Stare

ستارە عارف: تەنیا یەکگرتویی کورد ڕزگار دەکات.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کورد هەمیشە تەنیا بوە، بۆیە ئەگەر لەهەر چوار پارچە بە گیانێکی نەتەوەیی ڕاست و دور لەخواستی کورسی پەرستی و خۆخۆری و پەرتەوازەیی ببنە خاوەنی سوپایەکی یەکگرتوی بەهێز و یەک زمانی کوردی ستاندارد و ناوەندێکی بڕیاردانی یەکگرتویان هەبێت و هیچ پارچەیەک خۆی لەپارچەکەیتر بە گرنگتر و لەپێشتر و زاراوەکەی و میللەتەکەی لەویتر بە باشتر نەزانێت و عەقڵانی مامەڵە بکەن، هیچ وڵاتێک توانای لەناوبردن و شکاندنی نیە، بەڵام ئەم چەمک و تێگەیەیانە لەهەر چوار پارچە لای هەمو هێزە ڕامیاریە دەستەڵاتدارەکان هەیە و کەسیشیان بە ئاشکرا باسی ناکەن، بەڵکو بە دروشمی جوان شاردویانەتەوە، بێگومان پراکتیک و کردار ئاشکرایان دەکەن.
ئێستا عەفرین لەڕۆژئاوای کوردستان بەرامبەر بە سوپای شۆڤێنی تورک ڕاوەستاوە و تەنیایە و هاوپەیمانی وڵاتانی ڕۆژئاوایش نایانپارێزن، ئەمڕۆ 19- 01- 2018 به‌رپرسێكی‌ باڵای‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا بە ڕۆژنامەنوسانی ڕایگه‌یاندوە، کە ئۆپه‌راسیۆنی‌ توركیا بۆ سه‌ر عه‌فرین سه‌قامگیری‌ ناوچه‌كه‌ و سوریا تێكده‌دات و ڕۆڵی‌ له‌پاراستنی‌ ئاسایشی‌ سنوره‌كانی‌ توركیایشدا نابێت، ئەم جۆرە لێدوانانەی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لەسۆنگەی بەرژەوەندی سیاسی خۆیانەوەیە و ناتوانن هیچ ڕێگریەکی جدی لەتورکیا و سوپا شۆڤێنیەکەی بکەن، چونکە لەبەرژەوەندیاندا نیە و پشتی تێناکەن، ڕاستە بە چەک و تەقەمەنی هاوکاری یەپەگە و ڕۆژئاوایان کردوە، بەڵام هێشتا بەرژەوەندیان لەگەڵ تورکیا و عێراق و وڵاتانی تری هەرێمەکە لەپێشترە و بە کردەیی ڕێگری ناکەن و وەک هەمیشە کورد بە تەنیا جێدەهێڵن.
ئەم دیمەنەی ئەمڕۆی تەنیایی کورد لەڕۆژئاوا و هەڵوێستی ئەمریکا و ئەوروپا و ڕوسیا، هەمان هەڵوێستی ئەم وڵاتانەی لەکاتی ئەنجامدانی تاوانی کیمیاباران و ئەنفالی کورد لەباشوری کوردستان بە بیردەهێننەوە، کە وێڕای ئەوەی دەوڵەتی عێراقی عەرەبی پەیماننامەی جنێڤی ساڵی1925ی تایبەت بە قەدەغەکردنی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و پەیماننامەی قەدەغەکردنی جینۆسایدی لەنەتەوە یەکگرتوەکان واژۆ کرد بو، بەڵام ڕژێمی بەعس تاوانی جینۆسایدی کوردی بە دیار چاوی هەمو دنیاوە ئەنجامدا و ئەو چەکە کیمیایە قەدەغەکراوانەی دژی کورد بەکارهێنا، کە وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ لەناوبردنی ئێرانی ئیسلامی پێیانبەخشی بو، کەچی ڕژێمی بەعس ئەو چەکە قەدەغەکراوەی دژی کورد بەکارهێنا، دوای ئەنجامدانی تاوانەکانی ئەنفال و کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە و هەمو کوردستان لەپێش هەر قۆناغێکی ئەنفالەوە و داڕماندنی کوردستان، وڵاتانی ڕۆژئاوا و وڵاتە یەکگرتوەکان و وڵاتانی عەرەبی و ڕوسیا، لەو هەمو تاوانە دەرهەق بە کورد بێدەنگ بون و هیچ کاردانەوەیەکی مرۆیانەیان نەبو، بە پێچەوانەوە هەوڵی ڕزگارکردنی سەدامی دیکتاتۆریان لەو تەڵەزگە و تاوانە و تاوانبارکردنی ئێرانیان دەدا، بەرامبەر بە کورد جیاوازی لەنێوان سیاسەتی وڵاتانی سۆسیالیزم و وڵاتە سەرمایەدارەکاندا نیە و وەک یەک بێ هەڵوێست و تاوانبارن.
ئەو کاتەی ڕاگەیاندنەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا ئاشکرایان کرد، تاوانی ئەنفال و کیمیابارانکردنی کورد لەلایەن سەدام و عێراقەوە ئەنجامدراوە و ئەو وڵاتانە خۆیشیان ئاگاداری ئەو وردەکاریە بون، کەچی لەڕابردو باشتر پشتگیری سەربازی عێراقیان لەدژی ئێران کرد و کوردیان بە هاوپەیمانی ئێرانی خومەینی لەقەڵەم دەدا، یان بۆ خۆ دزینەوە ئەو تاوانە گەورانەیان بە کێشەیەکی ناوخۆیی عێراق دەبینی، ئەم تاوانە مەزنەیان بینی و فەرامۆشیان کرد و بەرژەوەندیەکانیان لەگەڵ سەدام ڕێگەی پێنەدان هیچ هەڵوەستەیەکی لەسەر بکەن، جیهانی عەرەبی و ئیسلامیش زیاتر لەجاران هاوسۆزی سەدام بون، بەرژەوەندی ڕامیاری و ئابوری ئەم وڵاتانەی بە تەواوی لەئاست کورددا کوێرکرد بو و ئەمریکا لەوە دڵنیا بو، عێراق چەکی کیمیایی دژی کورد بەکارهێناوە، بەڵام لەپەیوەندیکردن بە سەدامەوە و دابینکردنی کەرەستەی کشتوکاڵی و سەربازی و پێدانی زانیاری هەواڵگری بە بەرەکانی جەنگی سەدام هەر بەردەوام بو، بە پێچەوانەوە ڕۆڵی گرنگی لەسەرخستنی تاوانەکانی ساڵی 1988ی ڕژێمی بەعس دژی کورد بینی.
ئەو کاتەی جەلال تاڵەبانی دوای کیمیابارانکردنی هەڵەبجە کۆمەڵێک بەڵگەی کیمیاباران و ئەنفال کۆدەکاتەوە و بۆ ڕاکێشانی سۆزی ئەو وڵاتانە گەیشتە ئەمریکا،
داوای بینینی جۆرج شۆڵز وەزیری دەرەوەی ئەمریکای کردوە، زۆر بە دزیەوە و لەشوێنێکی نا فەرمی و چەپەکدا بە پەلە وەزیر گوێی لێگرتوە، بۆ ئەوەی عێراق و تورکیا بەو دیدارە نەزانن، کەنعان ئەفرەن سەرۆک کۆماری تورکیا و تاریق عەزیز وەزیری دەرەوەی عێراق چاوپێکەوتنەکە ئاشکرا دەکەن و ناڕەزایی نیشاندەدەن، لەئەمریکا دەپرسن بۆچی وەزیری دەرەوەیان چاوی بە کوردانی تیرۆریست کەوتوە و دەست وەردەدەنە کاروباری ناوخۆییانەوە، بە پەلە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەیاننامەیەک بڵاودەکاتەوە و دەڵێت دەست لەکاروباری ناوخۆی عێراق و کوردەوە وەرنادەن و بڕیاری قەدەغەکردنی هەر دیدارێک لەگەڵ کوردی عێراق بە تایبەتی دەدەن و دیدارێکی دکتۆر مەحمود عوسمانیش بۆ هەمان ئامانج لەو کاتەدا ڕەتدەکەنەوە.
هەرچەندە سیاسەتی ئەو وڵاتانە لەئەمڕۆدا بەرامبەر بە کورد گۆڕانکاری بەسەردا هاتوە و وەک ڕابردو نیە و ئێستا کورد بە هاوپەیمانی خۆیان دەزانن، بەڵام هەر بەرژەوەندی و سەرمایەی خۆیان بە کورد ناگۆڕنەوە، بەرامبەر بە هێرش بۆ سەر کورد لەعەفرین ناتوانن ڕێگری لەتورکیا بکەن و پشتگیری لەکورد بکەن، کۆمەڵێک کەس و لایەنی کەم ئەزمون هەن، ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی بە هاوپەیمان و پارێزەری هەمیشەی گەلی کورد دادەنێن و تەواوی هێلکەکانیان دەکەنەوە سەبەتەی ئەوانەوە، کە ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە ساویلکەییە، چونکە وڵاتانی سەرمایەدار بە پێی سود و قازانجی ئابوری و ڕامیاریان وڵاتان و ناوچەکە پێوانە دەکەن، یەکگرتویی و ئیرادەی پۆڵاینی ناوخۆی کوردی لەهەمو هێز و پشتیوانیەک بەهێزترە و ناکرێت میللەت و گەنج بەو کاڵفامیە پەروەردە بکەن، بەڵکو زۆر گرنگە کار لەسەر بەهێزکردنی ئیرادەی کوردی لەناوخۆدا بکەین، بە هەمو مانایەک تاوانی ئەنفال و کیمیابارانی کورد لەباشور، سەرەڕای دیکتاتۆری و دڕندەی بەعس دژی کورد، بەڵام لەلایەن ئەمریکا و ئەو وڵاتانەیشەوە گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکرا.
ئەمڕۆیش کورد لەهەمو پارچەکان و عەفرینیش بە تایبەتی تەنیایە و هەر یەکگرتویی و یەکێتیەکی نەتەوەیی و ڕاستگۆیی و کۆبونەوە لەدەوری یەک ڕوانگە و هێز و مەکۆیەکی کۆکەرەوە دەمانپارێزێت، نەک پشتیوانی درۆزنانە و کاتی ئەمریکا و ڕوسیا و وڵاتانی ڕۆژئاوا و هەرێمی، کە پێویستە کاری هەنوکەی کورد لەم ڕوانگەیەوە بێت و لەشوێنی پەنابردن بۆ دەرەوە و پاڕانەوە و کوڕوزانەوە، ئیرادەی ناوخۆیی کوردی ناو لایەنەکان جگە لەخیانەتکاران و نیشتمان فرۆشان و ئاشبەتاڵچیان پتەو بکەین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت