کاوسێن بابەکر: عەفرین لوتی فاشیزمی تورک دەشکێنێ.
ئەردۆگان گەیشتۆتە ترۆپکی فاشیزمی خۆی، ئەو کەکۆدێتا فاشیلەکەی کردە بیانویەک بۆ لەناوبردنی ناحەزەکانی تووشی هێستریای غرورولوتبەرزی بووە، هێرشی گەورەی بۆسەر ناوچەیەکی بچوکی خۆراوای کوردستان، دەست پێکردوە و هەڕەشەش دەکات کە گوایە هەرچەند رۆژێکە و عەفرین و ناوچەکە داگیردەکەن!
کەچی داستانی خۆڕاگری کۆبانێیان بیر نەماوە کەدوای چەندین مانگ گەمارۆدان لەلایەن دڕەندەترین هێزی چەکدار ناچارکران بەپاشەڵی پیسەوە هەڵبێن و خۆیان لەبەر ئیرادەو زەبری شەڕڤانانی کوڕو کچی کۆبانێ نەگرت، ئێستاش دوای ناردنی لیوایەکی دەبابە کە لەنوێترین دەبابەکانی دروستکراوی ئەڵمانیان و دوو لیوای پیادە و دەیان هەزار لەچڵکاوخۆرەکانی سوپای سوریای ئازاد، بەپاڵپشتی دەیان فرۆکەی f16، گوندو کێڵگەو باغی ناوچەکەیان ئاگر تێبەرداوە و خاپوریان کردووە، دوای زیاتر لە هەفتەیەک هێشتا، نەیانتوانیوە بستێک لەخاکی عەفرین داگیر بکەن بەپێچەوانەوە دەیان کەلاکی سەربازو فەرماندەکانیان بۆ گەڕاوەتەوە!
ئەو شێت و هاربوونەی ئەردۆگانیش لەترسی ئەو ئاماژانانەن کەدەریدەخەن لەئایندەیەکی نزیکدا دەوڵەتێکی دێموکرات لەسەردەستی کوردەکانی ڕۆژئاوا دەبێتە هاوسێی تورکیا کە، لەسەر دەستی ئەردۆگان ڕۆژ بەڕۆژ لەدوانیا دادەبڕێ و بەرەو تاکڕەوی و دیکتاتۆری ملدەنێ،
دوێنێ لەگرتە ڤیدیۆیەکدا کچێکی بچکۆلەی عەفرینم دیت هاواری دەکرد (مەعەفرینێ بەرنادەین!) ئیدی تەواو دڵنیابووم کە عەفرین ناگیرێ مەگەر بەسەر دانیشتوانەکانیدا بڕمێنن!
دونیاو دەوڵەتانی هاوپەیمانی دژی داعش کەقەرزارباری کوڕوکچی شەڕڤانی خۆرئاوای کوردستانن، بەشەرمەوە داوای وەستاندنی هێرشەکانی تورکیادەکەن، ئەمریکا کە تاقە دۆستی ڕاستەقینەی لەشەڕی داعشدا لەسوریا بەدەوڵەتی تورکیشەوە تەنها شەڕڤانانن کەچی لەم هێرشە ئابڕوبەرەی تورکدا دەستەوستان ماوە! هەرچەند پێموانیە ئەمریکا تاسەر بێدەنگ بێ و دوور نییە بەریەککەوتن لەگەڵ تورکدا ڕووبدات ئەودەم کەس نازانێ ناوچەکە دەکەوێتە دۆخی چ شەڕێکەوە!
بەڵام هەرچۆنێک بێ شکانی هێزەکەی ئەردۆگان لەماوەیەکی زۆر کەمدا ڕوودەداو بەشەرمەزاری دەگەڕێتەوە، عەفرینیش وەک کۆبانێ ئاهەنگی سەرکەوتن دەگێڕێ و لەئێستاشەوە پیرۆزبایی ئەو سەرکەوتنەیان لێدەکەین و دەڵێین بەڵێ لەگەڵتانین بەدڵ و بەگیان، مە عەفرینێ بەرنادەین.