نەبەز گۆران: گۆڕینی دەموچاو یان گۆڕینی عەقڵ.
سەرنجێك لەسەر روكەشگەراكان:
ئێستا شەپۆلێك لە قسەی روكەشی میدیایی پەیدابووە، كێشەی لەگەڵ دەموچاودایە نەك عەقڵ! ئەم شەپۆلە روكەشەگەرایە تەنها لە چوار چێوەی فۆڕمدا سەیری دونیا و، رووبەری سیاسیی دەكات. ئەم مۆدێلە هێندە روكەش بینە، هێندە میدیایی و ریكلامییە، هێندە فاشیۆنانەیە، هیچ بیركردنەوەیەكی نییە لەسەر كێشە بونیادییەكان و لەسەر جوڵە بنەرەتییەكانی سیاسەت، بۆیە لە غیابی ناسینی بونیادی كێشەكان خەریكی روكەشە.
بۆ ئەوەی لەم مۆدێلە تێبگەین، دەبێت وەك ریكلامێكی فاشیۆنی سیاسیی سەیریان بكەین، چونكە توانای تێگەیشتنی ئەم مۆدێلە بۆ سیستەم و سیاسەت، لە چوارچێوەی دەرخستنی رەواڵەتەكان و، لە دونیای رەواڵەتەكاندا خوڵدەخواتەوە. كێشەی گەورەی رووبەری سیاسیی ئەم وڵاتە عەقڵە، ئەو عەقڵە سیاسییەی كە هەیە، لەبنەوانەوە بە نادروستی هاتووە و، هیچكاتێك دەموچاوەكان ناتوانن بە گۆڕینیان ئەو كێشە گەورەیە چارەسەر بكەن، چونكە بناغەكە عەقڵە نادروستەكەیە نەك دەموچاوەكان.
ئەو شەپۆلەی هەڵیكردوە لە شەپۆلی ناوەراستی سەدەی بیست دەچێت، لە ناوەراستی سەدەی بیست گۆڕینی دەموچاوە سیاسییە كۆنەكان بوو بۆ دەمووچاوی نوێ، ئەما ئەم گۆڕینە هێندە روكەشانەبوو نەك نەیتوانی كێشەكانی كۆمەڵگە و حیزب و سیاسەت چارەبكات، بەڵكو لەبری چارەكردنیان مانایەكی دیكەی پێدان و، سەر لەنوێ كێشەكانی قوڵكردنەوە و، لەگەڵ خۆیاندا دونیایەك كێشەی دیكەیان هێناو تێكەڵیانكرد بە سیستەمەوە.
ئەو سیستەمە نادروستەی لەبەردەماندایە بەرهەمی ئەو عەقڵەیە، كە پێیوابوو بە گۆڕینی دەموچاوە كۆنەكان و هێنانی دەموچاوی نوێ دەتوانێت جیهانێكی نوێ و، سیستەمێكی نوێ دروست بكات. ئێستاش هەمان عەقڵییەتی روكەشگەرا سەرلەنوێ لەم سەردەمەدا سەر هەڵدەداتەوە و كێشەی لەگەڵ دەموچاوەكانە. ئەو مۆدێلەی بانگەشەی گۆڕینی دەموچاو دەكات و بە كێشە عەقڵیەكان ناوێرێت، دەكرێت لەم خاڵانەدا كەمێك رونیكەینەوە بۆچی بەم روكەشییە سەیری دونیای سیستەم دەكەن.
یەكەم: ئەم مۆدێلە فاشیۆنەی ناو سیاسەت، هەرگیز ناتوانێت لەگەڵ كێشە بونیادییەكان رووبەروو بێتەوە، چونكە ئاستی تێگەیشتنی لە روكەشدایە و، بۆ خۆرزگاركردن لەو هەژارییە فیكرییە ناچارە هەمیشە دەست بۆ روكەش ببات. ئەم مۆدێلە فاشیۆنییە هێندەی ئەو مۆدێلە كۆنە مەترسیدارە دۆخی هەرێمی گەیاندە ئێستا، چونكە دونیاكەیان لەبنەرتدا یەك دونیایە، دونیای هەردووكیان بریتییە لە گۆڕینی روكەش. هەرچۆن عەقڵە كۆنەكە هەمیشە پێیوایە گەر روكەشی سیستەم بگۆڕێت، ئیدی گۆڕانكاری لە سیستەمدا دێت، ئەم مۆدێلە فاشیۆنییەش هەمان بۆچوونی هەیە و، گرێی هەردووكیشیان لاوازی فیكرییە. لاوازییە فیكرییەكەیان لە ئاستێكدایە هەندێكجار دەبێتە كۆمیدیا و، بە گۆڕینی روخسارێك بۆ روخسارێكی دیكەی هەمان عەقڵ، دونیایان لێدەبێتە دونیایەكی جیاواز!
دووهەم: كێشەكانی رووبەری سیاسیی ئێمە بونیادین و پەیوەندیان بە عەقڵەوە هەیە. بۆ ئەوەی دونیاكەمان بگۆڕین، پێویستە عەقڵەكە بگۆڕین. ئەو عەقڵەی سیستەم بەرێوەدەبات، عەقڵێكە خۆی لە بنەوانەوە دژی سیستەمە و سیستەم لای ئەو بریتییە لە دەزگایەكی سەركوتكەر. دەزگاییەك لە پێناو ویستەكانی ئەو، ئایدۆلۆژیاكانی ئەودا بكرێتە مەكینەیەك بۆ بەرهەم هێنانی مرۆڤی گوێڕایەڵ و دەست وەشێن. سیستەم دەكاتە رووبەرێك بۆ خۆنوادند، بۆ ئەویتر سڕینەوە، بۆ یەكلایكردنەوەی گرێكانی خۆی، بۆ شاردنەوەی ئاستە لاوازەكەی خۆی و… هتد
كاتێك سیستەم دەبێتە رووبەرێك بۆ ئەویتر كاڵكردنەوە و، تەواوی خانەكانی پڕدەبن لە پیسخۆری، ئیدی ئەو عەقڵە لەپشتی بێت یان نا، سیستەم خۆی دەبێتە مەكینەیەك بۆ بەرهەم هێنانی ئەو جۆرە مرۆڤەی كە مەترسیین بۆ ژیانێكی ئازاد و سەربەستانە و خزمەت بەو عەقڵە كۆنە دەكەن.
روكەشگەراكانی ناو میدیا و فاشیۆنەكانی ناو سیاسەت، چونكە سیستەم ناناسن، چونكە نازانن سیستەم چ دەزگایەكی زەبەلاحە بۆ دروستكردنی دونیایەكی لەم جۆرەی كە ئێستا ئێمەی تێكەوتووین، چونكە لاوازن لەبەردەم ناسینی دیوە تاریكەكانی سیستەم و ئایدۆلۆژیا و كێشە بنەرەتییەكان، پێیان وایە ئیدی دەموچاوەكان گۆڕان جیهانێك دێتە بەردەمان پڕبێت لە خەونی رەنگین. بێئاگا لەوەی كە خۆیان بەرهەمی هەمان ئەو عەقڵەن سیستەم بەرهەمی هێناوە. لە زۆرشوێنیش خزمەتكاری خودی سیستەمەكەن، هەر ئەمەیە وادەكات هەمان گوتار بەرزدەكەنەوە كە خزمەت بە سیستەمەكە دەكات. دەزانن دوژمنی گەورەی سیستەمەكە گۆڕینی عەقڵە، دێن لەبۆ پاراستنی خۆیان و سیستەم، باسی روخسار و دەموچاو دەكەن. ئەو دەموچاوانە بەهەر جۆرێك بگۆڕێن، مادام دووبارەكردنەوەی هەمان عەقڵیەتە ترسێك بۆ سیستەمەكە دروستناكەن. هەتا عەقڵەكە نەگۆڕێت و دونیا بینییەكی نوێ نەیەتە شوێنی دونیا كۆنەكە، بە گۆڕینی دەموچاو رووداوێك رونادات شایەنی باسبێت. سیستەمیش لەم روكەش گەرایانە ناترسێت، دەزانێت دواجار بەهۆی لاوازیی بینینیانەوە دەبنەوە بە منداڵی سیستەم.
مەترسی گەورەی گۆڕینی دەموچا و هێنانەوەی هەمان عەقڵ، لەو چركەساتەدا سەرهەڵدەدات روكەشگەڕاكان ئومیدێكی پوچ دروستدەكەن، كە ئومێدەكە هێندەی لاوازی فیكری ئەوان بێكەڵكە و زیانی گەورە بەو ئایندەیە دەگەیەنێت لەبەردەم ئەوانەدایە سەرقاڵی گۆڕینی عەقڵەكەن. بۆ ئەوەی دونیایەكی نوێ دروستبێت، بۆ ئەوەی سیستەمێك دروستبێت خزمەت بە مرۆڤ و ئازادییەكانی و دادپەروەری بكات، دەبێت دەست بۆ ئەو عەقڵە ببرێت دینەمۆی خولقێنەری سیستەمی وێرانە. ئەوەی گورزی كوشندەی لە كۆمەڵگەی ئێمە و خۆبەرێوەبردن و تەواوی ژیانی دەزگای و نا دەزگایی داوە، ئەو عەقڵەیە. ئەوانەشی كێشەیان لەگەڵ دەموچاوەكاندا هەیە و، لەژێر هەمان عەقڵیەتدان، چەندە خودی خاوەن عەقڵە وێرانكەرەكە پێویستی بە گۆڕینە، ئەو روكەشگەراو فاشیۆنانەی ناو رووبەری سیاسەتیش هێندە پێویستیان بە گۆڕانە و، هێندە پێویستیان بەوەیە وانەی سیاسیان پێبوترێت تاكەمێك ئاستی لاوازی فیكری خۆیان بەرز بكەنەوە و بونیادی كێشەكان بناسن و تێبگەن لە چەمكی گۆڕین.