دوکتۆر حوسێن موحه‌ممه‌د عه‌زیز: یاریی مووشێن و شاندی ئۆپۆزیسیۆن!
(1)
به منداڵیی، یاری ههڵماتێنمان ده‌کرد. جا یا هه‌ڵمات، یا پاره یا سهرهسۆدهمان داده‌کرد، به ئه‌وانه‌شیان ده‌گوت (مووش). ئه‌م یارییه زۆربه‌ی کات، به (2-4) که‌س و هێندێ جاریش، له (4) که‌س زیاتر ده‌کرا. گه‌ر له چوار که‌س کهمتربووایه، ئه‌وا هه‌ر که‌س بۆ خۆی یارییده‌کرد. به‌ڵام گه‌ر چوار که‌س بوونایه، ئه‌وا دوودوو هاوبهشدهبوون، دژی دووانه‌که‌ی دیکه ده‌وه‌ستانه‌وه و دوو به‌ره‌ی جه‌نگ داده‌مه‌زرا. یا گه‌ر دووانیان پێکه‌وه هاوبهشبوونایه و دووانه‌که‌ی دیکه‌ش، هه‌ر که‌س بۆ خۆی یارییبکردایه، ئه‌وا سێ به‌ره‌ی دژایه‌تی درووستده‌بوو. خۆ گه‌ر که‌س هاوبه‌شیی نه‌کردایه و هه‌ر که‌س بۆ خۆی بووایه، ئه‌وا چوار به‌ره‌ی دژ به یه‌ک په‌یداده‌بوو، هه‌رایه‌کی گه‌وره‌تر سه‌ریهه‌ڵده‌دا!
سه‌ره‌تای یارییه‌که، به ئه‌م شێوه‌یه ده‌سیپێده‌کرد. هه‌ر که‌سێ مووشی خۆی داده‌کرد. پاشان مووشێکیان له نێوه‌ڕاستدا دیاریده‌کرد و پێیان ده‌گوت: (حه‌ج). یه‌که‌مین جار، یه‌ک له دوای یه‌ک، بۆ به‌گیی تیلیاندهکرد، هه‌ر که‌سێکیان له حه‌جه‌که‌وه نزیکتربووایه، ده‌بوو به (به‌گ). دووم ده‌بوو به (پاشبهگ)، سێیه‌م دوای پاشبهگ ده‌هات و چواره‌میش ده‌بوو به (قڕه). ئینجا جارێکی دیکه سه‌رله‌نوێ تیلیاندهکردهوه و یاریی ده‌سیپێده‌کرد. گه‌ر یه‌کێ له یاریکه‌ره‌کان تیلیبکردایه و له هه‌ڵماته‌که‌ی به‌گی بدایه، ده‌یگوت: قرچ و خۆی ده‌بوو به به‌گ، به‌گیش ده‌بوو به قڕه، یارییه‌که‌ش دووباره دهسیپێدهکردهوه.
ئێسته بیری لێ ده‌که‌مه‌وه، ئه‌م یارییه، له هاوپه‌یمانێتیه‌کی ڕامیاریی و سه‌ربازیی ده‌چوو، چۆن؟ چونکه هه‌ر چه‌ن که‌سێ یه‌کیانده‌گرت و دژی ئه‌وانی دیکه یارییانده‌کرد. یه‌کێ په‌نا حه‌جه‌که‌ی ده‌گرت و نه‌یده‌هێشت، ئه‌وانی دیکه داگیریکه‌ن. گه‌ر یه‌کێ له نه‌یاره‌کانیش، له نزیکه‌وه بۆی دانیشتایه و مه‌ترسی بۆ سه‌ر حه‌جه‌که هه‌بووایه، ئه‌م تیلی تێ ده‌گرت، گه‌ر لێی بدایه، ئیدی ئه‌وی ده‌کوشت و جارێکی دیکه، یاریکه‌ره سه‌رکه‌وتووه‌که، بۆ په‌نا حه‌جه‌که ده‌گه‌ڕایه‌وه. گه‌ر لێشی نه‌دایه، ئه‌وا ئه‌و یاریکه‌ره هێرشیدهکرد، له په‌نا حه‌جه‌که‌دا خۆی قایمدهکرد، یا حهجیدهکرد و له شوێنی خۆی ده‌وه‌ستا، تا یاریکه‌ره دژه‌کانی، تیلیان تێ ده‌گرت و تۆڵه‌ی حه‌جه‌که‌یان لێ ده‌سه‌نده‌وه. گه‌ر یه‌کێ بیکوشتایه، ئه‌وا هه‌موو مووشه‌کانی لێ دهسهنهوه و خۆی ده‌بوو به به‌گ، به ئه‌و شێوه‌یه یاریی نوێ دهسیپێدهکردهوه!
هێندێ جاریش یارییه‌که درێژده‌بووه‌وه، یا گزی تێ ده‌که‌وت، به‌گه‌که ده‌یگوت: من به مووشه‌ی خۆم و به‌گیی هه‌ڵده‌سم، ئیدی هه‌ر که‌س مووشه‌ی خۆی هه‌ڵده‌گرته‌وه و سه‌رله‌نوێ یاریی دهسپێدهکردهوه.
یا ئاژه‌وه‌یه‌ک درووستده‌بوو، هه‌ر که‌س په‌لاماری مووشه‌ی خۆی ده‌دا و ده‌یانگوت: کۆستهیه. ئیدی به ئه‌و شێوه‌یه، شیرازه‌ی یارییه‌که تێکده‌چوو، هێندێکیان به براوه و هێندێکی دیکه‌شیان، به دۆڕاو ده‌رده‌چوون. هێندێ جاریش له‌سه‌ر ئه‌وه، له نێوان براوه و دۆڕاوه‌کاندا، شه‌ڕ هه‌ڵده‌گیرسا، به بۆکس و شه‌ق له یه‌کدی به‌رده‌بوون!
تێبینی: ئه‌م یارییه، سێ ناوی هه‌یه: مووشێن، کهلاێین و هه‌ڵماتێن.
(2)
هه‌رچه‌نده ئێسته، سه‌یری ڕه‌وشی باشووری (کوردستان) و هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌کان ده‌که‌م، یاریی مووشێنم بیرده‌که‌وێته‌وه. چۆنکه لایه‌نه‌کان، وه‌ک یاریکه‌ره‌کانی مووشێن وان، به‌گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی خۆیان، دابه‌شبوون و هه‌ر چه‌ن لایه‌نێ پێکه‌وه کارده‌که‌ن، دژی لایه‌نه‌کانی دیکه وه‌ستاونه‌ته‌وه و ده‌یانه‌وێ، به زووترین کات حه‌جێکی (به‌غدا) بکه‌ن!
باڵه‌که‌ی (16. 10)ی نێو (یه‌کێتیی) به جیا، سێ لایه‌نه‌که‌ی دیکه (گۆڕان، کۆمه‌ڵی ئیسلامیی، هاوپه‌یمانێتی دێمۆکراسیی و دادپه‌روه‌ریی)ش، به ناوی ئۆپۆزیسیۆنه‌وه به‌جیا، پێشبڕکێیانه و هه‌وڵده‌ده‌ن، تا زووه له‌گه‌ڵ سه‌رانی دوژمنی ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری (عێراق)دا ڕیککهون و شتێ بۆ خۆیان بپچڕن!
ئاخر گه‌ر ئه‌مانه وه‌ک خۆیان ده‌ڵێن: ئۆپۆزیسیۆن بن، ئه‌وا ئه‌وان له چوارچێوه‌ی (کوردستان)دا ئۆپۆزیسیۆنن و بۆیان نییه، به ناوی کورده‌وه، دانوستان له‌گه‌ڵ (به‌غدا) بکه‌ن، چونکه هیچ خه‌سڵه‌تێکی فه‌رمییان نییه، به‌ڵکوو ده‌بووایه، له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمدا دانوستانیانبکردایه، به تایبه‌تی وا هه‌ڵبژاردنه‌کان نزیکبوونه‌ته‌وه!
له ئه‌م لاشه‌وه میریی هه‌رێم، وه‌ک لایه‌نێکی دیکه‌ی فه‌رمیی دۆشداماوه، چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامی حه‌جی ئه‌و دوو لایه‌نه ده‌کا و جارێ به ڕواڵه‌ت، هیچ هه‌ڵوێست و ڕۆڵێکی کاریگه‌ری نییه!
ئه‌م دوو لایه‌نه‌ی به‌ره‌و حه‌جیش ڕۆیشتوون، هه‌موو شتێ ده‌که‌ن، ته‌نیا کوردایه‌تی نه‌بێ. په‌نا بۆ سه‌رانی داگیرکه‌ره‌که ده‌به‌ن، دژی یه‌کدی هه‌موو شیوازێ به‌کاردێنن، ته‌نیا هه‌ر بۆئه‌وه‌ی، پشتی یه‌کدی له زه‌وی بده‌ن. چونکه نه له نێوخۆدا، له‌سه‌ر به‌رنامه‌یه‌کی دیارییکراو ڕێکده‌که‌ون، نه پرسیش به په‌رله‌مان و میریی هه‌رێم ده‌که‌ن، تا به‌ره‌و حه‌جه ڕه‌شه‌که‌یان بڕۆن. واته هه‌ر که‌سێ بۆ خۆیه‌تی و گه‌ڕه‌لاوژێیه‌که، ئه‌و سه‌ری دیار نه‌بێ!
له ئه‌و باره‌یه‌وه، ڕۆژی (27. 8. 1992)، نامه‌یه‌کم بۆ (نه‌وشیروان مسته‌فا) نووسی، داوام لێ کردبوو: (گه‌لی کورد پێویسته، له‌به‌رده‌م گه‌لانی جیهان و ده‌زگه نێوده‌وله‌تییه‌کاندا، ته‌نیا و ته‌نیا، به ناوی به‌ره‌ی کوردستانیی، یا په‌رله‌مانه‌وه قسه‌بکا، نه‌ک وه‌ک ئیسته، پاشاگه‌ردانی بێ و هه‌ر لایه‌نێ به ناوی خۆیه‌وه قسه‌بکا) ” 1 ” که‌چی دوای (25) ساڵ، تازه به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆن، خۆیان له ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم و گه‌لی کورد جیاده‌که‌نه‌وه!
ئه‌ز پێم وایه، کۆتاییه‌که‌شی وه‌ک یاریی مووشێنهکهی لێدێ، به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆن ده‌دۆڕێ و (به‌غدا) ده‌یباته‌وه. له ئه‌نجامیشدا، به کۆستهڵهش قایلده‌بن، ته‌نیا هه‌ر بۆئه‌وه‌ی، مووشه‌که‌ی خۆیان ده‌سکه‌وێته‌وه، نه‌وه‌ک ئه‌ویش بدۆڕێنن!
ئایا باشتر نه‌بوو، ئه‌م ئۆپۆزیسیۆنه هه‌وڵیبدایه، له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمدا گفتوگۆیبکردایه، له‌بری ئه‌وه‌ی خۆی له لێپرسراوانی ده‌وڵه‌تی (عێراق)ی ئه‌نفال و کیمیاباران، به‌عه‌ره‌بکردنی (کوردستان) و ده‌ربه‌ده‌رکردنی دانیشتووانه‌که‌ی نزیکبکاته‌وه؟! به‌ڵام له ئه‌وه ده‌چێ، فه‌رمانیان پێ کرابێ، به‌ره‌و حه‌ج مل بنێن!
(3)
ئه‌ندامانی شانده‌که‌ی ئۆپۆزیسیۆن، پێیان شهرموشوورهییه، ده‌س له‌نێو ده‌سی براکانی خۆیان بنێن و ئه‌ملاوئه‌ولایان ماچکه‌ن. به‌ڵام پێیان شه‌رم نییه، له (به‌غدا)ی تاوان، زۆر بهکوڵودلهوه، (به‌رده‌ڕه‌ش)ه‌که‌ی ڕوومه‌تی دوژمنێکی گه‌وره‌ی وه‌ک (مالیکی) ماچکه‌ن و له خۆشیاندا شاگهشکهبن. ئه‌م کاره دزێوهشیان، هه‌ر بۆ ئه‌وه کرد، تا دڵسۆزی خۆیان بۆ دوژمنه‌که‌ی کورد و ناپاکیی خۆشیان، بۆ مێژوو تۆمارکه‌ن؟!! ئاخر ئه‌و (مالیکی)یه‌یان ماچکرد، کاتێ ده‌سه‌ڵاتی هه‌بوو، مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی نانبڕاوکرد، هێزی (دجله)ی درووستکرد و ویستی، په‌لاماری (کوردستان) بداته‌وه!
ئه‌م هه‌ڵسوکه‌وته‌ی شانده‌که‌ی ئۆپۆزیسیۆن، دوو شتم بیرده‌خاته‌وه.
* ڕۆژێ (شێخ ره‌زای تاڵه‌بانیی)، له (سوله‌یمانیی) ده‌بێ. ده‌چێ بۆ مزگه‌وت، ته‌ماشاده‌کا، ئاوهدهسهکان به‌رناکه‌ون و خه‌ڵکێکی زۆر وه‌ستاون. کاتێ ده‌چێته ژووره‌وه نوێژبکا، ئه‌و ژووره گه‌وره و فراوانه‌ی نوێژکردن، هه‌مووی چه‌ن که‌سێکی لێ ده‌بێ، ئه‌ویش ئه‌م دێڕه هۆنراوه‌یه ده‌ڵێ:
ئه‌هلی ئه‌م شـــــــاره، دوورن له تاعه‌ت
نوێژ به تاک ده‌که‌ن، گوو به جه‌ماعه‌ت!
ئه‌مانیش به تاک به‌ره‌و (به‌غدا) ڕۆیشتن و هیچ حسابێکیان، بۆ پارته‌کانی دیکه، په‌رله‌مان و میریی هه‌رێم نه‌کرد!
* دوای ئه‌وه‌ی ڕۆژی (6. 9. 1930)، ڕاپه‌ڕینه‌که‌ی به‌رده‌رکی سه‌رای (سوله‌یمانیی) دامرکێنرایه‌وه، سهراکهش خه‌ڵتانی خۆێن کرا، که‌چی ڕۆژی (1. 10. 1930)، کۆمه‌ڵێ کوردی ناوداری شار کۆبوونه‌وه، هه‌ر وه‌ک هیچ شتێ ڕووی نه‌دابێ، به‌ره‌و (به‌غدا) ڕۆیشتن، گوایه نوێنه‌رایه‌تی شار ده‌که‌ن و له کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌راندا به‌شدارده‌بن، بۆئه‌وه‌ی له لایه‌که‌وه، خۆشهاتنهوه له شا (فه‌یسه‌ڵ) بکه‌ن. له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه، نۆکه‌ریی و ئه‌مه‌کداریی خۆیان، بۆ سه‌رانی ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری (عێراق) نوێکه‌نه‌وه و داوای لێبووردن، له میریی بکه‌ن!
بۆیه (پیره‌مێرد)ی بلیمه‌تی خه‌مخواری کوردیش، به (8) دێره هۆنراوه، به ناپاک تاوانباریکردن و فه‌رموویه‌تی:
وه‌فدی (کوردستان)، میلله‌ت فرۆشان
ههرزهوهکیلی، شاری خامۆشان
چه‌پکێ له گوڵه‌که‌ی، باخه‌که‌ی سه‌را
که به خوێنی لاوان، ئاودرا
بیبه‌نه خزمه‌ت، عه‌رشی (عێراقیی)
بڵێن: یار باقی و هه‌م سوحبه‌ت باقی
په‌رده و تارای سوور، به‌رن بۆ ئه‌میر
بڵێن: پاش کوشتار، هێشتا تۆی دڵگیر؟!
ده‌ک خه‌جاڵه‌تبن، له ڕووی مه‌حشه‌را
ئێمه خاکی غه‌م، ئه‌که‌ین به سه‌را
ئێوه‌ش، ئه‌و عه‌رشه‌ی به خوێن گوڵڕه‌نگه
سوجده‌ی بۆ ئه‌به‌ن، هیچ ناڵێن نه‌نگه
کورد نه‌مردووه، خه‌یاڵتان خاوه
به‌راتی نه‌جات، به خوێن نووسراوه
من ڕه‌نگی سوورم، بۆیه خۆشئه‌وێ
مژده‌ی شه‌فه‌قی، لێ ده‌سئه‌که‌وێ ” 2 ”
منیش ده‌ڵێم: له ئاستی ڕه‌وانشادانی (که‌رکووک، خورماتوو، داقووق) و هه‌موو ڕه‌وانشادانی دیکه‌ی کورددا، هه‌زاران جار شهمهزاربن، وه‌ک به هه‌موو لایه‌کتان و به ئه‌و شێوه گاڵته‌جاڕانه‌یه، کێشه‌ی کوردتان به ئه‌م ڕۆژهڕهشه گه‌یاند، وا سووک و چرووکتان کردین!
2018. 01. 09
1. دوکتۆر حوسێن موحه‌ممه‌د عه‌زیز، نامه‌یه‌کی دریژ بۆ نه‌وشیروان مسته‌فا، چ2، چاپخانه‌ی سیما،
سوله‌یمانیی، 2006، ل 55.
2. دوکتۆر حوسێن موحه‌ممه‌د عه‌زیز، په‌یماننامه‌یه‌کی ڕه‌ش و ڕۆژێکی سوور، چ 1،
چاپخانه‌ی ئه‌زمڕ، 2003، ل (66-69).