بەیان ئیبراهیم: تورکیا لە نێوان سێکوچکەی ئەمریکا و ڕوسیا و عەفریندا.
گەر ناتۆ بیەوێت بگەڕێتەوە بۆ بەهێزکردنی ناوەندەکان لە سوریا و عێراق و لیبیا و یەمەندا، ئەوا ئەو بۆچونەی کە پێ ی وابو سایسک بیکۆ هەڵدەوەشێتەوە و نەزمی نوێ ی جیهان بە ڕوسیای تازەشەوە نەخشەیەکی تریان پێیە بۆ دابەشکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بناغەی بەرژەوەندی هاوبەشی زل هێزەکان، ئەوا عەفرین ئەو سەرزەمینەیە کە کۆی ئەم بۆچونە ڕەت دەکاتەوە و سفری دەکاتەوە، خۆ ئەگەر پێشمان وا بێت ئاسایشی ڕۆژەهەلاتی ناوەڕاست بەستراوە بە هاوسەنگی نێوان تورکیا و ئێرانەوە وەک دو میراتگیری سەفەوی و عوسمانی، ئەوا دەتوانین بڵێن ئەمەیان تا ئاستێک لە ڕوی لۆژیکی ئابوری و سیاسیانەوە دەگونجێ، لەم ڕوانگەیەوە ئەگەر گڵۆپی سەوزی جیهانی بۆ تورکیا هەڵکرابێت و کەرکوک لە بەرامبەر عەفریندا بێت، ئەوا دەکرێت بڵێین لە ناو عەفریندا ئیرادەیەک هەیە کە گەورەترە لە بۆچونەکان، ئەگەر نەخشەکەشیان سەر بگرێ ئەوا ئەو ئیرادەیە وا دەکات نەخشەکەی ناتۆ بکەوێتە بەردەم ڕەخنەگەلێکی قورسەوە، ئەگەر تورکیا لەبەرامبەر کەرکوکدا بێدەنگی کردبێت و بە ڕیفراندۆم کوردی باشوری سفر کردبێتەوە کەرکوکی دابێت بە ئێران لە بەرامبەر بێدەنگی ئێران لە عەفریندا، ئەوا لە عەفریندا ئێران هیچ هەڵوێستێکی مەیدانی نابێت و ئەمەش ڕێککەوتنی داش بە داشە، بەڵام کاتێک ڕوسیا بەم بڕیارەی ناتۆ ڕازی دەبێت و ئەمریکاش لە چوارچێوەی ڕاگەیاندنێکی شەرمنانە دەر ناچێت، ئەوا هەمویان دەزانن چی ڕوسیا و چی ئەمریکا و چی تورکیا کە دەکەونە ناو سێگۆشەیەکی قورسەوە کە ناوی عەفرینە، چونکە شەرەڤانان خاوەنی ئیرادەیەکی بەهێزن وە خاوەنی ئەزمونی شەڕی داعش و کۆڵانەکانی کۆبانێن، کە ئەم چەند ڕۆژە ئەوەی سەلمان کە وەک کەرکوک ئاسان نیە بچنە ناو عەفرینەوە، ئەوەی ئەردۆغان خەیاڵی بو کە دەتوانێت نانی نیوەڕۆی چڵە زەیتون لەسەر سفرەی عەفرین بخوات تەواو پێجەوانە بو.
ئەگەر ڕێککەوتنێک هەبێت لە نێوان ڕوسیا و ناتۆدا بەتایبەت ئەمریکا و بەریتانیا ئەوا دەبێت پشتی سیناریوکە بخوێنرێتەوە کە فایلێکی تر بەڕیوەیە ئەویش دۆسیەی تاوانەکانی داعشە، کە هەرسێ وڵاتی تورکیا و سعودیە و قەتەر دەگرێتەوە، ئەگەر چی ئەمریکا ئێستە کار لەسەر چەکی بایلۆجی و کیمیای بەشار دەکات، بەڵام دوا جار سێکوچەکەی ئەم ڕێککەوتنانە دەرئەنجامەکەی چاوەڕێ ی ئەوە دەبن کە لەسەر ئەرزی واقع ڕودەدات و عەفرین دەکەوێتە کوێ ی ئەم سێکوچکەیەوە وبەرەو کوێ دەڕوات، کە دەکرێت لە چەند خاڵێکدا کورت بکرێتەوە:
1- ئەگەر تورکیا پەنا بۆ داعش بەرێت و بەردەوام بێت لەسەری، ئەوا دور نیە هاوکێشەکان پێچەوانە بێتەوە.
2- ولاتە زل هێزەکان مامەڵە لەگەڵ هێز دەکەن و شەرڤانان و پەیەدە ئەوەیان سەلمان کە دەتوانن هێز بن و لەناو هاوكێشەی سیاسی و تکتیکی سەربازیدا یاری بکەن و خاوەنی ئەو ئیرادەیە بن.
3- خۆ ئەگەر تورکیا هێرشی فتوحاتی چڵە زەیتون وەک ئاسایشی نەتەوەی تورک ببینێت، ئەوا پەیەدەش لە بەرامبەردا بە فراوانخوازی فاشیزمی تورک دەیبینێت و کاری دبلۆماسی دەست پێدەکات کاریگەری دەبێت لەسەر ناتۆ.
4- خەباتی ژن کە توانیویەتی دەنگی شەقامی ئەمریکی و ولاتانی ناتۆ و ڕوسیا بۆ خۆی بەدەست بێنێت کە لە مێژودا نمونەی نەبوە، ئەمەش دەبێتە گوشار بۆ سەر ناتۆ و ڕوس.
5- ئەوروپا و ئەمریکا وڕوسیاش ئەوە دەزانن کە پێویستیان بە دەروازەیەکی تر هەیە بەدەر لە دەروازەی بەندەری جیهان و دەبێت دەریای سپی بکەنە دەروازەیەکی تر، بۆیە دوا جار تورکیا تومەتبار دەکرێت بە بڕینی خەتی ڕێپێدراوی جیهانی و داگیرکردنی سەروەری وڵاتێکی تر و هەمان سیناریوی سەدام دوبارە دەبێتەوە.
6- چەند وڵاتێک کە لەسەر مێزی بەرژەوەندیەکانی وڵاتانی زل هێز خەریکە دەکەونە خوارەوە دەبێت سیستەمی حوکمرانی تێیدا بگۆڕێت یەکێک لەو وڵاتانە تورکیایە.
دوا جار عەفرین بۆ کورد زۆر لە کۆبانی گرنگ ترە، ئەگەر لە کۆبانێدا هێزی ئاسمانی هەبوبێت ئێستە هیچ هێزێک هاوکاری عەفرین ناکات جگە لە بونی ئیرادەیەکی بەهێزی ناوخۆیی، کە دەکاتە ئەوەی بڵێین ئەم سێکوچکەیە گەلەکۆمەکیەکی جیهانیە لە بەرامبەر عەفیریندا، تا ئێرا عەفرین توانیویەتی بەرامبەر ناتۆ دو هەفتە بوەستێتەوە، خۆ ئەگەر بەردەوامی هەبێت ئەوا دەبێتە دەرگای کردنەوەی مێژویەکی پرشنگدار لە ڕۆژئاوادا بۆ کورد.