دلێر حسێن پیرۆمەری: ترس لەهەڵبژاردنە یا لەدرێژدانە بەدیکتاتۆری.
پێداگری پارتی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەھەرێمی كوردستان بەر لەهەڵبژاردنەکانی عێراق مانای بەهێزی پارتی نیە لەڕووی جەماوەرییەوە، بەڵکو نیازی وایە وەك ھەمیشە بەڕێگای ساختەكردن لەتۆماری دەنگدەران و تەزویركردن لەفۆڕم و ژمارەی نێردراوی بنكەكانی دەنگدان بۆ ناوەندی باڵای كۆمسیۆن ئەویش بەھۆی دەستگرتن بەسەر کۆمسیۆن كە چەندین ساڵە كارمەندی ڕاھێنراوی بۆ ئەم مەبەستانە خستۆتە شوێنی حەساس لەو دەزگایە كە لەژێر ڕەحمی درۆییەكی گەورەدا سەربەخۆییان پێوە ھەڵواسیوە، بەجۆرێک کەشارێی تەزویرو سەحری پارتیە لەپێناو مانەوە لەدەسەڵاتی ڕەها و ددان گڕساندن لەجومگە هەستیارو گرنگەکان تاكوھەموان بەیارو نەیارەوەو گشت هێزەکانی هەرێم ملیان پێكەچ بكات و تاكو بیانھێنێتە ژێر ئیرادەی (خۆی) بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو تەوقیتەی كە پارتی خۆی دەیەوێت. ئەمەش نماییشی دەلەسەو خەڵەتاندنێكە تا واوێنا بكات كەهێزێکی دیموکراتخوازەو حەزو نیازی بەهەڵبژاردنە لەکاتی دیاریكراوی خۆیدا.
ئەو کۆمسیۆنەی کەمەزهەلەی ڕێفەراندۆمەکەی میری لەكارلادراوی بردەڕێوە نەک تەنھا لەڕووی ئیدارەدان و تۆماری دەنگدەران شکستی هێنا بەڵکو پرۆسەیەک بوو لەوڵاتە هەرە تۆتالیتارو دیکتاتۆریەكانی دونیا (کۆریای باکور، زیمبابۆی سەردەمی مۆگابی، میسڕی عەسڕی موباڕەك، تونسی زەمەنی عابدین و… ھتد) پرۆسەی لەمشێوە گاڵتەجاڕو بێ ئوسول بەڕێوە نەچوە، ئەوەندە پەشۆکاو و سەرلێشێواو بوون لەژمێرکاریش هەڵەی شەرمھێنیان ئەنجامدەدا، کە لەهێچ ڕێساو بیردۆزو هاوکێشەی ماتماتیکیدا (لەسەد; سەدو باقی) نیە، بەڵام ئەوەشمان بینی لەحیسابات و لێكدان و تێككردنەوەی (ھەڵەشەی دەوڵەتی نیوپەنجە) و (خاوەن پڕۆژەی کەپکۆ) کەبۆ حیساباتی نەوتی 8 كێڵگەی نھێنی بەکاری دێنێت. ئەوانیتر، بۆچی لەترسی سەرزەنشتکردنیان لەبەرامبەر ئەنجامندانی هەڵبژاردن بچنە واها پرۆسەیەک کەباجی قورسی بەدواوە بێت و ئایندەی گەل تاریكتر بكات؟
چەند خۆش بەختیە كە خەڵكی ھەرێمێك بیت کۆمسیۆنە پرۆڤیشناڵە سەربەخۆكەی ئیعلانی ئەوە بكات، کەنزیکەی (12) ھەزار کەسی دەنگدەر لەسەرووی تەمەنی 160ساڵەوەیە. واتا لەساڵی 2003 تائێستا تاکێکی ئەم هەرێمە نەچۆتە بەردلۆڤانی خودێ، ئەمەش نیعمەتێكە لەسایەی حوکمڕانی ڕاستگۆو دەست و گیرفان خاوێنی پاشماوەی كوردایەتی ئەودیو سنورەوە.
چ میللەتێكی بێ وێنەین
ئەھا بەهۆی خۆشگوزەرانی و ڕەفاهیەتی ژیانەوە کێبرکێکی شکاندنی ڕیکۆرد دەکەین، بەتایبەتی شکاندنی ریکۆردی هاوتەمەنی لێکچوو، تەمەن و بەروار لەعەینی ساڵدا، بەجۆرێک (12) ھەزار منداڵی چاوگەش لەبەرواری (01- 01- 2000) ھاتۆتە دونیای حكومەتی كوردی. تۆبڵێ ئەوەندە میللەتێکی (ناو دۆست) بین زۆر حەزمان بەلێکچونی ناوی چوارینە هەبێ بەجۆرێک زیاترلە (6) هەزار ناوی چوارینەی هاوشێوەمان هەبێ.؟ پەلە پەلی پارتی تەنها بۆ ئەوەیە پێش هەڵبژاردنەکانی عێراق، بەئیدارەی ئەو کۆمسیۆنەی ھەرێم و بەو تۆمارەو پڕ لەقەباحەتە لەهەڕەمی دەسەڵات بمێنێتەوە. چاک دەزانێ بەچاودێری کۆمسیۆنی عێراق و بەسیستەمی بایۆ مەتری خەون و پیلانەكانی وەک خۆی نەك نایتە دی بەڵكو بۆ ھەتا ھەتایە چاولێك دەنێن. نەك بەتەنێ لەڕووی سوڵتەی سیاسی و ئیداریەوە بەڵكو ئابوری و گشت ئەو داھات و سەروەتە ناشەرعیەی كە بەھاوكاری یەكێتیە ناڕەسەنەكان دەستیان بەسەرداگرتووە لەچنگیان دێتەدەرێ كە لەسەرناوی خۆیان و خزم و خوێشیان قەیدیان كردووەو لە وڵاتە جوان دیمەنەكان كەیفی پێدەكەن.
ئەوەی لەسەر لایەنەکان پێویستە، بەتایبەتی پێنج لایەنە بەشدارەكەی ھەڕەمی کۆمسیۆن كە لەدەرەوەی چوارچێوەی ئەجێندای ھەموو پارتی و بەشێك لەیەكێتیدان، کار بکەن بۆ بە بایۆمەتریکردنی تۆماری دەنگدەرانی هەرێم هاوشێوەی کۆمسیۆنی حكومەتی مەركەزی بەغداد، بۆئەوەی لانیکەم ببینە خاوەنی تۆمارێکی ڕێک كە نەزیلەی حەیاشكێن و نابوت و پەڕپوتی لەبارەوە نەگێڕدرێتەوە. کۆی پرۆسەی بەبایۆمەتركردن و پاككردنەوەی تۆمارەكەش بەپێی شایەدی كۆمسیۆن و زانیاری ئێمەومانان تەنھا کەمتر لە (10) مانگی پێویستە.
ئەو ھەرێمە، ئەو خاك و خەڵكە 26 ساڵە بەئەزرەتی حوكمێكی عادل و پڕۆسەیەكی ئینتخابی بێ خەوش و ڕاستەقینەن، دەبا ئەو 10 مانگەشی بێتەسەر، بۆئەوەی لەڕێگەی چاكسازی تۆمارو سەرژمێری حەقیقی دەنگدەرانەوە ئەم نیشتمانە بەئاواتەكەی بگات.
ڕەتكردنەوەی پەلەپەلی ئەو پڕۆسەیەی كە پارتی بەدیموكڕاسی ناساندوویەتی باشترین خەباتە لەپێناو دیموكڕاسی و جێگیركردنی ئایندەی ڕووناكی ژیانكردانی ئەم وڵاتە.
چونكە ئەوەی پارتی داوای دەكات شوژنێكەو دەیەوێ بیخاتە چاوی دیموكڕاسی تاكو چوارساڵیتری بەدبەختی و نەھامەتی بخاتە سەر ئەو 26 ساڵ دزی و درۆو جەللادیەی كە بەبێ سڵەمینەوە بەسەر خەڵكی ئەم ھەرێمەی ھێناوە.
ئەوەی لە ھەڵبژاردن زەرورترە لەم ساتەوەختەدا ھێنانەدەرەوەی ئەو بەڕە بۆگەنەیە كە پارتی و ھاودەستەكانی لەژێر پێی كۆمسیۆن ڕایانخستووە. باشترین عیلاجی دوورمەدایە بۆ نەخۆشی تەزویرو تەمتومانی ھەڵبژاردن و ڕێخنی دیموكڕاسی ژێر ھەژموونی جوتڕەوی پاشماوەكانی كوردایەتی ئەودیو سنوری قاف.