فەرهاد کاکەخاس: ئاوڕێک لەڕووداوەکانى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست.
جارى وا هەیە لەسروشتدا دارەبەرێک یان گیایەک بەرێکى زیاتر لەوەى لێى چاوەڕوان ئەکرێت بەپێى سروشتى خۆى بەرهەم دێنێ، یاوەخود گیایەک یان دارەبەرێک لە شوێنێکى چاوەڕوان نەکراو ئەڕوێ، شین ئەبێت. لە کوردەواریدا پێى دەڵێن خێرۆ، جوتکارو باخەوانەکانى کوردستان بەهەر خێرۆیەک دڵشادو خەنى دەبن و بەخەڵاتێکى یەزدانى ئەزانن.
هەڵوەشاندنەوەى ڕێکەوتننامەى نێوان بەعسیەکانى عێراق لەگەڵ مەڵى عەجەماندا برینى کیس کردوى دوژمنایەتى دێرینەى عەرەب عەجەمى تەقاندەوەو، جەنگێکى خوێناوى لەنێوانیاندا بەرپاکرد.
لەڕووى مێژووییەوە هەڵە نابین گەر بڵێین کە ڕێکەوتننامەى جەزائیر بەرهەمى بەکارهێنانى کوردى باشورى کوردستان بوو لەلایەن ئێران و بەرەى سەرمایەداریى ئەوسا دژ بە عەرەبان، کە عەرەب لەجەنگدا بوون لەگەڵ ئیسرائیل و پەیماننامەى دۆستایەتیان لەگەڵ سۆڤیەتدا هەبوو، لەڕاستى النادەین گەر بێت و بڵێین ئەوەى عەرەب و عروبە پێوەى دەتلێتەوە تاوەکو ئەمڕۆکە بەرهەمى ئەم دوو هەڵە سرتاتیژییەیە پەیماننامەى جەزائرییش بووە هۆى دەستەبەرکردنى بەرژەوەندیەکى فراوانى ئاوى و خاکى بۆ عەجەمان و هاوپەیمانانیان.
هەروەک زانراوە مێژووى شەڕى نێوان عەرەب و عەجەم هەر لەشەڕى قادسیەى سەعدى کوڕى ئەبى وەقاسەوە تاوەکو جەنگى هەشت ساڵەى ناسراو لەلای عەرەبان بەقادسیەى سەدام درێژەى هەیەو هەر کاتێک ئیمکان بووبێت و توانایان هەبووبێت، گڕى ئەم ئاگرە کڵپەى کردووە. بەڵام لەم جارەیان دا بوارى سەرکەوتن یان کۆتاییهاتنى جەنگ لەدەست خۆیاندا نەبوو، بەڵکو یاریکەرانى سیاسەتى نێودەوڵەتى ئەو گەمەیەیان هەڵدەسوڕاند و بااڵنسى هێزى هەردوالیان ڕاگرتبوو تاکۆیى و پاشان پەیماننامەى وەستاندنى جەنگیان پێ ئیمزا کردن بەپێى بڕیارى 598
داگریکردنى کوەیت لەلایەن بەعسیەکانەوە دەرخەرى ئەو ڕاستیە بوو، کە عەرەب و بەعسیەکان لەم جەولەیەى شەڕدا دۆڕابوون و شەڕى قادسیەکەى ئەمجارەیان بوو بەشەڕى نێوان خەلیفەکانیان و ئیرت بەربوونە گیانى یەکتر وەکو پێشوتر، کە بەسەریاندا هاتبوو لەمێژوودا.
شەڕى یەکەمى کەنداو بە هۆی چۆکدادانى بەعسیەکان و سەدام، ئاکامە سیاسى و سەربازى ئابوورییەکانى مەترسى ڕژێمى بەعسى لەسەر عەجەمان لابردو، پاشان شەڕى دووهەمى کەنداو لەناوبردنى رژێمى بەعسى گەزۆى خێرو بێرى هاوپەمیانان بوو، ڕژایە بەدەم مەلای عەجەمان و ئەمجارە هەر بەلابردنى ڕژێمى بەعس کۆتایى نەهات، بەڵکو یاساى سڕینەوەى بەعس و هەڵوەشاندنەوەى دامودەزگا سەربازى و ئەمنیەکانی عێراقیان خستە بەردەست مەلای عەجەمان. ئەو عێراقەى کە بەریتانیەکان بەباڵادەستى کەمینەى عەرەبى سوننە دروستیان کردبوو، و پاشان بەهاوکاریى ئەمریکا سوپایەکى فشۆڵیان لەمیلشیا شیعەکان بۆ دروست کردن، بەمەش تەرازووى هێز بەلائ عەجەماندا شکایەوەو ناوچەکە کەوتە قۆناغێکى نوێى مێژوویى بەباڵادەستى عەجەم بەرامبەر عەرەب.
بەڕاگەیاندنى کۆتایهاتنى جەنگى کەنداوى دووەم لەلایەن بۆشى کوڕەوە چالاکى بەرهەڵستکارانەى عەرەب دژ بەداگیرکاریى ئامریکا و عەجەم دەستیان بەکاریى توندوتیژى کرد بەڵام لەم جەولەیەشیاندا عەرەب هەڵەیەکى ترى سرتاتیژى گەورەیان کرد بە بەستنى هاوپەمیانیەتى نێوان گروپە تریۆریستیە ئیسلامیەکان و هێزە ناسیۆنالیستە عیلمانیە توندڕەوەکان، لەئاکامدا پاش ڕاگەیاندنى دەوڵەتى ئیسلامى لەعێراق و شام ، خەلافەتى ئیسلامیان ڕاگەیاندو، لەمەشدا بەسەهودا چوون، چونکە ئەوەى 1400 ساڵ لەمەوبەر بۆ ئیسلامى عەرەبى دەستى داوە، دووبارە نابێتەوە و مێژووى مرۆڤایەتیش هەڵناگەڕێتەوە بۆ ئەو چاخە کۆنە و، خەلافەتەکەشیان دیاردەیەکى ترسناکى نامۆ بەژین و ژیارى سەردەمیانەى مرۆڤایەتى بوو. ئەم کارەشیان هیچ ئاسۆیەکى ڕوونى مێژوویى نەبوو بۆیان، بەڵکو دۆزى عەرەبانى بردە دواوە، هەروەک بینیمان کە لە ماوەیەکى کورتدا هاوپەیمانیەتێکى نێودەوڵەتى دروست کرا بۆ لەناوبردنى ئەم گروپە تیرۆریستە.
بێگومان ئەمەش خێرۆیەکى ترى یەزدانى بوو لە جەهل و بێ فەرهەنگى سیاسى، دارێژەرانى سرتاتیژى عەرەبان و بەرهەمەکەشى ڕژایە سەر ئەو دەسکەوتانەى ترى مەلاى عەجەمان کە وەدەستیان خستبوو، سەرەتا بەڕێکەوتننامەى ئەتۆمى ئێران و کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى ناسراو بە (5+1 )و پاشان گشت بەشە عەرەبیەکەى عێراقیان خستە ژێر ڕکێفى خۆیان و حوکمى بەشار یان لەسوریا زیندوکردەوە،
ئەو وڵاتەش بەهەمان شێوەى عێراقى عەرەبى چەکدارانى گروپە توند ئاژوە شیعەکانى سەر بەسوپاى قودسى ئێران بەئارەزووى خۆیان تەراتێنى تێدادەکەن و ئەمە جگە لە بەهێزتربوونى حیزبواللە لە لوبنان و ناوچەکەو داکوتینى گروپێکى سەر بەمەلاى عەجەمان لەیەمەن، حوسیەکان.
وەک بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە مەلاى عەجەمان لەئامانجى هەناردەکردنى شۆڕشەکەیان کە ڕۆح اللەکەیان باسى لێوەدەکرد ئامانجى زۆر گەورەو گرانیان پێکاوە، کەچى لەناوەخۆدا درزێکى گەورە لەنێوان مەلاو گەلان و هاوڵاتیانى ئێراندا ڕوویداوە.
سەرەڕاى ئەوەى کە مەلاى دەسەڵاتدارى عەجەم زۆربەیان کاتى خۆى لەدەرەوەى ووڵات خوێندویانە و پلەى بەرزى ئەکادمییاییان هەیە، هەر بۆنمونە لەمانەى ئێستا/ حەسەنى ڕۆحانى لە ئینگلستان و باش مەلاو سەرۆکى هەرە بەرزیان مەلا عەلیخامەنەئى لەڕوسیاى سەردەمى کۆمۆنیستیدا خوێندویەتى، لەگەڵ ئەوەشدا کردەى دژە مرۆڤانەى سەردەمى سەفەوییان بەزیادەوە دووبارە کردەوە، ئەوە هەر لە بەکارهێنانى فەتواى دینى ” جیهاد تا زۆر گومان و تۆمەتى تر کە بەڵگەکانى لەلایەن بەرهەڵستکارانیان و ڕێکخراوەکانى سەر بەئاژانسەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان کۆکراونەتەوە، ئێستا کاتى باس کردنیان نیە. ئەمانە و سەرەڕاى پاشەڵ پیسى سیاسى و ئابوورى و کۆمەڵایەتیان کە جێگاى لێوردبوونەوەیە لەلایەن بەرهەڵستکارانیانەوە.
پاش سەرکەوتنى شۆڕشى گەلانى ئێران، کە جارێ کەفوکۆڵى شۆڕشگێڕانە لەئێراندا سەرکوێر نەکرابوو تا ئەو کاتەش مەلاکان جێ و شوێنى خۆیان بەپتەو نەدەزانى، کەچى ڕەهبەریان بەپێى دەسەڵاتى دینى فەتواى جیهادى لەدژى شۆڕشى کورد لە رۆژهەڵاتى کوردستان ڕاگەیاندو کەوتنە ڕاوەدونان و گرتن و کوشتنى ئەنجامدەرانى شۆڕشى گەلانى ئێران و گشت جۆرە ناڕەزایەتیەکان قەدەغە کرد و هەموو دەنگێکى جیاواز لەخۆیان سەرکوت کردو تەنانەت گەر پلەى ئایەتوڵاشى هەبوایە. لەڕۆژێکدا 41گۆڤارو رۆژنامەیان قەدەغەکردو داخست وە دەستورێک و سیستەمێکى دیکتاتۆرى بێ وێنەى پیوقراتیان بەفرتوفێڵ و ترس و تۆقاندن سەپاند بەسەر گەلانى ئێراندا و، بەپشتیوانى ئیمامى گەورەو هەندێک قوتابى دیندارى 12 ئیمامی ناو هەزهەبى شیعە، دەسەڵاتیان گرتە دەست، وەک دەوترێت کە تۆوى لەناوچوونى ڕژێمەکەیان لەناو هەناویى دەستوورەکەیاندایە.
وا دێتە پێش چاو، کە دەسکەوتەکانى مەلاى عەجەم وەکو کانیە درۆزنەى بەهارانى کوردستان بێت، کە بەهۆى ساڕێژبوون و تێرئاو بوونى ئاوى ژێر زەوى لەشاخ و داخ و دەشتەکاندا ئەتەقنەوەو بۆماوەیەکى کورت و زوو بەزوو وشک دەبن.
چاوى هەواڵگرى دنیا لەسەر ئێرانەو ئامێرە زیرەکەکانى گەیاندن و پەیوەندى دەورى شەیتانى گەورە دەبینن “الَّذِي يُوَسْوِسُ فِي صُدُورِ النَّاسِ” دەسەڵاتداران و بڕیار بەدەستانى عەجەمان لەوە دەترسن ڕیسەکەیان ببێتەوە بەخورى.
هەروەک زانراوە کە مەلاى هەرە گەورەیان لەئێستادا نەخۆش و سەرى لەگوێى قەبر دەلەرزێت بۆ پۆستەکەشى کەسێک ئامادە و دیار نیە ئەو مەقام و توانایەى هەبێت بۆ ئەو پۆستەو، وادیارە کێشەو گرفتى سیاسى و ئەمنى بە بەتاڵ بوونى ئەو پۆستە فراوانتر دەبێت لە ئێراندا.
- Latest Posts by
فەرهاد کاکە خاس: به رده وامی جه نگی له میژینەی عەرەب عەجەم.
- All Posts