Stara-arif

ستارە عارف: لەشکرکێشی تورک بۆ کوردستان.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

#StopAfrinGenocide
دەوڵەتی تورک ئامانجی تەنیا داگیرکردنی عەفرین و ڕۆژئاوای کوردستان نیە، بەڵکو ئامانجێکی سەرەکی وەک چەند ساڵە خەونی پێوە دەبینێت، بە تەواوی داگیرکردنی باشوری کوردستانە، هەڵبەتە زەمینە بۆ ئەم داگیرکاریە لەڕێگەی پارتی و بنەماڵەی بارزانیەوە زۆر ئاسانە و ڕۆژانەیش بە ئاشکرا چەند کیلۆمەتر دێتە ناوەوە و شوێن پێی خۆی قایم دەکات، لەپاش نوێترین بۆردومانی چیای ئاسۆس و شارباژێڕ و قەندیل و… هتد، دوا دەستدرێژی بۆ سەر قەزای سیدەکان بو، بۆیە لەپاڵ شەرمەزارکردنی داگیرکاری عەفرین پێویستە لەناوەندە جیهانی و نەتەوە یەکگرتوەکان بگەیەنین، کە تورک ئامانجی داگیرکردنی باشوری کوردستانیشە، عەفرین و ڕۆژئاوا هێزێک هەیە بەرگریان لێبکات و تەسلیمیان نەکات، بەڵام ئەم هێزە لەباشور لاوازە، سەرەڕای ئەوەی لەشەڕی نەگریسی ناوخۆوە هەردو حزب بۆ دژایەتی یەکتر هێزێکی زۆری تورکی و ئێرانیان هێنایە ناو خاکی باشورەوە و تا ئێستا ئەو هێزەی تورک لەشوێنی خۆیانن و نەگەڕاونەتەوە، کە هەشت بنکەی سەربازین و ئێستایش لەسایەی ئەم دو حزبە نا نیشتمانی و دژە گەلەدا هەژمونی هەردو وڵاتی داگیرکار لەکوردستان زیاتر بون و مەرامی دوژمنکارانەیان بە ڕونی دیارە، بۆ ڕێگەگرتن لەم کارەسات و داگیرکاریەی تورک لەباشور.
یەکەم: پێویستە ئەو بڕیارەی پەرلەمانی کوردستان لەساڵی 2003دا بۆ دەرکردنی سوپای تورکیا لەباشوری کوردستان دەریکردوە، بیخەنەوە گەڕ و زیندوی بکەنەوە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کام پەرلەمان؟، لەکاتێکدا پارتی خۆی پشتگیری ئەو سوپایە دوژمنەیە، وەک چۆن یەکێتی و بنەماڵەی تاڵەبانی ئەم دەڤەرەیان ڕادەستی ئێران کردوە، ئەوانیش هەولێر و دهۆکیان بە تەواوی تەسلیمی تورک کردوە.
دوهەم: وەک چۆن بۆ بەرگری لەعەفرین هاوڵاتیانی کوردستان داوا لەپەرلەمانەکانی کوردستان و عێراق دەکەن بێنە قسە، با داوا لەهەردو پەرلەمان بکەن، لەسەر لەشکرکێشی و بەزاندنی قوڵایی خاکی باشور و هەرێمی کوردستان، کۆبونەوەی تایبەت بەو مژارە ساز بکەن و هەڵوێستیان هەبێت و دەستبەجێ داوای کردنە دەرەوەی سوپای تورک بکەن.
سێهەم: لایەنەکانی دەرەوەی ئەم دو بنەماڵە خۆفرۆشە، شەقام بجوڵێنن و لەڕێگەی خۆپیشاندان و ناڕەزایی جەماوەریەوە فشار بکەن و داوای کردنە دەرەوەی سوپای تورک بکەن و داوا لەحکومەتی عێراقیش بکەن، هیچ ڕێککەوتننامەیەکی نهێنی و دژە کورد لەگەڵ تورک واژۆ نەکات و لەکۆبونەوەی نهێنی نمونەی کۆبونەوەکەی ئەم دوایەیان لەگەڵ مەولود چاوشئۆغڵو، پەرلەمانی عێراق و نوێنەرانی کورد بە تایبەتی لەناوەڕۆکی کۆبونەوەکانیان ئاگادار بکەنەوە، هەرچەندە عێراقی ئێستایش بەرامبەر بە کورد نیەت پاک نیە و هەمان گومان و کردەی دوژمنکارانە دەنوێنێت.
بونی سوپای تورک مایەی ئاشوب و جەنگ و ماڵوێرانیە و ناکرێت، باسی پاراستنی عەفرین لەو سوپا شومە بکەین و لە لەشکرکێشیەکانی بۆ باشور بێدەنگ بین، لەکاتێکدا مەترسیەکانی لەهەمو جێگەیەکی کوردستان زۆرن، بەڵام لەباشور مەترسیدارترە و ئەردۆغان بە ئاشکرا وتی، هەتا سنورەکانی عێراق ڕاناوەستین، بۆ ڕاگرتنی ئەم داگیرکاری و جینۆسایدە لەسەر عەفرین و ڕۆژئاوا و باشوریش، پێویستە فشارەکان لەهەرێمەوە لەسەر دەرکردنی بنکە سەربازیەکانی تورک زۆر بەهێز بن و ئەم دەنگە بە ناوەندەکان بگەیەنین و خەڵکی کوردستانی بە تایبەتی لێ هوشیار بکەینەوە و بکرێنە هێزێکی فشار و ئامادەیی خۆپاراستن بکرێن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت