كادیرێكی پێشكەوتوی یەكێتی: مەلا بەختیارو فكری داعشی.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
یەكێك لەزەرورەتە مێژوویەكانی دامەزراندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دوای ئاشبەتاڵەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان، رزگاركردنی میللەتی كورد بو لەتاكڕەویی و حوكمی دیكتاتۆرییانەی بنەماڵەی بارزانی و، لەتەك ئەو ئامانجەشدا كۆتاییهێنان بو بە دەسەڵاتی رژێمی دیكتاتۆری بەعس و دامەزراندنی عیراقێكی دیموكرات، بۆیە هەر لەسەرەتاوە یەكێتی دروشمی سەرەكی دیموكراسیەت بۆ عیراق و مافی چارەی خۆنوسین بۆ میللەتی كورد بو. لەم پێناوەشدا واتە لەروبەرووبونەوەی ئەم دوو هێزەدا دەیان هەزار قوربانی داوەو تا ئەمڕۆش خەباتەكەی لەپێناو دیموكراسیدا بەردەوامە..
دروشمی دیموكراسی یەكێك بوە لەو هۆكارانەی سەدان هەزار كەسی ئەم كوردستانە لەژێر چەتری یەكێتیدا كۆ ببنەوە بۆ ئەوەی لەسایەی ئەم دروشمەدا خەباتی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆیان بكەن بۆ دامەزراندنی كۆمەڵگایەكی تەندروستی دیموكرات كە لەسێبەریدا مافە ڕەواكانی خۆیان وەدی بێنن.
مەلا بەختیاری لەپۆست لادراو بەبڕیاری زۆرینەی سەركردایەتی یەكێتی، جارێكیتر هاتەوە سەر شاشەكان و لەهەوڵێكی نوێیدا ویستی یەكێتی ناشرینتر بكات لەوەی كە ناشرین بوە بەهۆی سیاسەتە نادروستەكانی خودی خۆی، لەدیدارەكەیدا لەگەڵ كەناڵی ” ڕووداو” ، یەكێتی وا پیشاندا كە تەنها پاشكۆی حزبێكی دیكتاتۆری وەكو پارتییەو وەكو ئەویش بیر ئەكاتەوە. چەند قسەیەكی هەڵدا كە هیچ یەكێتیەك بەو ئامانجەوە خەبات ناكات، بەتایبەتیش كاتێك دوپاتی كردەوە كەوا یەكێتیش وەكو هەر حزبێكی توونڕەوی دواكەوتو تەنها باوەڕی بەچەك هەیە و، ئەویش بەهەمان حاڵی پارتەكەی مەسعود بارزانی بە زەبری چەك دەسەڵاتەكانی خۆی ئەسەپێنێ و پشت لەهەمو پرەنسیپێكی دیموكراسی ئەكات لەململانێی سیاسییدا. بەمەش یەكێتی هێنایە رێزی ئەو حزب و گرووپە تیڕۆیست و تووندڕەوانەی كە یەكێتی باجێكی زۆر قوڕسی داوە لەروبەرووبونەوەیاندا.
بە قسەی مەلا بێت كە وتویەتی: یەكێتی خاوەن یەك كورسی پەرلەمانیش بێت لەدەسەڵات لاناچێت” ئەمەش رێك بیركردنەوەیەكی داعشیانەیە، چونكە داعش كە هیچ پێگەیەكی جەماوەری لەناو كۆمەڵگەی كوردیدا نیە، بەڵام چونكە چەكی بەدەستەوەیە هەوڵئەدات دەسەڵات بگرێتە دەست.. ئەنسارولئیسلام و جوندولئیسلامیش كاتی خۆی ویستیان بەزەبری هێزو چەك خۆیان بسەپێنن، ئەمەش لەكاتێكدا شەرعیەتی هەر حزب و رێكخراوێك تەنها لەسندوقی دەنگدانی دیموكراسیدا بەرجەستە ئەبێت نەوەك بەهێزی چەك..
ئەم قسانەی كاك مەلا رێك پێچەوانەی دروشمە دیموكراسییەكەی یەكێتیە كە ملیۆنان كەس دەنگیان پێدا لە هەڵبژاردنەكاندا، ئەگەر یەكێتیش وەكو پارتی بەمشێوەیە بیر بكاتەوە كەواتە هەمو ئەو دروشمانەی ئەم دوو حزبە هەڵیانگرتوە هەمویان ئەچنە ناو زبڵدانەوە، بەم قسانەشی جەنابی مەلا بەختیار مەعدەنی ئەسڵی خۆی دەرخست كە چەندە دوورو درۆزنە لەخۆپیشاندانی وەك مونەزرێكی دیموكراسی لەناو كورددا.
لەدرێژەی قسەكانیدا مەلا باسلەوە ئەكات كەوا خەتی سێیەم نایخوات، ئەمەشیان دیسان هەوڵێكیترە بۆ بەدیكتاتۆریكردنی سیستەمی حوكم بەهاوكاری پارتە هاوسۆزەكەی مەسعود بارزانی لەم هەرێمەدا، ئەمەش رێك دژی فرەییە كە یەكێكە لەمەبادیئە سەرەتاییەكانی دیموكراسییەت لەناو یەكێتیدا كە تەنانەت رێكخراوەكەی ( ئاش) ی مەلاشی گرتە باوەش لەباوەڕبونی یەكێتی بەفرەیی و رێزگرتن لەبیروباوەڕی جیاواز، مەلا ئەیەوێ بڵێ، چونكە ئێمەو پارتی جومگە ئەساسیەكانی پێشمەرگەو پۆلیس و ئاسایش و پاراستن و زانیاریمان بەدەستەوەیە هیچ حسابێك بۆ حزبەكانی تری سەر ساحەكە ناكەین و، دەسەڵات دەسەڵاتی ئێمەیە، تەنانەت جورئەتی ئەوەش ئەكات باس لەخۆپیشاندانەكانی ئەمدواییەی شەقامەكانی كوردستانیش بكات و بەدژایەتی یەكێتی و بۆ لەناوبردنی دەسەڵاتەكەی وەسفی بكات، لەكاتێكدا خۆپیشاندانەكان هی خەڵكی برسیو بەشمەینەتی كورد بون.
لە دوا كۆمینتیدا كاك مەلا زۆر راشكاوانە ئەڵێ ” قبول ناكەین هیچ حزبێك بەناوی زۆرینەوە بتوانێ ئێمە چەك بكات. ئەمەش سەیرترین بیركردنەوەی سەركردەیەكی یەكێتییە كە رێك پێچەوانەی هەمو بانگەشەكانی پێشتری یەكێتییە كە لەسەدان موناسەبەدا داوای یەكخستنی هێزی پێشمەرگەو ئاسایش كردوە.
مەترسی ئەم ئاخاوتنانەی مەلا بەختیار لەوەدایە كەوا یەكێتی ئەهێنێتە ریزی پارتییەك كە لەوەتەی دروست بوە بووەتە سەبەبی نەهامەتی بۆ میللەتی كورد، یەكێتی بەوە جوانبو كە هێزێكی جەماوەری دیموكراتخواز و ئاشتیخواز لەپێناو حوكمێكی رەشیدی ناو كۆمەڵگە خەبات ئەكات و دژی دیكتاتۆرییەتو تاكڕەوی حزبییە، بەڵام بە قسەكانی مەلا بەختیار، یەكێتش بوە بەحزبێك كە هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ هێزە تووندڕەوەكانی وەكو داعش و ئەنسارو جوندولئیسلام زیاتر نیە، بەمەش یەكێتی وەكو حزبێكی قێزەونی ناو كۆمەڵگا پیشاندا، ئەوەندەیتر خۆیو حزبەكەشی لەبەرچاوی میللەتەكەی ناشرین كرد، ئەم قسانەشی تەنها دڵی پارتی و سەركردەكانی خۆش ئەكات كە ئەیانەوێ یەكێتی بكەنە حزبێكی پاشكۆی بێئرادەی خۆیان و لەبەر چاوی میللەتیش سوك و ریسوای بكەن، ئەم قسانەی مەلا بەختیار بەلای منەوە كودەتایەكە لەدژی یەكێتی و مەبەستی تەسلیمكردنی زیاتری ئیرادەی یەكێتییە بەدەست حزبێكی رەفتار فاشی و دیكتاتۆری وەكو پارتەكەی مەسعود بارزانی.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە