شێرزاد شێخانی: یەكێتی و چارەنوسێكی هاوشێوەی پارتی.
حیكمەتی سیاسی ئەوەیە كەوا سەركردەكان رابردوو بخوێننەوەو لەگەل واقیعی رۆژدا بیبەستنەوە بۆ ئەوەی بتوانن ئەركەكانی داهاتویان دەستنیشان بكەن، چونكە روداوەكانی رابردوو ئاییندە گرێدراوی یەكترن. بەداخەوە سەركردەكانی كورد بەدرێژایی تەمەنی سیاسییان نە پەندو عیبرەت لەرابردو وەردەگرن، نە واقیعیانەش روداوەكانی رۆژ ئەخوێننەوە، نە ئەشتوانن پێشبینی ئاییندە بكەن. سەركردەكانی یەكێتیش بەدەر نین لەمانە، سەرەرای ئەوەی یەكێتی هەر لەدامەزراندنیەوە وەكو حزبێكی سۆشیال دیموكرات و پێشكەتنخواز وەكو بەدیلێكی حزبە كلاسیكیەكان خۆی تەرح كردو، كەسانی رۆشنبیرو دیموكراتخوازی زۆری لەدەوری خۆیدا كۆكردەوە.
بینیمان لەزۆربەی روداوەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسی ئەمدواییەی هەرێم، سەركردایەتی یەكێتی زۆر بەهەڵە مامەڵەی لەگەڵ واقیعەكەدا كرد، یەكێتی زیاتر وەك پاشكۆیەكی زەلیلی حزبێكی دواكەوتووی كلاسیكی وەكو پارتی بەدەركەوت، نەوەك ئەو حزبەی رۆژانێك ببوە ئومێدێكی گەورەی نەتەوەیی بۆ گۆڕینی هاوكێشە سیاسیەكان. بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتی بەبێ ئەوەی بیر لەرابردوی پەیوەندی و ئەزمونە تاڵەكانیان لەگەڵ پارتیدا بكەنەوە، بونە بەشێك لەئەجیندا سیاسیەكەی پارتی و كوێرانە كەوتنە داوی پیلانەكانی ئەم حزبە نەیارەیان بۆ لاوازكردنی رۆڵی یەكێتی لەسەر ساحەكەداو چەسپاندنی هەژمونی دیكتاتۆرییانەی پارتی بەسەر هەرێمدا، هەندێكیان لەترسی كەشفبونی فەزاحەتەكانیان لەلایەن پاراستنەوە، هەندێكیان بۆ بەردەوامبون لەپۆستەكانیان، ئەوانیتریش بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە بازرگانیەكانیان، بەمەش دەرەفەتێكی باشیان دایە پارتی بۆ ئەوەی خۆی وەك حیزبی قائید نمایش بكات و یەكێتی و ئەوانیتریش وەكو پاشكۆیەكی زەلیل. بەمەش وڵات وێران بو، كاتێك هیچ حزبێك نەیتوانی بەرامبەر بەپیلانەكانی پارتی نقە بكات، هەر لەچەسپاندنی دەسەڵاتی دیكتاتۆریانەوە، تا پەكخستنی پەرلەمانو دەركردنی وەزیرەكان، كۆتاش كارەساتی ریفراندۆمو لەدەستدانی نیوەی خاكی كوردستان وسۆزی نێو دەوڵەتی بۆ كورد وكوردستان.
وەزعی ئەمڕۆی میللەت بەهۆی بێدەنگی حزبەكان بە تایبەتیش یەكێتی وەكو هێزێكی كاریگەری سەر ساحەكە، لەسنوری تەحەمولكردن تێپەڕیوە، هیچ ترووسكاییەكیش نەماوە بۆ چارەسەری قەیرانە قوڵەكانی هەرێم، حكومەتەكەمان ئیفلاسبونی تەواوی راگەیاندوە، ئابوری سەربەخۆ فەشەلی هێنا، پارەو داهات بەدەست حكومەتەوە نەماو ناتوانێ قووتی هاوڵاتیانیش دابینبكات، رۆژ لەدوای رۆژ بەغدا دەسەڵاتی هەرێم بچوكتر ئەكاتەوە، لێرەدا یەكێتی بەرپرسیاریەتیەكی گەورەی ئەكەوێتە ئەستۆ بۆ چارەسەر، بەتایبەت ئەو وەك هێزێكی جەماوەریی كاریگەری هەیە بەسەر روداوەكاندا، بەڵام لەبەر كێشە ناوخۆییەكانیەوە تا ئێستا نەیتوانیوە ئەم رۆڵە بگێڕێ.
خەڵكی بەگشتی چاویان بریوەتە هەڵبژاردنەكانی داهاتو بۆ ئەوەی گۆڕانكارییەك رووبدات و، نەخشەی سیاسی سەرلەنوێ دابرێژرێتەوە، بەڵام یەكێتی بەم دەموچاوانەی ئێستاو بەم هەڵوێستە لەرزۆكانەی بەرامبەر بەسیاسەتەكانی پارتی ناتوانێ روبەروی هەڕەشەی بچوك بونەوەی زیاتری خۆی ببێتەوە.
هەمومان ئەزانین كێشەی سەرەكی یەكێتی لەبەشێك لەسەركردەكانیەتی ، كە ئێستا بەحوكمی واقیعێكی سەپێنراو بونەتە دوو بەرەوە. بەشێكی سازشكار بۆ پارتی، بەشەكەی تریش لەگەڵ بنكە جەماوەرییەكەو زۆرینەی كادیرانی حیزب لەهەوڵدان بۆ ئەوەی یەكێتی بگەڕێننەوە سەر رێبازە راستەقیینەكەی مام جەلالەوە.
لەململانێی نێوان ئەم دوو بەرەیەشدا، سەنگی ترازوو تا ئێستای بەلای سەركردە كلاسیكیەكاندایە لەبەر چەند هۆكارێك، لەسەرویانەوە ئەوەیە كە زۆربەی ئەندامانی ئەم بەرەیە جومگە هەستیارەكانی یەكێتیان بەدەستەوەیە، بەمەكتەبی سیاسی و دەستەی كارگێڕو حكومەتەوە، هەر ئەمانەش رێگرن لەچارەسەری كێشە ناوخۆییەكان لەرێگەی بەستنی كۆنگرەی چوارەمی حزب و هەڵسانەوەو نوێبونەوەی یەكێتی. تەنانەت رێگری لەوەش ئەكەن سەركردایەتی كۆ ببێتەوە بۆ دیاریكردنی رۆژی بەستنی كۆنگرە. هەڵبەت ئەم سەركردایەتیە كلاسیكیە ترسی ئەوەیان هەیە لەكۆنگرەی داهاتودا دەرنەچنەوەو شكست بێنن، بۆیە لەهەوڵی دواخستنی كۆنگرەن بەهەر بیانویەك و شێوەیەك بێت، جارێك ئەڵێن كاتەكەی گونجاو نیە، جارێك باسی بلینۆم ئەكەن وەكو بەدیلی كۆنگرە، كە ئەمەش واتای هێشتنەوەی ئەو تەركیبەی ئێستای سەركردایەتیە، تەنانەت ناشهێڵن بڕیاری زۆرینەی سەركردایەتی یەكێتیش جێبەجێ بكرێ بە هەڵوەشاندنەوەی مەكتەبی سیاسی و دامەزراندنی دەستەیەكی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی یەكێتی.
ئەم باڵە كلاسیكییە ئێستا رێگری لەهەر سیاسەتێكی راستودروستی یەكێتیش ئەكات سەبارەت بەوەزعی گشتی سیاسی لەهەرێمدا، بۆ نمونە سەرباری ئەوەی هەر سێ حزبە سەرەكییەكەی كوردستان لە حكومەتە شكستخواردوەكەی نێچیرڤان بارزانیدا كشاونەتەوە، بەڵام ئەم سەركردانەی یەكێتی رێگرن لەكشانەوەی وەزیرەكانی یەكێتی كە ئەمەش مەتڵەبێكی جەماوەرە.
پێش ئەنجامدانی ریفراندۆمە شوومەكە خەڵكێكی زۆر هاواریان كرد كەریفراندۆم دوابخرێ، بەڵام غروری سەرانی پارتی گوێی پێنەدان لەئاكامدا باجە گەورەكە میللەتەكەمان دای و پرۆسەكەش بەلاوازبونی پارتی تەواو بوو، سەرانی یەكێتیش ئەگەر گوێ لەهاواری قاعیدەو جەماوەرو كادیرانیان نەگرن، هەمان چارەنوس چاوەڕێیان ئەكات.
ئاییندەیەكی پڕ لەمەترسی چاوەڕێی یەكێتی ئەكات، چونكە بەم دەموچاوە سواوو ناشرینانەی ئێستای سەركردەكانیەوە بەهیچ شێوەیەك ناتوانێ بچێتە ناو هەڵبژاردنەكانی داهاتوەوە، ئێستا چەند حزبێكی نوێ بەدەموچاوی تازەوە خۆیان ئامادەكردوە بۆ هەڵبژاردنەكان، هیتریش بەڕێوەن وەك لیستی بەدەر لەحیزبە كلاسیكیەكان، تەنها سەركردایەتی یەكێتییە كە ئەیەوێ بەم دەموچاوە ناشرینانەوە بچێتە هەڵبژاردنەوە، جا ئەگەر لەهەڵبژاردنی پێشوتردا تەنها روخسارە نەخۆشەكەی مام جەلال سۆزی جەماورەكەی بۆ یەكێِتی راكێشابێت، ئەمجارەیان مامیش كۆچی كرد و یەكێتی كەوتە دەست كەسانێكەوە كە هیچ دڵسۆزییەكیان بۆ مام و رێبازەكەشی نەماوە، بۆیە جارێكتر هاوار ئەكەین، فریای یەكێتی بكەون با ئەویش توشی هەمان دەردی پارتی نەبێ لەغرورو لەخۆبایی بون بەهێزەوە، چونكە هیچ حزبێك لەدونیا بەیەك كورسییەوە نەیتوانیوە حوكمی وڵات بكات تەنانەت لەرژێمە دیكتاتۆرو سەركوتكەرەكانیشەوە.
- بابەتەکانی تری شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts