نەبەز گۆران: ئەتاتورك بە لەچكەوە.
دەوڵەتی توركیا، دەوڵەتێكە پایە بنەرەتییەكانی لەسەر رەگەزپەرستی و فاشییەت بونیاد نراون. نادیدەگرتنی ئەو پایە بنەرەتیانە و، برواكردن بە گۆڕینی رەواڵەتەكان، دادی ئەوە نادات دیوە راستەقینەكەی رەگەزپەرستی و فاشییەتەكەی بشارێتەوە. كاتێك كە (ئەتاتورك) دێت، فاشییەتەكە دەكاتە یاسا و تەواوی دەستوور و یاساكان پەیوەستن بەو فاشییەتەوە. تەنانەت فاشییەتی ئەم پیاوە دەگاتە ئاستێك، فاشیستە گەورەكانی دونیا سەرسامن پێی. لە دیدارێكدا، كە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانەكانی دیكە، (هیتلەر) بەزمانی خۆی سەرسامی خۆی بۆ (ئەتاتورك) دەردەبڕێت و، باسلەوەدەدات، پێویستە ئەڵمانیاش هەمان دیدگا دووبارە بكاتەوە و خوێنە پیسەكە لەناوخۆیدا لەناو ببات. بە دیدگای فاشییەت، هەمیشە نەتەوەی یەكەم هەیە و،نەتەوەكانی دیكە خوێنی پیسن. هەرچۆن (هیتلەر) پێی وابوو (جولەكەكان) خوێنی پیسن (ئەتاتورك) چەندین ساڵ بەر لە ئەو پێیوابوو، (ئەرمەن و كورد) خوێنە پیسەكەن و دەبێت نەتەوەی باڵا لەو خوێنە پیسە پاكبكرێتەوە. تەنها جیاوازییەكی بچوكیش لەنێوان جوڵەی ئەم دوو سیستەمەدا هەبێت ئەوەیە: جولەكەكان نەبوونە بەشێك لە سیستەمی نازی و وەك قوربانی مانەوە، بەڵام كوردەكان بەشێكیان بوونە بكەری دروستكردنی سیستەمی ئەتاتورك و لە قەتڵوعامەكاندا بەژداربوون، هەم دژی كورد ، هەم دژی ئەرمەنەكان.
ئەوەی ئێستا هەیە (ئۆردوگان) هەمان (ئەتاتورك)ە بە لەچكەوە. ئەم مۆدێلە نوێیەی لە فاشییەت تەنها پشت بە یاساكانی ناو سیستەمەكە نابەستێت، بەڵكو پشت بە دەقە ئاینییەكان دەبەسێتت و دەقەكان بەوجۆرە تەفسیر دەكات لە خزمەت سیستەمەكەدا بن. بۆیە زۆر جێگای سەرسوڕمان نییە كۆمەڵێك لە (مەلا)ی نزیك سیستەمەكە ببنە دینەمۆیەك بۆ تەفسیركردنی دەقی ئایینی، تا سیستەمەكە كاربكات بۆ سڕینەوەی ئەویتری دەرەوەی نەتەوەی یەكەم.
گەر لەو گۆشە نیگایەوە سەیری (ئۆردوگان) بكەین مۆدێلێكی نوێی حوكمڕانییە، یان فۆرمێكە بۆ دروستكردنی دیموكراسیەتێكی نوێ، بێگومان ئەمە نەناسینی رەگوریشەكانی بیركردنەوەی سیستەمەكە و بكەرەكانیەتی. ساڵانی پێشوودا لە دیدارێكدا (عەزیز نەسین)ی چیرۆكنووس باس لە بوونی كلتووری كورد دەكات، لەسەر ئەم تێگەیشتنەی بۆ كلتووری كورد، دادگا حوكمی (15) ساڵ زیندانی بەسەردا دەدات، ئەویش بۆ بەرگریكردن لەخۆی و لە كورد، كتێبێك دەنووسێت، لە بەشێكی كتێبەكەدا باس لە چیرۆكێكی رەگەزپەرستانەی مەترسیدار دەكات، دەڵێت: ” كتێبێك هەیە دەوڵەت چاپیكردوە. لە كتێبەكەدا باس لەوە دەكرێت، دروستبوونی وشەی (كورد) لەوەوە هاتووە، توركەكان بەسەر بەفردا رۆیشتوون، ژێرپێیان كرتە كرتێكی كردوە و، ئەو كرتە كرتە بە (كرت_ كرت) ناوی هاتووە و پاشان ئەم كرتە كرتە گۆڕاوە بووە بە كورد.. كورد! نووسەر بەگاڵتەكردنەوە بەم تێگەیشتنە فاشییە دەڵێت: ئێوە ئەوەندە تێگەیشتنتان لاوازە ناوی میلەتێكی گەورە بەم جۆرە تەفسیردەكەن، دەبێت هەر چاوەرێی ئەوەبین بە یاسا بێكەڵكەكان ئێمە لەسەر وتنی راستییەك دادگایی بكەن…)
ئەم بیركردنەوەیە لەسەر نەتەوەی كورد لە لایەن سیستەمەكە و خودی نەتەوەوە بووەتە بەشێك لە كلتووریان و بەشێك لە فەرهەنگیان دەرهەق بە نەتەوەكانی دیكە(زۆر كەمن ئەوانەی پێچەوانەی ئەم بیركردنەوەیە بن.) ناشێت ئێستا پێمانوابێت هاتنی كەسێكی دیكە بە لەچكێكەوە، لەژێر ئایدۆلۆژیاییەكی ئایینی، ئیدی تێگەیشتنەكە گۆڕاوە و جۆرێكی دیكە فەرهەنگ هاتووە. چ سیستەمەكە، چ فەرهەنگەكە، هەمان دیدگایان هەیە و هەرجارە و بە ناوێكی دیكەوە دووبارە دەبێتەوە. ئەوەی ئەمڕۆ (ئۆردوگان) دەیكات، هەمانكردەی پێشوی (ئەتاتورك)ە، لەسەردەمێكی دیكەدا.
یانی: دونیاكە گۆڕاوە نەك بیركردنەوە فاشیییەكە. لە ناو كوردانی باكورد رستەیەكی جوان هەیە دەڵێن: ” لەهەر شوێنێك كوردێك هەبێت، توركیا دژی دەوەستێتەوە.” ئەم رستەیەكە پڕە لە حەقیقەت. مێژووی ئەو وڵاتە بە ئێستاشەوە بەردەوام حەقیقەتی ئەم رستەیەی دەرخستووە. كێشەی (ئۆردوگان) لە ئێستادا تەنها شاری (عەفرین) نییە، بەڵكو كاڵكردنەوەی كۆی دەسەڵاتی كوردە لە رۆژهەڵاتدا. لەهەرچركەساتێكدا (ئۆردوگان) لەچكەكەی لابدەیت، راستەوخۆ (ئەتاتورك)ێك دەردەكەوێت. ناسینی ئەم پیاوە لەژێر لەچكێكی ئاینیدا هێندە سەخت نییە، بە گەرانەوەیەك بۆ جوڵە و كردەكانی رووندەبێتەوە چ دونیابینییەكی فاشیانەی هەیە. (لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا هەندێك هێز و كارەكتەری كوردی فریودابوو، بەڵام پاش هەڵبژاردنەكان جەوهەرە راستەقینەكەی دەكەوت.)
تەنها رووداوێك بە تەواوەتی ئەم لەچكە لەسەر روخساری لادەدات، بەرگرییەكانی شەرڤانانە. ئەو بەرگرییە درێژە بكێشێت، بێگومان تێگەیشتنی دونیا لەسەر ئەم مۆدێلە نوێیەی فاشییەت دەگۆڕێت. ئێمە ناتوانین بڵێین، هەمان هاوكاری دونیا بۆ رۆژئاوا لە سەردەمی شەڕی (داعش) دووبارە دەبێتەوە، چونكە توركیا دەوڵەتێكی گەورەیە و بەرژەوەندییەكانی وڵاتانیش بەم دەوڵەتەوە گەورەترن لە كانتۆنێك و چاوەڕێی هەمان هاوكاری ناكەین. لێ، بەرگریكردنەكە دەبێتە دینەمۆیەك بۆ وەستاندن، نەك گۆڕینی تەواوی تێگەشتنەكانی دونیا. تەنها بەرگریكردنە دەتوانێت ئەم (ئەتاتوركەی ژێر لەچكێك) لە بڵاوكردنەوەی فاشییەت بۆ دەرەوەی سنووری وڵاتەكەی بوەستێنێت.