Hawler

شێرزاد شێخانی: حەفتاكانی هەولێر.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەولێریات 59
سارانی حەفتاكانی هەولێریش وەكی سارانی شێستەكانی وابون، گۆڕانكارییەكی زۆریان لێ رونەدابو ، حەتا ناوەڕاستی حەفتاكان ئیدی گۆڕانەكی زۆر لەهەولێر رویدا.. لەو چەند وتارەمدا هەندۆكەك باسی سارانی حەفتاكانیشتان لۆ دەكەم كە بیدایەتەكەی بە بەیانی یازدەی ئازار دەستی پێكردو، هەولێرو كوردستان بەعام خۆشیەكیان هاتەوە بەرو دونیا نەختەك گۆڕا.. لەبیرمە پێش دەرچونی بەیانەكە لەساری 69 شەڕی پێشمەرگەو جەیشی عیراقی زۆر گەرم بو، لەو زەمانەدا لەرادیۆی شۆڕش گێمان لەهەندەك كەلیمەی تازە دەبو، كاتەكی بارزانی مەلا خالیدی موزیعی شۆڕش لەرادیۆ هاواری دەكرد ، ئەمڕۆ فرۆكەیەكی سیخۆی بەعس هاتە پلیخاندن، هەرچەندە حكومەتی بەعس نەیدەهێشت بەباشی ئەو دەنگە زوڵاڵەی شۆڕشی ئەیلولمان پێ بگا تەشویشی ( هانی هانی ) دەخستە سەری، بەران هەركووەكی بی ئەخباری شۆڕشمان دەزانی. وا دیاربو جەیشی عیراقی لەشەڕەكانی ئەو سارەدا شكابون لۆیە حكومەتی بەعس بەناچاری كەوتە مفاوەزات و بەیانی یازدە ئازاری دەركرد.. لەبیرمە وەفدی حكومەت دەهاتنو دەچون و دونیا هەموی مشەوەش ببو، خەركی بەعام پەرۆشی رێكەوتن بون و حەزیان دەكرد ئەو خینڕژانە كۆتایی پێ بی. یەكەك لەو كەسانەی لەوەفدەكاندا بەشداری دەكرد رەحمەتی حوسێن شیروانی مودیری شوڕتەی هەولێر بو. چەند جارەكی ئەوم لەنادی مۆزەفین دەدیت كە لەوێ بابم چایخانەی هەبو.. دەمدیت كاتەكی لەمفاوەزات دەهاتەوە مۆزەفەكان دەورەیان دەگرت وپرسیاریان لێدەكرد.. پێشتر هەر جارەكی باسی مفاوەزاتی دەكرد دەیگۆت هێشتا هەندەك موشكیلە مایە چارەسەر نەكرایە. لەبیرمە ئاخر جار كە هاتەوە رۆژی 8 ی مانگی ئازار بو لەگەر وەفدەكەی حكومەت لەناوپردانەوە گەڕابوەوە، دەمەو عەسر هاتە نادی و دەیان مۆزەف دەوریان دابو، لەوی خۆم گێم لێیبو گۆتی سێ رۆژی دی بەیانی رێكەوتن لەتەلەفزیۆن ئیعلان دەكرێ. كەواتە ئەمە پێش هەمو كەسەكی كوردستان زانیمان كە ئیشەكە تەواو بوەو بەیان دەردەچی ، درمان زۆر خۆشبو.
لەرۆژی 11 ئازار لەتەلەفزیۆنە رەشو سپییەكەی چایخانەی سەید سەلیم و گازینۆ عەبۆ دیتمان ئەحمەد حەسەن بەكر بەیانەكەی دەخیندەوەو لەتەنیشتی دكتۆر مەحمودو كاك ئیدریسو كاك مەسعود بارزانی راوەستاینە.. ئیدی دونیا بوە شایی و هەرپەركێ هەولێر بەعام هاتنە سەر جادە. لەبیرمە هەرچی لۆری وگەلابەشی هەبو هینایە سەرجادە و خەركی بەسەر دەكەتنو دۆڵ و زۆرناش لەپشتیانەوە، لەهەر لایەكی تەماشات بكردبایە شایی وهەرپەركێ بو، وەكی رۆژی حەشر وابو هەمو خەرك هاتبونە دەرێ لۆ خۆشی دەربڕین. ئەوجا هەر بابەیەك دەهاتە دەرێ بە قاتی كوردییەوە شانازی بەكوردایەتی خۆی دەكرد. كچو مچیش بە كراس و كەوێی كوردانەوە خۆیان پێشان دەدا، روحی كوردایەتی گەیشتبوە كەشكەڵانی فەلەك مەعنەویات بەرز بو، زۆرمان حەزدەكرد پێشمەرگە ببینین بزانین چ مەخلوقەكە خوا دروستی كردیە، وامان دەزانی پێشمەرگە وەكی دێوەكانی ناو حیكایەتەكانی داپیرانمانن، باڵابەرزو وبەشانو شەوكەت، وەكی كاوەی ئاسنگەر چەكووجەكی گەورەی بەدەستەوەیە، ردێنی رەشی درێژی هێشتیتەوە، عەزەڵاتی لەعەزەڵاتی هاشم كورەچی ئەستوورترە، كاتەكی هەندەكیان هاتنەوە هەولێرێ تەماشامان كرد هەر وەكی خۆمانن، پیاوی ئاسایین بەران ئینسانی بەبیروباوەرو ئازاو پاڵەوانن. ئیدی هێدی هێدی تێگەیشتین لۆچی میللەتی كورد نامری هەتا پێشمەرگە بەشاخەكانیەوە مابن. ئەو كاتی خەركی خوا خوایانبو پێشمەرگەیەك بێتە داخوازی كچەكانیان لۆ ئەوەی شانازی پێوە بكەن، ئێستا پێشمەرگە بچیتە داخوازی كچەكی، پێی دەرێن برۆ خوا بتداتێ، ئێستا زەمانەكە وا گۆڕایە پێشمەرگە هیچ قەدرو قییمەتەكی نەمایە، لە بێ معاشی لەمزگەفتان دەستەسڕ رادەخا، هەندەكیان لەبەر دەستكورتی گوللـەیەك دەنێن بە سەری خۆیانەوە، ئاخ كورد چت بەسەر خۆت هینا، خوا سەبەبكارت بگری، باقی وەلسەلام.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت