بەختیار نامیق: سیناریۆی خۆپیشاندانەکانی ئێران و دووبارە بونەوەی شۆڕشی سەوزی بێ ڕابەرایەتی.
پشتی کەوالیس و خۆپیشاندانەکان دو دیدگای تەواو جیاوازن ، ئەگەر چی تاکی ئێرانی لەژێر فشارێکی زۆری ژیاندایە و پرسی نرخی شمەک بوتە داینەمۆی ئەم خۆپیشاندانانە و دوا جار داواکاریەکان گەورەتر دەبێت بۆ پرسە سیاسیەکان و پرسە نەتەوەییەکان، کاتێک زۆربەی شارەکان دەگرێتەوە ناڕەزایەتی خەڵک بۆ خەرجکردنی پارەیەکی گەورە بۆ فراوانخوازیەکانی ئێران لە دەرەوە ، لەسەر حسابی تاکی ئێرانی دەبێت، ئەگەر ئەمە ڕوە سەرەکیەکەی خۆپیشاندان بێت ئەوا دەبێت ڕووە شاراوەکانی چی بن، ئەوە دەزانین کە ئێران بۆ ئەوەی بتوانێت هاوسەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بەرژەوەندی خۆی تەواو بکات، دوای دوبارە نەخۆش کەوتنەوەی تورکیا، ئەوا دەبێت سەرمایەیەکی زۆر بخاتە خزمەت ئەم پلانی فراوانخوازیەوە، ئەمەش دەبێتە دابەزینی ئاستی ژیانی تاک و خێزانی ئێرانی و ئەوەش دەزانن ئەمە وا دەکات ڕق و توڕەی گەورە دروست ببێت.
هەر بۆیە بۆ دامرکاندنەوەی ئەم ڕق و توڕەییە هەر چەند ساڵ جارێک ئێران بۆ خۆ خاڵی کردنەوەی ناوەوەی پێویستی بە خۆپیشاندانێک هەیە و دوا جار جگە لە دوبارە بونەوەی سیناریوکانی نێوان ئەحمەدی نەژاد و موسەوی و کەڕوبی هیچی تری لێ ناکەوێتەوە، ئەمە دوای زنجیرە بومەلەرزەکان ڕو دەدەن کە دوڵەت وەک پێویست نەبو لە بەهانا هاتنی زیان لێکەوتوانەوە، کە بوە دەرگای کردنەوەی هەمو رقە ئابوری و سیاسی و نەتەوەییەکان.
ئەگەر لە 2009 بۆ 2011 شۆڕشی سەوز تاکتیک و سیناریویەکی خۆیان بوبێت ( ئەو کات بۆ دەنگی ساختە و دزراو بو بەڵام ئێستە سەقفی داواکان گەورەترە بۆ گۆڕینی سیستەمی وڵات ) ئەوا ئێستا لە هەناوی ئەم خۆپیشاندانەدا و لە پەنای داواکاری خەڵک باندێک ئەم پلانی خۆ خاڵیکردنەوەیە بە پێی پلانێکی دراسەکراو جێ بە جێ دەکەن.
ئەگەر خۆپیشاندانی 2009 چەند سەرکردەیەکی ڕیفۆرمخوازی وەک موسەوی و کەڕوبی سەرپەرشتی کردبێت و دوا جار هەردو باڵەکە (موسەوی نەژاند ) دوو باڵی خامنەئی بووبێتن بۆ فڕینی ئێران، ئەوا ئەم جارە ئەم خۆپیشاندانانە هیچ رابەرایەتیەکی نیە، جۆرێکە لە ڕقێکی گەورەی ناوەکی و ناتوانێت تا سەر بێت و بگاتە داواکاری گۆڕینی سیستەمی وڵات.
ئەگەر چی شۆڕشی سەوز زیاتر پایتەختی گرتبوەوە و ئەم خۆپیشاندانانە زۆربەی شارەکانی گرتوەتەوە، بەڵام مادام بێ ڕابەرایەتیەکی ڕادیکالە ناتوانێت بە ئامانجەکانی بگات، هەمو ئەو خۆپیشاندان و شۆڕشانەی دنیا ڕێکخستنێک و حیزبێک و گروپێكی لە پشتە، بەڵام نەک وەک کەڕوبی و موسەوی کە جۆرە سیناریویەک بو بۆ خۆخاڵیکردنەوەی ناوەکی و ڕێگەگرتن لە پلانی ئەمریکی دژیان، دوا جار ئەمریکا و ئەوروپاش تا دەگاتە ناتۆ جگە لە چەند ڕاگەیەنراوێکی ڕاگەیاندنی هیچی تر هەڵوێستیان نابێت، چونکە ئەوە دەزانین ئەمریکا گڵۆپی سەوزی بە نهێنی بۆ ئێران هەڵکردوە و بەدوای هاوسەنگی هیلالەکاندا دەگڕێت، ئەمەش بۆ ئەوەیە بتوانێت شەڕی کۆریای باکور بکات، بە تایبەت لە ئێستادا سین بەرامبەر سیاسەتەکانی ئەمریکا بۆ کۆریای باکور تەماویە بۆیە ئەمریکا و ناتۆ نایانەوێت پشتوان بۆ کۆریا دروست بکەن، بە تایبەت ئێران و بە ڕەزامەندی ڕوسیا لە پشتی کەوالیسەوە، بۆیە لەم خۆپیشاندانانەدا جگە لە شەڕی ڕاگەیاندن هیچ پشتیوانیەکی مەیدانی لەلایەن ئەمریکاوە بۆ خۆپیشاندەران لێ ناکەوێتەوە و پێ دەچێت هەر سیاسەتی خۆیان بێت و ڕاگەیاندنیش وەک دەمامکێک بەکار بهێنن و لە ژێرەوە ڕێک بن، ئەگینا ئەگەر ئەمریکا مەبەستی بێت بە کردار دژی ئێران بێت ئەوا دەتوانێت وەک نمونە لە یەمەن بە ئاسانترین شێوە کۆتای بە حوسیەکان بهێنێت، ئەوەش دەزانین کە ئێران دەتوانێت خەتەری گەورەی هەبێت بۆ سەر بۆریەکانی نابۆکۆ و دەستی هەیە لەسەر وڵاتانی دەریای قەزوین کە بە یەدەگی غازی جیهانی ناسراوە، تا دەگاتە پاکستان و ئازەرباینجان و ئەفغانستان و هەتا وەزیرەیە و کشمیریس لەوێوە بۆ ناو ئاو و تومبەکان و ئەبو موسا و لەو بەریشەوە یەمەن و لیبیا و لوبنان و سوریا و عێراق تا ئاستێکیش ئێستە ئەگەری ئەوەی هەیە بتوانێت لە دەریای سپیدا پێگەی هەبێت. خۆ ئەگەر بەس بیان توانیایە گەروی عەدەن داگیر بکەن لە ڕێگەی حوسیەکانەوە ئاوا دریایی سور ئاسان دەبو دەیتوانی بگاتە جەبەل تاریق.
بە بۆچونی من مادام خۆپیشاندان خاوەنی ڕێبەریەتیەکی رادیکالی ڕاستەقینە نیە نەک ناتوانێت بگاتە ئەنجامەکانی و هەر خۆیان دروستی دەکەن و هەر خۆشیان دوژمنە درەکییەکە، کە کاڵ بوبویەوە لە ناوخۆدا تۆخ تر دەکەنەوە، کە یەکێتی ناوەکی ئێران وەک ئەمریکا بەستراوە بە دروستکردنی دوژمنێکی گەورەی دەرەکیەوە، دوا جار مادام ئێران و ئەمریکا هەردوکیان پێویستیان بە دوژمنێکی دەرەکی هەیە هەر خۆشیان ئەو بۆشاییە بە تاکتیکێک و سیناریو ماکیاجێک بۆ یەکتر تەواو دەکەن، نە ئەمریکا بە کردار دژی ئێرانە نە ئێران بە کردار دژی ئەمریکایە، دوا جار دو دوژمنی کارتۆنین لەسەر سفرەی بەرژەوەندی هاوبەش، وەک چۆن شۆڕشی سەوز تاکتیک و سیناریو بو، ئاواش ئەم خۆپیشناندانانە دەکرێتە سیناریو و جگە لە خۆبەتاڵکردنەوەیەکی ناوەکی هیچی تری لێناکەوێتەوە، لە پلانەکانیشدا لای دوڵەتی ئێرانی ئاساییە ئەگەر چەند هەزار کەسێکیشی لێ بکوژرێت.
- بابەتەکانی تری بەختیار شارەزوری
بەختیار نامیق: هەڵبژاردن ئەم حیزبانە بە کۆێ دەگەیەنێ؟
-بەختیار نامیق: سێ جوت برا شەش کەسیەکە.
-بەختیار نامیق: دانا ئەحمەد مەجید دەتوانێ چی بۆ گۆڕان بکات.؟
- All Posts