نەوزادى موهەندیس: حیزبى سیاسى لەنێوان زەرورەتى قۆناغەکە و هەڵپەى دەسەڵاتدا!
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
ئاشکرایە دروستبوون و سەرهەڵدانى بیرى نوێ و ڕەوتى تازە و جوڵانەوە و تاڤگەڕى سیاسى نوێ لەکات و ساتى مێژوویدا دێنە دروستبوون و دامەزراندن و زەرورەتى قۆناغەکە دەیسەپێنێت، وەک دەرچەیەک بۆ دۆزینەوەى ڕێگا چارەکان یان گەڕان بەدواى جێگرەوەى نوێدا بۆ کۆنە هەبوەکان لە سەرکردە و پارتى سیاسى و ڕێکخراوى جەماوەرى تر. بۆیە ناکرێت لەخۆڕا و بەبێ پێویستبوونى ڕۆژگار و سەردەمەکە و بەبێ بونى داواکاریەکى جەماوەرى ڕەوا و پاڵپشتیکردنێکى ڕاستەقینەش بۆ دروستبوونى جوڵانەوە و قەوارە و تاڤگەرێکى سیاسى نوێ هەوڵى دامەزراندن یان پێکەوەنانى قەوارەیەکى سیاسى بدرێت، چونکە لەسەر زەمینەیەکى پتەو و کۆنکرێتى جەماوەرى و فکرى نەهاتۆتە بوون و زیانى زیاتر دەبێت بۆ ئایندە ، چونکە دەبێتە هۆکار بۆ دابڕان و لێکترازانى زیاترى ڕیزەکانى جەماوەر، ئاشکراشە چەندە جەماوەر و کۆمەڵگا یەک و یەکگرتوو بێت هێندە بەهێز و خاوەن ئیڕادەى پۆڵاین دەبێت، هەرکاتیش کۆمەڵگا دابەشبوە سەر ڕەوت و بزاڤ و جوڵانەوە و قەوارە و بزوتنەوەى جۆراوجۆرى جیاواز و بچوک ئەوا هێندەى تر زیانیپێدەگات و لاواز و بێئیڕادەیەکى ڕاستەقینەش دەمێنێتەوە.
بەداخیشەوە دروستبون و دامەزراندنى حیزبى سیاسى لە ڕۆژهەڵاتدا بەگشتى و لەکوردستانى خۆشماندا بەتایبەتى بۆتە مۆدیلێکى نوێى قێزەون، چونکە زۆربەیان تەنها لە پێناو دەسکەوتى کەسى و هەڵپەى دەسەڵات و چنینەوەى دەسکەوت و ئیمتیازات و پلە و پۆستى ناڕەوادا دروست بوون، یان کەسانى تۆراو و بێ جێگە و پێگە ماونەتەوە ،ئەگینا ئەوە چ مەنتیق و ڕەواییەکە لە ماوەى کەمتر لە ساڵێکدا چەندین قەوارەى سیاسى بەناو سیاسى وەکو قارچک سەرهەڵبدەن و زۆر بەخێرایى کۆنگرەى خۆیان ببەستن و ئۆرگان و دامەزراوە و بارەگا دابمەزرێنن و خۆشیان ئامادەبکەن بۆ زنجیرەیەک هەڵبژاردن لە کوردستان و عێراقدا.زۆربەى ئەم قەوارە و حیزبانە لە ژێر ناوى دیموکراسى و دادپەروەرى و کارکردن بۆ ئایندە و نەوەى نوێ و گۆڕان و چاکسازى لە سیستەمى حوکمڕانیدا خۆیان نمایشکردوە، بەڵام هەموانیشیان لەناو خۆیاندا لەسەر بچوکترین جیاوازى لێکجیادەبنەوە و ناتوانن لەناو یەک بەرەى ئیسلامى یان دیموکراسى یان نەتەوەییدا خۆیان ڕێکبخەن، چونکە هیچکامیان دروشم و مەبەستیان خزمەتکردنى کۆمەڵگا و نەتەوەو نیشتیمان نیە بەڵکو تەنها بەرژەوەندى خۆیان و دارودەستەکانیانە.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە:کە ئایا ئەم حیزبە سیاسیانە بنەماو بنچینیەکى ئایدیا و فکرى و ڕێباز و ڕچەیەکى دیاریکراویان هەیە؟ ئایا ئەم بەناو ئەندام و لایەنگرانە لەسەر چ خاڵ و تێڕوانین و ڕوئیایەکى هاوبەش کۆبونەتەوە؟ ئایاچ زەرورەتێکى هەنوکەیى پاڵیپێوەناون کە ئەم قەوارانە دروست بکەن و سەربەخۆ هاوبەشى کارى سیاسى بکەن و بچنە هەڵبژاردنەکانیشەوە؟ ئایا کوردستان حیزب و قەوارەى سیاسى کەمە؟ ئایا پەند و عیبرەتیان لەو حیزبۆکانەى ڕابووردوو وەرنەگرتوە؟ و ئەنجامى بوونى ئەم هەموو حیزبە سیاسیانەش چ دەبێت؟
بۆ وەڵامى ئەو پرسیارانە و دەیانى تریش، بریتیە لەوەى کە ئەو حیزب و قەوارە سیاسیانە کە تازە دامەزراون پاڵنەرى سەرەکیان بریتیە لە دروستکردنى قەوارەیەک بۆ کەسە یەکەمەکان و بۆئەوەى جێگە و پێگەى لەدەستدراویان بەشێوەیک لە شێوەکان بۆ بگەڕێتەوە و بێبەش نەبن لەو کێکە بەلەزەتەى کە لەم وڵاتەدا هەیە و ئەوانیش بەشى خۆیان بپچڕن، لەلایەکى تریشەوە کۆمەڵێک پلە و پۆست و ئیمتیازات بۆ هەندێک لەو لایەنگرانەى کەلێیان کۆبونەتەوە وەدەستبخەن،ئەگینا کە بەدیقەت وورد دەبیتەوە لە پێکهاتە و پەیکەرى دامەزراندنى ئەم حیزبانە هیچ جۆرە هارمۆنیەک لە پەیەوەندى و پێکەوە گرێدانیاندا نابینیتەوە، چونکە نە یەکێتى فکر و نە یەکێتى کار و و پلان پێکیانەوە گرێنادات، تەنها کۆمەڵە کەسانێکن کە بەرژەوەندى ئابورى و دەسکەوت و ئیمتیازاتى سیاسى کۆى کردونەتەوە و خۆیان ڕەگەڵ توڕەیى جەماوەردا نزیککردۆتەوە، نەک ڕابەرایەتى بکەن،چونکە جەماوەریش باش لە ماهیەتى هەموانیان تێگەیشتوە و هیچ کامیان لە ئێستادا ناتوانن بە ئەرکى ڕابەرایەتى و پێشەنگى جەماوەر هەڵبستن، هەربۆیەش ئایندەیان ڕوون نیە و ناشبنە خاوەن جەماوەرێکى ڕاستقینە و پتەو لەداهاتوشدا، چونکە ئەم قۆناغ و ئەم وێسگە هەستیار و ناسکەى کورد بەم لاوازى و بێهێزى و گەمارۆدراو بە دەیەها مەترسى و ئاڵنگارى هیچ زەرورەتێک نابینێتەوە بۆ دروستبونى حیزبى سیاسى تر، سەرەڕاى بوونى ڕەخنە و کەموکوڕى و گەندەڵى و ناعەدالەتى و نایەکسانى و قۆرخکارى دەسەڵات و خۆسەپاندن و تاکڕەوى و تەریککردنى زۆرینەى جەماوەر لەلایەن ئەم دەسەڵاتەى ئێستاوە کە هەق وایە گۆڕانکارى جدى تیادا ڕووبدات لە بەرژەوەندى زۆرینەى گەل.
هەربۆیە سەرکەوتنى کارى سیاسى و بەردەوامبونى کایەى سیاسى بەماناى زۆرى ژمارەى حیزب و قەوارەى سیاسى نایەتە دى، ئەوەتا وڵاتانێکى گەورە و پێشکەوتوو تەنانەت ڕابەرى دونیاش دەکەن کەچى لە 2 حیزب یان 3 یان 4 حیزب تێپەڕ ناکەن بەڵام ئەزمونى کارى سیاسیشیان سەرکەوتوە وەک ئەمریکا و بەریتانیا و تەنانەت ڕوسیاش، هەربۆیە بوونى ژمارەیەکى زۆرى حیزبى سیاسى لە کوردستاندا نەک بەماناى تەندروستبوون و سەقامگیرى دۆخى سیاسى نایەت، بەڵکو دەلالەتیشە لەسەر بونى فرەییەکى بێ مانا و بێ بنچینە لە ڕوئیا و بۆچوون بۆ کارى سیاسى و ئایندەى کوردستانیش، نەکە هەرئەوە بەڵکو ئەم ژمارە زۆرەى حیزبى سیاسى بونەتە هۆى زیاتر و زیاتر دابەشبوون و پەرت و بڵاوکردنەوەى ڕیزەکانى گەل، چونکە هەر حیزبێک بەبێ گوێدانە بەرژەوەندى باڵاى کورد و کوردستان هەمیشە و دوور لە مەنتیق و یاسا و ڕێساکان تەنها بەرگرى سەرسەخت دەکات لە بۆچون و ڕێباز و بەرژەوەندیەکانى خۆى و ئامادەش نیە بچوکترین سازش لەسەر هیچ بەند و خاڵێک بکات، بۆیە لەم قۆناغەدا کورد هێندەى پێویستى بەیەک و یەکگرتووى کار و کردەوە و گوتار هەیە نیوهێندە پێویستى بە حیزبى سیاسى زۆرتر و تازەتر نیە، هێندەى پێویسمان بە کردار و کوردایەتى هەیە پێویستمان بە هیواى بێ بنەماو حیزبایەتى نیە.
هەربۆیە گەرەکە کە ئەو قەوارە سیاسیانەى کە تازە دروستبون و ئەوانەشى کەهەن هەق وایە عیبرەت لەو حیزبە دێرینانە وەربگرن کەچۆن بچوکبونەتەوە و لاواز و کەنەفت کەوتون و مێژوو هەنگاویان بەسەردا دەنێت، هەرچەندە خاوەن ڕابووردویەکى گەش و شۆڕشگێڕ و شەرعیەتى شۆڕشیش بون و تەنانەت زەرورەتى قۆناغەکەش دروستیکردون لەبەرامبەر مقاوەمەتى شۆڕشگێڕى دژ بە داگیرکەرانى کوردستاندا، بەڵام دوورکەوتنەوەیان لە خواست و ویستە ڕەواکانى جەماوەر و دووڕوویى و بێبەڵێنیان بونەتە هۆى بچوکبونەوەیان و پشتتێکردنیان لەلایەن جەماوەرەوە، جا چ جاى حیزب و قەوارەیەک کە هیچ زەمینە و پاشخانێک و زەرورەت و ڕەوایەتیەکى مێژوویشیان نەبێت. ئەنجامى زۆرى ئەم هەموو حیزب و قەوارە سیاسیانە لەکوردستاندا کە زیاد لە 30 حیزب و قەوارە و لەوڵاتێکى وەکو عێراقیشدا زیاد لە 200 قەوارەى سیاسى ناونوسکراون، بەڕاستى بۆخۆى مایەى کارەسات و لێکترازانى زیاترە بەسەر کۆمەڵگادا، بۆ کورد چەندین زیانى گەورەى هەیە، لەلایەک یەک و یەکڕیزى کۆمەڵگا و خێزانى کورد کەرتوپەرت دەکات و قوڵى دەکاتەوە و لەلایەکى تریشەوە کورد و کوردستان لاواز دەکات چونکە هەریەکە لەو حیزبانە بەداخەوە دابەشبونەتە سەر هێڵ و ئاڕاستە و بەرە ناوچەییەکان و وڵاتانى سەردەستى کوردستان کەهەموان بە ئاشکرا و نهێنى دژى ئاوات و مافە ڕەواکانى کوردن و هەربۆیەش ئیڕادەى ڕاستەقینەى خۆیان لەدەستداوە لە بڕیارداندا، هەروەها ئەم ناجۆرى و دوورلەیەکیەى نێوماڵى کوردە کە بۆتە لاوازى پێگە و هەڵوێستى کورد لە ناوخۆ و عێراق و ناوچەکە و دونیاشدا لەکاتێکدا کە مەترسیەکان ڕۆژبەڕۆژ گەورەتر دەبن.
بەم شێوەیە ئەنجامى سەرهەڵدانى حیزب و قەوارە سیاسیەکان لەکوردستاندا تەنها ماڵوێرانى زیاتر و لێکترازانى زیاتر و لاوازى زیاترى لێدەکەوێتەوە، ئەوەتا تەنانەت لەسەر دروستکردنى هاوپەیمانیەکى کوردى و یەک لیستى بۆ هەڵبژاردنەکانى عێراق لە ناوچە جێگە ناکۆک و دابڕاواکانیشدا ناتوانن بگەنە یەک بڕیار و هەموو کورد لەژێر سایەى یەک چەترى کوردایەتیدا کۆببنەوە بەجیاواز لە پێکهاتە عەرەب و تورکومان و مەسیحى و ئەوانى تردا، ئیدى دەبێت چ ئومێدێک بەسەرکردە و حیزبى سیاسى کۆن و نوێ هەڵبچنرێت و چ ئومێدێکیش بە ئایندە گەشە بکات، هەموو ئەم هەڵە و کەموکوڕیانە بەشى هەرە زۆرى دەکەوێتە ئەستۆى دەسەڵاتداران، بەڵام لەبەرامبەریشدا ئەوانى تریش بێگوناه نین، بۆیە بەداخەوە ئەو ڕاستیە تاڵە هەمیشە ئامادەگى هەیە وخۆى دووپات دەکاتەوە لە هەموو قۆناغەکاندى خەباتى کوردایەتیدا کە دوژمنى سەرسەخت و ڕاستەقینەى کورد تەنها کورد خۆیەتى نەک دوژمنان و داگیرکارانى کوردستان.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی