادی ئەبێ دەستبەرداری سەدان هەزار بندیوارەكانی حزبەكەی ببێ، كە بەلای منەوە ئەمانە دەنگدەرانی پارتین لەهەڵبژاردنەكاندا، واتە پارتی بەموچەی بندیواریەوە دەنگی ئەمانەی كڕیوە، ئێستاش بەهۆی ئەوەی ناتوانێ ئیدی موچەیان بداتێ و بەپێی ئیجرائاتەكان ناچارە موچەی ئەمانە ببڕێ، بۆیە هەوڵ ئەدات لەم دوو سێ مانگەا هەڵبژاردن رێكبخات بۆ ئەوەی سود لەدەنگەكانیان وەربگرێ پێش ئەوەی بەڕێیان بكات. لەلایەكی تریشەوە هێشتا لیستی دەنگدەران پاك نەكراوەتەوە، سەدان هەزاری تریش لەئاوارەكانی رۆژئاواو عەرەبە سوننەكان ناویان لەو لیستانەدا هەیە، جگە لەوانەش دەیان هەزار كەسیتری مردوو ناویان دەرنەهاتوە لەم لیستانە و پارتی بەئاسانی ئەتوانێ لەناوچەكانی نفوزی خۆیدا لەجیاتی ئەوان كارتی دەنگدەران پڕ بكاتەوە، بەمەش پارتی سەدان هەزار دەنگی تەزویر ئەخاتە ناو سندوقەكانەوە خۆی ئەكاتەوە بەگەورەترین براوەی هەڵبژاردنەكان، ئیدی هیچ حزبێك ناتوانێ داوای لابردنی حكومەتەكەشی بكات، ئەوكات هەم دەسەڵاتی خۆی بەسەر حكومەتو پەرلەماندا ئەسەپێنێ، دووریش نیە سەرۆكایەتی هەرێمیش زیندو بكاتەوە، بەمەش حوكمی موتڵەقی خۆی بەبێ ركابەر فەرز ئەكات بەسەر كایەی حوكمڕانی كوردستانەوە.
هەڵبژاردن بكرێ یا نەكرێ هیچ لەوەزعە خراپەكەی میللەت ناگۆڕێ، نە كێشەی موچەو نە كێشەی خزمەتگوزارییەكان چارەسەر نابن، چونكە لەكاتی هەبوندا پارتی نەیتوانی كێشەی كارەبای بیستوشەش ساڵە چارەسەر بكاو ئاوێكی پاك بداتە میللەتەكەی، هەڵبەت لەم قەیرانە قووڵەدا هیچی پێ ناكرێ، بۆیە ئەو كارتەی ئێستا خەریكە ئەیجوڵێنێ بۆ پێشخستنی هەڵبژاردنەكان تەنها بەهانەیەكە وەكو هەولێریەكان وتەنی” مەهانەی تڕ، نانی جۆیە ” ، ئەگینا هیچ مەنتیقی تێدانیە خەڵك قەناعەت بەوە بكات كە هەڵبژاردن تاكە چارەسەری كێشەكانەو دوای هەڵبژاردن پارتی دونیاكەمان بۆ ئەكاتە شامی شەریف و سەرجەم كێشەكان چارەسەر ئەكات، خۆ ئێستا پارتی هەر حزبی قائیدە و هەمو شتێك بەدەست خۆیەتی ، بۆچی بریار لەسەر چارەسەرییەكان نادات؟.
جارێكیتر دوبارەی ئەكەمەوە مەبەستی پارتی لەپێشخستنی هەڵبژاردنەكان تەنها رێگریكردنە لەپاككردنەوەی لیستی دەنگدەران، لەلایەكی تریش سودوەرگرتنە لەدەنگی بندیوارەكانی، بەمەش پارتی ئەیەوێ خۆی لەو قەیرانە سیاسیە دەرباز بكات كە بەدەستی خۆی خوڵقاندویەتی و جارێكتر ببێتەوە بەكەڵەگا بەسەر میللەت و حزبەكانەوە و درێژە بەو نەهامەتیانە بدات كە میللەتی توشكردوەو گەیاندویەتیە لێواری هەرەسێكی تر.
- Latest Posts by شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts